ئەمڕۆ دوایین رۆژی نۆیەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دهۆکە و فەرشی سوور بۆ میوانان راخراوە، کە بە دەستی بەتاڵ دێنە نێو هۆڵی فێستیڤاڵەوە، بەڵام بەشێکیان لە کاتی چوونەوە دەرەوەیان خەڵات و بڕێک پارە بەدەستەوە دەگرن و دەچنە دەرەوە.
حەسەن عارف، بەرپرسی نۆیەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، رێوڕەسمی فەرشی سووری فێستیڤاڵ کاژێر 04:00ـی ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 8-12-2022 دەستپێدەکات کە لیژنە دادوەری بەشەکانی فێستیڤاڵ و ئەو فیلمساز و هونەرمەندانەی فیلمیان لە فێستیڤاڵەکەدا بەشدارە، بەسەر فەرشی سووردا تێدەپەڕن.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، کاژێر 06:00ـی ئێوارە، رێوڕەسمی کۆتایی فێستیڤاڵ و بەخشینی خەڵاتەکان دەستپێدەکات و براوەی خولی نۆیەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دهۆک ئاشکرا دەکرێن.
لە رێوڕەسمی بەخشینی خەڵاتەکاندا، خەڵاتی یڵماز گونەی پێشکێش دەکرێت کە بەهاکەی 10 هەزار دۆلاری ئەمریکییە و "گرنگترین خەڵاتی فێستیڤاڵە،" لە بەشی باشترین فیلمی بڵندی کوردی، خەڵاتی باشترین فیلم، باشترین دەرهێنەر، باشترین ئەکتەری ژن، باشترین ئەکتەری پیاو و باشترین دەق پێشکێش دەکرێن.
هەروەها لە بەشی باشترین بەڵگەفیلمی کوردی، باشترین بەڵگەفیلمی بیانی، باشترین کورتە فیلمی کوردی، باشترین کورتەفیلمی بیانی و خەڵاتی لیژنەی دادوەری بۆ باشترین کورتەفیلمی کوردی دابەش دەکرێن و بەهای خەڵاتەکان لە نێوان هەزار بۆ پێنج هەزار دۆلارە.
چالاکییەکانی فێستیڤاڵی فیلمی دهۆک، رۆژی پێنجشەممە 1ـی کانوونی یەکەمی 2022 بە فیلمی 'بووکا بارانێ' دەستیپێکرد و 8ـی کانوونی یەکەمی 2022 کۆتایی دێت.
بۆ خولی ئەمساڵی فێستیڤاڵ، 570 فیلم نێردرابوون و لەو ژمارەیە تەنیا 98 فیلم بۆ بەشداربوون لە فێستیڤاڵەکەدا هەڵبژێردران، 51 فیلمی بیانی و 47 فیلمی کوردی.
کێبڕکێی فێستیڤاڵ لەنێو 55 فیلمدا دەبێت، 27 فیلم کوردی و 28 فیلمی بیانین کە لە بەشی فیلمی بڵند، بەڵگەفیلمی درێژ، کورتەفیلم و چەند بەشێکی دیکەی بۆ فیلمی کوردی و بیانی کێبڕکێ دەکەن.
مژاری سەرەکیی خولی ئەمساڵ فێستیڤاڵ 'کۆچبەری'یە و جگە لە پێشاندانی فیلم لە سینەماکاندا، لە کەمپی دۆمیزیش پێشاندران کە تایبەتە بە پەنابەرانی رۆژئاوای کوردستان.
بۆ خولی ئەمساڵ، ژمارەیەکی بەرچاو لە سینەماکارانی کورد و بیانی ئامادەبوون.
مارکۆ تێلێچیە، بەرهەمهێنەری بەڕازیلی لە نۆیەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دهۆک وەکو سەرۆکی لیژنەی دادوەری سینەمای کوردی بەشدارە، لەو فیلمانەی وەک بەرهەمهێنەر کاری بۆ کردوونە، فیلمی ' Sunlight Jr.' کە لە 2013 بڵاوکرایەوە و هەریەک لە مات دیلۆن و نائۆمی واتس رۆڵی سەرەکی تێدا دەگێڕن، هەروەها فیلمی 'American Made' کە تۆم کروز رۆڵی سەرەکی تێدا گێڕاوە و لە 2017 بڵاوکراوەتەوە.
سۆلین یوسف، دەرهێنەری باشووری کوردستان، وەک سەرۆكی ژووری فیلمە نێودەوڵەتییەکان دیاریکراوە کە لە دایكبووی شاری دھۆكە و لە تەمەنی منداڵیدا لەگەڵ ماڵباتەکەی رووی لە ئەڵمانیا کردووە، لە 2008 دەستی بە خوێندنی دەرھێنەری فیلم لە ئەكادیمیای فیلمی 'Baden-Wurttemberg' كردووە. لە کاتی خوێندنیدا فیلمێکی بەناوی 'Trattoria' لە 2012 لە سەرتاسەری بەرلینی ئەڵمانیا پێشاندرا، لە رێگەی فیلمی 'House Without Roof' لە 2015 ناوبانگی جیهانی بەدەستهێنا، ئێستا بۆ پلاتفۆڕمی نێتفلێکس، ئەمازۆن پڕایم و دیزنی پڵەس کاردەکات.
جێنیفەر مالمکوێست، سیناریۆنووس و دەرهێنەری سوێدی، وەک سەرۆکی لیژنەی دادوەری فێستیڤاڵەکە دیاریکراوە کە دەرچووی فێرگەی فیلمسازی نیشتمانیی پۆڵەندییە لە لۆدچ.
گرنگرتین بەشی فێستیڤاڵەکە، بەشی پێشبڕکێی فیلمە کوردییەکانە و لەم بەشەدا شەش فیلم کێبڕکێ دەکەن: 'جیران' لە دەرهێنانی مانۆ خەلیل دەرهێنەری رۆژئاوای کوردستان و براوەی چەندین خەڵاتی جیهانییە، 'بەریا شەڤێ' لە دەرهێنانی عەلی کەمال چنار دەرهێنەری باکووری کوردستان، 'بووکا بارانێ' لە دەرهێنانی حوسێن حەسەن دەرهێنەری باشووری کوردستان، 'پیرەبۆک' لە دەرهێنانی لوتفی ئیردەم دەرهێنەری باکووری کوردستان، 'بیرەخانە' لە دەرهێنانی بیلال کۆرکوت دەرهێنەری باکووری کوردستان، 'The Life of a Sbowflake' لە دەرهێنانی کازم ئۆز، دەرهێنەری باکووری کوردستان.
لە پێشبڕکێی بەڵگەفیلمە کوردییەکاندا، ناونیشانی شەش فیلم بەرچاو دەکەون و لەلایەن دەرهێنەرانی کوردەوە لە پارچە جیاوازەکانی کوردستان و تاراوگە بەرهەمهاتوون و بریتین لە 'گۆڕستانی زیندووان' لە دەرهێنانی فریا یونسی، دەرهێنەری رۆژهەڵاتی کوردستان، 'زمانی دایکی' لە دەرهێنانی سەرکێو مسگەری، دەرهێنەری رۆژهەڵاتی کوردستان، 'رۆژێک' لە دەرهێنانی زەینێ ئاکیۆ، دەرهێنەری باکووری کوردستان، 'شەڤا رەش' لە دەرهێنانی کەرەم تەکۆگلو، دەرهێنەری باکووری کوردستان، 'For Justice' لە دەرهێنانی ئیلاف یاگیت، دەرهێنەری باکووری کوردستان و 'The Pasha, My Mother and I' لە دەرهێنانی نەڤینە گەریتس، دەرهێنەری کوردە.
فاتح ئاكین، دەرهێنەری تورک یەکێک لە بەشداربووانی فێستیڤاڵەکەیە و فیلمێکی بەناوی 'Rheingold' بەرهەمی 2022 لە بەشی پێشاندانی تایبەت پێشاندەدرێت. ئاکین، لە 1973 لە هامبۆرگی ئەڵمانیا لە دایکبووە، دەرهێنەر، ئەکتەر، سیناریۆنووس، ئیدتۆری فیلمە، لە 1995 یەکەمین کورتە فیلمی بە ناوی 'Sensin - You're The One!' بەرهەمهێناوە و خەڵاتی بینەرانی لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی کورتە فیلمی هامبورگ بەرهەمهێناوە، دووەم کورتە فیلمی بەناوی 'Weed' لە 1996 بەرهەمهێناوە و براوەی چەندین خەڵاتی نێودەوڵەتییە، یەکەم فیلمی درێژی بەناوی 'Short Sharp Shock' لە 1998 بەرهەمهێناوە خەڵاتی پڵینگی برۆنزی لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی لۆکارنۆ بەدەستهێناوە.
خەتەر، راپەر و بەرهەمهێنەری کوردە کە بە فیلمی 'Rheingold' لە دەرهێنانی فاتیح ئاکین بەشدارە، بەڵام لە فێستیڤاڵەکەدا ئامادە نەبوو. خەتەر ناوی تەواوی ژیوار حاجبییە، لە 1981 لە سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان لە دایکبووە و لە ئەڵمانیا دەژی، لە 2008 یەکەم ئەلبوومی بڵاوکردووەتەوە، لە چەندین فیلمدا بەشداربووە و خەڵاتیان وەرگرتووە، لە 2012 دووەم ئەلبوومی بەناوی 'NR' بڵاوکردەوە و زیاتر لە 20 هەزار کۆپی فرۆشرا.
کاردۆ رەزازی، یەکێک لە ئەکتەرە بەشداربووەکانی خولی ئەمساڵی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دهۆکە کە ئەکتەرێکی کوردە و لە کەمپی پەنابەران لە شاری ئاپسۆلای سوێد لە دایکبووە، لە ستۆکهۆڵم و ماڵمۆ شانۆی خوێندووە و لە زیاتر لە 20 بەرهەمەدا رۆڵی گێڕاوە، لەوانە نواندنی لە زنجیرەی تەلەڤزیۆنیی 'Alex' کە لە 2018 بڵاوکرایەوە، هەروەها لە فیلمی 'Rheingold' رۆڵی گێڕاوە کە لە خولی ئەمساڵی فێستیڤاڵدا بەشدارە.
پۆستەری نۆیەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دهۆک لەلایەن یانا ڤەکشینا، گرافیک دیزاینەر و ئیڵوسترەیتەری ئۆکراینی – ئەڵمانی داڕێژراوە کە گوزارشت لە تەوەری ئەمساڵی فێستیڤاڵ دەکات ئەویش کۆچبەرییە، سیمای کەسێک نیشان دەدات کە دوو منداڵ لە نێو دەستەکانی دایە و لە پێشیاندا تەڵبەند هەیە و بووەتە بەربەستێگ بۆ ئەو کەسانەی بە زۆرەملێ لە ماڵ و حاڵیان دەرکراون و ئێستا بە شوێن جێگەیەکدا وێڵن تا بە ماڵ بانگی بکەن.
ئەمساڵ لە فێستیڤاڵی فیلمی دهۆک جیاوازییەکی دیکە لە بەرنامەکانیدا بەدی دەکرێت و بۆ یەکەمجار ژێرنووسی کوردی بە فیلمە بیانییەکان کراوە و لەنێو 52 فیلمدا، ژێرنووس بۆ 30 فیلم کراوە.
سەرچاوە: rudaw- پەسار فایەق