كورد پێش دەكەوێ، بەئەدەبو فەن
بەئازادی ژن، بەخوێندەواری
بەبێ تەفرەقەو بەیەكیەتیی گەل
بەخۆشەویستی ناو كوردەواری
(زەینەب)
زەینەب خان، شاعیرێكی هەڵكەوتووی كوردستانەو لەرێی شیعرو بەرهەمە ئەدەبییەكانی خزمەتێكی زۆری بەكاروانی ئەدەبو زمانی شیرینی كوردی كردووەو وەك ئەستێرەیەكی درەوشاوەی ئاسمانی ئەدەبی كوردی بەنەمریو گەشی دەمێنێتەوە.
زەینەب كچی مەلا رەووف كوڕی مەلا مەحموود كوڕی عەللامە مەلا سەعد خادم سوجادە، ناوی تەواوی ئەو كەسایەتییە كولتورییەو بەزەینەب خان ناسراوە.
ساڵی 1900 لەگەڕەكی بەفری قەندیی شاری كۆیەی مەڵبەندی ئەدەبو هونەر لەدایك بووە.
لەئامێزی خانەوادەیەكی شاعیرو رووناكبیرو ئەدەبپەروەری ناودار، گەورە بووە، باوكو باپیری شاعیرو خوێندەواری سەردەمی خۆی بوون، دایكی خزمی نزیكی حاجی قادری كۆیی بووە.
كاریگەری ئەو دوو خانەوادە رووناكبیرەی بەسەرەوە بووە، هەربۆیەش لەسەردەمی گەنجییەوە خولیای ئەدەب بووەو ئەو شاعیرە بەتوانایەی لێدەرچووە.
مەلا رەووفی باوكی پیاوێكی رووناكبیر بووەو جیاوازی لەنێوان كوڕو كچەكانیدا نەكردووە، هەر بۆیەش ساڵی 1906 زەینەبی ناردووە بۆ ماڵی خاڵی لەبەغدا بۆ ئەوەی بخوێنێ، لەو ساڵەدا وەك یەكەم كچی كورد لە مەدرەسەی (روشدییە)ی كچان دەخرێتە بەرخوێندنو قۆناغی سەرەتایی لەشاری بەغدا تەواو دەكاتو دەگەڕێتەوە زێدی خۆیو لەشاری كۆیە درێژە بەخوێندنی ئاینی دەدات، بێ لە دەرسە ئاینییەكان، بەئەدەبیاتی فارسی ئاشنا دەبێو بوستانو گوڵستانی سەعدی و شیعرەكانی حافز بۆ ناو جیهانی رەنگینی شیعرو ئەدەب كێشی دەكەن.
بێ لەزمانی فارسی، زمانی عەرەبی بەباشی زانیوەو شیعری پێنووسیوەو دیوانێكی شیعری دەستنووسی بەزمانی عەرەبی هەیەو تا ئێستا چاپ نەكراوە، عەرەبی زانینەكەی بەهۆی خوێندنی بەزمانی عەرەبی لەبەغداو خوێندنی ئاینی لەكۆیەو شارەزایی باوكی لەزمانی عەرەبی بووە. زەینەب خان لەبارەی سەروكاری بەشیعرو ئەدەبیاتی عەرەبی دەڵێ:
عەرەبی فێر بووم لە رێگای قورئان
لەرێی كتێبی پڕ عیلمی یەزدان
شیعری جاهیلیم هەموو خوێندەوە
بەلاغەتی وان قەت ناكرێ بەیان
هەتا گەیشتمە سەر موتەنەبی
گێژ بووم لەبەحری كەلیمەی جوان جوان
زەینەب خان، زمانی توركیشی بەباشی زانیوە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی لەساڵی 1923 شووی بە سەعید ئاغای ئال سەیدی ئەحمەدیی شاری هەولێر كردووەو لەقەڵای هەولێر نیشتەجێ بووە، لەرێی خەڵكی نیشتەجێی قەڵاوە فێری زمانی توركی بەباشی بووەو شیعری پێنووسیوە.
زەینەب خان، زمانی عیبریش لەدراوسێیەكی جولەكەیان لەشاری كۆیە فێربووەو قسەی پێكردووەو پێی نووسیوە.
زەینەب خان، بەحوكمی پێگەی سیاسیو كۆمەڵایەتی خانەوادەكەی، تێكەڵاوی جوڵانەوەی سیاسی بووە، لەگەڵ دڵدارو ئاسەفی برای لەدامەزرێنەرانی حزبی داركەرو هیوا بوونو خەباتیان لەو دوو حزبەدا كردووەو زەینەب خانی شیعرو سروودی بۆ ئەو دوو حزبە نووسییوە.
هەروەها خۆیو باوكیو ئاسەفی برایو سەعید ئاغای هاوسەری لەحزبی خۆیبووندا خەباتیان كردووەو رۆڵی دیاریان هەبووە.
بەحوكمی پێگەی بنەماڵەكەیان، پەیوەندی بەهێزی لەگەڵ بنەماڵەی بەدرخانیانو شاعیرانی سەردەمی خۆی وەك پیرەمێرد، بێكەس، حەمدی، تاهیر بەگو ئەحمەد موختار بەگ هەبووەو بۆ كۆچی دوایی ئەو شاعیرانە بە شیعر شیوەنی گێڕاوە.
زەینەب خان، لەبوارەكانی سیاسیو كۆمەڵایەتیو خۆشەویستیو وەسفی سروشتی كوردستان، شیعری نووسیوە، شیعرەكانی ئاستی بەرزی رۆشنبیریو تواناو سەلیقەی ئەدەبی ئەو نیشان دەدەن.
شیعری جوانیشی بۆ ژنان نووسیوەو لەپارچە شیعرێكدا دەڵێ:
ئافرەت بناغەی بوونی ئینسانە
بەری درەختی گشت وەرزەكانە
گەر ئافرەت نەبێ، ژیان خۆی نابێ
گەر پیاو دەنگ بێ، ئافرەت زمانە
خۆشەویستییەكی زۆری بۆ شاری کۆیەی مەفتەنی هەبووەو لەو بارەیەوە دەڵێ:
مەنبەعی علومو فەنو عیرفانە كۆیە
شاری فەخرو مەسكەنی خانەدانە كۆیە
ئەوەی ببینێ دەفعەیەك ئادابی كۆیی
حاڵیە كە قدوەی شاری شارانە كۆیە
زەینەب خان، زۆر بایەخی بەكۆكردنەوەی هۆنراوەی فۆلكلۆری كوردیی ناوچەكانی كۆیەو دەشتی هەولێر داوەو تۆماری كردوونو وەك دەستنووس لەدوای بەجێماوەو عەبدولخالق عەلائەدین لێیکۆڵیوەتەوەو پەراوێزی بۆ نووسیوەو دکتۆر کەمال مەزھەر پێشەکی بۆ نووسیوەو ساڵی 2021 چاپکراوە.
زەینەب خان بایەخیشی بەنووسینی مەولوودنامەی پێغەمبەر داوە، بەیەكەم ژنی كورد دادەنرێت، كە مەولوودنامەی بەشێوەی هۆنراوەو بەزمانی توركی عوسمانی نووسیوە.
زەینەب خان، بایەخیشی بە ئەدەبی مناڵان داوەو شیعرو چیرۆكی بۆ نووسیون.
كەشكۆڵێكیشی لەدوا بەجێماوە، ئەو كەشكۆڵە بابەتی هەمەڕەنگی لەخۆگرتووە، لەوانە كۆمەڵێك شیعری تێدایە كە بەزمانی فارسی نووسیونیو شارەزایی لەو زمانەو ئاستی بەزری رۆشنبیریو ئەدەبی نیشان دەدەن.
هەر لەو كەشكۆڵەدا كۆمەڵێك چوارینەی بەنرخی تێدایە، كە لەژێر كاریگەری چوارینەكانی خیامدا نووسیونی، تواناو سەلیقەی ئەو لەو بوارەدا دەردەخەن.
زەینەب خان،30 ساڵی تەمەنی خۆی بۆ دانانی فەرهەنگێكی (كوردی- كوردی) تەرخان كردبوو، كەفەرهەنگێكی دەوڵەمەندی كوردی بووە، ساڵی 1961 لەلایەن قازی رەشاد فەندییەوە دراوە بەگیوی موكریانی بۆ ئەوەی چاپ بكات، بەڵام چاپ نەكراوە، بەداخەوە ون بووەو سۆراخی نییە.
ئەم شاعیرە بەتوانایەی كوردستان، ساڵی 1963 بەنەخۆشی شێرپەنجە كۆچی دوایی كردو لەگۆڕستانی "ئیمام محەمەد"ی شاری هەولێر بەخاك سپێردرا.
سەرچاوە:
ژیننامەی زەینەب خان لە هۆنراوەكانیدا،د.كەمال غەمبار 2021
خەلیل عەبدوڵڵا
Mar 14, 2022
سەرچاوە: بنکەی ڕووناکبیری گەلاوێژ