حکومەتی هەرێم: بە دو ڕێگەی سەردەمییانە ڤیزا ده‌ده‌ینه‌ گەشتیاران

 

 

 



حکومەتی هەرێمی كوردستان رایگه‌یاند، گەشتیاران لە ڕێگەی ماڵپه‌ڕی وەزارەتی ناوخۆوه‌ دەتوانن ڤیزا بە شێوەی ئۆنلاین وەربگرن، بۆ ئەو مەبەستە ئێستا پێدانی ڤیزا بە گەشتیارانی بیانی بە دو شێواز دەکرێت.

به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوێكی حکومەتی هەرێمی كوردستان، ڤیزای ئۆنلاین، کە پێشوەختە گەشتیاران لە ڕێگەی وێبسایت، لە وەزارەتی ناوخۆی داوا دەکەن و دوای ڕەزامەندی، ڤیزا وەردەگرن، هەروەها ڤیزای ئۆن ئەراڤڵ، ئەو ڤیزایەیە کە هەڵگرانی پاسپۆرتی 53 وڵات دەتوانن لە کاتی هاتنیان بۆ هەرێمی کوردستان لە فڕۆکەخانە وەریبگرن و پێویست بە داواکاریی پێشوەختە ناکات.

ئەو وڵاتانەی کە ڤیزە بەخۆڕایی و بێبەرامبەر دەدەنە هاوڵاتییانی خاوەن پاسپۆرتی عێراقی بێبەرامبەر دەتوانن ڤیزا وەربگرن

ئەحمەد وشیار، بەڕێوەبەری گشتیی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر رایگه‌یاند، "ئەو وڵاتانەی کە ڤیزە بەخۆڕایی و بێبەرامبەر دەدەنە هاوڵاتییانی خاوەن پاسپۆرتی عێراقی، بە هەمان شێوە هاوڵاتیی ئەو وڵاتانە، کە دێنە عێراق یان هەرێمی کوردستان بێبەرامبەر دەتوانن ڤیزا وەربگرن".

دو جۆر ڕێکارمان بۆ هاوڵاتییانی بیانی هەیە

لۆلان حەمید، بەرپرسی بنکەی نشینگە و پاسپۆرت لە فڕۆکەخانەی هەولێر دەڵێت، "دو جۆر ڕێکارمان بۆ هاوڵاتییانی بیانی هەیە؛ ئەوانەی کە هەڵگری پاسپۆرتی 53 وڵاتن لە کاتی هاتنیان بۆ هەرێمی کوردستان لە فڕۆکەخانە دەتوانن ڤیزا وەریبگرن بەرانبەر بە بڕێک پارە، ئەوانی دیكه‌ پێویستە ڕەزامەندیی پێشوەختەیان هەبێت و ڤیزا پێشکەشی بەشی ڤیزەی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بکەن؛ دوای ڕەزامەندیوەرگرتن دەتوانن بێن بۆ هەرێمی کوردستان".

گەشتیاران لە ڕێگەی کارتی بانکییەوە بڕی 72 دۆلار لە بەرامبەر وەرگرتنی ڤیزا دەدەن

به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، گەشتیاران لە ڕێگەی کارتی بانکییەوە بڕی 72 دۆلار لە بەرامبەر وەرگرتنی ڤیزا دەدەن.

سەرچاوە : خەندان