وێنەکتێب فۆرمی لە دنیای ئەمڕۆدا فۆرمی جیاوازی هەیە

ـ چیرۆک و وێنە دەقاو دەق لەگەڵ یەکتری دێنەوە، (تەواو کلاسیک).

ـ وێنە گرنگترین بەشەکانی تێکست باس دەکات، (زۆرتر لە کوردستان باوە)

ـ وێنە گرینگترین ئەکشنەکانی تێکست و کاراکتێر باس دەکات، لەم بەشەدا تێکست باس لە وردەکاریی ڕەنگ و شت و مکەکانی دەورووبەری رووداوەکە ناکات

ـ وێنە تەنیا کارێکتێری بۆ گرینە، ئیدی ڕووداوەکان بە کەیفی خۆی دەگێڕێتەوە کە ڕەنگە لە تێکست هیچ ئاماژەیەکیان پێ نەکرابێت

ـ وێنە و تێکست کۆنتراستن، تێکست ڕووداوێک باس دەکات کە لە وێنەکەدا پێچەوانەیە، بۆ نموونە باسی عەجوولیی منداڵێک دەکات، کەچی لە وێنەدا ئارام و هێمنە

ـ وێنە و تێکست ڕەوتی پێچەوانەن، واتە تێکست کۆنتراست نییە لەگەڵ وێنە، بەڵکوو ڕووداوەکان بە شێوەیەکی دیکە ئەگێڕێتەوە، (پێوەندیی بە ئێتیک و ئەخلاقی گێڕانەوە هەیە).

ـ وێنە و تێکست دوو چیرۆکی جیاواز دەگێڕنەوە کە هاوکات ڕووی داوە و پێوەندییان پێکەوە هەبووە

ـ وێنە یارمەتیی فەزای کراوەی تێکست دەدات، بۆ نموونە لە تێکستدا ئاماژە بە کۆتایی، یان ئەکشن یان گرنگترین ڕووداوەکان نەکراوە، بەڵام وێنە بۆمانی دەگێڕێتەوە

ـ وێنەی پێچەوانە و تێکستی گەڕۆک: واتە وێنەکە پێچەوانە دەبێتەوە یان تێکست پێچەوانە دەبێتەوە، بۆ نموونە لەوانەیە وێنە فلاش بەک ڕووداوەکە بگێڕێتەوە و تێکست لە سەرەتاوە دەست پێ بکات

ـ وێنەی تێهەڵکێش بە ڕووداوی تێکست: زۆر جار وێنەکێش فەزای بەتاڵ ئەهێڵێتەوە بۆ ئەوەی خوێنەر زیاتر لێی تێ بگات، بەڵام تێکست گرێکوێرەی تێ ئەخات. یان پێچەوانە، وێنە گرێکوێرەی تێ ئەخات.

ئەمە کۆنتراستی تێگەیشتن دروست دەکات نەک نووسین، بۆ نموونە: زەردەخەنەیەک / گەشبوونەوەی ڕوومەتێک / گرێیەک لە سیمای کاراکتەردا / .... 

ـ وێنەی بە پەرسپەکتیڤی جیاوازەوە، نموونە: لەناو ئەوانەدا ئولترا پەرسپەکتیڤ زۆر تایبەتە، لەبەر ئەوە وێنەکە زووم دەبێتەوە، یان گەورە یان بچووک، لەوانەیە بەرگی کتێبەکە خاڵێک لە ڕەنگێکی مەیلەوشین دابێت، تا کۆتاییی چیرۆکەکە ئێمە چاوی پشیلەیەک دەبینین.

ـ ئێکۆکریتک (سرووست لە سەنتەر یان ناوەنددا): ڕوانگەیەکی تازەیە بۆ وێنەکێشی کتێبی منداڵان بەتایبەتی کە شێوازی کلاسیکی کارەکتەری گیانلەبەران یان دارودەوەن جیاوازترە لە شێوازە کلاسیکەکەی، واتە سروست و دیاردەکانی لە سەنتەردان و لە مەنتقی گێڕانەوەی مرۆڤ دەرئەچن، مرۆڤ لەو کاتەدا بەشێکە لە سروشت نەک داهێنەری سرووشت، بۆ نموونە: ئایا گورگ دڕندەیە؟ یان دەبێت لە سروشتی بپرسین کە گورگ دڕندەیە یان نا؟ 

ـ ئامرازەکانی دیکەی دیزاینی وێنەکتێبی منداڵ کە بریتییە لە فۆنتی نووسین، خاڵدانان، گەورەوبچووکی، شێوازی دیزاین، ڕەنگ و فۆرمەکانی ڕەنگ، فەزای بەتاڵ، ڕووناکی، سێبەر و تاریکی و هەموو دیاردەکانی دیکەی دیزاین شێوازێک لە گێڕانەوەیە و لە فۆرمی وێنەکتێبی منداڵاندا پەیامیان پێیە و واتادارن

لە بەرگی کتێبەوە هەتا کۆتاییی بەشێکن لە گێڕانەوە و نووسەر دەبێت بۆی گرنگ بێت کە ڕەنگە ڕووداوی گێڕانەوە لە بەرگەوە دەست پێ بکات و بە ڕووبەرگ یان پشت بەرگ کۆتاییی پێ بێت.

ئەفراسیاب گرامی

March 02, 2022

 

 

سەرچاوە: ناوەندی نووسەرانی کوردستان