خوێندنەوەیەک بۆ کتێبی: ئامانجە باڵاکانی پەروەردە

روونە یەکێک لە قەیران و کێشە بنەڕەتییەکانی نێو جڤاتی کوردیدا سێکتەری پەروەردەیە، بۆیە بواری پەروەردە پێویستی بە زۆرترین قسەکردن و لێکوڵێنەوەی فەلسەفی و زانستی و مەعریفی هەیە، کاتێک نەتەوە دروست دەبێت و پێ دەنێتە پڕۆسەی دەوڵەتدارییەوە، گرنگە نەوەکانی لەسەربنەمای پەروەردەیەکی مرۆیی و لیبڕاڵی.پەروەردە بکرێن. مامۆستا ئالانی وەک نووسەر و پەروەردەکارێکی خاوەن ئەزمون و مەعریفە کتێبی ئامانجە باڵاکانی پەروەردەی نووسیوە کە خۆی لە بیست وتاری جۆراجۆردا دەبینێتەوە. نووسەر لەپەرەگرافی پێشەکی دەڵێت: نووسین لەبواری پەروەردە جیاوازترە لەژانرەکانی تر، لەبەر ئەوەی پەروەردە کۆکراوەی هەموو بوارەکان و سێکتەرەکانە، هەر وڵاتێک فەلسەفەی پەروەردەی پێشکەوتوو نەبێت، ئەو وڵاته بەدواکەوتوو هەژمار دەکرێت.

پەروەردە لەنێوان لێبوردەیی و شەڕەنگێزیدا
  بابەتی یەکەمی کتێبەکەی تەرخان کردووە بۆ خستنەڕووی بابەتێکی گرنگ لەژێر ناونیشانی «پەروەردە لەنێوان لێبوردەیی و شەڕەنگێزیدا»، لەم وتارەدا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات و دەڵێت:»تا کۆمەڵگەکەمان لەرێگەی پڕۆسەی پەروەردەوە گۆڕانکاری گشتگیر و هەمەلایەن لەخۆ نەگرێت ناتوانرێت گیانی شەڕەنگێزی و خودپەسەندی(خۆخواز) بگۆڕێ بۆ گیانی خۆشویستن و لێبوردەیی، وەک نووسەر و هونەرمەند (هێلین کیلەر) دەڵێت:»باشترین ئەنجام لە پڕۆسەی پەروەردەدا بینینی لێبوردەییه» ماوەی دوو ساڵە دۆخێکی تەندروستی هەموو جیهانی خراپه، ئەویش بەهۆی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنایە کە هەموو مرۆڤایەتی تووشی دڵەڕاوکێ کردۆتەوە نووسەر بابەتێکی دیاریکردووە لەسەر چۆنییەتی خۆپارێزی قوتابیان لەقوتابخانەدا، گرتنەبەری رێوشوێنی گونجاوی پێشنیارکردووە بۆ ئیداری قوتابخانەکان و حەوت خاڵی بنەڕەتی خستۆتەڕوو، هەروەها لەژێر ناونیشانی بەئینگلیزکردنی خوێندن، هەوڵێکی شکستخواردوودا، نووسەر بە وردی تیشکی خستۆتە سەر فاکتەر و هۆکارەکانی شکستی بەئینگلیزی کردنی پڕۆسەی خوێندن لەهەرێمی کوردستاندا. لەمپەر و کەم وکوڕییەکانی لەچەند خاڵێکدا دەخاتە پێش چاوی خوێنەر، لەنێوەندەدا نووسەر پێوایە ئەگەر وەزارەتی پەروەردە و خوێندن بەباشی خۆی ئامادە بکردایە و رەچاوی کۆمەڵێک رێگا و شوێنی گونجاوی بگرتایەبەر ئەوا پڕۆسەی بەئینگلیزیکردنی خوێندن سەرکەوتوو دەبوو.

 

حەوت خاڵی جەوهەریی
نووسەر حەوت خاڵی جەوهەری و بنەڕەتی خستۆتەڕوو، یەکەم: ژمارەی قوتابی لەپۆلدا. دووهەم: دابینکردنی کارەبای بەردەوام بۆ بەکارهێنانی ئامرازەکانی فێربوون. سێیەم:  پێدانی کاتی زیاتر بۆ وانەکان. چوارەم: خولی گەشەپێدان بۆ مامۆستایانی وانەبێژ. پێنجەم: هەماهەنگی لەنێوان مامۆستایانی بابەتەکان. شەشەم: نەخشە و پلانی پێش وەخته بۆ ئەو قۆناغانەی پڕۆسەکە دەیانگرێتەوە. حەوتەم: دیاریکردنی پێوەری هەڵسەنگاندن بۆ ئەنجامدانی پڕۆسەکە. بابەتێکی تایبەت کردووە بەچاکسازی لەبواری پەروەردە وەک پێویستیەکی گرنک و هەنووکەیی. لەم نووسینەدا چەندین خاڵ و پێشنیاری جەوهەری بۆ چاکسازی پەروەردەیی کردووە. نووسەر و پەروەردەکار ئاماژەی بەچۆنییەتی گۆڕانکاری لەپڕۆگرامەکانی خوێندن دەکات و دەڵێت: «گۆڕینی پڕۆگرام کاتی دەوێت و پلان و پڕۆژەی زانستی گەرەکە، لەڕێگەی لیژنەی تایبەتمەند و شارەزاوە، بەچەند خاڵێک هەنگاوە و قۆناغبەندی گۆڕانکاری لەپڕۆگرامەکاندا خستۆتە پێش چاو». هەروەها رۆڵی پەروەردەی خێزانی منداڵ پێش چوونە قوتابخانە هێما بۆ ئەوە دەکات خێزان و دایک رۆڵی کاریگەری باشی هەیە لەسەر پڕۆسەی پەروەردەی منداڵ پێش ناردنی بۆ قوتابخانه و هەمیشە مامۆستا هەست بەو قوتابیانە دەکات. کە ئاستی پەروەردەیان لەماڵەوە چۆنە.

چوار بنەمای سەرەکی
 نووسەر بابەتێکی گرنک و بایەخداڕ باس دەکات ئەوەیش ڕۆڵی پەروەردەیە لەبەدیهێنانی شکۆمەندی قوتابی، لەم بابەتدا چوار بنەمای سەرەکیی بۆ ڕاگراتنی شکۆمەندی قوتابیان دەستنیشان دەکات: (لێبووردەیی، خۆشەویستی، دڵسۆزی، هاوکاری). کتێبەکە وتارێکی تایبەت کردووە بەڕۆڵی هونەری و بایەخی وانەی سروود و موزیک لەقوتابخانەکاندا ئاماژە بۆ گرنگی وانەی هونەر دەکات دەڵێت:»هونەر هیچی کەمتر نییە لەوانەکانی کوردی و بیرکاری و زانستەکان...هتد لە دروستکردنی کەسیەتی منداڵدا.

ڕۆڵی زمانی دایک لەناو پڕۆسەی پەروەردەدا
 هەروەها پرسی زمان لەپڕۆسەی پەروەردەدا لەو بابەتانەیە کە نووسەر لەکتێبەکە بایەخی پێداوە دەڵێت: ڕۆڵی زمانی دایک لەناو پڕۆسەی پەروەردەدا بەبنەمای فەلسەفەیەکی دیاریکراوی پەروەدە ئەنجام دەدرێت. هەڵبەتە گرنگی ئەم کتێبە لەوەدایە نووسەر بەلۆژیک و بەهونەری ئەرگۆمێنت بەشی زۆر لە کێشە بنەڕەتییەکانی پەروەردەی بەسەرکردۆتەوە، پەنجەی لەسەر برینەکان داناوە لەگەڵ ئەوەشدا پێشنیار و ئەلتەرناتیڤی بۆچارەسەرکردنی کێشەکان دۆزیتەوە، دیدیگا و سەلیقەی خۆی لەچوارچێوەی ستراتیژی ئامانجە باڵاکانی پەروەردەدا ئەم کۆمەڵە وتارەی نووسیوون و لەچوارچێوەی کتێبکی قەبارە مام ناوەندا بەچاپی گەیاندووە. بۆ ئەوەی بایەخی بابەتەکانی کتێبە لەپڕۆسەی پەروەردەدا شوێنی خۆی بگرێت زۆر گرنگە مامۆستایان و پەروەردەکاران خوێندنەوەی ئەم کتێبە فەرامۆش نەکەن.

سیروان حەمەڕەشید
2022-05-17

 

 

سەرچاوە: knwe