تورکیا لەبادینان: ئێوە عێراقتان بەجێهێشت‌، بەخێربێن بۆ تورکیا

 

 

 

 

ئا: وریا حسێن

 

 

گوندنیشانى ئەو ناوچەی سوپای تورکیای تیا جێگیر کراوە یان هەڵهاتوون یان هیچ کامیان لەژیانى خۆیان دڵنیا نین..

 

ئەو ناوچانەى تورکیا لەقوڵایى خاکى هەرێم سوپاى تێدا جێگیر کردووە، ڕۆژانە لەڕێگەى مۆبایلەکەتەوە تورکیا پەیامت بۆ دەنێرێت وەکو ناوچەیەکى تورکی دەیانناسێنێت، ئەمە ڕەنگە یەکەم  هێماى ئەوە بێت تورکیا ئێدى لەو ناوچانە ناگەڕێتەوە.

کامەران عوسمان، سەرۆکى ڕێکخراوى سپى پى تى  ئەمریکیە، ئەو چالاکوانە کاتێک بۆ ڕووماڵکردن‌و کۆکردنەوەى ئامارى زیان‌و دۆخى خەڵک سەردانى ئەو ناوچانەى کردووە کە ئێستا لەژێر حوکمى سەربازى تورکیان، ئەوەى تێبینى کردوە تورکیا جارێکى دیکە نیازى نیە ئەو ناوچانە چۆڵ بکات، چونکە نمونەى زیندوو (باشیک)ە لەسنورى پارێزگای موسڵ، کاتێک لەشەڕى داعشدا بنکەیەکی سەبازیی لەوێدا دامەزراند، تا ئێستا بنکەکەی چۆڵ نەکردووە.

ئێستا لەهەندێک ناوچە کە تورکیا بەبیانوى بوونی پەکەکەوە هات، گەریلای لێنەماوە، بەڵام تورکیا ئامادە نیە شوێنەکە چۆڵ بکات‌و بنکەی سەربازیى لێدروستکردووە، سەرۆکى ڕێکخراوى سپى پى تى  بەئاوێنەی وت "ئەوە ڕوونە تورکیا بنکەی سەربازیی لەهەر شوێنیک دابمەزرێنیت چۆڵى ناکات".

ئەو چالاکوانە کوردە کە چەند ساڵێکە ڕووماڵى دۆخى شەڕ دەکات لەناوچە جیاوازەکانى قەندیل، باسى ڕووداوێکى سەیرى بۆ پەیامنێرى ئاوێنە گێڕایەوە، کەوا کاتێک دەچێتە ئەو ناوچانەی سوپاى تورکیا تیا جێگیر بووە، نامەى تەلەفۆنت بۆ دێت‌و دەڵێت "خوات لەگەڵ عێراق‌و بەخێر بێیت بۆ تورکیا".

هاوکات کەناڵە کوردییەکان پارازێتیان خراوەتە سەر، ئەو وتى "ئەمە نیشانەى ئەوەیە تورکیا ئەو ناوچانە بەهى خۆى دەزانێت، کاریگەرى کلتورىی دروست دەکات لەسەر خەڵکى ئەو ناوچانە، ئەمە جگە لەوەى ئێستا خەڵکی ئەو ناوچانە بەناڕەحەتیش ناتوانن بگەڕێنەوە سەر ماڵ‌و حاڵ‌و زێدی خۆیان".

ئێستا زۆرینەى فۆکەسى تورکیاو هێزى پێشمەرگە "پارتى" لەناوچەکانى سنورى برادۆست چڕبووەتەوە، بۆیە گوندنیشانى ئەو ناوچەیە یان هەڵهاتوون یان هیچ کامیان لەژیانى خۆیان دڵنیا نین، کە ژیانى هاوڵاتیانى ٦٠٢ گوند دەکات.

عەبدوڵا سۆفى گەیلان، هاوڵاتیەکى سنورى برادۆستە قسەى لەگەڵ پەیامنێرى ئاوێنە کرد، ئەو زۆر نیگەران بوو لەوەى خۆی‌و گوندنشینەکان کە ناوچەکانیان دۆخى داسەپاوى ئەمنى لەسەرە، ئاماژەى بۆ ئەوەش کرد ساڵى ڕابردوو هێزێکى پێشمەرگە پێیانوتون "دەبێت ئیتر ناوچەکانیان چۆڵبکەن، چونکە ئەو ناوچانە دەبنە ناوچەى ئەمنى‌و ژیانتان سەلامەت نابێت".

عەبدوڵا سۆفی وتى "ئەو ساتەى بەزۆرەملێ ماڵمان‌و ئاژەڵەکانمان هێنایە خوارەوە وەکو ئەنفال وابوو".

ئەو هاوڵاتیە ئاماژەى بۆ ئەوەش کرد، ئەوانەى لەناوچەکانى جەنگ ماونەتەوە، بەردەوام لەدۆخى مەترسیدان‌و هەفتانە کەسوکارمان بریندار دەبن، هەندێکجاریش دەکوژرێن، ئەو وتى "لەوەتەى ئۆپۆراسیۆنى تورکیا دژى پەکەکە دەستى پێکردووە کەس لەسەرو ماڵى خۆی دڵنیا نیە".

ئۆپراسیۆنە نوێیەکەى تورکیا لەسنورى هەرێمى کوردستان لە ١٥ى حوزەیرانى ئەمساڵ ٢٠٢٤ دەستى پێکرد، بە ٣٠٠ تانک‌و زیاتر لەهەزار سەرباز لەبەروارى باڵاوە دەستیان بەتۆپبارانى ئەو ناوچانە کرد کەوا گەریلاکانی پەکەکەى لێیە، ئەم ئۆپەراسیۆنە تا ئێستا بەردەوامەو ئامانج لێى گرتنى چیاى گارەیە کە چیایەکى ستراتیژیە، لەوەش هەستیارتر ئەوەیە تورکیا لەناوچە جیاوازەکان ١٠٠ کامپ‌و سەربازگەى دروستکردووە.

شیمال بەرچیانى، ڕۆژنامەنوسەو خۆی خەڵکى ئەو ناوچانەیە کە ئێستا بوونەتە ناوچەى جەنگ لەنێوان تورکیاو پەکەکە، ئەو وێنەیەکى ڕوونى ناوچەکانى لایەو پێى وایە ئەو ناوچەیەى سوپاى تورکیاى لێ بڵاوبووەتەوە، بەتەواوى بونەتە ناوچەیەکى ئەمنى‌و سەربازى توند بەتایبەت لەناوچەکانى (نێروەو بەرێکانى‌و حەفتانین‌و دۆسکى باڵاو ڕێکانهو نهێل)، سوپاى تورکیا لەم دەڤەرانەدا زیاتر لە ١٠٠ بنکەى سەربازیی داناوەو ڕۆژانە ئاسمانی‌و زەمینى بۆردومان دەکەن‌و سوپای تورکیا بەلایەنى کەمەوە نزیکەى ٣٠ کیلۆمەتر لەقوڵایى خاکى هەرێمى کوردستاندایە.

شیمال وتی "ئەوە ڕوونە ئامانجى تورکیا چیاى گارەیەو چەند کیلۆمەترێک لێیەوە دوورە، بۆیە ئەگەر گارە داگیر بکرێت بەدڵنیایەوە ژیان لەو ناوچانە نامێنیت".

ئەو ڕۆژنامەنووسە کە خۆى شارەزاى دۆخى ناوچەکەیە، جەخت لەوە دەکاتەوە ئەو ناوچانەى تورکیا بەئامانجى گرتوون (نەوت‌و سەرچاوەى ئاوى) تێدایەو تورکیا چای تێبڕیوە داگیرییان بکات، شیمال وتى "تورکیا وا لەو ناوچانە ڕەگى داکوتاوە ١٠٠ ساڵى دیکەش ناڕوات".

مەحمود عوسمان، سیاسەتمەدارێکی دێرینەو دەست‌و پەنجەى لەگەڵ ئەم دۆخە سیاسیانە ڕاهاتووەو بەجوانى دەستەکە دەخوێنیتەوە، بەبڕواى مەحمود عوسمان تورکیا ئامانجى ئەوەیە ئەو ناوچەیەى بۆی هاتووە بەقوڵایی ٣٠ کیلۆمەتر بیکاتە ناوچەیەکى چۆڵى دابڕاو کە تەنها خۆى دەسەڵاتى تێیدا هەبێت، بۆیە بەئاوێنەی وت "ئەمریکا پشتیوانى تورکیا دەکات، هەرێم بێدەنگەو عێراق لەبنەوە دۆخەکەى پێخۆشە".

ئەو سیاسەتمەدارە بەئەزموونە جەخت لەوە دەکات، تورکیا هەموو کوردستان نا بەڵام ئەو ناوچەیەى بۆى هاتووە دەیەوێت تێیدا بمنێتەوە، مەحمود عوسمان وتی "ڕاستە پەکەکە هەڵەى هەیە، بەڵام تورکیا پەکەکە وەکو بیانوو بەکار دەهێنیت، چونکە تورکیا لەبنەڕەتدا کورد ڕەتدەکاتەوەو نایەوێت شتێک بەناوى کوردەوە هەبێت بۆیە هەڵەکە لەئەنکەرەوەیە".

وتیشی "چارەسەری ئاسایشى سنور ئەمە نیە تورکیا دەیکات، بەڵکو گفتوگۆیەو دەبێت ئەو کارە بکات".

ئەو پەیامانەی تورکیا لەهاتنى ئاڕاستەی کوردو خەڵکى ناوچەکەى کردووە، ئاماژەن بۆ ئەوەى تورکیا چیدیکە ئامانجى گەڕانەوە نیە لەو ناوچانە، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە هەنگاوى دواى پەکەکە چیەو کاردانەوەى عێراق‌و هەرێمى کوردستان چیە ئەگەر تورکیا ئەو ناوچانە چۆڵ نەکات؟