راگەیێندراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی هاوبەشییەکەیان لەگەڵ رووداو بۆ راهێنانی ژنانی رۆژنامەڤان

 

نەتەوە یەکگرتووەکان رایدەگەیێنێت، سندووقی دانیشتووانی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNFPA) لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو بەفەرمی هاوبەشییەکیان بۆ دەستپێکردنی پڕۆگرامێکی تایبەت بە راهێنانی ژنان لە بواری میدیا و رۆژنامەگەری لە سەرانسەری عێراق راگەیاندووە.

هاوبەشییەکە رۆژی 7-12-2023 لە رێوڕەسمێکدا لە شاری هەولێر راگەیێندرا و بۆ ماوەی 12 مانگ بەردەوام دەبێت. 

هاوبەشییەکە بە ئامادەبوونی ئاکۆ محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی تۆڕی میدیایی رووداو و گارێکت هایراپێتیان، جێگری نوێنەری UNFPA واژۆکرا. نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی رێککەوتنەکەوە دەڵێت "هاوئاهەنگییەکی بەرچاوی نێوان دامەزراوەیەکی راگەیاندن و ئاژانسێکی نەتەوە یەکگرتووەکانە لە عێراق."

ئاکۆ محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی تۆڕی میدیایی رووداو لەکاتی راگەیاندنی هاوبەشییەکەدا گوتی "بەپێی دوایین ئاماری خەمڵێندراوی وەزارەتی پلاندانانی عێراق کە ئەمڕۆ دراوەتە رووداو، ژمارەی دانیشتووانی عێراق 43 ملیۆن و 324 هەزار کەسە، کە 49.5% لە رەگەزی مێن و 50.5% لە رەگەزی نێرن، بەڵام هێشتا ئەو رێژەیە لەنێو بوارەکانی ژیان و کارکردندا لە هەرێمی کوردستان و عێراق رەنگینەداوەتەوە. زۆربوونی رۆژنامەڤانی چالاکی ژن دەتوانێت نموونەی زۆر گرنگ و هاندەربێت بۆ زیاتر هاتنەپێشەوەی ژنان لە هەموو بوارەکاندا، هەروەها دەبێتە هۆی ئەوەی زیاتر کێشە و سەرکەوتنەکانی ژنان ببنە مژاری راگەیاندن و رای گشتی و پشتیوانی بۆ دروست ببێت. لەبەرئەوە ئەم هاوبەشییەمان هەنگاوێکی گرنگە لەسەر رێگەیەکی راست بۆ یەکسانی لە کۆمەڵگە و بوارێکی گرنگی کاردا."

سەر چاوە :رووداو  دیجیتاڵ