لە پەرلەمانی تورکیا چوار فراکسیۆنی پەرلەمان کە گەورەترینیان جەهەپەو دەم پارتییە، پرۆژە یاسایەکیان پێشکەشی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی تورکیا کرد و، دەڵێن" قەیووم پێچەوانەی دەستووری تورکیایە و پێویستە هەڵبوەشێندرێتەوە".
ئەو چوار فراکسیۆنەی پرۆژە یاساکەیان پێشکەشی پەرلەمان کردووە پێکهاتوون لە جەهەپە، پارتی دەم، ئیی پارتی و فراکسیۆنی هاوبەشی پارتی ئایندە و سەعادەت.
میدیاکانی تورکیا ئاماژە بەوە دەکەن کە جیا لە ئەندامانی ئەو چوار فراکسیۆنە، ئەندامانی پێنج حیزبی دیکەی تورکیا واژۆیان لەسەر پرۆژە یاسای کۆتاییهێنان بە قەیووم کردووەو کۆی هەموویان ١٠ حزبن، چوار حیزبەی دیکە کە پێکهێنەری هاوپەیمانیی جمهورن و پشتیوانیی لە پرۆژە یاساکە ناکەن.
ئەو پڕۆژە یاسایەی پێشکەش سەرۆکایەتی پەرلەمان کراوە تیایدا، تیشک خراوەتەسەر ئەوەی یاسای تایبەت بە دوورخستنەوەی سەرۆکی شارەوانییەکان و دانانی قەیووم لە جێگەیان، پێچەوانەی ماددەکانی یەک، پێنج، ١٢٣و١٢٧ـی دەستووری تورکیایە.
لەلایەکی ترەوە ئەمڕۆ هەینی بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، جەودەت کۆناک سەرۆکی شارەوانی دێرسم لە باکوری کوردستان لابرا و قەییوم لە جێگەی دانرا، دژی ئەو بڕیارە لە ئێستادا خۆپیشاندان دەستی پێکردووە.
سەرچاوە : سپی میدیا