بەهەشت لێرەوە دروست دەبێ..

 

بەهەشتەکەت لێرەوە دروست بکە ...ئەو بەهەشتەی کە ئاواتی پێدەخوازیت دەبێت لەسەر زەوی دروستی بکەیت. گوڵ بە گوڵی باخچەکەی تەنانەت بەرد بە بەردی دیوارەکانی وزەوی وبنمیچی ماڵەکەت و باخچەکەش، دەبێت ڕەنگەکانی لێرەوە بۆهەڵبژێریت. فۆڕمی کۆشکەکان، سیماو ڕەوشتی ئەو کەسانەی کە نیشتەجێن لەوێ لەگەڵتا هاوبەشن. تەنانەت شێوەی جلوبەرگەکانیان.

ئەو جۆرە کتێبانەی لەوێ دەیخوێنیتەوە. دیزاینی ژوورەکەت، شێوەی بۆدرومەکەت. شێوازی قسەکردن لەگەڵت، دەنگدانەوەی مۆسیقا، دەنگی سروشت. سروشتی پێکەنینی خەڵکی بەهەشتەکەت. شێوەی کەنیسە، پەرستگا، مزگەوت، یان شوێنی نوێژەکەت... تەنانەت درەختەکانی لەسێبەریا پشوئەدەی.
 بەهەشت ئەوەیە کە ڕۆحت تامەزرۆییەتی ،لەبیروهەڵوێست، گووتەی زمان ،کردارت ... 
بەبێ ئەو وردەکاریانە، لە بەهەشتدا جێگات نابێتەوە، بۆ ئەوەی بچیتە ئەوێ دەبێت هەرئێستا و لێرە وە لەگەڵ هەموو شتێکی ئەوێ ڕابێیت تا لەوێ نامۆ نەبیت...!

هەر بۆیە ئەوانەی لێرە بەدڵێکی وێرانە وبەمێشکی بۆگەن دەژین، دوکەڵ وهەوای پیس هەڵدەمژن و بۆنی هەناسەی مەمکە ڕزیوەکان لە زەویدا ڕاهاتوون، ئەمانە بە سادەیی بۆنی گوڵ ڕانەهاتوون. بەپێ ی ئەوەی لێرە لەسەر زەوی ڕاهاتوویت، لە سەرەوە بۆت دەردەکەوێت. بەهەشت کەسی نامۆ قبوڵ ناکات! بەهەشت قەرەبووی ئەو مەینەتیانە نییە کە لێرە تیایدادەژیت!

ئەوەی چەوتەو لەسەر ئازاردان وبێزارکردنی دەوروبەری و دووڕوویی و درۆوئازاردانی مرۆڤەکان  دەژی، سەرسام وشۆک دەبێت بە دۆخی ڕاستگۆیی ومیهرەبانی وخۆشەویستی بەخشین لەوێ .

بۆیە سەرەتا بەم وردەکاریانە بەهەشتەکەت دروست بکە... بە ئەنجامدانی خۆشەویستی و ڕووخۆشی وتوانەوەی توخمی چاکە بۆهەمووان لەناختا، ئەگەر لێرە و ئێستا نەیکەیت، لە ئاسمانەوە  ئینکاریت لێدەکرێت وشتێک نیە بەناوی بەهەشت  !