بەڕێوەبەرایەتی رۆشنبیری و هونەری سلێمانی رایدەگەیەنێت کەنەئەوان و نە وەزارەتی رۆشنبیری نمایشی شانۆییەکەیان رانەگرتوەو ماوەی نمایشکردنەکە کۆتایی هاتوەو بۆشیان درێژکراوەتەوە، ستافی شانۆیی دوا رۆژەکانی بابلۆش داوای لێبوردن لە بینەرەکانیان دەکەن.
دوای ئەوەی لەبەیاننامەیەکدا ستافی شانۆیی دوا رۆژەکانی بابلۆ رایانگەیاند کە نمایشی شانۆییەکەیان راگیراوەو بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری و هونەری سلێمانی بە نوسراوێک رونکردنەوە بۆ رای گشتی دەدات و ئاماژە بەوە دەکات کە رانەگیراوەو ئەو ماوەیەی بۆی دانراوە بۆ نمایش کۆتایی هاتوە، PUKmedia بۆ دەستکەوتنی زانیاری زیاتر و زانینی راستی بابەتەکە هەوڵیدا پەیوەندی بەلایەنی پەیوەندیدار بکات.
لاوک ئەبوبەکر یاریدەدەری دەرهێنەری شانۆیی دوارۆژەکانی بابلۆ لە لێدوانێکیدا بۆ PUKmedia لەبارەی راگرتنی شانۆییەکە و هۆکارەکانی وتی: ئێمە لەو کاتەی بۆمان دیاریکراوەو هۆڵەکەمان پێدراوە ئامادەبوین بەڵام بەهۆی چەند گرفتێکەوە کە هاتبوە پێش وەک ئامادە نەبونی دیکۆر و چەند ئامێرێک نمایشمان دوا کەوتوەو ئێمە وتومانە کەمتەرخەمی تەنها لەئێمەوە نەبوە، بەڵام چەندین هۆکار هەبووە بۆ دواکەوتنی نمایش.
لەبەرامبەر ئەمەدا بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیریی و هونەری سلێمانی لە رونکردنەوەکەیدا دەڵێت: کە شانۆیی (دوا ڕۆژەكانی بابلۆ) كارێكی هاوبەشی (سۆ ماركێتینگ) و بەشی هونەری شانۆی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتیمانەو، ئێمەش وەك ئەوان خۆمان بە خاوەنی ئەو شانۆییە دەزانین و بۆ هەموو لایەكی ڕوون دەكەینەوە كە ئەو شانۆیە بە هیچ شێوەیەك نە لەلایەن بەڕێوبەرایەتیی گشتییمان و نە لە لایەن وەزارەتی ڕۆشنبیریی و لاوانەوە ڕانەگیراوە. بەڵكو بڕیار بوو ئەو شانۆییە تا 2022/3/10 نمایش بكرێت و ڕێككەوتنەكەشیان لەگەڵ ئێمەدا بەو جۆرە بوو. بەڵام ستافێكیان سەردانی بەڕێوبەری گشتییان كرد داوایان كرد بۆ 2022/3/20 كاتی نمایشەكەیان بۆ درێژ بكرێتەوە، لە كاتێكدا پێشتر ڕۆژەكانی 3/15 و 3/18 لە لایەن لایەنیتر و تیپیترەوە هۆڵەکە گیرا بوو، بەڵام لەسەر داوای بەڕێوەبەری گشتیی شوێنی تر بۆ ئەو دوو لایەنە تەرخان كرا و ڕەزامەندیی درا لەسەر درێژكردنەوەی ماوەكە بۆ 2022/3/20.
لەبەشێکیتری رونکردنەوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە کە دوای كۆتایی هاتنی ئەو ماوە درێژكراوەیە دیسانەوە پڕۆدیسەر و دەرهێنەری شانۆیی (دوا رۆژەكانی بابلۆ) داوایان كرد كە سەرلەنوێ بۆ 2022/4/1 ماوەی نمایشیان بۆ درێژ بكرێتەوە. ئەمە لە كاتێكدا پێشتر ئاگادار كرابوونەوە كە هۆڵەكە لە 3/20ەوە بۆ مەراسیمی ڕۆژی جیهانیی شانۆ لە لایەن بەشی هونەری شانۆی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتییمانەوە گیراوە. پێیان وترا ئەو چەند ڕۆژە مافی ئەوانە، ئەگەر ئێوە بتوانن لەگەڵ (ئاسۆ نوری) كە دەرهێنەری شانۆیی (مردن لە چوار وەرز)دایە و بەشێكە لە مەراسیمەكە، ڕێك بكەون، نمایشەكەی بباتە هۆڵێكی تر، ئێمە كێشەمان نییە و كاتەكە درێژ دەكەینەوە، بەڵام لەگەڵ دەرهێنەری شانۆیی (مردن لە چوار وەرز)دا ڕێك نەكەوتبوون، چونكە بەڵگەی هونەرییان هەبووە و بۆ ستافی شانۆی (دوا ڕۆژەكانی بابلۆ)یان ڕوون كردوەتەوە كە ئەوان لە سەرەتاوە كاریان لەسەر جوگرافیای هۆڵی ڕۆشنبیریی كردووە و مافی خۆیانە لە 3/20ەوە هۆڵەكەیان بۆ چۆڵ بكرێت. چەند جارێكی تریش بەڕێوبەری گشتیی قسەی لەگەڵ دەرهێنەری شانۆی (مردن لە چوار وەرز)دا، كردووە تاكو ڕازیی بكات، بەڵام ئەو سوور بووە لەسەر ئەوەی لە مافی خۆی سازش نەكات. لەو ڕووەشەوە یاسا و ڕێنمایی پشتگیری ئەویان كردووە. چونكە پێشوەختە هۆڵەكەی گرتووە.
لەلایەکیترەوە لاوک ئەبوبەکر یاریدەدەری دەرهێنەری شانۆیی دوارۆژەکانی بابلۆ بە PUKmedia دەڵێت: ئێمە داوامانکردوە بۆ ماوەیەک هەتا هۆڵەکە بەکاریەت بۆ کاری هونەری تر نمایش رابگرین و دواتر دەستپێبکەینەوە، بەڵام وەڵامیان نەیاوینەتەوەو ئێمە هیچمان ناوێ لەوە زیاتر کە بتوانین لە نمایش بەردەوام بین و ئەو داواکاریەی خەڵک هەیەتی بۆ بینینی نمایشەکە جێبەجێی بکەین، ئێمە بەهۆی راگرتنی نمایشەوە داوای لێبوردن لە تەواوی بینەران و ستافی کارەکەمان دەکەین ، کەنەمانتوانی بەشێوەیەکی شایستە تا کۆتا رۆژی نمایشمان بەردەوام بین و ناشمانەوێت کارەکە بە ناخۆشی تێبپەڕێت، چونکە ئێمە هونەرمەندین و هونەر دەکەین، نەک بەربەرەکانێ.
لەلایەکیترەوە رۆشنبیری و هونەری سلێمانی بەیاننامەكەی ستافی شانۆیی (دوا رۆژەكانی بابلۆ) بە توند ناودەبات و دەڵێت: بە نەفسێكی ناهونەرییانە نوسراوە و هەستی بەرپرسیارێتی تێیدا زۆر لاوازە. بە تایبەت كە ئەوان تۆمەتی ناڕەوایان خستۆتە پاڵ بەرێز وەزیری رۆشنبیری و لاوان، لە كاتێكدا بەڕێز وەزیری ڕۆشنبیریی و لاوان تەنها فەرمانیان كردووە بە پێی یاسا و ڕێنمایی مامەڵە بكرێت و ماف بە كام لایە پێی بدرێت.
ئاماژە بەوەشدەکەن: ئێمە لە هەموو ئەوەی نوسیوومانە بەرپرسیارین و بە مافی خۆشمانی دەزانین پەنا بەرینە بەر دادگا كێشەكە یەكلایی بكاتەوە، چونكە پێویستە ڕێگە بە هیچ كەس و لایەنێك نەدرێت لە پێناوی ڕیكلامكردن بۆ خۆیان و پارەپەیداكردندا تەشهیر بە ناو و ناوبانگی كەسان و لایەنانی تر بكەن.
سەرچاوە: pukmedia