شانۆ لە باشووری کوردستان

لە ڕۆژی جیهانیی شانۆدا نیگەرانیی نیشان دەدرێت لە پاشکەشەی شانۆ لە شاری هەولێر، کە لە ماوەی ساڵێکدا تەنیا یەک شانۆی تێدا نمایشکراوە، لە سلێمانی شانۆگەرییەک ئومێدی بۆ هونەردۆستان گەڕاندەوە و لە کەرکوکیش زۆرترین شانۆ نمایش کراوە.

شانۆ کە بە دایکی هونەرەکان دادەنرێت، مێژوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ زیاتر لە دوو هەزار ساڵ پێش ئێستا، شێوازە نوێیەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی یۆنانییەکان و ئەو سەکۆیانە کە پێشتر کاری زۆرانبازییان لەسەر دەکرا، دواتر بوونەتە گۆڕەپانی نمایشی شانۆییەکان.

بەپێی چەند سەرچاوەیەک، زیاتر لە دوو هەزار ساڵ لەمەوبەر یەکەم شانۆیی نمایشکراوە، لە عێراقیش بۆ یەکەمجار ساڵی 1892 یەکەم شانۆگەریی کە شانۆیەکی پەروەردەیی بۆ نمایشکراوە. لەسەر ئاستی کوردستانیش، گۆرانی شاعیر یەکەم کەس بوە کە زاراوەی (شانۆی) لە شیعری (جلیوەی شانۆ)ی دیوانی فرمێسک و هونەر لە ساڵی (1950) بەکارهێناوە.

ساڵانە له‌ سه‌رانسه‌ری جیهاندا یادی جه‌ژنی شانۆ ده‌کرێتەوە ‌و له‌م ڕۆژه‌دا چه‌ندین چالاکیی شانۆیی ‌‌ئه‌نجام ده‌درێت، مێژووی ئه‌م یاده‌ بۆساڵی 1962 ده‌گه‌رێته‌وه‌، کە لەو ڕۆژەدا سه‌نته‌ری جیهانی شانۆ به‌ مه‌به‌ستی ڕێکخستنی کاری شانۆکاران به‌شێوه‌یه‌کی فه‌رمی ده‌ست به‌کار بوو زۆربه‌ی وڵاتان له‌م‌ سه‌نته‌ره‌دا ئه‌ندامن.

هونەرمەندان و شانۆکارانی باشووری کوردستان کەم تا زۆر گرنگی بە شانۆ دەدەن و ساڵانە لە یادی ڕۆژی جیهانی شانۆدا هەوڵدەدەن کارەکانیان زیاتر نیشانبدەن و پەیامی خۆیان بگەیەنن.

شاری سلێمانی کە بە پایتەختی ڕۆشنبیریی و هونەر ناودەبرێت، لە ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە 10 شانۆ نمایشکراوە و هەریەکەیان هەڵگری پەیامێکی جیاوازبوون و بینەر و هەواداری خۆیان هەبوو، بەڵام وەک پێویست نەتواندرا شانۆ ببەنەوە ناو خەڵکی، تاکو لە مانگی شوباتی 2022-دا شانۆی “دواڕۆژەکانی بابلۆ” دەستی بەنمایشکرد، لەدەرهێنانی شوان کەریم توانی کاریگەریی دروستبکات و ڕۆژانە هۆڵی شانۆکە پڕبێت لە بینەر.

وابڕیارە لە ڕۆژی جیهانی شانۆدا؛ شانۆی “مردن لە چوار وەرزدا” لە شاری سلێمانی دەست بکات بە نمایش، کە ڕەخنە لە دیاردەی ژن کوشتن دەگرێت لە باشووری کوردستان.

ئاسۆ نوری سەلیم کە دەرهێنەری شانۆکەیە لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنیوز پیرۆزبایی ڕۆژی جیهانیی شانۆی ئاڕاستەی شانۆکاران و بینەرانی شانۆکرد و هیوای خواست، کە بتوانن بینەر لەگەڵ شانۆ ئاشتبکەنەوە، وتیشی پەیامی ئەوان لە نمایش کردنی ئەو شانۆیە دەستختنە سەر دیاردە دزێوەکانی کۆمەڵگە و دەیانەوێت بە خەڵکی بڵێن بەسە ژن کوشتن.

سەنا تەها، کە ئەکتەری شانۆی مردن لە چوار وەرزدایە، وتی: ئێمە بۆیە لە ڕۆژی جیهانیی شانۆدا ئازارەکانی ژنان نیشان دەدەین، تاکو کاریگەریی زیاتری هەبێت و بتوانین پەیامەکەمان بگەیەنینە زۆرترین کەس و بینەر.

لەبارەی گرنگیی بەشداریی ژنان لە بوارەکانی هونەر و بەتایبەت شانۆ سەنا وتی: هەتا ژنان زیاتر بێنە ناو بوارەکەوە کاریگەرییان زیاتر دەبێت و دەتوانن بە پیاوان بڵێن ئێمەش وەک ئێوە لەکۆمەڵگەدا هەین و مرۆڤین.

بەوتەی کرمانج مستەفا لە پایتەختی هەرێمی کوردستان “هەولێر” لەماوەی ساڵی ڕابردوودا تەنها یەک شانۆ نمایشکراوە.

دەرهێنەران و شانۆکارانی شاری هەولێر نیگەرانن لە نەبوونی هۆلی گونجاو بۆ نمایشکردنی شانۆ و پاشەکشەکردنی شانۆ لە هەولێری پایتەخەت.

کرمانج مستەفا مامۆستا لە پەیمانگای هونەرە جوانەکان لە هەولێر بە ڕۆژنیوزی وت: نەبوونی هۆڵی گونجاوی تایبەت بە نمایشکردنی شانۆ وایکردوە شانۆ لە هەولێر پاشەکشەبکات، بەجۆریک لەماوەی ساڵی ڕابردوو تەنها یەک شانۆ نمایشکراوە لە هەولێر بەناوی ( سەڵاحەدین ئەیوبی).

ئەم مامۆستایە ئاماژەی بەوەشکرد، رووداوە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان کاریگەریی لەسەر پاشەکشەکردنی شانۆدا هەبووە، هەروەها گرینگی نەدان بە شانۆ لەلایەن وەزارەتی ڕۆشنبیرییەوە یەکێکی ترە لە هۆکارەکانی پاشەکشەکردنی شانۆ، شانۆکارن ڕۆژ بەرۆژ زیاتر بێ ئومێدەبن.

بە بۆچوونی کرمانج مستەفا،  ئەگەر هۆڵی تایبەت هەبێت بە نمایشکردنی شانۆ، هاوڵاتیان ڕوو لە هۆڵەکانی شانۆ دەکەن، بەڵام دەبینن لەشاری هەولێر لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا تەنها یەک شانۆ نمایشکراوە، ئەمساڵیش لە رۆژی جیهانی شانۆدا، هیچ چالاکیەکی گرنگ و دیار سازناکرێت، ئەمانە وادەکات شانۆکاران هەرچەندە بەهرەداربێت لەوکاتەدا بێ ئومێدیان زیاتر دەبێت.

بەپێچەوانەی هەولێر شاری کەرکوک پێشەنگ بووە لە گرنگیدان بە شانۆ و شانۆکاران و دەرخستنی توانا جیاوازەکان و نمایشکردنی چەندین شانۆی جیاواز بۆ سەرجەم تەمەنەکان.

بەپێی ئامارێک کە ڕۆژنیوز لە بەڕێوبەری ڕۆشنبیریی کەرکوک وەریگرتووە، لە ساڵی 2021-دا زیاتر لە 20 نمایشی شانۆیی کراوە، گەورەترین فێستیڤاڵی شانۆ بە بەشداریی هەرچوار پارچەکەی کوردستان بەڕێوەچوو، کە هونەرمەندەکانی ئەو شارە وەک گەورەترین دەستکەوت ناوی دەبەن لە بواری شانۆی کوردیدا.

 

 

سەرچاوە: rojnews