"خەڵاتی یەکسانی" بەخشرایە د. چۆمان هەردی

لەلایەن 30 ڕێکخراوەوە "خەڵاتی یەکسانی" بەخشرایە د. چۆمان هەردی

زۆر پێناسە هەن کە چەمکی ژنی خوێندەوار ڕوون دەکەنەوە، ئەمەش بەندە بەو پێوەرەی کە پێناسەکەی پێدەکرێت، وەک چۆن دەتوانرێت ژنێکی خوێندەوار بەپێی پێوەری پەروەردەیی، کۆمەڵایەتی، کارایی، یان سیاسی پێناسە بکرێت. یاخود ژنی خوێندەوار بە ژنێکی داهێنەر لە بوارە جیاوازەکاندا؛ وەک ئەدەب و زانست و هونەر دابنرێت. یان ڕوانگەیەکی ڕەخنەگرانەی هەبێت بۆ کۆمەڵگە. ڕەنگە لای هەندێکیش هەر ژنێک بڕوانامەی زانکۆی باڵای هەبێت بە خوێندەواری بزانن. یانیش دەتوانرێت ژنی خوێندەوار بەو ژنە پێناسە بکرێت کە تایبەتمەندە لە بابەتە کولتوورییەکاندا و بە شێوەیەکی ئەبستراکت مامەڵە لەگەڵ بیرۆکەکاندا دەکات. نازناوی ڕۆشنبیر دەدرێت بە ژنێکی بیرمەند کە بیرۆکەی جۆراوجۆر لە بوارە جیاوازەکاندا باس و پەیڕەو دەکات.

هەر بەڕاستی د. چۆمان هەردی، نموونەی ئەمڕۆی ژنی خوێندەوار و هۆشیار و کاریگەرە لە کۆمەڵگەی نەریتی کوردەواریدا بەگشتی و باشووری کوردستان بەتایبەتی.

بەخشینی "خەڵاتی یەکسانی" بە خاتوو چۆمان هەردی، بەخشینی خەڵاتە بە هەموو ژنێکی کورد، بە ژنانی یەکسانیخواز، بە ژنانی بەشمەینەت، بە قوربانیانی ژن لە سایەی فەرهەنگ و کولتووری نێرسالاری و دینسالاریدا.

دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ ١٤-٣-٢٠٢٣ لەنێو کارگەی کەلتوری شاری سلێمانی سی ڕێکخراو خەڵاتێکیان بە ناوی (خەڵاتی یەکسانی) ڕاگەیاند و بۆ یەکەمجاریش خەڵآتی ناوبراو درایە د. چۆمان هەردی.

هەریەکە لە هانا شوان، جوان ڕەحیم، بەهار مونزیر، سەیوان ڕۆستەم، بە نوێنەرایەتی ڕیکخراوەکانی ژنان و کۆمەڵگەی مەدەنی یەکەمین خەڵاتی یەکسانی بەخشرایە خاتوو چۆمانلەپای هەوڵ و پشتیوانییەکانی لە هزری یەکسانی.

ڕێکخەرانی مەراسیمەکە ئاشکرایان کرد خەڵاتەکە دەبێتە نەریتێکی ساڵانە و لەلایەن ئازادیخوازانەوە پێشکەش بە کەسێتییەک دەکرێت کە داکۆکیکاربووبێت لە بڵاوبوونەوەی هزری یەکسانیخوازی لەنێو کۆمەڵگەدا.

ساڵح بێچار

 

سەرچاوە ؛ سایتی ئاوێنە