بە تەنها جێی ناهێڵین

 

نەرمین عوسمان

رۆژئاوای کوردستان ئێستا لە هەموو کات زیاتر پێویستیی بە کۆبوونەوەیە لە دەوری و پشتیوانیکردنی، لۆبی بۆکردنی لەسەر ئاستی جیهان و کۆکردنەوەی کۆمەک بۆی، ئەویش لەپێناوی مانەوەی ئەزموونی خۆبەڕێوەبەرییەکەیان و رێگرتن لە کوردقڕان.
ماوەی چەند رۆژە سوپای تورکیا لە زەوی و ئاسمانەوە هێرش دەکاتە سەر گوند و شارۆچکە و کانتۆنەکانی رۆژئاوای کوردستان، جیاواز لە هێرشەکانی پێشووتری، ئەمجارەیان تورکیا بەشێوەیەک هێرش دەکات کە ژێرخانی بنیاتنراوی چەند ساڵەیان وێران بکات و ریسەکەیان لێ بکاتەوە بە خۆری، لەکاتێکدا دەزانین ئەو ئەزموونە نە ئاسان دروستکراوە و نە ئاسانیش بەدەستهاتووە.
دیمەنی کوژرانی 29 کارمەندی ئاسایش، ئەوانەی ئەهلی بنبڕکردنی مادەی هۆشبەر و پاک راگرتنی ئەزموونەکە بوون، لەگەڵ منداڵێکی سووتاو بەهۆی بۆمبارانەکەوە، لەو دیمەنانەی شەڕن کەوا هەرگیز بیرناچنەوە، ویژدان هەژێن و تاقەتپڕوکێنن، دەبنە تابلۆی شەرمەزاریی مێژووی داگیرکاریی رۆژئاوای کوردستان.
هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی کە تائێستاش بۆ شەڕی داعش لە سوریا ئامادەیی هەیە، هەڵوێستی بەرامبەر هێرشکردنە سەر رۆژئاوای کوردستان لەو ئاستەدا نییە کە بیوەستێنێ، ئەمە بووەتە گومان لەوەی ئەمریکا هەندێک رەزامەندیی پیشاندابێت بەرامبەر هێرشەکانی سوپای تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان، بەتایبەتی بەهۆی ئەوەی پەکەکە خاوەندارێتیی لەو هێرشە کرد کە لەلایەن دوو چەکدارەوە کرایە سەر وەزارەتی ناوخۆی تورکیا لە ئەنقەرە.
ئێستا کە شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل دەستیپێکردووە بەجۆرێک لەڕووی هەڵوێست وەرگرتنەوە خەریکە چاوەکان لەسەر داگیرکاری و هێرشەکانی سەر رۆژئاوای کوردستان لادەچن یان بە ئاسایی وەردەگیرێن، تورکیاش دەیەوێت هاوشێوەی ئیسرائیل شەرعییەت بۆ هێرشەکانی بدۆزێتەوە و رۆژئاوای کوردستان بکاتە وێرانە.
رۆژئاوای کوردستان و خۆبەڕێوەبەرییەکەی، کەموکوڕییان هەیە و قسە لەسەر ئەمە نییە، بەڵام ئەزموونێکی کوردییە و بەهۆی ئەوەشی کورد خاوەن دەوڵەت نییە، بۆیە لە جۆرێک لە تەنهایی سیاسیدا دەژی و لەماوەی چەند ساڵی هێرشەکانی سەریدا هەڵوێستی یەکلاکەرەوەی لەسەر وەرنەگیراوە، بەڵکو زۆرجار هانی تورکیاش دراوە بۆ داگیرکاریی زیاتر.
ئەمە جگە لە پڕۆسەی تەتریک و تەعریب لە رۆژئاوای کوردستان کە بەهەمان شێوە لەلایەن تورکیاوە بەڕێوەدەبرێت، ئاوارەی فەلەستینی تێدا نیشتەجێ دەکرێت و لەلایەن قەتەرەوە ئۆردوگای نیشتەجێبوونیان بۆ دروستکراوە و لە داهاتووشدا بەردەوام دەبێت.
مەترسییەکانی سەر رۆژئاوای کوردستان ئێستا لە هەموو کاتێک زیاترە، هێرشی داگیرکاری، وێرانکردنی سەرخان و بنخانی، بریندار و شەهیدکردنی، تەعریب و تەتریکی خاکەکەی، قوتکردنەوەی هەندێک هۆزی عەرەب بۆ شەڕکردن دژی شەڕڤانانی هێزەکانی سوریای دیموکرات- هەسەدە، دەرفەت رەخساندن بۆ زیندووبوونەوەی داعش، جینۆسایدکردنی سروشت و ژینگە و بڕینەوەی درەختی زەیتوونەکانی بە بەردەوامی، هەروەها چەندین مەترسیی دیکەش هەڕەشەن بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان و خەریکە هەموو ئەوانەش بە بێدەنگی تێپەڕدەبن.
بە تەنهاکردنی رۆژئاوای کوردستان هەر مەترسیی نییە لەسەر ئەو بەشەی کوردستان، بەڵکو وەکو نەریتی سیاسیی لێ دێت و وای لێ دێت یەکتر تەنها دەکەین، لەکاتێکدا نەتەوەیەکین و نابێ دوور لەیەکتری بگرین، بۆیە بڕیارە و رۆژئاوای کوردستان بەتەنها جێناهێڵین. 

سەرچاوە : کوردستانی نوێ