بێرتراند راسل، یەکێک لە ویژدانە گەورەکانی سەدەی بیستەم

لێرەدا هەوڵ دەدەین  پوختەیەک لە ژیانی بێرتراند راسل پێشکەش بکەین، باسی کارەکانیی و  تێکەڵبوونی لەناو مشتومڕە سیاسییەکانی سەردەمی خۆی، هەرچەندە ئەو خۆی پسپۆر بووە لە بواری زانستی ماتماتیک و فەلسەفەدا، کە ئەمانەش زۆر دوورن لە کێشە کۆمەڵایەتیی و سیاسییەکانەوە. بەڵام  راسل خۆی دوورەپەرێز نەگرت و نەچووە سەر بورجی عالی، هەروەکو هەندێک فەیلەسوف ئەمە دەکەن. بەڵکو دابەزییە ناو شەقام و خۆی تێکەڵی رووداوەکانی رۆژ دەکرد. 
ئەم پیاوە خاوەنی مەیلێکی ئینسانی زۆر قووڵ بوو، هەروەها چارەنووسی گەلان و مرۆڤایەتی بەگشتی، بەلایەوە گرنگ بوو، هەربۆیە یەکێک بوو لە ویژدانە گەورەکانی سەدەی بیستەم. 
هەستی بە ئازاری چەوساوەکان دەکرد، رێک وەکو خۆی ئازار بکێشێت. لێرەشەوە گرنگیی و بایەخی راسل دەردەکەوێت لە مێژووی فیکری مرۆڤایەتیدا. ئێمە ئەمە دەڵێین، بەڵام لەهەمانکاتیشدا نابێت بەرهەم و داهێنانە مەزنەکانی فەرامۆش بکەین، بەتایبەتی لە بواری فەلسەفە و زانست و ماتماتیک و فیزیا  و لۆژیک»، هتد. 

راسل کێیە؟
راسل لە ساڵی 1872 لە بنەماڵەیەکی ئەرستوکراتی  ئینگلیزیی گەورە لەدایک بووەو لە ساڵی 1970 کۆچی دواییکردووە، نزیکەی سەد ساڵێک ژیاوە. لە یەک کاتدا زانا و ماتماتیکناس و فەیلەسوفێکی پلە یەکی جیهان بوو. هەربۆیە لە تەواوی جیهاندا جۆرە هاوڕاییەک هەیە، کە یەکێکە لە فەیلەسوفە مەزنەکانی سەدەی بیستەم.  
لەهەمانکاتیشدا هەوڵیداوە کە پڕەنسیپە فەلسەفییەکان و فیکرەکانی بەشێوەیەکی ئاسان پێشکەشی خەڵكی بکات، بۆئەوەی بە جۆرێک بێت، کە خەڵکانێکی زۆر بتوانن بیخوێننەوەو لێی تێبگەن.

ئەرستۆکراتییەک  داکۆکی لە مرۆڤایەتی دەکات
هەرچەندە لە بنەماڵەیەکی ئەرستۆکراتیی و دەوڵەمەند بووە، بەڵام لە بواری یەکسانی کۆمەڵایەتییدا،خەباتگێڕێکی گەورەی مرۆڤایەتی بووە. لەهەمانکاتیشدا تێکەڵی کێشە سیاسیی و مەسەلە گەورەکان بوو، لە دژی بەرژەوەندیی سەرمایەداریی خۆرئاوایی و هێزە ئیمپریالیستەکانی جیهان، خەباتی دەکرد. 

سۆشیال دیموکرات
راسل نزیک بوو لە هێڵی سۆشیالیستی کە مەیلێکی دیموکراسیانەی هەیە، بەڵام کەسێکی کۆمۆنیستی مارکسیی تۆتالیتاریی نەبوو. جێگەی ئاماژەیە بە هاوکاریی  فەیلەسوفی ناسراویی فەرەنسی «ژان پۆڵ سارتەر» دادگاییەکی نێودەوڵەتییان بۆ تاوانەکانی جەنگ دروست کرد، کە ئامانج لێی لێکۆڵینەوە بوو لەو تاوانی جەنگانەی، کە ئەمریکا لە ڤێتنام کردوویەتی. 

وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵ
لە ساڵی 1950 دا خەڵاتی نۆبڵی پێبەخشرا، ئەمەش لە پای ئەو داهێنانەی کە لە بواری زانست و فەلسەفەدا کردوویەتی، بەتایبەتیش ئەو داهێنانەی کە لە بواری سیاسیی و مرۆیانە و ئازادیدا کردوویەتی. هەربۆیە توانی لە یەک کاتدا کۆمەڵێک شانازی کۆبکاتەوە لەوانە: شانازی زانستی ماتماتیکیی و فیزیایی، شانازیی فەلسەفە، شانازیی سیاسەت و خزمەتی مرۆڤایەتی. 
قۆناغی منداڵیی
بەڵام با دووبارە بگەڕێینەوە بۆ قۆناغی منداڵیی. ئەوەی روون و ئاشکرایە کە  راسل هەر زوو دایک و خوشکی لە ساڵی 1875 دا لەدەستچووە، واتە کاتێک تەمەنی سێ ساڵان بووە، پاش ساڵێکیش باوکی دەمرێت، واتە کاتێک تەمەنی چوار ساڵان دەبێت، هەربۆیە زوو هەتیو دەکەوێت، هیچ دەرفەتی ئەوەی بۆ ناڕەخسێت کە دایک و باوکی بناسێت، ئەو دایک و باوکەی  کە ئەویان هێناوەتە دونیاوە، هەربۆیە داپیرەو بنەماڵە گەورەکەی بەخێوی دەکەن. 

هەرزەکارێکی تەنها
ئەوەی مایەی سەرنجە، راسل لە قۆناغی هەرزەکاریدا، زۆر تەنها بووەو هەمیشە کەسێکی دوورەپەرێز بووە، هەروەها مەیلی خۆکوشتنیشی هەبووە. کێ باوەڕ بەمە دەکات؟ ئەمەش بەلای زۆربەمانەوە مایەی سەرنجە، لە کاتێکدا لە قۆناغەکانی دواتری ژیانیدا بە تەواوەتی دەگۆڕێت و دژی ئەو کەسایەتییە دەبێت کە پێشتر هەیبووە، راسل لە کەسێکی تەنها و دوورەپەرێزەوە، دەبێتە کەسێکی کۆمەڵایەتیی بەهێز و تێکەڵی ژیانی سیاسی و کێشە و مەسەلەکانی جیهان دەبێت.
پێدەچێت ئەو گۆشەگیرییەی یەکەمجاری «قۆناغی هەرزەکاریی» هۆکارەکەی بگەڕێتەوە بۆ سەرەتای بەخێوکردنی منداڵی، کە لە ژێر سایەی جەوێکی ئایینی و ستەمکاری شەخسیدا پەروەردە کرابێت. بەڵام پاشان عاشقی ماتماتیک دەبێت و دەکەوێتە داوی ئەڤیندارییەوە، هەروەک  چۆن کەسێک دەکەوێتە داوی ئەڤینی کچێکی شۆخ و شەنەگەوە. لەوکاتەدا وتە بەناوبانگەکەی راگەیاند: «کاتێک ئەقلیدیسم ئاشكرا کرد، هەستم بە خۆڕادەستبوون و ئەڤینێکی گەورە کرد، رێک وەکو چۆن یەکەم چیرۆکی خۆشەویستیم لە ژیانمدا».

قۆناغی خوێندکاریی و زانکۆ
لە ساڵی 1890 بوو بە خوێندکار لە زانکۆی کامبردج و بەشی ماتماتیک و زانستە ئەخلاقیی و ئینسانییەکانی خوێند. لە ساڵی 1910دا کتێبێکی گرنگی چاپ و بڵاوکردەوە بە ناونیشانی «پڕەنسیبەکانی زانستی ماتماتیک» دواتریش بوو بە یەکێک لە سیمبولە گەورەکانی فەلەسەفەی شرۆڤەکاریی ئینگلیزی. 
ئەمەش مانای ئەوە دەگەیەنێت، کە لۆژیکی ماتماتیکیی  بەکاردەهێنا بۆ شرۆڤەکردنی کێشە فەلسەفییەکان و شیکردنەوەیان و بە مەبەستی دۆزینەوەی رێگە چارە بۆیان. هەربۆیە یەکێکە لە دامەزرێنەرانی زانستی لۆژیکی مۆدێرن لە جیهاندا. 

باوکی شەرعی  فەلسەفەی زانستیی و شرۆڤەکاریی
لە هەمانکاتیشدا راسل بە باوکی شەرعی فەلسەفەی زانستیی و شرۆڤەکاریی دادەنرێت، کە ئەمیش دژی فەلسەفەکەی هیگل بوو، دەتوانم بڵێم کە دژی تەواوی فەلسەفەی میتافیزیکی ئەڵمانی بوو، هەروەک راسل دەڵێت: فەلسەفەی ئەڵمانی لەسەر بنەمای چەمکی ئەبستراکت و قورس و ئاڵۆز و ناڕۆشن دامەزراوە، بۆیە دژی وەستایەوە. پێی وابوو کە فەلسەفەی میتافیزیقی ئەڵمانی لەسەر بنەمای «مشتومڕە» فەلسەفییە گشتییەکان دامەزراوە، نەک لەسەر زانستی  فیزیایی و ماتماتیکیی. 
ئەم تێڕوانینەش لەیەک کاتدا دەتوانین، هەم رەخنەی لێبگرین و هەمیش دژی بوەستینەوە. هەموومان ئەوە دەزانین کە هیگل یەکێک بوو لە فەیلەسوفە مەزنەکانی جیهان و بێرتراند راسلیش ناتوانێت  بە ئاسانی ناوی ئەو بسڕێتەوەو بەسەریدا سەربکەوێت. بەهەرحاڵ، لەبەر ئەم هۆیە دەبینین کە فەلسەفەی ئینگلیزی، جیاوازی زۆر گەورەی لەگەڵ فەلسەفەی ئەڵمانیی و فەرەنسیدا  هەیە.

جیاوازی فەلسەفەی ئینگلیزی
دەتوانین بڵێین کە فەلسەفەی ئینگلیزی، فەلسەفەیەکی زانستییە، واتە بەشێکە لە زانستی فیزیایی و ماتماتیکی و هیچ سەربەخۆییەکی نییە. پێدەچێت کێشەی سەرەکیی کە بەلای راسلەوە گرنگ بووەو بۆتە مایەی بایەخ پێدانی بریتیی بێت لە: ئاخۆ مرۆڤ لەم جیهانەدا دەتوانێت  بگاتە مەعریفەیەکی یەقینیی رەها؟ مەبەسەتم لەو مەعریفەیەیە  کە مرۆڤی ژیر، هیچ گومانی لێ ناکات یان بە شتێکی ناتەواویی دانانێت. بە مانایەکی تر، ئایا فەلسفە دەتوانێت بگات بە یەقینی رەها، هەروەک چۆن زانستەکانی فیزیا و ماتماتیکی و زانستی تەجریبی، پێی گەیشتوون؟ 
لە راستیدا بێرتراند راسل بەرهەمەکانی بە زمانێکی سادە و ئاسان دەنووسی، بە شێوەیەک کە هەموو کەسێک لێی تێبگات. ئەمەشی بە ئامانج دەکرد، چونکە ئەو دەیویست پەیامێکی  فەلسەفیی عەقڵانی بڵاوبکاتەوە، کە  ئامانج لێی، ئەگەر بکرێت سەپاندنی ئاشتی و خۆشەویستییە لە تەواوی کۆمەڵگە و جیهاندا. هەربۆیە بێگومان، راسل هەڵگری کۆمەڵێک ئامانج و مەیلی باش بوو.

چالاکی سیاسی
لە رووی کاروچالاکی سیاسیشەوە، بێرتراند راسل  زیاتر مەیلی بەرەو ئەو رەوتانە دەچوو، کە زیاتر ئاشتی بوون و دژی جەنگ و میلیتاریستی بوون. هەرلەبەرئەمەش لە کاتی جەنگی یەکەمی جیهانیدا، دژی بەشداربوونی بەریتانیا وەستایەوە لەم جەنگەدا.

سزادان و زیندانیکردن
لەسەر ئەم هەڵوێستەشی باجی گەورەی دا، ئەوەبوو یەکسەر لە زانکۆی کامبردیج دەرکرا کە مامۆستا بوو، سزاکان بەوەشەوە نەوەستا، دواتر بۆ ماوەی شەش مانگیش لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە سزا درا، بە تۆمەتی ئەوەی  بەشداربووە لە رێکخستنی ناڕەزایی مەدەنییدا. 
لە زیندان بێرتراند راسل کتێبێکی بە ناونیشانی «سەرەتایەک بۆ فەلسەفەی ماتماتیکی» نووسی هەربۆیە دەتوانم بڵێم کە قۆناغی زیندان، قۆناغێکی پڕ بەرهەمە و بە خۆڕایی لە دەست نەچووە.  

جیاوازی لەگەڵ گاندی 
لە دەستپێکی جەنگی دووەمی جیهانیدا، بێرتراند راسل داکۆکی لە پەیامی سیاسەتی ئاشتی دەکرد لە ئەوروپادا، بەڵام نابێت ئەوەشمان لەیادبچێت، کە راسل داکۆکیشی لەوە دەکرد، کە دژایەتیکردنی کەسێکی تاوانباری وەکو هیتلەریش، کارێکی مەشروعە. هەربۆیە لەمەدا هەڵوێستی راسل، زۆر لە هەڵوێستی گاندییەوە نزیک بوو، کە بەوە ناسراوە خاوەنی مەیلێکی ئاشتیخوازانە و سیاسەتیی ناتوندوتیژییە. بەڵام لەوەدا لەگەڵ گاندی جیاوازییان هەبوو، راسل  پێی وابوو  جەنگ تاکە ئامڕازە بۆ دژایەتییکردنی هیتلەر، چونکە هیچ سیاسەتێکی ئاشتییانە لەگەڵیدا سوودی نییە، چونکە کێ دەتوانێت دانوستان لەگەڵ هیتلەر یان « چەتەکانی داعش» دا بکات؟! هەربۆیە بێرتراند راسل، لەو کەسانە نەبوو کە بە هەموو نرخێک ئاشتیخواز بێت. چونکە پێی وابوو  جەنگ، لە هەندێک حاڵەت و هەلومەرجدا، زەروورەتێکی پۆزتیڤە، بەڵام ئەگەریش بکرێت، خۆمان لە جەنگ دووربخەینەوە بە هەرشێوەیەک بێت، ئەوا کارێکی زۆرباشە.
هەڵوێستی لەبەرامبەر یەکێتیی سۆڤیەتدا
لە کۆتاییەکانی ساڵانی بیستەکانی سەدەی پێشوودا، بێرتراند راسل، لەگەڵ کۆمەڵێک ئەندامی پارتی کرێکارانی بەریتانیادا، سەردانی یەکێتیی سۆڤیەتیان کرد، بە ئامانجی ئەوەی ببینین تاچەندە پڕەنسیپەکانی کۆمۆنیزم، لەسەر ئەرزی واقعیدا جێبەجێکراوە. لەم سەردانەشدا توانی هەردوو سەرکردەی شۆڕشەکە، «لینین و ترۆتسکی» ببینێت.
پاشئەوەی  دەستخۆشیی و پیرۆزبایی سەرکەوتنی شۆڕشی بەلشەفیی لێکردن، کە لە رێگەی ئەم شۆڕشەوە توانرا گەلی روسیا لە چنگی قەیسەرەکان و چینی دەرەبەگ رزگار بکەن، کە جووتیارانیان وەکو کۆیلە سەیر دەکرد، بەڵام هەر لەهەمانکاتیشدا هەڵوێستێکی توندی هەبوو بەرامبەر بە  دیکتاتۆری پرۆلیتاریا و هێرشی توندی کردە سەر ئەم جۆرە سیستمە، چونکە دەبێتە هۆی لەناوچوونی ئازادییە تاکەکەسییەکان. ئەم هەڵوێستەشی بووە هۆی تووڕەبوونی، هاوڕێ  سۆشیالیستەکانی، هەرئەمەش وایکرد کە ئەوان راسل بە  خیانەت لە پڕەنسیپەکانی سۆشیالیزم  تۆمەتبار بکەن. 

دژایەتی دیکتاتۆری پرۆلیتاریا
چۆن دەکرێت بۆ کەسێکی لیبراڵی ئەرستۆکراتی ئینگلیزی، کە هەمیشە گرنگی بە ئازادیییە تاکەکەسییەکان دەدات، داکۆکی لە سیستمێکی کۆمۆنیستی شمولی و تۆتالیتاری بکات، کە بە هیچ شێوەیەک باوەڕی بە ئازادی تاکە کەسی نییە؟ ئەمەش کارێکی نەکردەییە و  ناچێتە عەقڵەوە.
هەرلەبەر ئەم هۆیەش بوو کە راسل بە توندی رەخنەی لە ئەزموونی کۆمۆنیستی سۆڤیەتیی گرت، هەرچەندە حەزی دەکرد کە سیستمی یەکێتیی سۆڤیەت باشتر بێت، بۆئەوەی ببێتە ئەڵتەرناتیڤێک بۆ سیستمە سەرمایەدارییەکان، کە زۆر رقی لێیان دەبۆوەو دژایەتیی دەکردن.
لەگەڵ ئەوەشدا، زۆربەی کۆمۆنیستەکانی ئەوکاتە، راسلیان بەوە تاوانبار کرد، کە بۆتە سەگ و کۆیلەی بۆرجوازیی و بە سیستمی سۆشیالیزمی هەقیقی دەوەڕێت، ئەم سیستمەش تەنها  لە یەکێتیی سۆڤیەتیی مەزندا جێبەجێدەکرێت و بۆتە نوێنەری سۆشیالیزمی هەقیقی لە جیهاندا.  ئەمەش  رێگە و میتۆدی کۆمۆنیستەکان بوو بۆ وەڵامدانەوەی نەیارانیان یان ئەوانەی کە لەگەڵیان هاوڕا نەبوون. بەمشێوەیە راسل خۆی لە نێوان دوو ئاگردا بینییەوە: لەلایەک ئاگری سەرمایەداری، لەلاکەی تریشدا ئاگری کۆمۆنیستەکان. 
شارستانی خۆرئاوایی 
پاشان ئەم فەیلەسوفە  لە ساڵی 1921 دا سەردانی چینی کرد، لەو ساڵەدا هێشتا چین نەبووبوە وڵاتێکی کۆمۆنیستی، بگرە وڵاتێکی جووتیاری و دەرەبەگایەتیی دواکەوتوو بوو. هەر لەو ساڵەدا دانی بە تایبەتمەندیی خۆرئاوادا نا، هەرچەندە سیستمێکی سەرمایەداریی هەیە و هەڵە و خەوشی زۆریشی هەیە. دانی بەوەدا نا کە شارستانی خۆرئاوا، سەنتەری شارستانی مرۆڤایەتییە، پێیشی وابوو، ئەگەر شارستانی خۆرئاوا گرنگی بە یەکسانی کۆمەڵایەتیی بدات، هەروەها خۆپەرستیی و سەرمایەداریی و خۆشەویستیی بۆ قازانج و سوود وەرگرتن و چاوچنۆکی کەم بکاتەوە، کە بە هیچ شێوەیەک سنووری نییە، ئەوا ئەوکاتە شارستانی خۆرئاوا دەتوانێت ببێتە نموونەیەکی زۆرباش بۆ هەموو مرۆڤایەتی.
خۆرئاوا بە تەنها کۆنترۆڵی زانست و تەکنۆلۆژیا و پیشەشازیی و هەموو ئامڕازەکانی پێشكەوتنی کردووە. لە هەمانکاتیشدا ئازادی تاکەکەسی بۆ هاووڵاتییان دابینکردووە، هەرچەندە ئازادیش لە خۆرئاوادا  کەموکوڕی هەیە. نابێت ئەوەشمان لەبیربچێت، کە ئازادییی فیکر و پارتی سیاسیی جیاواز و ئازادی رۆژنامەگەری، هەموو ئەمانە تەنها لە خۆرئاوای رۆشنگەردا هەیە. 
ئەو شتەی کە راسل لە خۆرئاوادا زۆر رقی لێدەبۆوە، مەیلی نەتەوەپەرستیی و  شۆڤێنیەت و خۆپەرستی توندڕەو بوو، کە لە 20 ساڵدا، بووە هۆی سەرهەڵدانی دوو جەنگی جیهانی. جەنگی یەکەمی جیهان لە ساڵانی «1914 بۆ 1918»، جەنگی دووەمی جیهانیش لە نێوان ساڵانی «1939 بۆ 1945» 
ئەم دوو جەنگەش بووە هۆی کوژرانی دەیان ملیۆن کەس بەشێوەیەکی وەحشیانە لە جیهاندا (خۆشبەختانە، یەکێتی ئەوروپا کە دواتر دروست بوو، توانی دڵی راسل سارد بکاتەوە، بۆچی؟ چونکە توانی هەموو مەیلێکی توندڕەوانەی نەتەوەپەرستی شۆڤێنی لەناوبەرێت، کە بووە هۆی سەرهەڵدانی جەنگ لە نێوان نەتەوە ئەوروپییەکاندا بەتایبەتی لە نێوان  نەتەوەی ئینگلیزی و فەرەنسی و ئەڵمانی)

پیاوێکی ئاشتیخواز
بەهەرحاڵ، راسل یەکێک بوو لە هەوادارانی رەوتی ئاشتیخوازی و ناتوندتیژیی سیاسیی. هەرلەبەرئەم هۆیەش بوو، کە زۆرکەس لێی تێنەدەگەیشتن. هەربۆیە زۆرجار تۆمەتی رەشبینیی و ترسنۆکیی و شکستخواردوویان دەخستە پاڵ. نابێت ئەوەشمان لەیادبچێت کە راسل، دژی چەکی ئەتۆمی بوو، چونکە پێی وابوو کە چەکێکی کۆکوژی ترسناکە. هەربۆیە لەگەڵ زانای ناوداری جیهان ئەلبێرت ئەنشتاین لە ساڵی 1961 دا، بەیانێکی هاوبەشیان لەمبارەیە دەرکرد، ئەمەش بووەهۆی ئەوەی کە لەلایەن دەسەڵاتەوە دەستگیر بکرێت و بخرێتە زیندانەوە.

ڤۆلتێری ئینگیلیزی
راسل  هەمووکاتێک باجی هەڵوێستە سیاسییە ئازاکانی دەدا. پێدەچێت هەرلەبەرئەم هۆیەش بێت، کە نازناوی «ڤۆلتێری ئینگلیزیان» لێناوە. بۆچی؟  راسل ڤۆلتێری بە سەرمەشقی خۆی دادەنا، چونکە ئەو «رۆشنبیرێکی هەمەلایەن» بوو، کە خۆی تێکەڵی مەسەلەکانی کۆمەڵگەکەی دەکرد.
من چەمکی «رۆشنبیرێکی مولتەزیم» بەکارناهێنم، چونکە ئەم چەمکە لەگەڵ لەناوچوونی کۆمۆنیزم، هەموو شەوق بریق و مەشروعییەتی خۆی لەدەستداوە. هەربۆیە وەکو پێشتریش وتمان، دەستیکرد بە دروستکردنی  دادگاییەک بۆ لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی جەنگ کە ئەمریکا لە ڤێتنام لە دژی گەلی ڤێتنامی کردوویەتی.
لەوکاتەشدا رەخنەی زۆری لێگیرا و پێیان دەوت: ئەوە راست نییە تۆ دادگاییەکی لەمجۆرە دروست بکەیت، ئەی تۆ مەترسی کۆمۆنیزم نابینیت کە هەڕەشە لە ئەوروپا دەکات؟ بۆچی تەنها مەترسی ئەمریکای سەرمایەداری دەبینیت؟.
 سەرچاوە:
هاشم صالح.برتراند رسل... أحد الضمائر الكبرى للقرن العشرين. رۆژنامەی الشرق الاوسط. الاثنين - 6 ذو الحجة 1441 هـ - 27 يوليو 2020 مـ رقم العدد [ 15217] 

هاشم ساڵح
و: ئەردەڵان عەبدوڵڵا

سەرچاوە: galawej