دەربازبوون لەناڕێکی پەروەردە

 

کوردستان یاسین

پەروەردە وەك كردە وا پێناسە دەكرێت كە پەروەردەكردن و ڕاهێنانی منداڵە لەسەر هەموو ئەو شتانەی لە ژیاندا هەن و دێنە ڕێی، لە سەرەتای بوونی تا دەگاتە تەمەنی پێگەیشتن و تەمەنی كامڵبوون، پرۆسەكە هەموو ڕەهەندەكانی كەسایەتیی منداڵ دەگرێتەوە، لایەنی جەستەیی و عەقڵی و ژیری و كۆمەڵایەتی.. هتد. چونكە پرۆسەی پەروەردە هەستیار و گرنگە و كارێكی سانا و سەرپێی نییە، بۆیە پێویستە زۆر بە وردی كار لەسەر ئەم پرۆسەیە بكرێت.

ئەگەر بێین ئەم ناڕێكییە پەروەردەییە پۆلێن بكەین، دەبێت بە دوو لایەن و بەش یەكەم لاوازیی پەروەردەییە، واتا پەروەردەكاران پەروەردەكەیان لە ئاستی پێویست نییە و لاوازە. دووەمیش نادروستیی پەروەردەییە، واتا پەروەردەكاران بە نادروستی پەروەردەی منداڵەكانیان دەكەن و هەڵە لە پەروەردەكە خۆی هەیە.

ئینجا پەروەردەكاران چ دایبابان بن یان مامۆستایان، پێویستە كاری رژد لەسەر ئەم پرۆسەیە بكرێت، بە پێویستی بزانن كە زانیاری لەسەر بنەماكانی پەروەردەیەكی دروست و بەهێز پەیدا بكەین، ئاشنا بین بە میتۆدەكانی پەروەردە و سایكۆلۆجیی منداڵان لەپێناو نەوەكانی داهاتوومان. چونكە منداڵ سەرمایە و پێكهێنەری كۆمەڵگەیە، ئەگەر تۆ لە سەرەتای بوونیەوە پەروەردەیەكی دروستت كرد، كەواتە تۆ سەرمایەی وڵاتی خۆت پاراستووە و كۆمەڵگەیەكی دروستت بەرهەم هێناوە.

پەروەردەیەكی دروست لە پێناو پاراستنی خێزان و بەها كۆمەڵایەتییەكان، دەبێت كاری لە پێشینەمان بێت، چارەبەندی بۆ كێشە نەخوازراوەكانی پەروەردە و خووە ناڕێك و باوەكان بكەین كە دەبینین بە زیان و نادروستی بۆمان دەگەڕێنەوە. بڵێین و نەڵێین لە پرۆسەی پەروەردەدا دایك بە پلەی یەكەم كاریگەریی بەجێدەهێڵێت لەسەر پەروەردەكراو (منداڵ)، بۆیە دایكێك كە دروست پەروەردە كرابێت و ئاستی هۆشیاری و ڕۆشنبیری بەرز بێت، نەوەیەكی دروست پەروەردە دەكات.

كۆمەڵێك سیفەت و هەڵسوكەوتی پەروەردەكاران هەن كە ڕێگرن لە بەردەم پەروەردەیەكی دروست، ڕەنگە هەندێك لە پەروەردەكاران جۆرێك مامەڵە و سیفەت لەگەڵ منداڵەكانیان بكەن، وابزانن هاوكار دەبن لە بەرزكردنەوەی ئاستی پەروەردەییان، بێئاگا لە كاریگەرییە نەرێنی و نادروستەكانیان لەسەر پەروەردەی منداڵ. نموونەی هەندێك لەو مامەڵە و هەڵسوكەوتانەی كە جێپەنجەی ناڕێكی پەروەردەیی بەجێدەهێڵن.

هۆگریكردنی زیاد لە پێویستی منداڵ بە خۆتان، واتا دایك و باوك منداڵەكانیان زۆر هۆگری خۆیان بكەن، ئەمە كاریگەریی نەرێنی دەبێت لەسەر كۆی پرۆسەی پەروەردە. گرنگیدان بە منداڵ پێویستە، بەڵام دەبینین هەندێك دایك و باوك زیاد لە پێویست گرنگی بە منداڵەكانیان دەدەن، یان لەناو چەند منداڵێك، یەكێك زیاتر لە هەمووان بایەخی پێ بدرێت، ئەمە كاریگەریی نەرێنی لەسەر داهاتووی ئەو منداڵە و منداڵەكانی تریش دروست دەكات و وا دەكات منداڵەكان كەمتر بڕوایان بەخۆیان بێت.

نازپێدانی زۆر، خۆڕەوشت و هەڵسوكەوتی منداڵەكەت دەشێوێنێت، بەهرەی منداڵەكەت دوا دەخات و هەندێك هەڵسوكەوت یان قسە و خۆڕەوشتی نابەجێ بەرهەم دەهێنێت. هەروەها بەكارهێنانی مۆبایل و ئامێری ئەلیكترۆنی لەلایەن منداڵان بەتایبەتی پێش سێ ساڵی تەمەنیان، جگە لە زیانە تەندروستی و عەقڵییەكانی بۆ سەر منداڵ، فێربوونی زمانیش دوا دەخات و گەشە و توانای فێربوونی منداڵ كەم دەكاتەوە. جێبەجێكردنی هەموو داواكارییەك بۆ منداڵەكەت، مانای خێزانێكی نموونەیی ناگەیەنێت، بگرە ئەمە لە داڕمانی منداڵەكەت نزیكت دەكاتەوە. ترساندنی منداڵ بە شتی ناواقیعی كە بوونیان نییە، تا ترساندیان لە ئاژەڵ و دەرزی و تاریكی.. هتد.

دەبینین لە كوردستان ئەم جۆرە ترساندنانە زۆر باون، یان گێڕانەوەی چیرۆكی ترسناك بۆ منداڵەكان، زۆر لە دایبابان ڕێ نادەن منداڵەكەیان یاری بە خۆڵ بكەن و دەڵێن پیس دەبن. دیسانەوە فەرامۆشكردنی منداڵ و سەرزەنشتكردنیان لەسەر هەر كارێك كە بیكەن، شكاندنەوەیان بەتایبەتی لای هاوڕێكانیان، ئازاردانی منداڵ چ جەستەیی یان دەروونی. ئەمانە هیچ كامیان خۆیان لە خاڵەكانی پەروەردەی دروست نابیننەوە، بەگشتی ئەم كردانە هۆكارێكن بۆ لاوازی و نادروستی ئاستی پەروەردەییمان.

ئێستە كاتی هەنگاوە گرنگەكەیە كە چی بكرێت لە پێناو پەروەردەیەكی دروست و نموونەیی منداڵان.

پێش لەدایكبوونی منداڵ، پێویستە دایك و باوكان پلان بۆ پەروەردەیی منداڵەكانیان دابنێن، گرنگییان پێ بدەن و كاتیان بۆ تەرخان بكەن، هەوڵ بدەن لە كەسانی بەئەزموون فێری پەروەردەكردن ببن، پێویستە پەروەردەكاران بەگوێرەی كۆمەڵگەی خۆیان پەروەردەی منداڵەكانیان بكەن، نەك پەروەردەیی كۆمەڵگە و وڵاتێكی تر زاڵ بكەن بەسەر منداڵەكانیان، لە كاتێكدا كۆمەڵگەكەی خۆیان ئەم پەروەردەیە قبووڵ ناكات، لەم جۆرە بارودۆخەدا داڕووخان و یاخیبوون دێتەئاراوە وە كێشەی دەروونیشی لێ دەكەوێتەوە، پێوەستبوون بە پەروەردەیی گونجاو بەپێی داونەریت و پێویستی ئەم كۆمەڵگەیە، باشترین پەروەردەیە.

گرنگە دایبابان وا لە منداڵەكانیان بكەن هەست بە بوونی خۆیان بكەن، هەست بكەن كە كەسێكی گرنگن، گوێ بۆ منداڵەكانیان بگرن، ئازادیان بكەن لەوەی بیر و بۆچوونی خۆیان دەربڕن، نەیشكێننەوە، سەرزەنشتیان نەكەن، بێهیوایان نەكەن لە فێربوونی كارێك، یاان بە منداڵ بگوترێ تۆ هەرگیز فێر نابیت. كاتەكانی منداڵەكانتان دابەش بكەن، كاتی یاریكردن، سەیركردنی تەلەڤزیۆن یان خوێندن ئیتر هەر هەموو ڕۆتینی ڕۆژانەی.

كاتێك هەڵەیەكیان كرد زۆر بە جوانی پێیان بڵێن ئەم كارە هەڵەیە و هیوادارین دووبارەی نەكەنەوە، هەوڵ بدن ئەو جۆرە شتانە بۆ منداڵ باس بكرێ كە ئاستی هۆشیارییان بەرز دەكەنەوە، هەستی هاوكاری و لێبوردەیی دروست بكەن و فێری ئاژەڵدۆستییان بكەن. زیاتر ئەو جۆرە چیرۆكە پەروەردەییانەیان بۆ بگێڕنەوە كە فێری ڕاستگۆیی و بەخشندەییان بكات، لەگەڵ خۆتان بیانبەن بۆ كۆبوونەوەی خێزانی، هەوڵ بدەن تێكەڵی داونەریت و فەرهەنگی وڵاتی خۆیان بكەن، فێری خۆشەویستیی خاك و نیشتمان و زمانیان بكەن.

بەهیچ شێوەیەك نابێت كێشە و لێك تێنەگەیشتنەكانی نێوان دایك و باوك تێكەڵ بە پەروەردەی منداڵ بكرێت، لە پێش منداڵەكان نابێت دەمەقاڵێ بكرێت، فێری ئادابەكانی خێزان و بەختەوەریان بكەن. 

هەروەها قۆناغی باخچەی ساوایان و قوتابخانەش دوو قۆناغی گرنگی پرۆسەی پەروەردەن، ئەمانەیش شانبەشانی دایبابان ڕوڵ دەگێڕن لەم پرۆسە هەستیارەدا، ئەوەی پێویستە لێرەدا بكرێت، مامۆستای پسپۆڕی بواری پەروەردەیی دابنرێن هەم لە داینگەكان و هەمیش لە قوتابخانەكان، نەك تەنیا بۆ شوێن پڕكردنەوە مامۆستا دابنرێت، هیچ پێوەندییەكیان بە بواری پەروەردە یان ئەو وانەیەوە نەبێت كە دەیڵێنەوە، چونكە ئەم بێسەروبەرییە لەم شوێنانە نەك پەروەردەی دروست نییە، بەڵكو لەناوبردنی ئەو پەروەردەیەشە كە تا ئەو ئاستە دایك و باوك هێناویانە. بێگومان ئەم بابەتەش دەبێت حكوومەت كاری لەسەر بكات و ئەركی خۆیەتی.

 

سەرچاوە : ماڵپەری وشە