ئێواره‌ی رۆژی 2-4-2022 له شاری بێرمینگهام له وڵاتی به‌ریتانیا، رێكخراوی رۆشنبیرانی كورد‌و ئه‌نجومه‌نی كلتووری كورد له به‌ریتانیا، مه‌راسیمێكیان بۆ رێزلینان له ته‌مه‌ن و كاره هونه‌رییه‌كانی هه‌ردوو هونه‌رمه‌ندی كورد ” شه‌ماڵی عه‌به‌ڕه‌ش و شادان فوئاد” سازكرد.
له‌سه‌ره‌تای مه‌راسیمه‌كه‌دا خه‌ڵاتی چڵه‌نێرگز به‌خشرایه هونه‌رمه‌ندان شه‌ماڵی عه‌به‌ڕه‌ش و شادان فواد و تاجی كوردستانیش درا له سنگی هونه‌رمه‌ندان، وه‌ك رێزلینانێك بۆ ئه‌زموونی هونه‌ریی ئه‌و دوو هونه‌رمه‌نده دیاره‌ی كوردستان.
له به‌شێكی تری مه‌راسیمه‌كه‌دا ناساندن و بڵاوكردنه‌وه بۆ سێ كتێبی سینه‌مایی نوسه‌ر ”دارۆ عه‌زیز” كرا و خه‌ڵاتی رێزلێنانی پێبه‌خشرا.
دوای خوێندنه‌وه‌یه‌كی شیكاریی له‌لایه‌ن بابه‌كر دڕه‌ییه‌وه له‌سه‌ر ناوه‌رۆكی كتێبه‌كان، نوسه‌ر به ئیمزای خۆیه‌وه كتێبه‌كانی وه‌ك دیاریی به‌خشییه ئاماده‌بووان.
له لێدوانێكی تایبه‌تدا، نوسه‌ر و رۆژنامه‌نوس گۆڤه ئه‌حمه‌د مانگر،سكرتێری گشتیی رێكخراوی رۆشنبیرانی كورد له به‌ریتانیا به PUKmedia ی راگه‌یاند، بڕیاره له ساڵانی داهاتووداو له مانگی چواردا خه‌ڵاتی چڵه نێرگز ببه‌خشرێته دوو كه‌سایه‌تی كورد، كه جێ ده‌ستیان دیاربێت له بواره جیاجیاكاندا‌و له كوردستانه‌وه بانگهێشتی به‌ریتانیا ده‌كرێن و جگه له خه‌ڵاتی رێزلێنان، كۆڕ‌و سیمینار‌و ۆورك شۆپیش بۆ هونه‌رمه‌ندان و نوسه‌رانی كوردستان سازبكرێت.
سەرچاوە: pukmedia