حاشای لێ ناکریت کە لە سەردەمێکدا دەژین حەقیقەت و ڕاستیی، زیاتر لە هەر کاتێکی تر لەژێر مەترسی و چەواشەکاریدان. بڵاوکردنەوەی هەواڵی درۆ و زانیاری ساختە و دروستکردنی بەڵگەی فەیک بە شێوەیەکی بەربڵاو بەشێکن لە تایبەتمەندی ئەم سەردەمە. بۆیە هەندێک لە بیرمەندان باس لە سەردەمی "پاش حەقیقەت" دەکەن. کە "پاش" لێرە نە بە مانای "دوای" بەڵکوو وەک دۆخێک هەژمار دەکڕێت کە چەمکێک -حەقیقەت- گرنگی خۆی لەدەستداوە. حەقیقەت بە شێوازی جۆراوجۆر خراوتە پەراوێز و لەباتی ئەو لەگەڵ قەبارەیەکی زۆر لە ڕاو بۆچوون و هەڵوێست و زانیاری ساختە و هەواڵی درۆ بەرەوڕووین.
کێشەی نێوان حەقیقەت و درۆ، ڕاستیی و ناڕاستیی، تەنیا تایبەتی ئەم سەردەمە نییە، چونکە ئەم کێشە لە بنەڕەتدا کێشەی نێوان سیاسەت و حەقیقەتە، بەڵام تایبەتمەندی ئەم سەردەمە ئەوەیە، ئەم شەڕە بە شێوەیەکی بەربڵاوتر ئەویش بەهۆی گەشەی تەکنۆلۆژیا و گەشەی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان پەرەی سەندووە. دەسەڵاتە سیاسییەکان بەردەوام لە هەوڵی سڕینەوەی حەقیقەت، شێواندنی سنووری نێوان ڕاستیی و ناڕاستیی، یان بەرهەمهێنانی حەقیقەتن لە ڕاستای بەردەوامبوونی دەسەڵاتەکەیاندا.
کورد وەک نەتەوەیەک کە لە قۆناخی ڕزگاریدایە، بەردەوام قوربانی ئەم شێوازە لە هەڵسوکەوت لەگەڵ حەقیقەتی نەتەوەیی و چییەتی خۆیدا بووە. نەیارانی ویستوویانە لە ڕێگای شێواندنی ڕاستیی و حەقیقەتی مێژوویی گەلی کورد ئەویش بە ئامرازی درۆ و چێکردنی بەڵگەی فەیک و ساختە یەکڕیزی ئەم نەتەوەیە بخەنە ژێر پرسیار و ئەگەر بکرێت پارچە پارچەی بکەن.
لەم کورتە یاداشتەدا بە لەبەرچاوگرتنی وتارێکی هانا ئارێنت لە ژێر ناوی "حەقیقەت و سیاسەت" ئاوڕێک دەدەینەوە لە مشتومڕی نێوان حەقیقەت و سیاسەت لە ڕوانگەی ئارێنتەوە.
هانا ئارێنت لەم وتارەدا باس لە دوو جۆر حەقیقەت دەکات: یەکەم حەقیقەتی عەقڵی، وەک حەقیقەتگەلی بیرکاریی، زانستی و فەلسەفی و دووەم حەقیقەتی عەینی، وەک نموونەیەک کە ئارێنت خۆی بەکاری دەبات ڕۆڵی ترۆتسکی لە شۆڕشی ڕووسیا، کە دواتر نێوی لە هەموو بەڵگەکاندا سڕدڕابوویەوە. کەوابوو لەم پۆلێنبەندییەدا بۆمان دەردەکەوێت کە حەقیقەتی عەینی زۆر جار ئەو ئەکت و ڕووداوانەن کە لە پانتایی سیاسیدا لە ئاکامی ئەکەت و ژیانی هاوبەشی مرۆڤەکانەوە دێنەگۆڕێ.
بە گوتەی ئارێنت بەختی مانەوەی حەقیقەتی عەینی لە بەرامبەر هێرشی دەسەڵات لە چاو حەقیقەتگەلی عەقڵی زۆر کەمترە. بەتایبەت حەقیقەتی عەینی زۆر جار لەگەڵ درۆیئاگاهانە یان درۆیەکی ئۆرگانیزەکراو بەڕەوڕوو دەبێتەوە. سڕینەوەی ناوی کورد و ئێنکاری کورد لە مێژوو لە وڵاتی تورکیا ڕەنگە بتوانین وەک درۆیەکی ئۆرگانیزەکراو و بە پلان هەژماری بکەین.
سیاسەت زۆر جار لەگەڵ حەقیقەتی عەینیدا لە شەڕ و ململانێدایە، بەڵام بە گوتەی ئارێنت یەکەمجار مشتومڕ و شەڕ لە نێوان سیاسەت و حەقیەتی عەقڵی هاتەبەرۆ.
ئارێنت پێی وایە بە شێوەیەکی مێژوویی مشتۆمری نێوان سیاسەت و حەقیقەت لە دوو شێوازی جۆراوجۆری ژیان پێکهاتووە: شێوازی ژیانی فەیلەسووف و شێوازی ژیانی هاووڵاتی. فەیلەسووف بەدووی حەقیقەتگەلی ئەبەدی و هەتاهەتاییدایە و هاووڵاتیش بە پێچەوانەوە لە نێو باوەڕانێکدا دەژییت کە بەردەوام لە حاڵی گۆراندان.حەقیقەتی فەیلەسووف ( وەک جهانی مُثل افلاطون) هەتاهەتایی و نەگۆڕە، بەڵام باوەڕ شتێکە کە دەگۆڕێت، یانی باوەڕ لەگەڵ نا دڵنیایدا پەیوەندی هەیە. کەوابوو باوەڕ و حەقیقەت لە بەرامبەر یەکدان. ئەم مشتومڕە تا سەردەمی هۆبز کە ئەو وەک مشتومڕی نێوان ئارگیومێنتی پتەو و هونەری ئاخاوتن پێناسەی دەکرد هەر درێژەی کێشا.
بەڵام لە سەردەمی مۆدێرندا و بە تایبەت لە ڕوشنگەری بە دواوە چی دیکە شەڕی حەقیقەتی عەقڵی و باوەڕ گرنگی خۆی لە دەستدا. و زیاتر جەخت لەسەر وتووێژ و ئاڵوگۆڕی بیروڕا لە نێوان مرۆڤەکان دەکرێت. کە بە گوتەی ئارێنت: پەڕینەوە لە حەقیقەتی عەقڵی بۆ "باوەڕ" بە واتای پەڕینەوەی مرۆڤی تاکی بۆ جڤاکی مرۆڤەکانە... لە جیهانی ئەمڕۆدا، دوایین ئاسەوارەکانی ئەم شەڕە لە نێوان حەقیقەتی فەیلەسووف و باوەڕە باوەکان، لە پانتایی گشتیدا لە نێو چووە. بە گشتی دەبێت بگوترێت لە ئێستادا کاروباری جیهان نە حەقیقەتی دینی دەتوانێت بیشێوێنێت و نە حەقیقەتی فەیلەسووف. کەوابوو ئێستا ئیتر مشتومڕی نێوان باوەڕ و حەقیقەتی عەقڵی شتێکی پەراوێزییە و سڕدڕاوەتەوە.
بەڵام مشتومڕ و ململانێی نێوان حەقیقەتی عەینی و سیاسەت بە شێوەیەکی بەربڵاو درێژەی هەیە. ئەگەر پێشتر لە نێوان حەقیقەتی عەقڵی و باوەڕ مشتومڕێک بوو، ئێستاش بە هەمان شێوە حەقیقەتی عەینی و باوەڕ لە ململانێدان، ئەگەرچی حەقیقەتی عەینی لە گەڵ دیاردەیەکی نامۆش وەک درۆیئاگاهانە و ئۆرگانیزەکراویش بەرە ڕو بووەتەوە.
حەقیقەتی عەینی و باوەڕ هەر دوو پەیوەندییان بە پانتایی سیاسییەوە هەیە. باوەڕ لە حەقیقەتی عەینییەوە سەرچاوە دەگرێت، بۆیە باوەڕگەلێکی جیاواز تا ئەو کاتەی کە حەقیقەتی عەینی نەخەنە پەراوێزەوە دەکرێت قبووڵ بکرێن. بۆ نموونە ئەگەر کەسێک باوەڕی وا بێ کە ڕژیم پاشایەتی لە ئێراندا نەڕۆخاوە قەبووڵکراو نییە؛چونکە پشتی بە هیچ حەقیقەتێکی عەینییەوە نەبەستووە. بەڵام پرسیارێکی جددی کە ئارێنت گەڵاڵەی دەکات ئەوەیە کە: ئایا هیچ حەقیقەتێکی عەینی و سەربەخۆ لە باوەڕ و تەفسیربوونی هەیە؟ بە زمانێکی ئاسایی تر ئەگەر هەموو شتێک تەفسیرە، چۆن حەقیقەت لە باوەڕ جیا بکرێتەوە؟ ئارێنت پێی وایە هەر نەسڵێک مافی خۆیە مێژووی خۆی بنووسێ، بەڵام ئەم مافە بە مانای ئەوە نییە مافی ئەوەیشی هەبێت بتوانێ حەقیقەتگەلی عەینی بە کەیفی خۆی و لەپێناوی بۆچوون و مەبەستەکانی خۆی، سەرلەنوێ دابڕێژێتەوە: مافی دەستبردن لەنێو حەقیقەتگەلی عەینی قبووڵ ناکەین." ئێرنست نۆڵتەیش هەر لە پێشەکی کتێبی "سەدەی بیستەم: ئایدیۆلۆژییەکانی توندوتیژی" قسەیەکی لەم چەشنە دەکات و دەڵێت: زانستی مێژوو شتێکی سوبژێکتیفە، بەڵام ئەگەر مێژووزانێک وا بزانێت لە نووسینەوەی مێژوو پێویستی بە عەینیەت نییە، ئەوە وەک نووسەری ڕۆمانە خەیالییەکانی لێ دێت." لە ئێستادا شەڕی نێوان "حەقیقەتی عەینی" و "باوەڕێکی خەیاڵیی" لە بەشێکی کوردستان واتا ناوچەی هەورامان لە ئارادایە. شاعیرمان هەیە خۆی بە کورد زانیوە و دیالێکتی هەورامی بە بەشێکی گرنگی زمانی کوردی زانیوە، بەڵام هەندێک کەس بە بێ گوێدان بەم حەقیقەتە عەینییە، دەیانەوێت لەپێناوی بۆچوونەکانی خۆیاندا مێژوویەک چەواشە بکەن.و هەرکات ڕەخنەیان لێ دەگیردرێ باس لە باوەڕی خۆیان دەکەن. ئەوە لە حاڵێکدایە کە باوەڕ دەبێت بنج و بنەمای لە حەقیقەتێکی عەینییەوە سەرچاوەی گرتبێت.
ساڵی 2014 کە جامی جیهانی فووتباڵ بەڕێودەچوو، هەواڵێکی سەرسۆرهێنەر لە تیڤی دەوڵەتیی کۆریای باکوور بڵاو کرایەوە: "یانەی تۆپی پێی کۆریای باکوور لە فیناڵی جامی جیهانی توانی لە یانەی پورتەغال بیباتەوە و ببێتە قارەمانی جامی جیهانی فووتباڵ." دیارە ئەمە درۆیەکی سەرسۆرهێنەرە، بەڵام درۆ و فریوکاری دژبەرێکی سەرەکیی حەقیقەتە. کۆریای باکووریش لە ڕێگای درۆ و فریوی خەڵکەکەیەوە دەیەوێت حەقیقەتێکی عەینی بشارێتەوە. بەڵام ئەم شێوازە لە درۆ و فریوکاری، شێوازێکی ئاسایی نییە، بەڵکوو درۆ و فریوکارییەکی ئاگاهانە و ئۆرگانیزەکراوە. بە گوتەی ئارێنت زۆرجار درۆیئاگاهانە چون توانایی ئەوەی نییە حەقیقەت بگۆڕێت، پەنا دەباتە لای ئەوەی کە بڵێ ئەوەی من دەیڵێم باوەڕی خۆمە و گوتنی باوەڕیش مافێکی مسۆگەرکراوە... بە گوتەی ئارێنت سڕینەوەی سنووری نێوان حەقیقەتی عەینی و باوەڕ یەکێک لە شێوازەکانی درۆ و فریوکارییە...."
بە گوتەی ئارێنت کەسێک کە بە شێوەی ئاگاهانە درۆ دەکات، لە واقیعدا خەریکی ئەکتێکە (کنش) چونکە دەیەوێت جیهانێک بگۆڕێت، مێژوو بگۆڕێت و واقعیەت بە پێچەوانەوە نیشان بدات و .... بەڵام کەسێک کە لە بەرەی حەقیقەتدایە بە گوتنەوەی حەقیقەت هیچ ئەکتێکی نەکردووە. وەک نموونەیەکی ئاسایی، کوردبوونی هەورامییەکان لە مێژوودا شتێکی ئاسایی و قبووڵکراو و جێی باوەڕ بووە، کەس خۆی بە جیا نەزانیوە، بۆیە جەختکردن لەسەر ئەم حەقیقەتە لە دۆخێکی ئاساییدا ئەکت نییە. بەڵام کاتێک بە شێوەیەکی ئۆرگانیزەکراو مێژوو چەواشە دەکرێت، درۆ بڵاو دەبێتەوە و سنووری حەقیقەت و درۆ دەشێوێت، دووپاتکردنەوەی حەقیقەتی کورد بوونی هەورامییەکان دەبێتە ئەکتێک. وەک ئارێنت کە دەڵێت: شوێنێک کە هەموو[کەس] لەبارەی هەموو شتێکی گرنگەوە درۆ دەکەن، کەسێک کە حەقیقەت دەڵێ، ئەکتێکی دەستپێکردووە چ خۆی بزانێ چ خۆی نەزانێت و...." بەڵام شەڕی نێوان "درۆزن" و "حەقیقەتبێژ" شەڕێکی هاوسەنگ نییە. وەک چۆن ئەوەی باوەڕی بە هەندێک پرەنسیپ هەبێت، هەرگیز ناتوانێت لە بەرامبەر بێ پرەنسیپێکدا قسە بکات. ئەگەر بە زمانی ئارێنتی قسە بکەین ئەویش دەڵێت: چونکە درۆزن ئازادە، هەر جۆرێک کە بەرژەوەندییەکانی ڕێگای پێ بدات و بە هەر شێوەیەکی گشتی بتوانێ چاوەڕوانیی بیسەرەکانی مسۆگەر بکات "واقعەیەتەکانی" خۆی بەرهەم دەهێنێت. لەبەرامبەردا ئەگەر ئەوەیش هەیە زیاتر لە حەقیقەتبێژ قەناعەت بە [بیسەرەکان] بهێنێت،..."
ئارێنت لە بەشێکی تر لەم وتارەیدا باس لە دوو جۆر درۆ دەکات: درۆی سیاسی نەریتیی کە ئەو نهێنی و زانیاریی و نیەت و پاڵنەرانەن بۆ جێبەجێکردنی سیاسەتێک کە زۆر جار بڵاو نابنەوە و ...و درۆی دووەم ئارێنت وەک درۆی سیاسی مۆدێرن نێوی دەبات. کە ئەم شێوازە لە درۆ کاری بەسەر نهێنیەکانەوە نییە، بەڵکوو بە شتانێک سەرقاڵ دەبێت کە لەبەرچاوی هەموو کەسە، وەک نووسینەوە یان بە لارێدابردنی مێژوو بە گوتەی ئارێنت درۆی ئۆرگانیزەکراوی مۆدێرن، دەیەوێت ئەوشتەی کە ئینکاری دەکات، نابوودی بکات. بۆیە کاتێک دەوڵەتی تورکیا بوونی نەتەوەیەک بە ناوی کورد یان بە گشتی سەرزەمینێک بە ناوی کوردستان ئێنکار دەکات، لە واقیعدا لە بیری سڕینەوە و نابوود کردنیەتی. یان ئەو مێژووزان و ئاکادێمیسیانەی کە لە نووسراوەکانیان "کوردستان" ئێنکار دەکەن، بە دڵنیایەوە بیر لە سڕینەوەی ئەم واقعیەتە دەکەنەوە. کاتێک لە بەڵگە و مێژوودا نەتەوەیەک و سەرزەمینێکت دەسڕییەوە، ڕێگا بۆ کوشتنی لە جیهانی واقیعیشدا دەکەیتەوە.
بەڵام گۆڕین و بنیاتنانی نەزمێکی درۆیین لە جیاتی حەقیقەتێک بە ئاسانی جێبەجێ نابێت، هەر بۆیە درۆی مۆدێرن بەردەوام دەبێت خۆی لەگەڵ دۆخەکەدا بگونجێنێت. ئارێنت وتنی: "کێشەکە ئەوەیە کە بەردەوام دەبێت درۆ و [زانیارییەکی] فەیک کە لە جێگەی حەقیقەت دایانناوە، نۆژەن بکەنەوە، لە دۆخی جیاواز پێویستە هەموو شتێک بگۆڕدڕێت؛ کتێبێکی مێژوو دەبێت جێی خۆی بە کتێبێکی تر بدات، لاپەڕە گەلێک لە ئیسایکلۆپێدیایێک و کتێبێکی ژێدەر دەبێت بسڕدرێنەوە، بڕێک لە ناوەکان دەبێت بفۆتێن و نێوگەلی ناسراو یان کەمتر ناسراو لە جێی ئەوان دابنرێت.... ئەوانەی کە ڕۆڵ و داستانەکان بەردەوام لەگەڵ دۆخی هەمیشە لە حاڵی گۆڕان دەگونجێنن، خۆیان لە بەرامبەر ئاسۆیەکی بەرفراوان لە ئیمکانی بالقوە دەبینن، کە لە ئیمکانێکەوە بۆ ئیمکانێکی تر دەپەڕنەوە و ناتوانن لەسەر هیچکام لە دەستکردە فەیکەکانیان ڕابوەستن."
لە سەرەتاوە ئاماژەمان پێدا کە دۆخی "پاش حەقیقەت" دۆخێکی شپرزە کە سنووری نێوان حەقیقەت و درۆ، ڕاستیی و ناڕاستیی دەشێوێت، بەڵام خالی گرنگی ئەم دۆخە ئەوەیە کە چیدیکە حەقیقەت حەتا ئەگەر بدۆزرێتەوە ئیتر گرنگییەکی ئەوتۆی نەماوە. حەقیقەت وەک گێڕەوەیەکی ئاسایی چاوی لێ دەکرێت و زۆر جاریش لە پەراوێزدایە. بە گوتەی ئارێنت: ئەگەر بەردەوام و بە تەواوی درۆ لەباتی واقعیەت دابنرێت نابێتە هۆی ئەوەی کە درۆ لەباتی حەقیقەت قبووڵ بکرێت و حەقیقەت بەناوی درۆوە حەیای بچێت، بەڵکوو لە ئاکامدا هەستێک کە بە یارمەتی ئەو[هەستە] ئاراستەی خۆمان لە جیهانی واقعی دەدۆزینەوە (و توانایی جیاکردنەوەی نێوان دروست و هەڵە، حەقیقەت و درۆی کەرەستەیی کە خزمەتی ئەم ئامانجەدایە) وێران دەبێت.
شەڕی نێوان حەقیقەت و درۆ و چەواشەکاری ئەم ڕۆژانە بە شێوەیەکی ڕوون و ئاشکرا ناوچەی هەورامانی تەنیوە. کە لە ئاکامەدا قەیرانێکی ناسنامەیی بۆ گەلی کورد لێرە درووست دەکات.
ئارام کەیخوسرەوی
January 24, 2022