به‌ر له‌ شكست

سمکۆ ئەسعەد ئەدهەم

شكست ئه‌وه‌یه‌ ڕۆژێكى ناله‌بار به‌سه‌ر خۆتا بهێنیت نه‌توانیت بگه‌ڕێیته‌وه‌ دۆخى ڕۆژى پێشووت.

ئێستا ده‌سه‌ڵاتى سیاسى له‌ هه‌رێمى كوردستان دووچارى ئه‌و ڕۆژه‌بووه‌ كه‌ هه‌ر سێ ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ى په‌رله‌مان و سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم و حكومه‌ت شه‌رعییه‌تى نه‌ماوه‌، ته‌نانه‌ت ئه‌و كۆمسیۆنه‌ى مۆڵه‌تى حوكمڕانییه‌كه‌ى خۆیشیان پێ نوێ ئه‌كرده‌وه‌ ئه‌ویش نه‌ما و بۆیان دروست ناكرێته‌وه. ئه‌وه‌ى ماوه‌ هاوڵاتیان و ده‌سه‌ڵاتى كارگێڕى خۆجێیه‌تى پارێزگاكانه‌. 

ته‌نها ده‌سه‌ڵات له‌ هه‌رێمدا ڕه‌وایه‌تى مابێت، ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رییه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ وله‌ پێناوى پاراستنى ئابڕووى میلله‌تى كورد و قه‌واره‌ى ئه‌م هه‌رێمه‌ى شین بۆ نه‌مانى ئه‌كه‌ن، فه‌رموون ده‌سه‌ڵاته‌كانى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم وسه‌رجه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ جێبه‌جێكارییه‌كان به‌ فه‌رمانێك به‌ سه‌رۆكایه‌تى ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى بسپێرن، وده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ى ئه‌م كابینه‌یه‌ ڕابگه‌ێنن، تا له‌ماوه‌ى ساڵێكدا ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ بڕیار له‌ ڕێكخستنه‌وه‌ى حوكمڕانى هه‌رێمى كوردستان بدات به‌ده‌ر له‌ ئه‌جیندا سیاسییه‌ شكستخواردوه‌كان.

ئه‌م حوكمڕانییه‌ دووفاقه‌ى ئێستاى هه‌رێم به‌ ڕوو له‌ به‌غدا كردن وخۆبردنه‌ پێشه‌وه‌ و خۆ نزیككردنه‌وه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتى حكومه‌تى فیدرالى عیراق، به‌ بێ جیاوازى نێوان هه‌ولێر وسلێمانى، جگه‌ له‌ خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دان و شكست وله‌ده‌ستدانى مافه‌ ده‌ستووریه‌كانى گه‌لى كوردستان و سووككردنى ناسنامه‌ى كورستانى بوون .. هیچى ترى لێ نایه‌ته‌دى.

لاى یه‌ك به‌یه‌كى هاوڵاتیانى هه‌رێم ئاشكرایه‌، ده‌سه‌ڵات له‌ سلێمانى و له‌ هه‌ولێر به‌ به‌رگى حیزب وبه‌ ناونیشانى حكومه‌ته‌وه‌ ڕوو له‌ به‌غدا ئه‌كه‌ن، به‌رپرسانى به‌غداش به‌ ویستى خۆیان مه‌رجیان به‌سه‌ردا ئه‌سه‌پێنن له‌به‌ر ئه‌وه‌ى ئه‌زانن نه‌به‌رگى حیزب ونه‌ ناونیشانى حكومه‌ت ڕه‌وایه‌تییان پێنادات، له‌به‌ر ئه‌وه‌ نێردراوه‌كانى هه‌ولێر وسلێمانى پێویستیان به‌ به‌رگى ڕه‌وایه‌تییه‌ نه‌ك بۆ خۆیان به‌ڵكو بۆ قه‌واره‌ى هه‌رێم و مافه‌ ده‌ستووریه‌كانى هاوڵاتیانى.

له‌به‌ر ئه‌وه‌ ڕوو له‌به‌غداكردن ڕاگرن، و باسى دوو حكومه‌تى بۆ هه‌رێم مه‌كه‌ن، و ده‌سه‌ڵاته‌كانى هه‌رێم به‌ ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى بسپێرن تا هه‌موو هه‌رێم-تان به‌ هاوڵاتیانیه‌وه‌ ڕاده‌ستنه‌كردووه‌.

 

سەرچاوە: خەندان