ڤێرجینیا وۆڵف (1882-1941) یه‌كێكه له گرنگترین نووسه‌رانی مۆدێرنی سه‌ده‌ی بیست. ساڵی (1900) به هاندانی باوكی ده‌ستی به‌نووسین كردووه. پانزه ساڵ دوای ئه‌وه یه‌كه‌م رۆمانی خۆی نووسیوه. كتێبه‌كانی بۆ زیاتر له (50) زمان ته‌رجه‌مه‌كراون. له ته‌مه‌نی (59) ساڵیدا له رێگه‌ی خۆنقومكردنهوه له رووباردا كۆتایی به ژیانی خۆی هێناوه. وۆڵف شان به شانی هاوچه‌رخانی وه‌كو مارسیل پروست و جه‌یمس جۆیس و هتد نووسه‌رێكی مۆدێرنیست بوو، له سییه‌كانی سه‌ده‌ی بیستدا ناوبانگی په‌یداكرد، هه‌روه‌ها یه‌كێكه له نووسه‌ره دیاره فیمینسته‌كان و داكۆكیكارێكی سه‌رسه‌ختی ماف و ئازادییه‌كانی ژنانه.
رێنماییه‌كانی ڤیرجینیا وۆڵف بریتین له‌م (11) خاڵه‌ی خواره‌وه:
1- بۆ نووسینی رۆمان له كاره‌كته‌ره‌وه ده‌ستپێبكه.
ئاسایی بۆ ده‌ستپێكردنی رۆمانێك شێوازی جیاواز هه‌یه. هه‌موو شێوازه‌كان په‌یوه‌ندییان به بیر و خه‌یاڵی خۆته‌وه هه‌یه كه چۆنچۆنی و له كوێوه ده‌ست به نووسینی رۆمانه‌كه‌ت ده‌كه‌یت. هه‌ندێك شێوازی باو به‌كاردێنن و به پێشه‌كییه‌ك ده‌ستپێده‌كه‌ن. وه‌سفی شوێنه‌كه ده‌كه‌ن، ئینجا كاره‌كته‌ره‌كان دێننه ناوه‌وه. هه‌ندێك جار رۆمان به زه‌مه‌ن ده‌ستپێده‌كات. بۆ نموونه: "عه‌سری رۆژی هه‌ینی پایز بوو." وه‌سفی كات و شوێن باوترین شێوازی ده‌ستپێكردنی رۆمانه. جاریوایه نووسه‌ران به كاره‌كته‌ر ده‌ستپێده‌كه‌ن و سه‌باره‌ت به كورته‌چیرۆك زۆر داواكراوه كه به كاره‌كته‌ر ده‌ستپێبكرێت. ته‌نانه‌ت دیالۆگیش بۆ ده‌ستپێكردنی له‌ناكاو پێشنیاز كراوه و زۆر له چیرۆك و رۆمانه مۆدێرنه‌كان به كاره‌كته‌ر ده‌ستپێده‌كه‌ن. به‌ڵام رێنمایی وۆڵف ده‌ستپێكردنه به كاره‌كته‌ر و به رای وۆڵف خاڵێكی به‌هێز و باشه بۆ ده‌ستپێكردنی رۆمان. له‌وانه‌یه ئه‌م پێشنیازه‌ی وۆڵف له‌وه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتبێت كه به‌و شێوازه ده‌ستپێكردنه خوێنه‌ر زیاتر خۆی ده‌خاته شوێنی كاره‌كته‌ر و واده‌زانێت رووداوه‌كه به‌سه‌ر خۆی هاتووه. هه‌ڵبه‌ته ئه‌وه‌ش گوترا كه‌سانی تریش سه‌باره‌ت به كورته‌چیرۆك هه‌مان پێشنیازیان كردووه، ئه‌مه‌ش له‌و روانگه‌یه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه كه له كورته‌چیرۆكدا كاتێكی زۆر نییه بۆ ناسین و باسكردنی كاره‌كته‌ر بۆیه باشترین شت ئه‌وه‌یه نووسه‌ر یه‌كسه‌ر له كاره‌كته‌ر خۆیه‌وه ده‌ستپێبكات.
2- هه‌تا ده‌توانی بخوێنه‌ره‌وه، پاشان ده‌ست به نووسین بكه له‌باره‌ی كه‌سێكه‌وه جگه‌له خۆت.
خوێندنه‌وه پێش ئه‌وه‌ی ده‌ست به نووسین بكه‌یت رێنمایی و شێوازێكه زۆرجار باسكراوه. هه‌ر خوێندنه‌وه‌یه كه به چیرۆك و رۆمان و ئه‌و جیهانه و زمانی ئه‌و جیهانه ئاشنای كردووین. به تایبه‌تی ئاشنابوون به زمانی ئه‌ده‌بی زۆر گرنگه و هیچ نووسه‌رێك به‌بێ فێربوونی ئه‌و زمانه ناتوانێت ده‌قێكی جوان بنووسێت و نووسینه‌كانی وشك و بێچێژ ده‌بن و له داڕشتنێكی وشك زیاتر هیچیان لێ دروست نابێت. كاتێك چیرۆك یان رۆمان ده‌خوێنینه‌وه یان هه‌ر بابه‌تێكی دیكه كه یارمه‌تیمان ده‌دات بۆ نووسینی ده‌ق، ئه‌وسا ده‌بێت كاره‌كته‌رێكی خه‌یاڵی دروست بكه‌ین. ئه‌وه‌ی وۆڵف رێنماییمان ده‌كات جگه‌له خۆت له‌باره‌ی كه‌سێكی تره‌وه بنووسه به‌و مانایه نییه نه‌توانی ئیلهام له ئه‌زموونی خۆت وه‌ربگریت، ده‌كرێت سوود له ئه‌زموونی خۆت وه‌ربگریت، به‌ڵام جیاوازییه‌كان ده‌توانن ناسنامه‌ی ئه‌و كاره‌كته‌ره خه‌یاڵییه ته‌واو بكه‌ن و خه‌یاڵیشت بخه‌نه كار.
3- خاڵی هاوبه‌شی نێوان خۆت و خوێنه‌ر بدۆزه‌ره‌وه.
*دۆزینه‌وه‌ی خاڵی هاوبه‌شی نێوان نووسه‌ر و خوێنه‌ر ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌م دوانه پێكه‌وه په‌یوه‌ندییه‌كی توند و تۆڵ دروست بكه‌ن. هه‌ڵبه‌ته شتێكی ئاساییه كه ئه‌وه نووسه‌ره ده‌بێت به‌دوای پێداویستییه‌كانی ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌دا وێڵ بێت، چونكه خوێنه‌ر دوای خوێندنه‌وه‌ی ده‌قه‌كه نووسه‌ر ده‌ناسێت و وه‌سیله‌ی ناسین له‌لایه‌ن نووسه‌ره‌وه وه‌رده‌گرێت. نووسه‌ر كه‌سێكه كه ئامرازی ناسین و په‌یوه‌ندی به ده‌سته‌وه‌یه، بۆیه ده‌بێت به شێوه‌یه‌ك ئه‌م ئامرازه‌ی بخاته كار كه له‌گه‌ڵ خوێنه‌ره‌كه‌یدا بگونجێت و په‌یامه‌كه‌ی ئاراسته‌ی دڵ و ده‌روونی بكات. زۆرترین شت كه نووسه‌ر ده‌بێت له‌باره‌ی خوێنه‌ره‌وه بیزانێت ئه‌وه‌یه خوێنه‌ر چ بابه‌تێكی به‌لاوه گرنگه و له قاڵبێكی داهێنه‌رانه‌دا به زمانێكی شیرین و جوان پێشكه‌شی بكات و به شێوه‌یه‌ك پێشكه‌شی بكات كه به سه‌رسامییه‌وه ده‌قه‌كه‌ی بخوێنێته‌وه و كه ده‌ستیپێكرد هه‌تا كۆتایی داینه‌نێت.
4- فێربه بۆ دۆزینه‌وه‌ی حه‌قیقه‌ت و جوانی گه‌مه به زمان بكه‌یت.
ده‌بێت وۆڵف زاراوه‌ی حه‌قیقه‌ت و جوانیی له جۆن كیتسی شاعیری ناوداری رۆمانسی خواستبێت. كاتێك له "قه‌سیده‌ی ده‌رباره‌ی گۆزه‌یه‌كی یۆنانی" ده‌نووسێت: "جوانیی حه‌قیقه‌ته و حه‌قیقه‌ت جوانیی" به‌ڵام تاكه وه‌سیله‌ی ده‌ربڕین و خستنه‌ڕووی ئه‌م دوانه زمانه، بۆیه ده‌بێت زمان به‌شێوه‌یه‌ك بێت هه‌م پڕ بێت له جوانیی و هه‌م قابیلی باوه‌ڕپێكردن بێت به شێوه‌یه‌ك كه خوێنه‌ر هه‌ست بكات بابه‌ته‌كه كۆمه‌ڵێ حه‌قیقه‌ته كه قابیلی باوهڕپێكردنن هه‌رچه‌نده له خه‌یاڵه‌وه سه‌رچاوه‌یان گرتبێت.
5- یاسا و رێساكان بخه‌ره لاوه.
یاسا و رێساكان بۆ یارمه‌تیدانن. نه‌ك فۆرمێك بۆ نووسین. جاریوایه بۆ دروستكردن یان چاكردنه‌وه‌ی ئامێرێك سوود له ئامرازی جیاواز وه‌رده‌گریت كه پێكه‌وه ناگونجێن. بنه‌ماكانی چیرۆك و رۆماننووسینیش هه‌روان جاریوایه پێكه‌وه ده‌گونجێن و جاریواشه ده‌بێت بیانخه‌یته لاوه و به‌پێی بیرۆكه‌كه‌ی خۆت و به‌و شێوه‌یه‌ی ده‌گونجێت بۆ نووسینی ده‌قه‌كه.
6- ریتم و شێوازی تایبه‌تی خۆتت هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی مانا و مه‌فهوم به دنیا بده‌یت.
ریتم یارمه‌تی زمان و جوانی تێكست ده‌دات. خوێندنه‌وه‌ی ده‌ق كاتێك ریتمێكی جوانی هه‌یه چێژێكی زیاتر به خوێنه‌ر ده‌به‌خشێت. هه‌ڵبه‌ته نابێت هه‌رگیز زیاده‌ڕه‌وی بكه‌یت له زمانی شیعریدا. چیرۆك چیرۆكه و شیعر شیعر. زۆریش هه‌وڵ مه‌ده له هه‌موو رسته‌یه‌كدا ریتم بپارێزیت بۆ ئه‌وه‌ی ده‌قه‌كه‌ت نه‌بێت به په‌خشانێكی وه‌زن و قافیه‌دار.
7- میتۆده‌كان له‌بیر بكه، هه‌رچی به قازانجی نووسینهكهته بیكه.
ئه‌وه‌ی كه وۆڵف جه‌ختی لێده‌كاته‌وه میتۆده‌كان له‌بیر بكه له‌وێوه سه‌رچاوه ده‌گرێت كه تازه‌گه‌ری زاده‌ی تێكشكاندنی فۆرمهكانه. چیرۆك یان رۆمان له هه‌ندێ حاڵه‌تدا به فۆرمی تازه نه‌بێت به‌ره‌و پێشه‌وه ناچێت. ئه‌گه‌ر رۆحی تێكشكاندنی بنه‌ماكان لای ماركیز نه‌بوایه ره‌نگه ئه‌مڕۆ ئێمه شێوازێكمان نه‌بوایه به ناوی ریالیزمی جادوویی (دیاره ئه‌م نووسه‌ره‌ش ئه‌و هه‌ڵه باوه دووباره ده‌كاته‌وه، چونكه ماركیز داهێنه‌ری ریالیزمی جادوویی نییه، به‌ڵكو شێوه‌كارێكی ئه‌ڵمانییه-وه‌رگێڕ). هه‌ردوو زاراوه‌ی ریالیزمی جادوویی كه له ماهیه‌تدا نابێت پێكه‌وه بگونجێن به‌و شێوازه‌ی ماركیز ته‌رحی كردووه ئه‌مڕۆ هه‌واداری زۆر زۆره كه‌واته هه‌میشه شتێك سه‌ره‌تایه‌كی هه‌یه.
8- خۆت زۆر به جدی وه‌رمه‌گره و ئه‌وه‌نده جدی مه‌به.
9- ئه‌ده‌ب به جدی وه‌ربگره.
زۆر خۆت به جدی وه‌رمه‌گره، به‌و مانایه نییه كه قه‌ڵه‌مه‌كه‌ت و توانای خۆت به كه‌م بگریت. مه‌به‌ست له‌وه‌یه له خۆت بایی نه‌بیت له‌و ئیشه‌دا كه ده‌یكه‌یت. واته ئه‌وه‌ی ته‌سه‌ور بكه‌یت چیرۆكه‌كه یان رۆمانه‌كه هه‌موو شتێكی له ده‌ستی تۆدایه و هه‌رچییه‌كت بوێت ده‌توانی بیكه‌یت. له كاتی نووسینی ده‌قدا بیری لێبكه‌ره‌وه، گوێ به ده‌ره‌وه‌ی ده‌قه‌كه و رووكه‌شی درۆزنانه مه‌ده. بزانه ده‌قه‌كه چی ده‌خوازێت. هه‌موو بڕیارێكی تۆ ده‌بێت له‌سه‌ر بنه‌مای پێداویستی ده‌قه‌كه بێت. ئه‌وه‌ی گرنگه و ده‌بێت به جدی وه‌ربگیرێت ده‌قه‌كه‌یه، بۆیه وۆڵف له رێنمایی دواتریدا یه‌كسه‌ر ده‌ڵێت ئه‌ده‌ب به‌جدی وه‌ربگره یانی ده‌قه‌كه‌ت به جدی وه‌ربگره.
10- بۆ چاپكردنی به‌رهه‌مه‌كه‌ت په‌له‌مه‌كه.
بۆ چاپی ده‌قه‌كه‌ت په‌له مه‌كه. جاریوایه ده‌قه‌كه‌ت كه‌موكورتی تێدایه و هه‌ستت پێنه‌كردووه ته‌نیا زه‌مه‌ن ئاشكرای ده‌كات. ئه‌گه‌ر ماوه‌یه‌ك له ده‌قه‌كه‌ت دوور بكه‌ویته‌وه باشتر و ئاسانتر ده‌توانی هه‌ست به خاڵه لاوازه‌كانی بكه‌یت. بێگومان ده‌بێت بۆ ماوه‌یه‌ك مێشكت له ده‌قه‌كه دوور بكه‌وێته‌وه. چاپكردنی ده‌قی جوان و باش زۆر باشتره له ده‌قی لاواز و خراپ. به تایبه‌تی بۆ یه‌كه‌م به‌رهه‌م ده‌بێت زۆر ورد بیت، چونكه یه‌كه‌م به‌رهه‌م ده‌بێته ناسنامه‌ی تۆ.
11- ژوورێكی تایبه‌ت به خۆت و پێداویستییه‌كانی نووسینت هه‌بێت.
دواجار "ژوورێكی تایبه‌ت به خۆتت" هه‌بێت. ئه‌مه ناوی كتێبێكی وۆڵفیشه به هه‌مان ناونیشان كه تیایدا جه‌ختی لێ كردۆته‌وه (به تایبه‌تی بۆ ژنان) بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن بنووسن ده‌بێت ده‌رامه‌ت و ژوورێكی تایبه‌ت به خۆیان هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی به‌رهه‌می باشیان هه‌بێت. باشترین مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌م خاڵه‌دا بۆ ئه‌م رۆژگاره ده‌بێت و كاتی شوێنی گونجاوت هه‌بێت بۆ نووسین. كات و شوێنێك كه به‌دوور بیت له هه‌ر خه‌م و نیگه‌رانییه‌ك و ئه‌و كات و شوێنه ته‌نیا هی خۆت بێت و مێشكت لای نووسین و بابه‌تی نووسینه‌كه‌ت بێت.
احسان عباسلو
له فارسییه‌وه: محه‌مه‌د كه‌ریم
سەرچاوە: knwe