حکومەتی هەرێم ... ئایا؟

 

 

 

 

 

 

بەرزان حەمەسور

 

 

* گەشتی هەزاران لاوی کورد کە سەرمایەو پاشەڕۆژی ئەم هەرێمەن وا بەڵێشاو بە بەرچاوتانەوە لەفڕۆکەخانەی پایتەختی هەرێمەوە ڕۆیشتن  بەرەو هیوایەکی وون و نادیار، ڕای نەچڵەکاندن؟

* گەشتی هەزاران لاوی ئەم هەرێمە کەهەرهەموویان تەنها بە ڤیزەی بیلاڕووسیا ڕۆیشتن، هەستتان پێ نەکرد؟

* گەشتی هەزاران خێزان وکچ وکوڕی لاوی ئەم هەرێمە، بەتکتێکی یەک سەرەوە (   Ticket One Way) بەبێ ئەوەی مۆڵەتی نشینگەی بیلاڕووسیایان هەبێت، سەرنجی ڕانەکێشان؟

* گەشتی هەزاران لاوی ئەم هەرێمە بەو ساردو سەرمایەو بە کاتی کۆڕۆنایە دەڕۆن، تێبینیتان نەکرد؟

 ئاخر خۆ لەگەرمای هاوینیشدا کەم کەس بۆ گەشتیاری ڕوودەکەنە بیلاڕووسیا!

* گەشتی هەزاران لاوی ئەم هەرێمە هەرهەموویان بە هێڵی ئاسمانی تورکی گەشت دەکەن، هەرهەمووشیان لەیەک ئۆفیسی گەشتیاریەوە لەهەولێرو شەریکە ئۆفیسێکی تورک لە استامبول کارەکانیان بۆ جێبەجێکراوە، هیچ هەستتان پێ نەکرد؟

زۆر سەیرە ... چۆن ئەمە بەسەرتانا تێپەڕی؟

 خۆ ئێوە دەزگای هەواڵگریتان زۆر بەهیزەو ئاگاتان لەخشەی مارو مێرووە!

هەتا ئێوە ئاگاتان لەو نامانەبوو کە گەنجە ڕۆژنامەنووسەکانی بادینان  بەمۆبایلەکانیان ناردبویان بۆ کۆنسڵگەری ئەمریکا..! 

 یان ئەو پەیامە ناڕەزایانەی گەنجەکانی دهۆک و زاخۆ و ئاکری بەمۆبایلەکانیان بۆیەکتریان ناردبوو کە  تەنها باسی ئازایەتی پیا هەڵدان بە گەنجە خۆپیشاندەرەکانی سلیمانی تیاکرابوو!

ئەم کارە دووفاقییە، بانێکەو دووهەوایە..! 

یا چیرۆکەکەی مەجیدەکوێرە...؟

( دەگێڕنەوە لەکۆنا لەشاری بەغداد پیاوێک بەناوی عبدالمجید بەدرێژایی ڕۆژ، چوار وەرزە، پیشەی تەنها هێنانی ئاو بووە لە ڕووباری دجلەوە بۆحەوزەکەی  ئارامگا- مزگەوتی شێخ عبدالقادری گەیلانی، بۆ دەست نوێژوخاوێنکرنەوە..

 بۆ ئەم کارە دوو گوێدرێژی بووە کە " جۆنگە"  شەڵتە یان لەسەرپشت بووە بۆهێنانی ئاو،ژەمە خواردنەکانی و شەوانیش عبدالمجید هەرلەوێ خەوتووە. هۆشیان پێوە بووە لەبەر ئەوەی  کەسی نەبووەوچاوەکانی کەمێ بێهێزبوون !

خەڵکی گەڕەک و سەردانکەرانی مزگەوت زۆرجار بۆ پێکەنین سەردەکەنە سەر عبدالمجید، گاڵتەی لەگەڵدا دەکەن وە هەمیشە بە مجیدە کوێر (مجید اعور )  بانگی دەکەن.. 

بانگکردنی بەم ناوە زۆر مجید توڕە دەکات!

بەیانیەک زۆر زوو مجید پێش بانگ بەبێ دەنگی سەردەکەوێتە سەر درەختی ناو حەوشی مزگەت و بزمارێک دەبات و دەیچەقێنێتە لقێکی درەختەکە کەخۆی باش نیشانەی کردووە و دێتە خوارەوە!

پاش نوێژی جماعەتی بەیانی لەسەر سەکۆی حەوشی مزگەوت، هەموو ئامادەبووان دەست بەدووعان لەخوا دەپاڕێنەوە، دنیا هێشتا هەرتاریک و ڕوونە!

لەم کاتەدا مجید سەر بەرز دەکاتەوەو ڕوو لەدرەختەکە دەکات و بەدەنگی بەرز هاواردەکات: (ئەی هاوارچۆن شتی وا دەبێت..؟)

ئەمە کوفرەو ئەم تاوانە گەورەیە، کێ کردویەتی؟

خەڵکەکە هەموو لێی کۆدەبنەوەو  دەپرسن، چییە مەجیدە کوێر، بۆ هاوار دەکەی، چیبووە؟

مجیدیش پەنجە بۆ درەختەکە ڕادەکێشێ.. بۆ ئەو لقەی تەنها خۆی دەزانێ، دەڵێ ئەمەکفرە، کێ چووە بزماری لەو درەختە داکوتیوە؟

 کاری وا نابێت ...کێ ئەو تاوانەی کردووە دەبێت سزا بدرێت ...!

هەموو خەڵکەکە سەیری درەختەکە دەکەن بۆ ئەولقەی مجید دەڵی بەڵام هیچ کەس هیچ نابینێ..! 

دەست دەکەنەوە بە پێکەنین و گاڵتە پێکردن بە مجید.

مجید دەڵێ گاڵتەم پێدەکەن!  ئێوە ئەوبزمارە نابینن؟ ئا ڕاوەستن ...

مجید لەپێش چاوی ئەو هەموو خەڵکە سەردەکەوێتە سەر درەخت و بەئارامی دەست درێژ دەکات و بزمارەکە بەدووپەنجە لەلقەکە دەردەهێنێ و دێتە خوارەوە و بزمارە ئەداتە دەست مامۆستای پێش نوێژ ... هەر هەموو سەریان دەسوڕمێ و دەڵێن وەڵڵا مجید ڕاست دەڵێت ... ئێمە چەند ساڵە غەدرمان لەم پیاوە کردووە گوناحمان کردووە بەرامبەر بەم پیاوە بە مجیدە کوێر بانگمان کردووە، خۆ ئەو چاوی لەهەموومان باشتر دەبینێ!

دەچن دەست دەکەنە ملی و ماچی دەکەن و زۆر داوای لێبوردنی لێ دەکەن ...

مجید زۆر خۆشحاڵ دەبێت و دەگەشێتەوە کە ئیتر نازناوی مجیدەکوێری ڵیدەبێتەوە

بەڵام کە خواحافیزی لە خەڵکە دەکات و بڕوات بەلای کارەکەیەوە، دەکەوێ بەسەر کەرەکانیدا و بەدەما دەکەوێتە سەر زەوی!

خەڵکەکەی کە دەبینن وا مجید کەوتووە خێرا دەڕۆن و هەڵی دەگرنەوەو بەدەم تەکاندنەوە پێی دەڵێن باشە مجیدە کوێر تۆ ئەم دووکەرەت نەبینی لەبەردەمتا ئەی چۆن ئەو بزمارەت بینی بەوحەوایەوە لەسەر ئەو درەختە؟؟؟ )

 

 

12.11.2021                                                                                                                                                               *ئەم وتارە بۆچوونی نووسەرە