دەشنێ موراد لە هەڵمەتی ١٦ ڕۆژی توندوتیژی دژی ژنان پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێ" توندوتیژی جێندەری کاریگەری لەسەر هەموومان هەیە، کاتی ئەوە هاتووە هەڵوێستمان هەبێت".
دەشنێ موراد خانمە گۆرانیبێژ و میدیاکار و چالاکوانی کۆمەڵگەی مەدەنی، لە پێگەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام پەیامێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند" هەڵمەتی ١٦ ڕۆژی چالاکی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان هەڵمەتێکی جیهانییە کە هەموو ساڵێک لە ٢٥ی تشرینی دووەمەوە دەستپێدەکات و بۆ ماوەی ١٦ ڕۆژ بەردەوام دەبێت".
دەشڵێت" توندوتیژی جێندەری کاریگەری لەسەر هەموومان هەیە، کاتی ئەوە هاتووە هەڵوێستمان هەبێت، ئەگەر شتێکت بینی قسە بکە، با بێدەنگی بشکێنین و گۆڕانکاری بکەین".
لە درێژەی قسەکانیدا دەشنێ موراد دەڵێت" لە کاتی قەیرانەکاندا ژمارەی توندوتیژییەكان زیاتر بەرزدەبێتەوە و لەكاتێكدا دەتوانرێت ڕێگری لێبکرێت".
ڕاشیگەیاندووە" با ئەمساڵ بکەینە دەستپێکی ئامانجەکە و با هەنگاو بنێن، چونکە بەسە کۆتایهێنان بە توندوتیژی دژی ژنان و کچان بەرپرسیارێتی کەسێکی تر نییە و ئەو ئەرکە لەسەر هەموومانە".
دەشنێ موراد لەدایكبووی ١ی كانوونی دووەمی ١٩٨٦ پێشكەشكار و گۆرانیبێژ و مۆدێلێكی كوردە، لە ساڵی ١٩٩٧دا لەگەڵ بنەماڵەكەی ڕۆشتووەتە وڵاتی ھۆڵەندا و لە تەمەنی ١٦ ساڵیەوە لە گرووپی سەما بووە، بۆ ماوەی ٢ ساڵیش كاری پێشاندانی مۆدێلی كردووە، بۆ یەكەم جار لە بەرنامەی بێ كۆنترۆڵی كوردستان تیڤیدا بە ڕەسمی لە بواری ڕاگەیاندندا دەركەوت، دواییش لە ڕێگەی بەرنامەكانی دەشنێ شۆ و كۆڕەك ستاری كەناڵی كۆرەك تیڤییەوە درێژە بەكاری ڕاگەیاندن داوە.
سەرچاوە : سپی میدیا