بیردۆزی مراوی کوڵاندن و داگیرکارییەکانی تورکیا

 

 

 

  جوتیار ڕەشید

 

 

گۆڕانکاری بەردەوام یەکێکە لە سونەتەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگە مرۆڤایەتییەکان. ئەم گۆڕانکاریانە هەندێ جار خێرا  و هەندێ جاریش لەسەرخۆ، بە فۆڕم و شێوازی جیاواز لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر بە پێی کارلێکە کاریگەرەکانی سەریان، ڕوو دەدەن.

بیردۆزی مراوی کوڵاندن، بیردۆزێکی سەرنجڕاکێشە بۆ دۆخی ئێستای پڕ قەیراناوی هەرێم و چەق بەستویی گۆڕانکارییەکان. سەرەتا با گوێ بدەینە چیرۆکی بیردۆزەکە و پاشان  لەسەر واقعی ئێستای هەرێم جێبەجێی بکەین.

زانایەکی کۆمەڵناسی ویستی لە بەراوردی نێوان کاریگەری ڕوودانی دۆخی نەخوازراو لەسەر زیندەوەرەکان تێبگات، لەهەردوو باری (پلە بە پلە) و (لە ناکاو)دا. بۆ ئەو مەبەستەش مراویەکی هێنا و خستیە ناو مەنجەڵێکی ئاوەوە، لەسەرخۆ و پلە بە پلە ئاگری ژێر ئاوەکەی زیاد دەکرد، مراویەکە لە ئاوەکەدا مایەوە هەتا گیانی لەدەستدا. چەندین جاری تر تاقیکردنەوەکەی لەسەر چەند مراویەکی تر چەندبارە کردوە، بەڵام بە شێوەیەکی خێرا و لەناکاو ئاگرەکەی بەهێز دەکرد، لە ماوەیەکی کەمدا و لەناکاو پلەی گەرمی ئاوەکەی بەرزدەکردەوە.

هیچ کام لە مراویەکانی تر نەمردن، چونکە لەگەڵ هەستکردنی خێرا بەگەرمی ئاوەکە لە شەقەی باڵیان دەدا و دەفڕین.

بێگومان جێی خۆیەتی بپرسین بۆچی دەر ئەنجامەکان بەوجۆرە کەوتنەوە؟ چونکە گۆڕانکاری لەسەرخۆ هەستێکی وەهای بە بەمراویەکەی یەکەمدا کە ئەو گۆڕانکاریە مەترسی نییە و قابیلی بەرگەگرتنە، بەوشێوەیە خۆی هەڵخەڵەتاند هەتا پلەی گەرمیەکە بە لەسەرخۆیی لە پەلوپۆی خست و کاتێ تێگەیشت مەترسیەکە ڕاستیە توانای خۆ ڕزگارکردنی نەمابوو.

بەڵام گۆڕانکاریە خێراکە کێرڤی هەستیاری مراویەکانی دیکەی بەخێرایی بەرزکردەوە و دەرکیان بە گەورەیی مەترسیەکە کرد، بۆیە دوانەکەوتن و بە خێرایی بڕیاری خۆ ڕزگارکردنیان دا.

ئەم تاقیکردنەوەیە ڕێک لە دوای ڕاپەڕینەوە لەسەر کۆمەڵگەی هەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکرێت.

زۆر لەسەرخۆ و بە هێواشی شەڕی تایبەتی داگیرکەران لە ڕێگای دەسەڵاتی هەرێمەوە لەسەرخۆ لە مەنجەڵی سەرئاگرنراوی حکومەتی خۆماڵیدا دەمانکوڵێنن.

ئێمەش لەناویدا پاڵمانداوەتەوە و خۆمان ڕادەستی واقعی ناو مەنجەڵەکە کردوە. بەهەموو پێودانگێک دەبێ ئەم داگیرکارییەی ئەم جارەی تورکیا کێرڤی هەستیاریمان بۆ مەترسیەکە بەخێرایی بباتە سەرەوە و بەئاگا بێینەوە پێش ئەوەی گیان لە دەست بدەین و لەناو بچین.

سەرچاوە : هاوڵاتی