بائیتر کەر نەبەینە سەربان !

دەگێڕنەوە

مەلای مەشهوور بەهەر قەرزو قۆڵەیەک بوو کەرێک دەکڕێت. لەخۆشیدا کەرەکە دەباتە سەربانی ماڵەکەی تا هەم خەڵکی گوند بیبینن کە بووەتە خاوەنی کەر و هاوکات کۆڵان و ڕێگەی ناو گوندەکەی پێنیشاندا تا گەر بە تەنیا گەڕایەوە، ون نەبێت!

خۆر ئاوا بوو، مەشهوور ویستی کەرە بهێنێتە خوارەوە وبیباتە تەویلەکەی ، بەڵام کەرە سەربانی پێ خۆشبوو نەهاتە خوارەوە.

مەلا زۆر هەوڵیدا بە نەرمونیانی، هەر نەهاتە خوارەوە، بەڕاکێشان‌ و بە زۆر،سوودی نەبوو کەرە هەر دانەبەزی، کەرە پێیەکانی لەسەربان گیرکردبوو نەدەهاتە خوارێ. مەشهوور ناچار بەکوتەککاری لەگەڵ کەرە  خەریکبوو، هەرچی کەرەشە کەوتە ڕمبازێن‌ و جووتە هاویشتن، خۆڕاگری دەکرد.

سەربانی ماڵی مەشهوور لە دار و قامیش‌ و قوڕ دروستکرابوو، بۆیە تەواوی ماڵەکە وەک شەقشەقە دەلەرزی، مەشهوور بەپەلە دابەزی‌ و منداڵەکانی لەماڵە کۆنەکەیدا هێنایە دەرێ، زۆری پێنەچوو سەربانەکە داڕوخا و کەرەکەش تۆپی!

مەلای مەشهوور چووە سەر کەرەکەو دوای هەناسە هەڵکێشانێک  وتی: بەخوا هەڵەکە هی تۆ نەبوو ، هەڵەی من بوو جێگەی تۆ  تەویلەیەکە من گەوج بووم تۆم بردە سەربان!

ئەوە بە تۆپینی تۆو بە ماڵوێرانی خۆم کۆتاییهات!

(ئای ... ئێمەی کورد ، بەنەزانین وساویلکەیی خۆمان چەند کەرونەزانمان دابەکۆڵمانا وبەچ زەحمەت وقوڕ بەسەریە سەرمان خستن بۆ سەربان ...وا ئێستا خۆیان لێبووە  بەپاشا ،قبوڵ ناکەن بێنە خوارەوە ، بە گەوجێتی وجووتەهاویشتن وا خەریکە ماڵەکەشمان بەسەردا دەڕوخێنن ! )

سایتی پەسوێ سیتی