یادەوەرییەکانی ئیسماعیل بێشکچی بە زمانی کوردی بڵاودەکرێتەوە

پەرتووکی یادەوەرییەکانی ئیسماعیل بێشکچی، نووسه‌ر و كۆمه‌ڵناسی نێوداری تورك و دۆستی دێرینی كورد لە تورکییەوە وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردی و رۆژی دووشەممە بە ئامادەبوونی نووسەر ناساندنی بۆ دەکرێت و بڵاودەکرێتەوە. وەرگێڕی کتێبەکەش محەممەد عیزەدینە و بە رووداوی گوت کە هەشت مانگە کاری لەسەر دەکات. 
یەکشەممە 29-05-2022 محەممەد عیزەدین وەرگێڕی پەرتووکی "یادەوەرییەکان"ی ئیسماعیل بێشکچی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەم پەرتووکە ساڵی 2021 بە تورکی بڵاوکرایەوە، ماوەی هەشت مانگ کارم لەسەر وەرگێڕانەکەی کردووە."

فەرھاد پیرباڵ پێشەکی بۆ وەرگێڕانە کوردییەکەی ئەو پەرتووکە نووسیوە و پەرتووکەکەش 660 لاپەڕەیە. 

محەممەد عیزەدین لەبارەی نێوەڕۆکەکەیەوە گوتی، پەرتووکەکە باس لە زۆر لایەنی تایبەتی ژیانی ئیسماعیل بێشکچی دەکات، ھەر لە ناسینی گەلی کوردەوە، تاوەکو ئەوەی لەسەر پرسی کورد چۆن دوو جار لە زانکۆ دەردەکرێت، زیندان دەکرێت و ئەشکەنجە دەدرێ و سزای ماددی و مەعنەوی دەدرێ، هەروەها سەرجەم پەرتووکەکانی قەدەخە دەکرێن.

وەرگێڕی کتێبەکە لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا، "‎بێشکچی لەم پەرتووکەدا بە وردی باس لە پێڤاژووی ژیانی زانستیی خۆی دەکات کە چۆن لەلایەن نەژادپەرستانی تورک بەھۆی ئەوەی بەرگری لە گەلی کورد کردووە، زیاتر لە 100 ساڵ سزای زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندراوە و 17 ساڵیش لە بەندیخانە بووە."

دوای پەرتووکی بیرەوەرییەکانی مووسا عەنتەر، ئەمە دووەم پەرتووکی بڵاوکراوەی وەرگێڕ و رۆژنامەڤان محەممەد عیزەدینە کە لە تورکییەوە کردوویەتییە کوردی.

محەممەد عیزەدین دەشڵێت، پەرتووکەکە لەسەر ئەرکی خۆی بە تیراژی 1000 دانە چاپکراوە و ئێستا لە کتێبخانەکان بەردەستە.

کاژێر 6:00ی ئێوارەی رۆژی دووشەممە 30-5-2022 لە سەنتەری ئاڵا لە هەولێر بە ئامادەبوونی ئیسماعیل بێشکچی و بەشێک لە رۆژنامەڤانان و نووسەران، ناساندن بۆ پەرتووکەکە دەکرێت.

 

 

سەرچاوە: rudaw