'تاقیگەی ژمارە 2' لە فیستیڤاڵی کورتە فیلمی مەکسیکۆ کێبڕکێ دەکات

کورتە بەڵگەفیلمی 'تاقیگەی ژمارە 2' له نووسین و دەرهێنانی ئیدریس عەبدی و ئاوارە عومەر، بەرهەمی هاوبەشی کۆمپانی لامیدیا، لە 17یەمین فیستیڤاڵی کورتە فیلمی مەکسیکۆ هەڵبژاردراوە و لە بەشی پێشبڕکێی فیستیڤاڵەکەدا کێبڕکێ دەکات.
ئیدریس عەبدی، بە رووداوی راگەیاند، 'تاقیگەی ژمارە 2' بەرهەمی کۆمپانیای لامیدیا و لە نووسین و دەرهێنانی ئاوارە عومەر و خۆیەتی و لە 17یەمین فیستیڤاڵی کورتە فیلمی مەکسیکۆ کێبڕکێ دەکات.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، بڵاوکردنەوەی بەڵگەفیلمەکە لە ئەستۆی کۆمپانیای رێتاوە و پێشتریش لە چەند فیستیڤاڵی سینەمایی بەشداربووە و خەڵاتیشی بەدەستهێناوە.

فیلمەکە لە 2021 بەرهەمهاتووە و چیرۆکی حەمە تۆفێق دەگێڕێتەوە کە 14 ساڵ لە بەشی توێکاری زانکۆی پزیشکی سلێمانی کاری کردووە.

'تاقیگەی ژمارە 2' پێشتر لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی سلێمانی خەڵاتی باشترین بەڵگەفیلمی کوردی و لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی سیلبێرتی لە ئیتالیا خەڵاتی باشترین بەڵگەفیلمی بردووەتەوە و لە چەندین فیستیڤاڵی دیکەی سینەماییش بەشداربووە.

لە 17یەمین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی کورتە فیلمی مەکسیکۆ هەڵبژاردراوە، لە 1-30 ئەیلوول 2022 لە مەکسیکۆ سیتیی پایتەختی مەکسیک بەڕێوە دەچێت و لە 16 شوێنی جیا لەو شارە چالاکییەکانی بەڕێوەدەچێت.

ئەم بەرهەمە لە مانگی شوباتی ئەمساڵ، لە بەشی پێشبڕکێی 19یەمین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی بیگ سکای لە میسۆلا لە ئەمریکا بەشداربوو کە تایبەت بوو بە بەڵگەفیلم، هەروەها لە بەشی کێبڕكێی بەڵگەفیلمە کورتەکانی فیستیڤاڵەکەدا بەشداربوو و براوەی خەڵاتی ئەو بەشە بۆ خەڵاتی ئۆسکار بەربژێر دەکرێت.

 

سەرچاوە: rudaw