مەحمود شێرزاد
جەستەی ئێمە لە دۆخی فیکر و ئاگایی پەتییەوە بە یارمەتی پێنج رەگەزی ئەتەر (فەزا) هەوا، ئاگر، ئاو و خاک دەرکەوتووە. دواتر ئەم پێنج رەگەزە لە شێوەی هەناسە و ئاو و خۆراکدا چربوونەتەوە و کەوتوونەتەوە خزمەتی جەستەوە، یانی جەستە لە چی پێکهاتووە، هەر بەو دەژیت. ئێمە بەڕیز بە هەوا و ئاو و خاک دەژین و ئەم سێیانەش چڕبووەی ئەم پێنج رەگەزەکەن. کەواتە ژیانی جەستەیی ئێمە یانی هەناسە و ئاو و خۆراک، بەڵام سەرسوڕهێنەرە ئەم سێ رەگەزە هەر سێکیان لە یەک کاتدا هەم هەوا و هەم ئاو و هەم خۆراکن، یانی بۆ نموونە هەناسە لە یەک کاتدا هەوا و خواردنەوە و خۆراکیشە، رێژەی سەرەکیی هەوایە، پاشان کەمێک شێ و بڕێ خاکیشی تێدایە کە رێژەکەی زۆر کەمە، واتە هەوا جگە لەوەی وزەی ژیانی تێدایە، شێی هەیە و تەژی لە میکرۆئۆرگانیسم و تۆز و خۆڵی بە چاو نەبینراوە، ئەم میکرۆئۆرگانیزم و تۆز و خۆڵانە شێوە سەرەتاییەکەی خۆراکە فیزیکییەکانن.
رێژەیەکی سەرسوڕهێنەرە
زانستی فیزیای کوانتەم دەمێکە سەلماندوویەتی جەستەی ئێمە و هەر تەنێکی ماددی تر لە (99.999999999999) بۆشایی پێکهاتووە. ئەم رێژەیە سەرسوڕهێنەرە، زاناکان دەریانخست ئەگەر گۆی زەوی بخەیتە ژێر پاڵەپەستۆیەکی زۆر بەهێزەوە و بۆشایی تێدا نەهێڵی، بۆ نموونە وەکوو ئەو پاڵەپەستۆیەی لە چاڵەڕەشەکاندا هەیە، ئەوا گۆی زەوی بە بێ ئەوەی شکڵی تێکچێت بەقەرا تۆپێکی بالەی لێدێت، کەواتە ئەوە بۆشاییە قەبەی کردووە، دیارە ئەو رێژەیە لە بۆشایی لە هەموو ئەتۆمێکدا هەیە، تەنە فیزیکییەکانیش لە ئەتۆمەکان پێکهاتوون، کەواتە جەستەی فیزیکی ئێمەش رێک وایە و ئەم ژمارەیە رێک رێژەی جەستەیی فیزیکی ئێمەش پێکدێنێت، یانی جەستەی ئێمەش لە (99.999999999999) بۆشایی پێکهاتووە، ئەو رێژە کەمەی ماوەتەوە لە ئاو و لە خاکی بێ بۆشایی پێکهاتووە، رێک لەبەر ئەمەیە ئێمە هەموو چرکەیەک پێویستە هەناسە هەڵمژین، یانی هەموو چرکەیەک لەسەر سفرە و خوانی هەناسە بین و خەریکی هەناسە هەڵمژین بین، دوای ئەوە ناوە ناوە پێویستە بچینە سەر خوانی ئاو، یانی بە پێچەوانەی هەوا، هەموو چرکەیەک پێویست نییە و ناتوانین ئاو بخۆینەوە، چونکە شوێنمان بۆی نییە و پێکهاتەی لەشمان قەبوڵی ناکا، ئینجا دوای ئاو، چەند کاتژمێر جارێک و تەنانەت دەتوانین چەند رۆژ جارێک خۆراک بخۆین، لەبەر ئەوەی رێژەی هەرەکەمی پێکهاتەی جەستەی ئێمە خاکە، کەواتە بەقەرا ئەو رێژە کەمەی لێی پێکهاتووە پێویستی بە خاک، واتە بە خۆراکی فیزیکییە، ئەگەر زیاتری پێبدەین لە رێگەی قەڵەوی و نەخۆشی و ناخۆشییە جۆراوجۆرەکانەوە دژکردەوە نیشاندەدا و هەر بە گوێی نەکەین، جەستەمان خۆکوژیی دەکات، بەڵام خەڵک پێی دەڵێن مردن.
بۆ گرنگە ئێمە تێبگەین؟
تێگەیشتن لەم بابەتە بۆ گرنگە؟ بۆ گرنگە ئێمە تێبگەین پێکهاتەی جەستەی فیزیکی ئێمە بە گوێرەی رەگەزەکان چۆنە؟ بە هۆکارێکی زۆر سادە، بۆ ئەوەی بزانین بە دروستی هەڵسوکەوتی لەگەڵ بکەین! ئێستا ئەو کارە ناکەین، واتە نازانین بە دروستی هەڵسوکەوتی لەگەڵدا بکەین، هەموومان رێک بە پێچەوانەی پێکهاتەی فیزیکی جەستەمان لەگەڵ جەستەمان هەڵسوکەوت دەکەین، یانی ئێستا خۆراکی فیزیکیمان هێناوەتە شوێنی هەناسە و بە بەردەوامی دەخۆین و بیر لە خواردن دەکەینەوە، خۆراکی فیزیکیمان لە هەنەسە بۆ گرنگترە و گرنگی زیاتر پێدەدەین، بۆ نمونە بۆ ژەمە خۆراکێکی فیزیکی لەوانەیە شارەوشار یان وڵاتەووڵات بکەین، بەڵام جگە لە یۆگییەکان زۆرینەی مرۆڤەکان، لە هەموو تەمەنیاندا تەنانەت یەکجاریش بەس بە مەبەستی هەڵمژینی ژەمە هەوایەکی پاک سەفەر ناکەن یان ناچنە دەرەوەی شارەوە. جگە لەوەش هەناسەمان کورت و رووکەشە، زۆربەی لێکۆڵینەوە زانستییەکان لە پەیوەندی لەگەڵ هەناسەدا ئاماژە بەوە دەکەن هەناسەی مرۆڤەکان کورت و خێرایە، واتە مرۆڤەکان لە سەدا سی بۆ سی و پێنجی سییەکانییان لە هەوا پڕ دەکەن، هۆکارەکەش ئەوەیە مرۆڤەکان لەلایەک پاڵەپەستۆی زەینی و ناخەکییان لەسەرە و خۆیان تووشی ئەم حاڵەتە کردووە، لەلایەکی تریشەوە گەدەیان بە زیادەوە بە خۆراکی فیزیکی پڕ دەکەنەوە و بۆشایی بۆ هەوا ناهێڵنەوە. دیارە بۆ زانینی ئەم راستییانە پێویستمان بە لێکۆڵینەوەی زانستی و موتاڵا نییە، هەر ئێستا چاوەدێری هەناسەهەڵمژین و هەناسەدانەوەت و ئەم ژەمەخۆراکە و شێوازی خواردنەکەت بکە ئەم راستییانەت بۆ دەردەکەوێت.
بەم رێزبەندییە بخۆ!
ئێمە دەبێ بەڕیز گرنگی بە هەناسە، پاشان بە ئاو و لە کۆتاییدا گرنگی بە رێژەی خۆراکی فیزیکی بدەین، یانی سەرەتا هەواخۆرین، دواتر ئاوخۆرین و لەکۆتاییدا خاکخۆرین. ئەگەر ئێمە ئەم ریزبەندییە رەچاو بکەین، یەکەم: بە شێوەیەکی پێکهاتەیی و بونیادی لەشساغ و بەهێز دەبین، دووەم: تەمەندرێژ دەبین و بەشێکی زۆری تەمەنیشمان بە پێچەوانەی ئێستا بە گەنجی و نێونجساڵی بەڕێدەکەین، سێیەم: بەئاگا و هۆشمەند دەبین، ئێستا رێژەی بەئاگابوون و هۆشمەندیی لەناو مرۆڤەکاندا لەوپەڕی نزمی دایە، هیچ سەردەمێک مرۆڤ بەقەرا ئێستا لەلایەکەوە پڕ زانیاریی و لەلایەکی تریشەوە گێل نەبووە، مرۆڤی ئێستا لە هەموو روویەکەوە زانیاریی هەیە، یان بە ئاسانی دەستی بە زانیاریی جۆراوجۆر رادەگات، بەڵام مرۆڤێکی هۆشمەند و بەئاگا و تێگەیشتوو نییە، تا ئێستا لەبارەی حەقیقەتی خۆی و ژیانەوە شتێکی ئەوتۆ نازانێ، تا ئێستا دیلی وەهمەکان، واتە دیلی باوەڕ و روانگە و تێگەیشتنە هەڵەکانی خۆیەتی.
هەناسە ئەوەڵ و ئاخرە
هەناسە ریشەیە. کاتێ لەدایک دەبین، یەکەم کار هەناسەیەک هەڵدەمژین، کاتێکیش دەمرین دواکار هەناسەیەک دەدەینە دەرەوە. مرۆڤ تا سێ مانگ بە بێ خۆراکی فیزیکی دەتوانێ بژیی، تا پانزدە بۆ بیست و پێنج رۆژ بە بێ ئاو دەتوانێ بژیی، بەڵام ئەو پەڕەکەی تا پێنج بۆ دە خولەک دەتوانێ بە بێ هەوا بژیی. ئێمە هەناسەین، کاتێ هەناسەمان لاواز بێ، یان بە جێگەی لووت، بە دەم هەناسە هەڵمژین، جەستەمان لاواز دەبێ، زوو پیر دەبێت و بە جێی دێڵین، بەڵام کاتێ هەناسەمان بەهێز بێ و بە لووت هەناسەی قووڵ هەڵمژین و سییەکانمان لە هەوا پڕ بکەین، ئەوا جەستەمان بە شێوەیەکی بنەڕەتی بەهێز دەبێ و زۆر خاوی لاواز و پیر دەبێت.
ئێمە بۆ ئەوەی چاکسازیی لە کۆمەڵی مرۆییدا بکەین، دەبێ لێرەوە دەست پێبکەین، کەواتە لە خۆتەوە دەست پێبکە و لە ئێستاوە کار لەسەر ریزبەندی هەناسە و ئاو و خۆراکی فیزیکی بکە!
سەرچاوە : کوردستانی نوێ