كتێبی ''پێوه‌ندی نێوان كورد و كلدان'' چاپ و بڵاو ده‌كرێته‌وه‌

كتێبی پێوه‌ندی نێوان كورد و كلدان له‌ نووسینی ڕێكار ئه‌حمه‌د، له‌ دووتوێی 144 لاپه‌ڕه‌دا له‌لایه‌ن چاپخانه‌ی كارۆ چاپ كرا.

ڕێكار ئه‌حمه‌د نووسه‌ری به‌رهه‌مه‌كه‌، به‌ "وشه‌"ی گوت،  ئه‌مه‌ یه‌كه‌م لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌باره‌ی مێژووی هاوبه‌شی هه‌ردوو نه‌ته‌وه‌ی كورد و كلدان بكرێ، هه‌روه‌ها له‌ نزیكایه‌تی زمانی هه‌ردوو نه‌ته‌وه‌كه‌ و لێكچوونی فه‌رهه‌نگ و سیماناسی بكۆڵرێته‌وه‌.

ئه‌و گوتی، ''له‌م به‌رهه‌مه‌دا به‌پێی توانا هه‌وڵ ده‌ده‌م خوێندنه‌وه‌یه‌كی ڕاستوێژانه‌ بۆ بنه‌چه‌ی كلدان و كورد بكه‌م،  هه‌روه‌ها له‌ ڕێی به‌ڵگه‌ی مێژوویی و په‌یڤی هاوبه‌شی نێوان هه‌ردوو زمانی كوردی و سریانی، ئاكامی باش به‌ ده‌ست دێن، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر داونه‌ریت و كولتووری هه‌ردوو نه‌ته‌وه‌كه‌یش هه‌ڵبسه‌نگێنین و نموونه‌ی جلوبه‌رگ به‌راورد بكه‌ین، له‌سه‌ر ڕاسته‌ڕێیه‌كی گرنگ ده‌گیرسێینه‌وه‌، هیوادارم هه‌ردوو نه‌ته‌وه‌كه‌ش سوودی لێ وه‌ربگرن و لێكۆڵینه‌وه‌ی زیاتری به‌دوادا بێ. ''

وه‌ك زیاتر خستیه‌ ڕوو، له‌ ناواخنی به‌رهه‌مه‌كه‌دا باسی له‌ ته‌وه‌ره‌كانی ئارامی و ئاشووری و كلدان و سریان و كورد و كلدان كراوه‌.

 جه‌ژنی هاوبه‌ش و كولتووری هاوبه‌شی كورد و كلدان و نه‌ژادی هاوبه‌ش یان ئاوێته‌بوون، بیانووی ئاینی بۆ ڕاونان و قڕكردنیان و خه‌باتی هاوبه‌شی كورد و كلدان، سه‌نگایی ده‌نگی 'گ' له‌ زمانی دێریندا له‌گه‌ڵ زمانی كوردی و سریانی و وشه‌ی هاوبه‌ش و لێكچوو و گۆرانی پیتی هه‌ندێك وشه‌ و نێر و مێ له‌ زمانی سریانی و كوردیدا و ده‌نگ و شێوه‌ی پیته‌كان، به‌شێكی تری ئه‌و بابه‌تانه‌ن خراونه‌ته‌ روو.

ئه‌و روونی كرده‌وه‌، پێوه‌ندیی نێوان كورد و كلدان، 21مین به‌رهه‌می چاپكراوی ئه‌وه‌ و له‌ دووتوێی  144 لاپه‌ڕه‌ی قه‌باره‌ ئه‌ی پێنج پێكهاتووه‌ و له‌ چاپخانه‌ی كارۆ به‌ تیراژی 500 دانه‌ چاپ كراوه‌.

رێكار ئه‌حمه‌د ساڵی 1964 له‌ گوێڕی‌ سه‌ربه‌ پارێزگای هه‌ولێر له‌ دایك بووه‌، ساڵی 1968 چووه‌ته‌ فێرگه‌، قۆناغه‌كانی سه‌ره‌تایی و ناوه‌ندی و ئاماده‌یی له‌ هه‌ولێر خوێندووه‌ و دواتر له‌ كۆلێژی ئه‌ندازیاری زانكۆی سلێمانی خوێندوویه‌تی‌.

ماوه‌یه‌ك ئه‌ندامی ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری یه‌كێتی نووسه‌رانی كوردستان بوو، دوای راپه‌ڕینیش بابه‌تی سیاسی و لێكۆڵێنه‌وه‌ بۆ رۆژنامه‌كان ده‌نووسی‌ و له‌ كاری سیاسیشدا چالاكه‌‌، ماوه‌ی ساڵێك ئه‌ندامی كۆنسه‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی كوردستان بووه‌.

 

 

سەرچاوە: wishe