دیلان یەشیلگۆز، ئەو خانمە کوردەیە کە ئەگەر لە هەڵبژاردنی تشرینی دووەمدا پارتەکەی زۆرینەی کورسییەکان بباتەوە، ئەوا دەبێتە سەرۆکوەزیرانی هۆڵەندا، بەوەش دەبێتە یەکەمین کورد لە مێژوودا سەرکردایەتیی وڵاتێکی ئەوروپی بکات.
پارتی گەل بۆ ئازادی و دیموکراسی کە بە VVD کورت دەکرێتەوە، لە ماڵپەری خۆی بڵاویکردووەتەوە، خانمە 46 ساڵانەکە کە لەم کاتەدا وەزیری کاربەڕێکەری دادی هۆڵەندایە، دەبێتە سەرکردەی پارتەکە و سێ مانگی دیکە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانیدا سەرۆکایەتیی لیستەکەی دەکات. ئەمەش دوای ئەوەی مارک رووتە، سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەری هۆڵەندا و سەرکردەی پێشووی پارتی VVD رایگەیاند، دەستبەردای سیاسەت دەبێت.
یەشیلگۆز لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (تویتەری پێشوو) نووسیویەتی، "شانازییەکی گەورەیە بۆ من، کە دەبمە سەرکردەی پارتی VVD. سوپاس بۆ ئەو متمانەیە! ئێستاش بە وزەیەکی زیاترەوە کاردەکەم. زۆر کار هەیە تا بیکەم."
سیاسەتڤانە بە رەچەڵەک کوردەکە هیوای ئەوە دەخوازێت هۆڵەندا بکاتە وڵاتێکی "بەهێزتر، خۆڕاگرتر، سەلامەتتر، خۆشگوزەرانتر و ئامادە بۆ داهاتوو،" ئەمە وەک خۆی پێشتر ئاماژەی پێ کردووە.
پێشتر یەشیلگۆز، وەزیری کاربەڕێکەری کاروباری ئابووری و سیاسەتی کەشوهەوا و بۆ چەندین مانگ ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی هۆڵەندا بووە.
یەشیلگۆز ساڵی 1977 لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا لەدایکبووە. خێزانەکەی بە رەچەڵەک کوردی پارێزگەی دێرسمی باکووری کوردستانن. لە تەمەنی 8 ساڵیدا چووەتە هۆڵەندا. پێشتر لە کاتی جیادا ئەندامی کارای پارتی سەوز، پارتی سۆسیالیست و پارتی کاری هۆڵەندا بووە. دواجار لە پارتی VVD گیرساوەتەوە.
لە هۆڵەندا چی روودەدات؟
حکومەتی هۆڵەندا بە سەرکردایەتیی سەرۆکوەزیران مارک رووتە لە 7ـی تەممووزی ئەمساڵ دەستی لە کارکێشایەوە.
رووتە رایگەیاند، دانوستاندنەکانی چوار پارتی پێکهێنەری حکومەت لە بارەی سیاسەتی کۆچ بە بنبەست گەیشتوون. رووتە، سەرکردەی ئەو کاتی پارتە نیمچە راستڕۆکە گوتی، "شتێکی شاراوە نییە کە پارتەکانی هاوپەیمانیی حکومەت، دیدگەی زۆر جیاوازیان لەسەر سیاسەتی کۆچ هەیە."
ئەوە چوارەم کابینە بوو بە سەرکردایەتیی رووتەی تەمەن 56 ساڵان لە ساڵی 2010ـەوە رابگەیێنرێت. دوایین کابینەی، دوای 9 مانگ لە دانوستاندن، لە کانوونی دووەمی 2022 پێکهێنرا.
سەرچاوە : ڕووداو