عارف قوربانی
کەوتنی ئەسەد وەک یەکێک لە خوێنڕێژترین دیکتاتۆرەکانی ناوچەکە بۆ بەشی زۆری وڵاتانی جیهان مایەی خۆشحاڵی بوو. بۆیە بێ ئەوەی هیچ هەڵوەستەیەک لەسەر ئەوە بکرێت ئەوانەی هاتوونەتە سەر دەسەڵات خاوەنی چی ئەجێندا و دونیابینییەکی سیاسین، جیهان پشتیوانی بۆ دەربڕین و دانیان نا بە شەرعیەتی دەسەڵاتەکەیاندا.
لەکاتێکدا محەممەد جۆلانی کە سەرکردایەتیی سووریای کەوتە دەست، تاوەکو دەسەڵات گرتنەدەست وەک تیرۆریستێکی مەترسیدار لە لیستی تیرۆری جیهانیدا بوو. هەروەها کۆی ئەو گرووپانەی لەنێو (تەحریر شام) رێکخرابوون و بە سیحرێکی هێشتا ئاشکرا نەکراو، لە حەفتەیەکدا کۆتاییان بە دەسەڵاتی 50 ساڵەی دیکتاتۆریەتی سووریا هێنا، پێشتر و لە رووداوەکانی 10 ساڵی رابردووی سووریادا هاوشێوەی دەسەڵاتەکەی ئەسەد، دەیان کۆمەڵکوژی و تاوانی دژە مرۆڤایەتیان ئەنجام دابوو، بەڵام بەرژەوەندیی وڵاتان لەوەدابوو شەرعیەت بەو ئاڵوگۆڕە خێرایە بدەن، وڵاتانی عەرەبی و جیهانی ئیسلامی بڕیاریاندا سووریا بگەڕێتەوە نێو دامەزراوەکانیان و باوەشیان بۆ کردەوە. ئەورووپا و هاوپەیمانەکانی بڕیاری سوککردن و هەڵگرتنی ئەو سزا سەپێندراوانەیان دا کە پێشتر خستبوویانە سەر دەسەڵاتەکەی ئەسەد. رووسیای هاوپەیمانی ئەسەدیش بایدایەوە بەلای ئەم دەسەڵاتە تازەیەدا و کەوتە مامەڵەی بازرگانی و چەندین گرێبەستی لە بواری وزە و کانزا بە نرخەکان لەگەڵدا مۆرکرد.
بەم شێوەیە بەرگێکی مەدەنیان بەسەر گرووپە سەلەفییە جیهادییەکاندا پۆشی و دەمامکی پیاوێکی نوورانییان کردە سەر جۆلانی و تەنانەت ناوەکەشیان گۆڕی بۆ ئەحمەد شەرع و شەرعیەتێکی نێودەوڵەتییان بۆ دروستکرد. سیاسەتێکی تەمومژاوی هەژموونی بەسەر میدیای جیهانیدا سەپاندبوو لە وێناکردنی (تەحریر شام) و، لە بانگەشەکردن بۆ ئەوەی جۆلانی و گرووپە چەکدارە تووندڕەوەکانی، گۆڕاون و ئێستا بە دونیابینییەکی جیاوازەوە لە پرسەکان دەڕوانن. وەک ئەکتەرێکی راهێندراو جۆلانی دەهێندرایە سەر شانۆ و بانگەشەی ئەوەی دەکرد ئیدی سووریایەکی جیاواز دەبینین. بە ئەندازەی ئەحمەد شەرع، وڵاتانی زلهێز و ناوچەکە بانگەشەیان بۆ ئەوە دەکرد دەبێت هەموو گرووپەکانی دیکەی ناو سووریا کە مەبەست لێی (کورد و دەروز و عەلەوییەکان) بوون، بچنە ژێر دەسەڵاتی ئەحمەد شەرعەوە.
هەرچەندە لەسەر ئەرزی واقیع، لەو چرکەساتەوەی دەسەڵاتیان گرتبووە دەست، جگە لە جلوبەرگ و کورتکردنەوەی ریشی هەندێ لە دەسەڵاتدارەکانیان، هیچ شتێک نەگۆڕابوو. بەڵام سیاسەتی نێودەوڵەتی و زلهێزەکان دەیانویست وێنایەکی جیاوازی دروستکراو بخەنە پێش چاوی جیهان کە سووریای ئێستا سووریای سەردەمی پێشوو نییە. لەکاتێکدا وەک چۆن بەشار ئەسەد، یاسا و دەستوور و دامەزراوە دەوڵەتی و دەسەڵاتەکانی، بۆ پێگەی خۆی و گرووپێکی بەرتەسک بەکاردەهێنا. ئەمانیش بەهەمان رێگەی ئەسەددا رۆیشتن. دەسەڵاتیان لە دەستی گرووپێکی بەرتەسکدا چڕکردەوە. شەرعیەتی گەل و دامەزراوەکانیان نەهێشت و لە (لیژنەی ئامادەکاریی دەستوور) و بەناو (کۆنگرە نیشتمانییەکەیان)دا، پێکهاتە سەرەکییەکانیان خستە دەرەوەی هاوکێشەکان. ئەوەی گۆڕابوو تەنیا ئەوەبوو دەسەڵات لە دەستی گرووپێکی تووندڕەوی شیعەی عەلەوییەوە کەوتە دەستی گرووپێکی سوننەی شۆڤێنیی عەرەبی تووندڕەوی جیهادی، بەڵام هێشتا بەهاری تەمەنی دەسەڵاتی تازەی سووریا تێنەپەڕیبوو، بەهۆی ئەو رووداوانەی چەند رۆژی رابردووی شار و شارۆچکە عەلەویی نشینەکان، خۆپێشاندان و ناڕەزایەتی خەڵک و سەرکوتکارییەکانی هێزەکانی دەسەڵاتی ئەحمەد شەرع، ئەوەی بۆ جیهان دەرخست هیچ نەگۆڕاوە. نە بەشێوەیەکی گشتی دەسەڵات لە دەسەڵاتێکی سەربازی و خوێنڕێژەوە گۆڕاوە بۆ دەسەڵاتێکی مەدەنی، نە ئەحمەد شەرع و گرووپەکانی ناو تەحریر شام، هیچ گۆڕانکارییەک بەسەر رەفتاریاندا هاتووە.
ئەوەی لە سەرەتای دەستپێکی بەهاری عەرەبی لە رووداوەکانی سووریا بینیمان لە مامەڵەکردنی ئەسەد و رژێمەکەی، لە رووبەڕووبوونەوەی خۆپێشاندەران و بە کۆمەڵکوشتنی خەڵکی مەدەنی. ئێستاش لە بەهاری تەمەنی دەسەڵاتەکەی ئەحمەد شەرع دا، هەمان دیمەنی تراژیدی دووبارە دەبنەوە. ئەو سەدان تۆمارە ڤیدیۆییەی لەم سێ رۆژەدا بڵاوکراونەتەوە، دەرخەری ئەو راستییەن کە ئەم گرووپانە بە هەمان ئەو عەقڵیەتە رەفتار دەکەن کە پێش گرتنەدەستی دەسەڵات تاوان و کۆمەڵکوژییان ئەنجام دەدا. کوشتنی ژمارەیەک خوێندکاری کچ و کوڕ لە کۆلێژی پزیشکی لازقییە. بەکۆمەڵ گوللـەبارانکردنی گەنج و پیر و پەککەوتەی عەلەوی، کوشتنی منداڵ و راکێشانی تەرم بەدوای ئۆتۆمبێل و ئازاردانی دیل و دەستگیرکراو و تۆمارکردنی و بڵاوکردنەوەی لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان، هەمان ئەو وێناو تۆمارانەی سەردەمی گرووپى جەبهەى نوسرەى محەممەد جۆلانى و داعشى ئەبوبەکرد بەغدادى خستەوە پێشچاوى مرۆڤایەتى. هەرچەندە تائێستا ئەم رووداوانە بەرۆکی کورد و ناوچە کوردییەکانی نەگرتووەتەوە، بەڵام دەبێت پێش هەموو کەس لە دوو ئاستدا کورد هەڵوەستە لەم رەفتار و رووداوانە بکا و ببێتە پەند و ئەزموون بۆی. یەکەمیان ئەوەیە دەبێت دڵنیابین ئەگەر خاوەن چەک و هێزی پۆڵاینی خۆمان نەبین، هەر رۆژێک بێت هاوشێوەی عەلەوییەکان، کوردیش دەکەوێتە بەر هێرش و شاڵاوی دڕندانەی ئەو چەکدارە بێدیسپلین و توندڕەوە نێوودەوڵەتیانەی لە سیستمی ئێستای سووریادا جێیان کراوەتەوە کە بە هەزاران چەکداری تووندڕەوی ئیسلامیی تاجیکی، قیرگیزستانى، چیچانی، جۆرجی، عەرەب و تاوەکو ئیگۆرەکانی چینیش لەناو سوپاکەی ئەحمەد شەرعدان و تینووی خوێن و کۆمەڵکوژین، لە 10 ساڵی رابردووشدا هاوشێوەی داعش هەزاران رۆڵەی کوردیان شەهید کردووە.
دووەم شت کە پێیویستە کورد لەبەرچاوی بگرێت ئەوەیە، وێنای سوپا و هێزی دەوڵەتەکەی ئەحمەد شەرع ئەو وێنایەیە کە لە تۆمارە ڤیدیۆکانی سێ رۆژی رابردوو خۆیان بەرجەستەکرد. هیچ لۆژیک و رەوایەتییەک لەوەدا نییە کچ و کوڕانی کورد لەنێو هێزەکانی هەسەدە کە خاوەن جوانترین وێنای دیسپلینی سەربازین و وەک پاڵەوانی داعش بەزێن ناسراوون، لەژێر هیچ پاساوێکدا نابێت ببنە بەشێک لەو سوپایەی سووریا. پێویستە کورد ئەو وێنا دزێوەی سوپای تازەی سووریا، هەروەها ئەو کۆمەڵکوژییانەی عەلەوییەکان بۆ ئەوە کەڵکی لێوەربگرێت، وەڵامدەرەوەی ئەو داوا و گوشارانە بێت کە دەخرێنە سەر کورد بۆ چەکدانان و بوونە بەشێک لە سوپای سووریا، یان چوونەژێر رکێفی ئەحمەد شەرعەوە.
سەرچاوە : ڕووداو