داهاتووی هەرێمی كوردستان لە كوێ و لای كێیە؟

 

د.عادل باخەوان


لەنێو ئەم هەموو دەنگە دەنگ و هەرایەی كە ڕۆژانە لەسەر داهاتووی هەرێمی كوردستان دەیبیستین، زۆر گرنگە كە ئێمە بە عەقڵێكی سارد و بابەتیانەوە لەگەڵ خاڵە لاواز و خاڵە بەهێزەكانی خۆماندا مامەڵە بكەین و چیتر بە نەرێنی یان ئەرێنی خۆمان نەدەینە دەست سۆز و هەست و خەیاڵدان و حەزەكانمانەوە. بۆ ئەمەش گرنگە ئێمە لەم خاڵانەی خوارەوە تێبگەین:

1. لە ئێستا و ئێرەدا سیستمی جیهانی نایەوێت كوردستان سەربەخۆبێت و نایەوێت بەهیچ شێوەیەك دەستكاری سنورەكان بكات. ئەمە بەڵگەنەویستێكی تاڵە كە دەبێت ئێمە قبوڵی بكەین. تەنانەت ئەمڕۆ، ئەم بەڵگە نەویستەی سێ جار بۆ دووبارەكردمەوە.

2. هەر مامەڵەكردنێكمان لەگەڵ وڵاتانی سیستمی هەرێمایەتیدا، بەتایبەتی توركیا و ئێران، تەنها لەچورچێوەی كارتی فشار لەسەر بەغداد و وڵاتانی دیكەدایە، واتە ئەوان ئێمەی كورد تەنها وەك كارتی فشار لەنێو پەیوەندی هێزدا دەبینن و بەس.
3. لە بەغداد، ئێمەی كورد 600 پۆستی گرنگمان هەیە، لەوانە سەرۆككۆمار، وەزیری دەرەوە، جێگری سەرۆك وەزیران، جێگری سەرۆكی پەرلەمان، وەزیری داد و هتد. لە هیچ دەوڵەتێكی كەوندا كورد 600 پۆستی نەبوە و نیە و نابێ.

4. مادەم وڵاتانی سیستمی جیهانی نایانەوێت كە ئێمە سەربەخۆ بین و هەموویان دەیانەوێت كە ئێمە لە ڕێگای عێراقەوە مامەڵەیان لەگەڵدا بكەین، كەواتە بۆچی كۆی ئەو 600 پۆستە زۆر بە چڕی و بە پڕی بۆ خزمەتی هەرێمی كوردستان و دانیشتوانەكەی بەكارنەهێنین و زیاتر لە شیعە و سووننە خۆمان نەكەین بە خاوەنی عێراق ؟

5. سەد ساڵە عێراق كوردستان وێران دەكات، ئایا كاتی ئەوەنەهاتوە كە بەهەموو هێز و توانامانەوە بڕۆینە بەغداد و عێراق بەكاربهێنین بۆ دەوڵەمەندكردنی كوردستان و دابینكردنی باشترین ژیان بۆ هاوڵاتیان ؟

6. گەر ئێمە بە 600 پۆستی هەرە باڵاوە، كە 20%  كۆی پۆستەكانی دەوڵەتی عێراقی دەكات، نەتوانین عێراق بخەینە خزمەتی هاڵاتیەكانمان و دنیا ناچاربكەین كە ڕێزمان لێبگرێت، بە توركیا و ئێرانیشەوە، ئیتر چۆن و بەچ ڕێگایەكی دیكە دەتوانین ئەمە بكەین؟

7. عێراق یەكێكە لە دەوڵەتە هەرە دەوڵەمەندەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵام بەدەست قەیرانی كوشندەی گەورەوە دەناڵێنێت. ئێمە هەڵەیەكی یەكجا گەورەدەكەین كە بەتەنیا بۆ چەند گروپێكی دیكەی بەجێبێڵین و وەك دوژمن مامەڵەی لەگەڵدا بكەین، لەكاتێكدا دەتوانین بەشێكی زۆری خەونە مێژووییەكانمان لە ڕێگای خودی عێراقەوە بەدیبێنین.

8. من تەواو وشیارم بەوەی كە لە بەغداد چەندین هێزی دیكە هەن كە هەرگیز نایانەوێت كورد خۆیان بكەن بە خاوەنی عێراق و دەیانەوێت كورد هەمیشە لە پەراوێزەكانی عێراقدا بمێنێتەوە، بۆئەوەی ئەوان بەتەنها بەناوی عێراق و شەرعیەتی عێراقیەوە لەگەڵ دنیادا قسەبكەن. بەڵام ئایا كاتی ئەوە نەهاتووە كە كورد تەواوی هاوكێشەكە هەڵگێڕێتەوە و سەرەڕایی دژایەتی توندی ئەم هێزانەش، خۆی بكات بە خاوەنی عێراقی نوێ ؟

 

سەرچاوە: ڕاچڵەکین