ساڵح ژاژڵهیی
سەرەتا بە قسەی مس بیل سیاسەت مەداری بەریتانی دەست پێ دەكەم كە لەساڵی 1919 لە عێراق دەبێت و تا ڕادەیەكی باش گەلی كوردی ناسیوە . بەڕاستی بۆچونەكەی لەو كاتەدا لە بارەی ئێمەی كوردەوە ئەوەندە پڕماناو ڕاست و دروست و گرنگن جێی خۆیەتی قسەكانی ئەوببنە ویردی سەرزمانی هەموو تاكێكی كور و نەوە بۆ نەوەی دوای خۆی بگێڕێتەوە بەوهیوایەی ڕۆژێك بێت و میللەتی كورد بە هۆش خۆی بێتەوە .
مس بیل بەم شێوەیە پێناسەی میللەتی كوردی كردوە: ( گەلی كورد گەلێكی خێڵەكی دواكەوتون و بە كەڵكی حوكمڕانی نایەن چونكە هەمیشە لەناو خۆیاندا ناكۆكن و شەڕی یەكتری دەكەن و ئەوەندەی ڕقیان لە خۆیانە ، ئەوەندە ڕقیان لە شەیتان نییە . ئەم بەشەی قسەكانی دوایی زۆر گرنگە و پەیوەندی بە ئێستامانەوە هەیە كە دەڵێت: هەرگیز ناتوانن لەسەر سەركردەیەك كۆك و هاودەنگ بن ).
بۆ ئەوەی ڕاستی و دروستی قسەكانی ئەو خانمە سیاسەت مەدارە بسەلمێنین كە پێش 104 لەمەوبەرسەبارەت بە گەلی كورد وتویەتی دەبێ لانی كەم بگەڕێینەوە بۆ سەرەتای دەست پێكردنی شوڕشی ئایلول و زۆر بە خێرای و بەسەرپێی كۆی ڕوداوەكانی ئەو كاتە تا ئێستا وەبێری خوێنەرانی ئازیز بهێنمەوە بۆ ئەوەی بگەن بە ڕاستییەكان .
لە 11 ئایلولی ساڵی 1961 شۆڕشی كورد بە ڕابەرایەتی پارتی دێموكراتی كوردستان و سەرۆكایەتی مەلا مستەفای بارزانی دەسـی پێكرد . لە ساڵی 1964 ناكۆكی كەوتە نێوان مەلا مستەفاو بەشێك لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و لەئەنجامدا مەلا مستەفا ئەوانەی دەركردو ڕاوی نان بۆ ناو ئێران ، دواجار ئەمانە بە باڵی جەلالی ناسران . دوایی ماوەیەك گەڕانەوە بۆ عێراق و لەبەر ئەوەی نەیانتوانی لەگەل مەلا مستەفا پێك بێنەوە ، چونە پاڵ حكومەتی عێراقی و چەكیان دژی مەلا مستەفا هەڵگرت . لە ساڵی 1970 مەلا مستەفا لەگەڵ حكومەتی بەغدا لەسەر پێدانی حوكی زاتی پێكهات و شەڕ بۆ ماوەی 4 سال ڕاگیرا . بە هۆی ئەوەی حكومەتی عێراقی داواكانی كوردی جێبەجێ نەكرد ، ساڵی 1974 چارێكیتر شەر دەستی پێكردەوە لە نێوان هەردوو لادا . ساڵی 1975 ئێران و عێراق لە جەزائیر ڕیكەوتنیان كرد بەو مەرجەی ئێران هاوكاریەكانی بۆ هێزی پێشمەرگە ببڕێت . لەئەنجامدا مەلا مستەفا بڕیاریدا كۆتایی بە شۆڕش بهێنێت .
ساڵی 1976 یەكێتی نیشتمانی كوردستان شۆڕشی دەست پێكردەوە . پارتیش هاتەوە ناو مەیدانەكەوە بەڵام لە بری ئەوەی شەڕ لەگەل دوژمن بكات ، شەڕی یەكێتی دەست پێكرد و كارەساتی زۆر گەورە[D1] ڕویدا ، خرابترین نمونە كارەساتی هەكاری كە 700 پێشمەرگەی یەكێتی تێدا چون . لە لە ساڵی 1976 كە شۆڕشی نوێ دەستی پێكردەوە تا ئەو كاتەی حكومەتی عێراقی ئەنفال و كیمیابارانی دەست پێكردو هەموو گوندەكانی وێران كردو دوای ساڵی 1988 هەموو حیزب و لایەنەكان بەشێك لە هاوڵاتیان چونە ناو ئێرانەوە .
قۆناغی ڕاپەڕین و دوای ڕاپەڕین و حوكمڕانی
زۆرینەی خەڵك ئاگاداری ڕاپەڕینە مەزنەكەی گەلی كوردن لە ساڵی 1991 پاك كردنەوەی هەموو خاكی هەرێمی كوردستان لە دەسەڵاتی بەعس . زۆرینەش ئاگاداری كۆڕەوی یەك ملیۆنی بون بۆ ئێران و توركیا . دوای ئەوە ئەمەریكاو هاوپەیمانان هاتنە سەرخەت و زۆر بە باشی بە هانای كوردەوە هاتن و خەڵك لە ئێران و توركیا گەڕانەوە . لە ساڵی 1992 بۆ یەكەم جار هەڵبژاردن ئەنجامدرا و هەرێمی كوردستان بوو بە خاوەنی پەڕلەمان و دام و دەزگای حكومەت .
لە بری ئەوەی سەركردەكانی كورد پەند لە ڕابوردو وەرگرن و ئەم هەلە بقۆزنەوەو وەكو گەلێكی ستەم دیدە خۆیان نمایش بكەن ڕیزەكانیان یەك بخەن و كۆتایی بە شەڕی یەكتری بهێنن بۆئەوەی هاوپەیمانان زیاتر هاوكاری كورد بكەن ، هەر وەكو ڕابوردویان دەستیان كردەوە بە شەڕی یەكتری . پارتی لە 31 ئابدا سوپای عێراقی هێنایەوەبۆ هەولێرو و تەلاری پەڕلەمان كەوتە ژێر پۆستاڵی سەربازانی عێراقی و زنجیری دەبابەی عێراقی بە سەدان پێشمەرگەو هاوڵاتی شەهید بون دوای ماوەیەكی زۆرو هەوڵێكی زۆری دۆست و دوژمنان دواجاربە نێوەندگێری ئەمەریكا یەكێتی و پارتی ڕێك كەوتنەوەو حكومەتێكی بەناو یەكگرتویان پێك هێنایەوە . دوای دەركەوتنی داعش و داگیركردنی بەشێكی زۆری عێراق ، كورد توانی ڕۆڵیكی گرنك و كاریگەر ببینێت وبەو هۆیەوە هەلێكی زێڕینی بۆ هاتە پێشەوە ئەگەركەمێك شارەزای سیاسەتی نێودەوڵەتیان هەبوایە ، ئێستا كورد لەوپەڕی بەهێزیدا دەبوو .
حكومەتی عێراقی زۆر لە هەرێمی كوردستان لاوازتر بوو ، هەم لە ڕوی سەربازی و هەم لە ڕوی دارییەوە . كێشەی شیعەو سوننە زۆر گەورە بوو . هیچ لایەكیان بڕوایان بە ئەویتر نەبوو . كورد خاوەنی هێزێكی باش بوو . هاوپەیمانان بە هەموو شێوەیەك هاوكاری هێزی پێشمەرگەیان دەكرد .
لە شەڕی ئازاد كردنی موسڵدا پێشمەرگە ڕۆڵی باشی بینی و هەرێمی كوردستان بوو بە خاوەنی پێگەیەكی باش . لە بری ئەوەی بەرپرسانی هەرێم ئەم هەلە زێڕینە بۆ بەرژەوەندی دواڕۆژی ئەم میللەتە بقۆزنەوە بەڵام سەد مەخابن نەیانتوانی بارودۆخە بخەنە بەرژەوەندی كێشەی كوردەوە . حیزبەكانی تری هەرێمی كوردستانیش كە ڕۆڵی كۆمپانیای بازرگانیان دەبینی بەردەوام ناكۆكیەكانی نێوان پارتی و یەكێتیان بۆ بەرژەوەندی خۆیان دەقۆزتەوە .
دوای ئەوەی حكومەتی هەرێم بڕیاریدا ئابوری سەربەخۆ ڕاگەیەنێت و نەوت دەرهێنێت و بیفرۆشێت ، بەغدا بەشە بودجەی هەرێمی بڕی . بەرپرسانی هەرێمیش لە لایەك بە هۆی نەزانین و نەشارەزاییان لە ئیدارەدانی فرۆشتنی نەوت و لە لایەكی تریشەوە لە پێناوی تاڵانكردنی بەشێكی زۆری داهاتی نەوت بۆ حیزب و بنەمألەكان ، نەیانتوانی ئیدارەی هەرێم بدەن و ناچار بون نێوە موچەو لێبڕینی موچەو دواخستنی موچەیان داهێنا .
بەوەش هیچیان بۆ نەكراو 30 ملیار دۆلاریش قەرزیان خستە سەر شانی هاوڵاتیان . دوای ئەمانە دادگایەكی فەڕەنسی هەناردەكردنی نەوتی لە لایەن هەرێمەوە بە نایاسایی دانا. كەواتە هەرێم هیچی لە دەستا نەماو بەناچاری ڕوی كردەوە عێراق . لە هەموو ئەمانە خرابتر ئەوەبوو كە مەسعود بارزانی تاك لایەنە بڕیاری ڕیفراندۆمی داو بەو هۆیەوە نیوەی زیاتری خاكی هەرێممان لەدەستدا ، ئەمە لە كاتێكدابوو كە وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا نامەیەكی درێژی بۆ مەسعود بارزانی نوسیبو كە ئێستا كاتی ڕیفراندۆم نیەو كورد زەرەر دەكات و ئەگەر بۆ ساڵێك دوای بخەن ئەوان دەبنە كەفیل و كێشەكانیان لەگەڵ عێراق بۆ چارەسەر دەكەن ، بەڵام بەداخەوە مەسعود بارزانی وەڵامی نەدانەوەو بە قسەشی نەكردن . بۆیە لە ئێستادا ئەمەرێكا ئەو گەرم و گوڕیەی جارانی نەماوە بۆ هاوكاری هەرێمی كوردستان.
حیزبەكانی سەردەمی شاخ
لە ساڵی 1976 یەكێتی نیشتمانی بە تەنها شۆڕشی دەست پێكردەوە . دوای یەكێتی پارتیش هاتەوە ناوگۆڕەپانەكە . سامی عەبدول ڕەحمان كە پێشتر بەرپرسێكی باڵای ناو پارتی بوو ، حیزبی گەلی دروستكرد. جگە لەو حیزبانە پاسۆك و حیزبی شیوعیش بونیان هەبوە لە گۆڕەپانەكە . دوای كارەساتی هەكاری بەشێكی زۆری باڵی بزوتنەوەی ناو یەكێتی نیشتمانی لە یەكێتی چونە دەرەوەو حیزبی سۆسیالیستی كوردستانیان پێك هێنا .
دوای ئەوە بەشێكیش لە حیزبی سۆسیالیست جیابونەوە حیزبی زەحمەتكێشانیان پێك هێنا . دواجار باڵی كۆمەڵەی ڕەنجدەرانی ناو یەكێتیش كێشەی تێكەوت و ژمارەیەك لە سەركردەو كادیری ناو كۆمەڵە بڕیاری جیابونەوەیان دا بۆ پێكهێنانی ڕەوتێك بەناوی ئاڵای شۆڕش كە دوایی بە ئاش ناسران . بەڵام پێش جیابونەوەكە سەركردەكانی ئەو باڵە گیران و هەندێكیش لە كادیرەكانیان پەڕتەوازەبون و هیچیان بە هیچ نەكرد
حیزبەكانی سەردەمی حوكمڕانی
حیزبەكانی سەردەمی شاخ كە لە سەرەوە ناوم هێناون لە ئێستادا پارتی و یەكێتی و شیوعی و سۆسیالیست وزەحمەت كێشان ماون . جگە لە حیزبەكانی سەردەمی شاخ لە ئێستادا لە گۆڕەپانەكەدا ئەم حیزبە بەناو ئیسلامیانەش دروست بون : یەكگرتوی ئیسلامی ، كۆمەڵی دادگەری ، بزوتنەوەی ئیسلامی . بزوتنەوەی ئیسلامیش بۆتە دوو بەشەوە . ئەوەی لە سەرەوە نوسیومە سەبارەت بە شۆڕشی كورد لەساڵی 1961 تا ئێستا تەنها چەند سەرەقەڵەمێكی كورتن و بۆ ئەوە بوو هەموان باش بزانن كەچۆن شۆڕشگێرەكانی سەردەمی خەباتی شاخ لە بری ئەوەی بەردەوام یەكگرتوبن دروشمی تەبایی و ئاشتەوایی بكەنە بەرنامەیان ، بەردەوام ناكۆكیان هەبوەوشەڕی یەكتریان كردوەولەبەر ناكۆكیەكانی ناوخۆیان دوژمنیان لە بیر چۆتەوە . ئەگەر سەرنج بدەن لە ساڵی 1976 تەنها یەكێتی لە گۆرەپانەكەدا بونی هەبوو ، بەڵام بە تێپەڕبونی ڕۆژگار چەندین حیزبی تر دروست بون . دروستبونی حیزبی زۆر بە مانای پێشكەوتن نایەت بە تایبەتی لە قۆناغی ڕزگاری نیشتمانیدا، چونكە تا ژمارەی حیزبەكان زیاد بكات ، كێشەكانیش زیاد دەكات .
كاتێك سامی عەبدول ڕەحمان حیزبی گەلی دروست كرد ، یان بەشێك لە بزوتنەوەی ناو یەكێتی جیابونەوەو حیزبی سۆسیالیستی كوردستانیان دروست كرد ، یان كە بەشێك لە حیزبی سۆسیالێست جیابونەوەو زەحمەتكێشانیان دروست كرد ، یان كە بەشێكی كۆمەڵەی ناو یەكێتی ویستیان جیاببنەوە بەناوی ئاڵای شۆڕش ، نەك نەیانتوانی هیچ خزمەتێك بە كێشەی كوردبكەن ، بەڵكو ڕیزەكانی كۆمەڵگایان پەرت پەرت كرد، بەسەدان كوڕی خەڵكیان بە كوشتدا ، دڵی خەڵكیان لە خەبات و پشتیوانی شۆڕش سارد كردەوە بۆیە خەڵك لە ڕقی ئەوان دەبونە جاشی حكومەت ئەو كاتە ژمارەی پێشمەرگەی هەموو لایەنەكان نزیكەی 10 هەزار پێشمەرگەدەبون ، لەبەرامبەردا 150 هەزار كورد ببونە جاشی حكومەت .
ئەو جیابونەوەولێكترازانانەی لەناو حیزبەكاندا ڕویان دەدا هەموی لەسەر بەرژەوەندی شەخسی كوێخایەتی بوو . خۆ ئەو كات پێشمەرگە وەكو ئێستا پارەو سامانی لەبەر دەستدا نەبوو تا شەڕی لەسەر بكەن بەڵكو سەركردەكانی ناو هەرحیزبێك بەردەوام لەكێشەی ئەوەدابون كامیان كوێخا بێت . كاتێك كە چارەەسەری كێشەكانیان دەگەیشتنە بن بەست، جیابونەوە دروست دەبوو، هەموو جیابونەوەكانیش شەڕو ئاژاوەو كوشتنیان بەدوای خۆیاندا دێنا .
ئەوانەشی كە دەبونە هۆكاری كێشەكان پاساویان دەهێنایەوە ئەوە لەسەر بۆچونی جیاوازو چۆنیەتی بەڕێوەبردنی حیزب بووە . ئەگەر بە وردی سەرنج بدەن لە دەست پێكی شۆڕشی ئایلولەوە تا ئێستا بزوتنەوەی كوردایەتی لە پاشەكشەی بەردەوامدا بووە. هەستی نەتەوایەتی وئینتیمای تاكی كورد بەرەو لاوازبون چوە. ئەگەر سەركردەو سەركردایەتی حیزبەكانی سەردەمی شاخ پاساویان هەبوبێت بۆ دروست بونی ناكۆكیەكانی نێوانیان وبڵین: لە سەردەمی خەباتی شاخدا بارودۆخ خراپ و نەگونجاو بوەو هەل و مەرجەكان ڕێگەیان پێ نەداون كە بتوانن كێشەكانیان چارەسەر بكەن و دوژمنەكانی كوردیش هەمیشە لەكەمیندابون بۆ لێدانی كوردو ئەگەرلە ناچاریشدا دا پەنایان بۆ كاری ناڕەوا بردبێت بەرامبەر بە یەكتری ، ئەی باشە بۆ دوای ڕاپەڕین و حوكمڕانی بە هانەیان چییە كە بەردەوام كێشەو ناكۆكیان هەیەو یەكتری ڕەت دەكەنەوە ، لە كاتێكدا باشترین هەلی زێڕینیان بۆ هاتۆتە پێشەوەو نیوەی دنیا پشتیوانی لە كورد دەكات .
كەواتە تا ئێرە قسەكانی مس بیل سەد دەر سەد ڕاستن كە وتویەتی : كوردەكان بەكەڵكی حوكمڕانی نایەن چونكە زۆر دواكەوتون و بەردەوام شەڕی یەكتری دەكەن و هەرگیز لەسەر سەركردەیەك ڕێك ناكەون . لە ئێستادا كێشە لەناو هەموو حیزبەكاندا هەیە ، بەڵام هۆكاری كێشەكان بە پلەی یەكەم یەكێتی و پارتین . لە ڕاستیشدا كلیلی چارەسەر لای پارتیە ئەگەر بیەوێت چارەسەری كێشەكان بكات . یەكێتی و پارتی دوو حیزبن كە هەر یەكەیان خاوەنی جەماوەرو هێزی چەكداری خۆیانن . نەدەتوانن پێك بێن و نە دەشتوانن یەكتری لەناو بەرن . بە بۆچونی من تا ئەم دوو حیزبە شان بە شانی یەكتری حوكمڕانبن ، بەردەوام حاڵی كورد لە ئێستا خرابتر دەبێت .
ئەم دوو حیزبە لە پێناوی مانەوەی خۆیاندا لە هەوڵی بەردەوامدا بۆ ئەوەی كامیان دەتوانێت زۆترین ژمارەی خەڵك یان زۆترین حیزبی سیاسی گۆرەپانەكە بكەنە پشتیوانی خۆیان . یان زۆرترین سازش بۆ دوژمنان بكەن . لێرەوە كارەساتە گەورەكە دروست بوە . ئەوبۆشاییە سیاسیەی لە نێوان یەكێتی و پارتی دروست بوە ، لە لایەن كۆمەڵێك حیزبی ترەوە پڕكراوەتەوە كە ڕۆڵی دوكانی سیاسی دەبینن . واتە هەر حیزبە كۆمەڵێك خەڵكی لە دەوری خۆی كۆكردۆتەوە هەندێكیان بەناوی نیشتمان پەروەری و هەندێكی تریش بەناوی بەرگریكردن لە پەرچەمی ئیسلام . ئەندامان و لایەنگرانی هەوو حیزبەكان لە ئێستادا بێ جیاوازی زۆرینەیان بونە بازرگانی سیاسی و لە پێناوی بەرژەوەندی خۆیاندا كار دەكەن نەك بەرژەوەندی گشتی .
بزوتنەوەوی گۆران لە هەڵبژاردنی ساڵی 2009 توانی 25 كورسی پەڕلەمان بهێنێت و یەكێتی 18 كورسی بەدەست هێنا . بەڵام لەبەر ئەوەی یەكێتی خاوەنی هێزی چەكداری خۆی بوو ، بەڵام گۆڕان هێزی چەكداری نەبوو نەیتوانی هیچ گۆڕانكارییەكی سیاسی بكات . پارتی بە بەرچاوی هەموانەوە سەرۆكی پەڕلەمان كە گۆڕان بوو لە گەڵ وەزیرەكانی گۆڕانی هەر دەركرد .
لێرەدا مەبەستی من ئەوەیە خۆ حیزبە ئیسلامیەكان و زەحمەت كێشان وشیوعی و سۆسیالیست و نەوەی نوێش باش دەزانن كە ناتوانن هیچ گۆڕانكاریەك بكەن ئەگەر بەشداریش بن لە پەڕلەمان و ئەو چەند ساڵەی ڕابردو كە بەشداربون لە پەڕلەمان شاهیدی ئەوەن . هەموو لایەك باش لەوە تێگەیشتون كە ئەو حیزبانەی كە دەزانن هیچ كاریگەرییەكیان لە پڕۆسەی سیاسیدا نیەو هیچیان پێ ناكرێت ، هۆكاری بەردەوامبونیان بۆ بەدەست هێنانی بەرژەوەندی شەخسی كۆمەڵێك كەسی ناو ئەو حیزبانەیە . ئەوەی ئێستا بۆ هەموو هاوڵاتیان ڕون بۆتەوە ئەوەیە كە كەم كەس ماوە لەم هەرێمە ئینتیمای نیشتمانی مابێت .
كاتێك هەڵبژاردن نزیك دەبێتەوە ، لە كوێ پاروی چەور هەبوو ئەوان لەوێ دەبن . تا یەكێتی و پارتیش هەبن ، پاروی چەور بەشی ئەوانە هەر دەبێت . زۆربەی ئەو حیزبانە بونە دوكانی سیاسی و كۆمەڵێك لێی سود مەند دەبن . باشە كە ئەمانە كار دەكەن بۆ بەرژەوەندی گشتی و دەزانن یەكێتی و پارتی چەندین ساڵە سامانی ئەم هەرێمە بەتاڵان دەبەن .هیچ نەبێ با لە كاتی هەڵبژاردندا بە یەك لیست دابەزن .كەواتە بۆچی ئەوە ناكەن ؟.ئەوانە خرێكی بازرگانیكردنن و نیشتمان لای ئەوانە هیچ بایەخێكی نییە .
ئێستا كورد لە خەباتی سیاسی و حوكمڕانیدا قۆناغێكی تریش بەرەو دواوە گەڕایەوە . حیزبەكان ئەوەندە بچوك بونەوە بە بەریانەوە نەماوە لەوە بچوكتر ببنەوە، بۆیە دەبینین بۆ ئەم هەڵبژاردنەی پەڕلەمان كە كەس نازانێت چۆنو كەی ئەنجام دەدرێت چەندین كۆمەڵ و جەماعەت لە ڕێگای لیستی تایبەتەوە خۆیان ئامادە كردوە بەشداری هەڵبژادن بكەن چیان پێ دەكرێت ؟. گریمان هەر لیستێك لەولیستانە 5 ئەندام پەڕلەمانی بردەوە ، با ئەمانە لەپەڕلەمان هەر قسە بكەن ، خۆ پێش ئەمانیش زۆر بون ئەوانەی قسەیان كرد ، بەڵام چییان گوڕی ؟.
ئەوانەی كە لێستی نوێان دروست كردوە بۆ ئەوەی بچنە هەڵبژاردنەوە خۆیان پێش وەخت زۆر باش لەوە تێ گەیشتون كە ناتوانن هیچ گۆڕانكاریەك لە گۆڕەپانی سیاسیدا بكەن، بەڵام هەرچۆنێك بێت چەند كورسییەك بەدەست دێنن و خۆشیان دەبنەوە بەئەندام پەڕلەمان و ماوەی چوار ساڵ پارەیەكی موفت وەردەگرن و بەردەوام قسەی قەبەو زل دەكەن و خۆ ئەگەر نەشیان توانی هیچ بە هیچ بكەن ئەوە پاساو زۆرە بیهێننەوەو گرنگ ئەوەیە خۆیان دەمیان كەوتۆتەوە ناو كێكە چەورەكەو هەر بۆ ئەوەش لیستیان پێك هێناوە كە بازرگانی بكەن و پارە پەیدا بكەن .
سەیركەن چۆن بەشێكی تریش لە ئەندام پەڕلەمانەكانی حیزبەكانی تر كە پێشتر زمانیان یەك بستو نیو درێژدەكرد و ڕەخنەیان لە خەڵك دەگرت چۆن ئێستا وەكو گورگی برسی لەدەرگای ئەم ئەو دەدەن ، دەپرسن ئەری ئەگەر بێینە لای ئێوە دەمانكەن بە ئەندام پەڕلەمان و هەر فەرمویەك یان سەرلەقاندنێكیان بەسەو ئەوەی لە سەرەتای ووتویانە حەیا قەترەیەكە كەتكا ، هیچ بەهایەك نامێنێت . زۆر بە داخەوە بزتنەوەی گۆڕان كە جێگەی ئومێدو موتمانەی جەماوەر بوو ، بەڵام لە بری ئەوەی كار بكات بۆ گۆڕینی سیستەمی حوكمڕانی ، كۆمەڵێك دەم ڕوتی سیاسی و بازرگانی سیاسی دروست كردن كەئابڕوی سیاسەتیان برد.
كێشەكانی ناو پارتی و یەكێتی و دروستبونی ئەو هەموو حیزب و لایەن و گروپانە بارودۆخێكی زۆر خراپی هێناوەتە پێشەوەو هەرچی قیەمی ئەخلاقی و سیاسی وكۆمەڵایەتی بۆ كۆمەڵگا نەهێشتۆتەوە . تاكی ئەم كۆمەڵگایە هیچ ئینتیمایەكی نیشتمانی نەماوەو كار گەیشتۆتە ئەوەی زۆر بەداخەوە مامۆستای زانكۆ و دادوەرو نوسەرو ڕۆشنبیر و كەسانی خاوەن پێگەی كۆمەڵایەتی لە پێناوی بەرژەوەندی و دەسكەوتی تایبەتی خۆیاندا خەریكی سەفاو مەروان لە نێوان حیزبەكاندا.
ئەوانە زۆر بە هەرزان كەسایەتی خۆیان بە كەسانی زۆر بێ كەسایەتی هەڕاج دەكەن و واز لە هەموو بەها ئەخلاقیەكانی خۆیان دینن و ئەگەر قسەشیان لەگەڵ بكەی ، پاساوی ئامادەیان پییەو لەگیرفانیان بۆت دەردێنن . قسەكەی لیننی مەزن ڕێك دەڵێی بۆ ئەم سەردەمەی كورد وتویەتی كە دەڵێت: ڕۆشنبیران بە توانیترین خەڵكن بۆ خیانەت ، چونكە بە تواناترن بۆپاساو هێنانەوە .
خۆ ئەگەر ئاوڕێك لە فراكسیۆنە كوردیەكانی كورد لە بەغدا بدەینەوە ، بە ئاشكرا بۆت دەردەكەوێت ئەوەی هەندێك لەوانە دەیكەن دەچێتە بواری خیانەتەوە . ئەگەر بە وردی گوێ لە وتە بێژەكانیان بگرێت بۆت دەردەكەوێت ئەمانە بەردەوام خەرێكی ئەوەن هەرچی لە هەرێم ڕویداوەو لە ژێر بەڕەیە دەیخەنە سەر بەڕەو تەنانەت نەهێنی شەخسی تاكی كوردیش باس بكەن تەنها لەبەر ئەوەی بڵین ئێمە هەین . كەواتە بەغدا پێویستی بەوە نەماوە بەدوای زانیاریدا بگەڕیت و لە نزێك خۆیان زۆر بە هەرزان زانیاری زۆر گرنگیان سەبارەت بە هەرێم دەست دەكەوێ .
ئەندام پەڕلەمانەكانی كورد لە بەغدا كە بەسەر فراكسیۆنەكاندا دابەش بون ، لە بری بەرگریكردن لە بەرژەوەندیەكانی كورد ، بەردەوام خەریكی سوكایەتیكردنن بە كورد . ئەگەر ڕاست دەكەن با هەمویان لە سەر جوتیارەكانی پەڵكانە بێنە دەنگ و هەڵوێست وەرگرن . بەر پرسانی حكومەتی كار بەڕیكەری دوو ئیدارەیش لە بارودۆخێكی باشتردا نییە و لە بری ئەوەی كار بكەن ئاشتەوایی و چارە سەركردنی كێشەكان ، كار بۆ تێكدانی دەكەن . سەیركەن نێچیربارزانی دەچێتە تاران و چی لە بارەوە دەڵین . مەسرورو بافڵیش هەر یەكەیان بە جیا سەردانی ئەمەریكا دەكەن و هەر یەكەشیان بە جیا مامەلە بە میللەتی كوردەوە دەكەن .
ئێران هەوڵیر موشەك باران دەكات بە بەهانەی ئەوەی بنكەی موسادی ئیسڕائیلی لێیە كەوا نییە و واشی لێك دەدەنەوە كە یەكێتی ئەوەی پێخۆشە . پارتی زۆر باش دەزانێت كە هۆكاری موشەك بارانكردنی هەوڵێر یەكێتی نییەو ئێران بەهانە دەگرێت . بەڵام سەد مەخابن پارتی كارێكی ئەوەندە قێزەون و نا نیشتمانی ئەنجامدا كە لە قاموسی هیچ نەتەوەیەكی جیهاندا بونی نییە .
لە كاتێكدا سەرۆكی حكومەت پارتییەو ئەگەر بە ناویش بێت سەرۆكی زونی سەوزیشە چۆن ڕازی بوو ، یان ڕێگای دا لە ڕۆژنامەی خەباتدا كە زمان حاڵی حیزبەكەی خۆیەتی ئەوە بڵاو بكرێتەوە كە یەكێتی نیشتمانی مەشق و ڕاهێنان بە پێشمەرگەكانی پەكەكە دەكات . ئەمە لەكاتێكدایە كە توركیا بە ئاشكرا چەندین جارە هۆشداری دەداتە یەكێتی و پێان دەڵێت: ئەگەر واز لە هاوكاری پەكەكە نەهێنن بێدەنگ نابین و دوایی گلەیی مەكەن . كەواتە ئەم لێدوانەی پارتی ڕێك بۆ ئەوەیە هانی توركیا بدات كە دەست لە سنووری سلێمانی بوەشێنن . كەواتە ئەگەر توركیا بە هەر شێوەیەك هێرش بكاتە سەرسنوری سلێمانی ، خەڵك حەقی خۆیەتی و بۆشیان هەیە بڵێن ئەوە لەسەرلێدوانەكەی پارتییە . ئەی باشە یەكێتی ناو میللەتی كورد بەرەو كوێ هەنگاو دەنێت ؟.
خوێنەری ئازیز دوای خوێندنەی ئەم بابەتە دەگەیتە دوو ئەنجام :
یەكەم : ئەو قسانەی مس بیل 104 ساڵ لەمەوبەربەرامبەر بە كورد كردویەتی تەواو ڕاستن و تا ئەم كاتەی ئێستا ئێمەی تێدا دەژین كورد لەسەر هەمان ڕێگا بەردەوامە.ئاخرسەركردەكانی ئەم میللەتە كە چەندین ساڵە ئەگەر بە ناویش بێت ، خەبات دەكەن لە پێناوی ڕزگاركردنی میللەتەكەیاندا ، بەڵام بەلاتانەوە سەیر نییە تا ئێستا ئەم سەركردانە خۆیان نە ناسیبێت و نەزانن بۆچی خەبات دەكەن ؟.
ئەی بەلاتانەوە سەیر نییە سەدەو نێوێك لەمەوبەر سیاسەتمەداران لەو پەڕی دونیان بە جۆرێك ئێمەیان ناسیبێت ، كە ئێمە خۆمان ئاوا نەناسیبێت ؟. كەواتە تا ئەم میللەتە گۆڕانكارییەكی گەورەی بەسەردا نەیەت و سیاسەت مەداری لێزانی تێدا دروست نەبێ كە ئەوەندە عەقڵی كراوە بێت ، كە بزانێت چۆن هەڵس و كەوت دەكات ، هەرگیز بەم سیاسەت مەدرارە عەقڵ داخراوانە ناتوانرێت هیچ بۆ ئەم میللەتە بەدەست بهێنرێت .
دووەم : ئەم قۆناغەی ئێستای ئێمە تێدا دەژین لە بری ئەوەی ببێتە قۆناغێكی بنیات نانی ژێر خانی ئابوری هەرێم و چارە سەری كێشەكان و پتەو كردنی پەیوەندی ڕیزەكانی گەل وبەهێزكردنی خۆشەویستی بۆ نیشتمان و گێرانەوەی ئینتیمای نیشتمانی بۆ تاكی كورد ، بۆتە قۆناغی خۆهەڕاجكرن و نیشتمان فرۆشتن لەپێناوی دەسكەوتی شەخسی و حیزبێدا .
سەركردە بڕیار بەدەستەكانی ئێستای كورد ، كێ بڕكێ لەسەر ئەوە دەكەن كە كامیان ئازاترە لەوەی زۆرترین سازش بۆ دوژمنان بكەن لە پێناوی مانەوەو پاراستنی بەرژەوەندی خۆیان ، بەڵام ئامادەنین كەمترین سازش بۆ یەكتری بكەن لەپێناوی میللەتەكەی خۆیاندا .
كەواتە ئەم قۆناغەی ئێستا ئێمەی تێدا دەژێن خرابترین قۆناغی خەباتی كوردە لە ماوەی زیاتر لە سەدەیەك و ڕیك وەكو سەردەمی ئیماراتی بابانەكان وایە كەچۆن لە نێوان هەردو دەوڵەتی عوسمانی وسەفەوی و لەئەنجامی ناكۆكیەكانی ناو خۆیان ببونە قوربانی .
سەرچاوە : ئاوێنە