هەبوو نەبوو پیاوێک هەبوو بڕیاری دابوو هەموو ژیانی خۆی بۆ تاقە مەعشووقێک تەرخان بکات، بڕیاری دابوو لە پێناوی ئەو مەعشووقەدا، قوربانی بە هەموو شتەکانی تری ژیانی خۆی بدات، چونکە هەستی دەکرد تاقە هاوژینێکە بتوانێ تا سەر لەگەڵیدا هەڵبکات و ئەمەکدار بێت بۆی؛ تاقە دڵبەرێکە شایانی ئەو ئەڤینە قووڵەی بێت، ئەو دڵبەرەش چ نەبوو جگە لە "پەیڤ"، بۆیە ئەم عاشقەمان تەنیایی لەگەڵ پەیڤدا هەڵبژارد و دەشیزانی ڕێی عاشقی سەختە و ئەو سەوداسەرییەش چەرمەسەریی زۆری بەدواوەیە و عاشقانیش هەمیشە تەنیا دەمێننەوە.
سەرەتای هەشتاکان بوو، تازە لاو بووم، وەختێ "داغستانی من"ی هەمزاتۆڤم بە زمانە ئەفسووناوییەکەی ئەو پیاوە ئەڤیندارە خوێندەوە، نایشارمەوە گەر بڵێم سەرسامیم بەو زمانە سیحرییەی مامۆستای جاویدان "عەزیز گەردی" یەکێک بووە لەو هۆکارانەی وای لێ کردووم شەیدای دونیای وەرگێڕان بم. خودایا، ئەوە شیعرە بە زمانی پەخشان نووسراوە، یان پەخشانە و بەرگی شیعری پۆشیوە؟! هەر ئەو کتێبەی وای لێ کردم بۆ لەوەودوا بەدووی کتێبەکانی تریدا بچم و دوای ئەوە سێ شاکاری "لۆرکا" بە وەرگێڕانی ئەو بخوێنمەوە، کە بریتی بوون لە سێ شانۆنامە و پاشان بڵاوکراوەیەکی وەرزی بەناوی "ئەدەبی بێگانە".
هەڵبەتە من ئەو دەمانە بەبێ ئەوەی لە نزیکەوە ئەو پیاوە بناسم و بیبینم، بەردەوام بەدوای کارەکانیدا دەچووم.
ڕۆژگار هات و ڕۆژگار ڕۆیی، لە سەرەتای هەزارەی دووەمدا بوو، ئەو کاتە دوو سێ ساڵێک دەبوو دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم دامەزرابوو و لە خانوویەکدا بووین لای فولکەیەکەوە کە ئەوکات پێیان دەوت فولکەی یەکگرتن و وەک ئێستا سەرپەرشتیاری زنجیرە کتێبەکانی دەزگای سەردەم بووم. ڕۆژێکیان کە هەر خۆم بووم لە ژوورەکەمدا و خەریکی کار بووم، لە دەرگای ژوورەکەم درا و منیش فەرمووم کرد، دەرگاکە کرایەوە و پیاوێکی کەڵەگەت بە جلوبەرگی کوردی و جامانەیەکەوە دەرکەوت و وتی ئەمە ژووری کاک ئازاد بەرزنجییە؟ منیش وتم بەڵێ فەرموون. وتی ڕوخسەت هەیە بێمە ژوورەوە، وەڵامم دایەوە: بێگومان، فەرموون. وتی خۆتان کاک ئازادن؟ وتم بەلێ، فەرموون. وتی من عەزیز گەردیم. کە وای وت، نایشارمەوە حەپەسام. یەکەم لە ڕووی خۆشحاڵیمەوە بە بینینی و بە سەردانەکەی، دووەمیش ئەوەی من بۆی نەدەچووم ئەوە بوو کە ئەو پیاوە عەزیز گەردی بێت، نازانم بۆچی ئەوم بە پیاوێکی چاکەت و پانتۆڵ لەپێ تەسەور دەکرد؟ لێ کە وای وت، زۆر بە گەرموگوڕییەوە بەخێرهاتنیم کرد و وتم سەرچاومان هاتیت مامۆستا عەزیز، فەرموون دانیشن. ئینجا کە دانیشت و داوای چایەکم بۆ کرد، یەکسەر باسی ئەوەم بۆ کرد کە کاتی خۆی وەرگێڕانی "داغستانی من" ، بە زمانە پاراو و پڕ ئەفسوونەکەی ئەو، چ کاریگەرییەکی لەسەرم هەبووە. دواتر وتم ئێمە هەموو لە ڕووی عیشقی وەرگێڕان و زمانە جادووییەکەی ئێوەوە، قەرزاری قەڵەمە بەبڕشتەکەی جەنابتانین. وتی کاک ئازاد ئێمە شتێکی گەورەمان نەکردووە و ئەوەی کردووشمانە ئەرکی سەرشانمان بووە. پاشان وتی یەک دوو کتێبم لەسەر ئەفسانەی گەلان هێناوە و پێم خۆشە لە سەردەم چاپ ببن. منیش وتم سەردەم شانازی بەوەوە دەکات کتێبی جەنابتان چاپ بکات و دواتر هەردوو کتێبەکەمان بۆ چاپ کرد. لە ساڵانی دواتردا و وەختێ چووینە تەلارە تازەکەی دەزگای سەردەمەوە لەسەر شەقامی سالم، لە سەردانێکیدا بۆ لام، باسی ئەوەم بۆ کرد کە کۆمەڵێک کتێبمان هەڵبژاردووە بۆ وەرگێڕان و یەکێک لەو کتێبانە "کۆمێدیای یەزدانی" ی دانتێ یە و پێشنیازی ئەوەم بۆ کرد کە ئەگەر لوتف بفەرمووێت، ئێمە شاناز دەبین بەوەوەی بەڕێزیان ئەو کتێبەمان بۆ وەربگێڕێت. جەنابی پێشنیازەکەمی پەسەند کرد و دوای ساڵ و نیوێک یان زیاتر بە دەقە کوردییەکەی "کۆمێدیای یەزدانی"یەوە هاتەوە بۆ لام و سی دییەکەی دامێ و وتی فەرموون ئەوە کتێبەکە. منیش بەو هەواڵە شاگەشکە بووم و بەڵێنم پێ دا کە بە زووترین کات بۆی چاپ بکەین، ئیتر ئەوە بوو لە سێ بەرگدا و لە بۆکسێکدا بۆمان بە چاپ گەیاند و زۆر پێی دڵخۆش بوو.
ساڵی 2014 بوو، وەکو دەزگای سەردەم بڕیارمان دابوو ساڵانە دوو خەڵات بە ناوی شاعیری گەورە "شێرکۆ بێکەس" ەوە بدەین بە دوو داهێنەری دونیای ئەدەبی و فیکریمان. من پێشنیازی "بەختیار عەلی" و "عەزیز گەردی"م کرد و هەر بەو مەبەستە ڕامانگەیاند کە سەردەم بۆنەیەکی ڕێزلێنانی وەهای بەدەستەوەیە. بەڵام دوای ئەوەی مامۆستا گەردی هەواڵەکەی خوێندبووەوە، یەکسەر تەلەفۆنی بۆ کردم و پاش چاکوچۆنی وتی کاک ئازاد ئەگەر منت خۆشدەوێ و دەتەوێ بێتاقەت نەبم ناوی من بۆ ئەو خەڵاتە بسڕەوە. وتم مامۆستا ئەو خەڵاتە لەچاو گەورەیی قەڵەمی تۆ و بەخششەکانتدا هیچ نییە، وتی من حەز بە هیچ خەڵاتێک ناکەم و بۆ ئەوەش نانووسم خەڵات بکرێم. هەرچەند ویستم قەناعەتی پێ بکەم کە ئەوە گوزارشتێکە لە خۆشەویستیی ئێمەومانان و خوێنەران و نێوەندی ئەدەبی و ڕۆشنبیریی کوردی لە ئاست باڵای بەرزی قەڵەمەکەی ئەودا، بەڵام دووبارەی کردەوە و وتی کاک ئازاد دەڵێم گەر منت خۆشدەوێ ناوم بۆ ئەو خەڵاتە بسڕەوە. ئیتر منیش ناچار بەقسەیم کرد.
مامۆستا عەزیز پەیوەندییەکانی زۆر سنووردار بوون، بەڵام بەدرێژایی ساڵانی ڕابردوو بە تەلەفۆن هەواڵیم دەپرسی، یان جەنابیان تەلەفۆنیان دەکرد و بەمجۆرە ئاگامان لە یەک بوو.
دواجار کە مامۆستام بینی، ساڵی 2019 بوو، لە پێشانگای نێودەوڵەتیی کتێب لە سلێمانی. من سەرگەرمی سەیرکردنی کتێب بووم، کە یەکێک لە دواوە بانگی کردم و وتی کاک ئازاد کوویت؟ کە ئاوڕم دایەوە، سەیرم کردمامۆستا عەزیز گەردییە. تەوقەمان کرد و ئەملاولای یەکمان ماچ کرد و کەوتینە دەمەتەقێ سەبارەت بە کتێب و وەرگێڕان و کارە تازەکانی و هەروەها دەستخۆشیم لێ کرد بۆ وەرگێڕانی ڕۆمانێک کە ناوی "ئەو پیاوەی بەتەنیا سەفەری کرد" بوو لە نووسینی کۆنستانتین ڤێرجیل گیۆرگیۆ، کە کاتی خۆی بە فارسی خوێندبوومەوە و باس لە پیاوێک دەکات کە بە نیازێکی ئینسانیی پاک و بێگەردەوە دەیەوێ بژی و کار بکات، بەڵام هەمیشە لەلایەن کۆمەڵگاکەیەوە، ڕووبەڕووی نائومێدی و ئازاردان دەبێتەوە و غەدری لێ دەکرێ، بۆیە دواجار هەر تەنیا دەمێنێتەوە.
وا هەست دەکەم چارەنووسی مامۆستا گەردییش لە هەندێ ڕووەوە بشوبهێتە سەر چارەنووسی پاڵەوانەکەی ئەو ڕۆمانە، گەر سەختتریش نەبووبێت. جەخار، پێدەچێ قەدەری مرۆڤە داهێنەر و گەورەکانی ئەم میللەتە هەر وابێت، تا لە ژیاندان فەرامۆش دەکرێن و ئازار دەدرێن و بگرە هەندێ جار سووکایەتیشیان پێ دەکرێ، کاتێکیش لەپڕێکدا لەبەرچاومان نامێنن و بۆ هەمیشە ماڵئاواییمان لێ دەکەن، ئینجا ویژدانمان ئازارمان دەدات، یان ڕەنگە ئەوەش جۆرە نواندنێکی ناچاری بێت لە ئاست گەورەیی ئەواندا.
بەڵێ، عەزیز گەردییش پیاوێک بوو تەنها بۆ پەیڤ و کتێب ژیا و تەنیا ژیا و تەنیاش دوا سەفەری خۆی کرد.
ئەی پیاوە گەورەکە، تۆ بە جەستە لەبەرچاومان ون بوویت، وەلێ تا زمان و ئەدەبیاتی کوردی و کتێبی کوردی بمێنێت، ڕۆحی تۆش چەشنی پەروانە بەدەوری پەیڤەکانماندا باڵەفڕە دەکات. ڕۆحی تۆ ڕۆحێکی جاویدانە و بۆ هەتاهەتایە لەگەڵماندا دەمێنێتەوە.
ئازاد بەرزنجی
2022/6/6