خەڵاتی جەمال نەبەز لە بەرلین پێشکێشی زارا محەممەدی کرا

 

لیژنەی دابەشکردنی خەڵاتی جەمال نەبەز لە بەرلین رایگەیاند، یەکەمین خەڵاتیان پێشکێشی زارا محەممەدی کردووە، ئەوەش بەهۆی داکۆکیکردنی لە مافی بنەڕەتیی زمانی دایک.

لە راگەیێندراوێکدا کە رۆژی سێشەممە 21ـی ئاداری 2023 بڵاویکردووەتەوە، لیژنەی خەڵاتی جەمال نەبەز لە بەرلین رایگەیاند، یەکەمین خەڵاتی جەمال نەبەز پێشکێشی زارا محەممەدی دەکەن کە لە شاری سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان دەژی.

بۆ دیاریکردنی براوەی خەڵاتەکە لیژنەیەکی حەوت کەسی لە چوار پارچەی کوردستان و دیاسپۆرا پێکهێندرابوو. بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، دوای بڕیاردان بە پێشکێشكردنی خەڵاتەکە لەلایەن ئەو لیژنەیەوە بە زارا محەممەدی، دەستەی کارگێڕی دەزگەی جەمال نەبەز لە بەرلین پێدانی خەڵاتەکەی پەسند کردووە.

لەبارەی هۆکاری پێدانی خەڵاتەکە بە زارا محەممەدی، لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "وەک رێزگرتن لە هەوڵ و تێکۆشانی بێوچان و خۆبەخشانەی لە پێناو فێرکاریی زمانی کوردی، داکۆکیکردن لە مافی بنەڕەتیی زمانی دایکی، بەرەنگاربوونەوەی لە دژی نکۆڵیکردنی ناسنامەی کوردی، خەڵاتەکە پێشکێشی زارا محەممەدی کراوە؛ زارا لەم رێبازەدا لە دۆخی دژواری کوردستاندا، کە زمان و ناسنامەکەی رێبەند کراون، بە ساڵانێک بەردەوام بووە، بە هەوڵی تاکەکەسیی خۆی نەوەستاوە و بە هاوڕێیی رێکخراوی ناحکومی نۆژین و بەهەرەوەزی پەرەی بە خەباتەکەی داوە." 

لە بەردەوامی راگەیێندراوەکەدا لیژنەکە لەبارەی زارا محەممەدییەوە دەڵێت: "زارا سەرەڕای زەبروزەنگی زۆر و حوکمی ناڕەوا و زیندانیکردنی، بە ئاشکرا و لە پانتایی گشتیی کۆمەڵگەدا ئازایانە دەنگی لە دژی نادادپەروەریی زمانی و ناسنامەیی هەڵبڕیوە؛ بەم چەشنەش رۆڵێکی گرنگی لە هۆشیارکردنەوەی ناوخۆ و دەرەوەی کوردستان لەمەڕ ئەو نادادپەروەرییە هەبووە و ئەم خەباتەشی کاریگەریی گەورەی هەبووە؛ بە جۆرێک کە بووەتە هێما و نیگابەخشی زۆرێک لە گەنجان و ژنان. ئێمە وەک کۆمیسیۆنی خەڵاتی جەمال نەبەز بە خۆشحاڵی و شانازییەوە خەڵاتەکە پێشکێشی زارای نیشتمان دەکەین." 

سیروان رێناس، رێکخەری لیژنەی خەڵاتی جەمال نەبەز بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، زارا محەممەدی وەک وەرگری خەڵاتی جەمال نەبەز راگەیێندراوە و دواتر هەوڵ دەدەن بانگهێشتی بەرلینی بکەن و لە رێوڕەسمێکدا خەڵاتەکەی پێشکێش بکەن.

خەڵاتی جەمال نەبەز لە بەرلین بەو کەسانە دەدرێت کە خزمەتیان بە زمانی کوردی، کولتووری کوردی، سیاسەت، هونەری کوردی یان خزمەتێکی زانستییان کردووە، یانیش خزمەتێکی کوردستانیان کردووە و جێگەی دەستیان دیاربووە، بەبێ جیاکاری لە نەتەوەدا.

خەڵاتی جەمال نەبەز لە بەرلین دوو ساڵ جارێک دەدرێت و لەلایەن دەزگەکەوە سەرپەرشتی دەکرێت، کە دکتۆر هانەلۆرە کویشلەر، سەرۆکی دەزگەکەیە؛ کۆیشلەر خەڵکی ئەڵمانیایە و هاوژینی جەمال نەبەز بووە و ماوەی 40 ساڵ پێکەوە ژیاون.

لقی یەکی دادگەی شۆڕشی ئیسلامیی شاری سنە رۆژی 16-2-2020 بە تۆمەتی "پیکهێنانی گرووپ و کۆمەڵە بە مەبەستی تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی" زارا محەممەدی بە 10 ساڵ زیندان سزادا، بەڵام دادگەی پێداچوونەوەی پارێزگای سنە حوکمەکەی بۆ 5 ساڵ کەمکردەوە.

زارا محەممەدی، مامۆستای زمانی کوردی و بەڕێوەبەری ئەنجوومەنی کولتووری نۆژین، رۆژی 8-1-2022 بۆ تەواوکردنی 5 ساڵ حوکمەکەی چووە زیندان؛ زارا شەوی 10ـی شوباتی 2023 ئازادکرا.

دادگەی شۆڕشی شاری سنە تۆمەتی تێکدانی ئاسایشی نیشتمانیی ئێرانی دابووە پاڵ زارا محەممەدی، بەڵام ئەو خۆی دەڵێت، تەنیا بە تۆمەتی فێرکردنی زمانی کوردی ئەو حوکمەیان بەسەردا سەپابوو.

جیا لەم خەڵاتەی پێشکێشی زارا محەممەدی کراوە، لە سلێمانیش رێکخراوی رۆشنبیریی جەمال نەبەز هەیە؛ ساڵانە لە رێوڕەسمێکدا خەڵاتی قەڵەمی زێڕینی جەمال نەبەز پێشکێشی کەسێک دەکەن و تاوەکو ئێستا دوو خەڵاتیان لە ساڵانی 2021 و 2022 پێشکێش کردووە. خەڵاتی یەکەم لە1-12-2021 بە جەلیلی جەلیل، كەسایەتی کوردی ئێزدی لە ئەرمینا بەخشرا؛ خەڵاتی دووەمیش لە 3-12-2022 بەخشرایە میشێل نێزنبێرگ وەکو یەکێک لەو نووسەرانەی بەرگریکاری دۆزی کورد بووە.

پرۆفیسۆر د. جەمال نەبەز لە ساڵی 1933دا لە شاری سلێمانی لەدایكبووە. لە سەرەتای خوێندنیدا جگە لە خوێندنی ئیسلامی، فەلسەفە و دەروونزانی و فیزیا و ماتماتیكی خوێندووە. لە ئەڵمانیا زانستە سیاسییەكان و رۆژنامەڤانی و یاسای خوێندووە.

لە شارەكانی كەركووك، هەولێر، بەغدا و بەسرە وانەی گوتووەتەوە. دوای ئەوە ماوەیەك لە زانكۆی ئازاد لە بەرلین مامۆستا بووە، پەیوەندی لەگەڵ ژماریەك بیرمەندی جیهانیدا هەبووە.

لە ساڵی 1962دا چووەتە ئەوروپا بۆ تەواوكردنی خوێندن و پاشان لە زانكۆكانی میونیخ، ئۆزبورگ خوێندنی ئیسلامی و ئێرانناسی و شێوازی گوتنەوەی وانەی خوێندووە و بڕوانامەی دكتۆرای لە بواری مێژوودا وەرگرتووە بە لێكۆلینەوەیەكی زانستیی لەسەر میر محەممەد رواندزی.

رۆژی 08-12-2018، پرۆفیسۆر د. جەمال نەبەز لە تەمەنی 85 ساڵیدا، بەهۆی نەخۆشی لە نەخۆشخانەیەكی بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا كۆچی دواییكرد.

 

سەرچاوە؛ سایتی ڕوداو