یەک لە پێوەرەکانی نوێبوونی ڕۆمان بە بەراود لەگەڵ ژانرە پێشووەکانی وەک داستان و حەماسە بریتییە لە پێوەندیی چڕی شوێن و کاتی ڕووداوەکان بە یەکترەوە. ئەگەر لە ڕابردوودا نە شوێن و نە زەمەن پەیڕەوی هیچ لۆجیکێکی یەکگرتوو نەبوون، دیاریکراویی کاراکتەرەکانی گیڕانەوەی نوێ تا ڕادەیەکی بڕیاردەر گرێدراوی شوێن و کاتی دیاریکراو بوو. ئەگەر خودا، شا و پاڵەوانەکانی گێڕانەوە کۆنەکان دیاردە هەردەم ئامادەکانی هەموو شوێنێک بوون، ئەوە کاراکتەرەکانی گێڕانەوە نوێیەکان پێبەندی هەموو داخوازی و تایبەتمەندییەکانی شوێن و کات بە مانا دیاریکراوەکانیان بوون. هاوتەریب لەگەڵ سەرهەڵدانی جۆغرافیای سیاسیی نوێ و بیچمگرتنی دەوڵەت نەتەوەکانیشدا گێڕانەوە نوێیەکان بوون بە مانیفێستی تاکبڕوایی و ناسنامە سازکراوە نوێیەکانی ناسراو بە نەتەوە. بۆیە گۆڕەپانی جموجۆڵی کاراکتەرەکان بە وریاییەوە لە بەستێنی جۆغرافیایی دەبەستراوە و کارەکتەرەکان بەدەگمەن لە جوغزی خۆیان ئاودیو دەبوون.
لە نەبوونی جۆغرافیایەکی پێناسەکراوی دانپێدانراودا و بە هەبوونی سنوورە هەڵتۆقیوەکانی دەوڵەت نەتەوە نوێیەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە مۆرکی ئێتنیکییان پێوە بوو و دواجار کوردیان دەخستە پەراوێزی خۆیانەوە، کاراکتەری گێڕانەوەی نویی کوردی سەرگەردانی جۆغرافیایەکی بێ ناونیشانی تایبەت بە خۆی بوو. کاراکتەری گێڕانەوەی نویی کوردی ئادرێسی دیاریکراوی نەبوو و وەگێڕەکانی بە ناچاری ملکەچی جۆغرافیایەکی داسپاو بوون.
ماوەیەکە لە هەندێک گێڕانەوەی کوردیدا هەوڵی دەربازکردنی سنوورەکان دەدرێت و شوێنکاتی گێڕانەوەکان لە جۆغزی ناوچەیی دەچێتە دەر و کاراکتێرەکان پەڕ و باڵی فڕین دەردەکەن و بەسەر ئاسمانی جۆغرافیایەکی بەربەرینتردا دەفڕن و دەنیشنەوە. ئەم ڕێسایە هەڵبەت نووسەرانی ڕۆمانیش دەگرێتەوە. بە داگیرکردنی تاریکی، بەختیار عەلی چیتر وەگێڕی بەسەرهاتی کاراکتەرگەلێک نییە کە گرێدراوی ژینگەی خودی نووسەرن. ئەو لە گێڕانەوەیەکی 722 لاپەڕەییدا باکووری کوردستان و وڵاتی تورکیا دەکاتە گۆڕەپانی جووڵەی کاراکتەرەکانی و بەسەرهاتی تاڵی زمانکوژییەکەیان دەگێڕێتەوە. ڕۆمانێکی هێشتا چاپنەکراوی نووسەرێکی کوردی ڕۆژهەڵاتییش لەو پەڕی جوانیناسییدا بەسەرهاتی بەشێک لە نەتەوەکەی لە شاڵاوەکانی شوومی ئەنفالدا دەگێڕێتەوە و لەگەڵ شۆڕشگێڕانی باشوور ڕاپەڕین و دەسەڵاتی کوردیی ئەزموون دەکات. ئەگەر ماریۆ ڤارگاس یوسای پێروویی بە گێڕانەوەی بەسەرهاتی جۆغرافیای دەرەوەی پێروو توانیی ببێتە وەگێڕی ڕووداوەکانی گواتمالا و دۆمینێکەن و بەمجۆرە بازدێکی گەورە بە هونەری گێڕانەوەی نوێی ئامریکای لاتین بدات، ئەوە هەندێک ڕۆماننووسی کوردیش ڕێگەی ئەم ئەزموونە ئەدەبییە دەگرن و توانایی گێڕانەوەی دەرەوەی مەڵبەندەکەی خۆیان دەخەنە ڕوو.
د. هاشم ئەحمەدزادە
سەرچاوە: ناوەندی نووسەرانی کوردستان