حەمە بەگی ڕەسووڵ بەگی «موغاغ» گێڕایەوە وتی: کابرایەکی شێنکێ «قوچاغلی» ناو بوو، کە پێیان ئەوت قوچە، پیاوی «مەخول» هەمەوەن بوو. هەرچەند بهاتایە بۆ سولەیمانی لە ماڵی ئێمە میوان ئەبوو، ئێمەش منداڵ بووین بە شەو ئەچووین بۆ لای باسی جەردەیی بۆ ئەگێڕاینەوە. شەوێک وتی:
جارێک لە گەڵ ساڵحی ئەحمەد نازێ و دوو سواریکە چووین بۆ بەری کۆیە. کاروانێکمان ڕووت کردەوە، سێ ئێسترمان بە بارە برنجەوە هێنا، ئەو شەوە هەتا ڕۆژ بەبێ وچان هاتین، گەیشتینە ناوچەی «شێخ بزەینی». زۆرمان برسی بوو، ئاوایێکی دە دوانزە ماڵیمان لێ دەرکەوت. یەکێ لە هاوڕێکانمان وتی: با بچین لەم ماڵانە نانێک بخۆین... ساڵح وتی: وا دیارە ئەم ماڵانە فەقیرن ئەچینە دێیەکی تر. کابرا وتی: بابە! خۆ ئێمە تاڵانیان ناکەین یەکێ دوو نان ئەخۆین و ئەڕۆین بە کوزی دایکیانەوە! بەم قسەیە نەختێ پێکەنین.
چووین تا نزیک ئاوایی، لەوێ زەلامێک ئەسووڕایەوە، لێمان پرسی: برا پیاو ماقووڵی ئەم دێیە کێیە؟ وتی: من و کاکەم. لێمان پرسی: تۆ چی ئەکەی لێرە؟ وتی: تەپاڵە ئەچنمەوە! وتمان ئەی: کاکەت لە ماڵە بچین ببین بە میوانی؟ وتی: نەوەڵا شوانی گوێرەکەیە وا لەو کەژە! ئیتر لوس و باریک بە سکی برسی بە جێمان هێشت...
دێیەکی تری نزیک هەبوو هاتینە ئەوێ، زەلامێک لە قەراخ ئاوایی وەستابوو، لێمان پرسی: ئەم دێیە هی کێیە؟ وتی: هی منە. وتمان: ئەی تۆ چی ئەکەیت لێرە؟ وتی: فڵانی، مسکێنەکان سەگی زۆریان هەیە چاوەڕێم یەکێک بێت ڕەوانەم بکات! کە وامان زانی ناچار ئەوێشمان بەجێهێشت!
دێیەکی تر دیار بوو کە سەیرمان کرد وا شایی و ڕەشبەڵەکە و بووە بە هەرا. وتمان دیارە لێرە شڵپەیە، چووین خۆمان کرد بە ماڵێکی گەورەدا، بە ڕاستی زۆر بە تفاق بوون. ژنێکی تەڕپیری کەمەرە لە پشت، پوێلەدار، مێخەکبەن لە مل، سێ چوار دانی لە پێشەوە کەوتبوو، لە شاییەکەدا تەماشامان کرد لە جیاتی دەهۆڵ و زوڕنا دوو کوڕی هەرزەکاری دەنگخۆش گۆرانیان ئەوت، خەڵکەکەیش ژن و پیاو هەڵئەپەڕین، بەڵام گۆرانییەکەیان هەر ئەوە بوو ئەیانوت:
لە بۆی مێخەک و بۆی سمڵ
ئەبزوێنێ مردوو لە گڵ
کەمەرە و لوولە و پوێلەکەی
ملوێنکی زێڕە وا لە مل!
لە سەر یەک لە سەر یەک ئەیانوتەوە. ساڵح لە ژنەکەی پرسی: ئەوە چییە! ئەم کوڕانە هەر ئەمە ئەزانن وا شتی تر ناڵێن؟ ژنە تەڕپیرە وتی: بە قوربانت بم چووزانم؟ ئەوە ئەو هەتیوە حیزانە ئەم گۆرانییە هەر بە ملوانکەکەی منا هەڵئەدەن و مەبەستیان من و مێخەک و سمڵەکەی منە.