ئاسایشی هەولێر بارەگای (هەدەپە) داخست و نوێنەرەكانی ئەو پارتەی باکوری کوردستانی بە دوو ئۆتۆمبیل رەوانەی سلێمانی كرد.
نوێنەرانی (هەدەپە) لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە سلێمانی رایانگەیاند، ماوەی پێنج ساڵە نوێنەرایەتی هەدەپە-یان كردووە لە هەولێرو هیچ كێشەیەكیان بۆ هەرێمی كوردستان دروست نەكردووە، نازانن بۆ چ هۆكارێك لە هەولێر دەركراون.
نوێنەرەكانی (هەدەپە) سەرسوڕمانی خۆیان نیشاندا لەوەی هاوكات لەگەڵ ناڕەزایەتییەكانی باكوری كوردستان دژ بە لادانی سەرۆك شارەوانییەكانی كوردو دانانی (قەیوم) لە شوێنەكانیان لەلایەن حكومەتی ئەردۆغانەوە، لە هەولێریش بارەگای (هەدەپە) داخراوە.
وەكو نوێنەرەكانی (هەپەدە) خۆیان باسی دەكەن، ئاسایشی هەولێر بانگی كردوون و دواتر بە دوو ئۆتۆمبیل لە سماقوڵییەوە رەوانەی سنوری سلێمانی كردوون.
(هەدەپە) كورتكراوەی ناوی (پارتی دیموكراتی گەلان)ە، كە ئێستا ناوی خۆی گۆڕیوە بۆ (دەم پارتی)و سەرەكیترین نوێنەری كوردە لە پەرلەمانی توركیادا.
ئەوەش لە کاتێکدایە دەیان ساڵە کۆنسوڵ و چەندین ئۆفیسی کۆمپانیاکانی تورکیا لە هەرێمی کوردستان و بە تایبەتی لە هەولێر و دهۆک چالاکی دەکەن.
سەرچاوە : سپی میدیا