چارەسەرێکی مێژوویی بۆ پرسی کورد لە تورکیا

 

 

 

اجگەرخوین ئەحمەد هەرکی

جگەرخوین ئەحمەد هەرکی

 

لە پێشهاتە ئاڵۆزەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دا، پرسی کورد لە تورکیا یەکێکبووە لەو ئاڵنگارییە سەرەکیانەی کە هەمیشە کاریگەری لەسەر سیاسەتی ناوخۆی ئەو وڵاتە و پەیوەندییەکانی ئەنقەرە لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە هەبووە. دەیان ململانێی چەکداری، جیاکاری سیاسی و سەرکوتکردنی مافە کولتوورییەکانی کورد چەندین قەیرانی دروستکردووە کە نەک تەنیا خەرجییەکی گران بووە بۆ تورکیا، بەڵکو رێگر بووە لە گەیشتن بە ئاشتی و سەقامگیری بەردەوام.

هاوکات رەوتی دیموکراسی جیهانی، پێشهاتە نێوخۆییەکانی تورکیا، گوشارە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان، رێگەیان بۆ گۆڕانکارییەکی مێژوویی خۆشکردووە. لەم ساڵانەی دواییدا، ئاماژەی زۆر لە گۆڕانی دیدگا لە نێو سەرکردە سیاسییەکانی تورکیادا دەرکەوتووە؛ بە تایبەتی دەستپێشخەری چاوەڕواننەکراوی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی میللی MHP، لە پشتیوانیکردن لە چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد و پشتگیریکردنی ئەم هەڵوێستە لەلایەن سەرۆک کۆمارئەردۆغانەوە، سەرەتای لاپەڕەیەکی نوێیە.

لەم وتارەدا وێڕای لێکۆڵینەوە لەم پێشهاتانە، رۆڵی مێژوویی مەسعود بارزانی لە نێوەندگیری دا، پێگەی جەلال تاڵەبانی لە دیپلۆماسی ئاشتی دا، کاریگەریی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە گۆڕینی ستراتیژی خەباتی کورد، رۆڵی نێچیرڤان بارزانی وەک دیپلۆماتکارێکی پراگماتیک، گۆڕانی رای گشتی لە تورکیا و زیادبوونی داواکردنی ئاشتی لەنێو خەڵکدا ،دیدگاکانی دارون عەجەم ئۆغلۆ و ئەحمەد داوودئۆغڵو لەم نێوەندەدا، کاریگەریی میدیاکان لە گۆڕینی رای گشتی دا، هەروەها دەرئەنجامە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکانی چارەسەرکردنی پرسی کورد لە تورکیا تاوتوێ دەکەین.

1. گۆڕانی پارادایم لە سیاسەتی تورکیا و دەستپێشخەری ئەم دواییەی باخچەلی: یەکێک لە گرنگترین پێشهاتەکانی ئەم دواییە، گۆڕانی هەڵوێستی باخچەلییە سەبارەت بە پرسی کورد. رێبەری پارتی بزووتنەوەی میللی کە هەمیشە بە هەڵوێستە تووندەکانی بەرامبەر کورد ناسراوبوو، لەم دواییانەدا پشتیوانی لە دانوستاندنی چارەسەرکردنی پرسی کورد کرد و جەختی لە پێویستی یەکگرتوویی نەتەوەیی و چارەسەری سیاسی کردووەتەوە.

پاڵپشتی سەرۆک کۆمار ئەردۆغان بۆ ئەم گۆڕانە لە هەڵوێست، رەنگدانەوەی گۆڕانکارییەکی قووڵە لە سیاسەتی نێوخۆیی تورکیادا. ئەردۆغان کە لە ساڵانی ٢٠١٠ەوە دەستی بە گفتوگۆی ئاشتی لەگەڵ کورد کردبوو، ئێستا جارێکی دیکە نیشانەکانی خوازیاری زیندووکردنەوەی ئەو پڕۆسەیەی نیشاندا. ئەم وەرچەرخانە، لەکاتێکدایە کە تورکیا رووبەڕووی ئاستەنگی ئابووری، کەمبوونەوەی جەماوەری پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) و زیادبوونی گوشارە نێوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان بووەتەوە.

هاوکات پەیامی مێژوویی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان PKK، کە جەخت لەسەر کۆتایی خەباتی چەکداری و تیشک خستنە سەر دانوستاندنی سیاسی دەکات، بەهەمان شێوە بە یەکێک لە وەرچەرخانەکانی گۆڕینی پارادایمی خەباتی کورد دادەنرێت. ئۆجەلان، کە لە ساڵانی نەوەتەکانەوە چەندین جار جەختی لەسەر پێویستی گواستنەوە لە ستراتیژی جەنگەوە بۆ ستراتیژی دیموکراسی کردووەتەوە، تائێستاش وەک کەسایەتییەکی کاریگەر لەنێو کورددا ماوەتەوە. رۆڵ و هەڵوێستەکانی لە داهاتووی پرۆسەی ئاشتی دا، هۆکاری یەکلاکەرەوە و ناوازە دەبێت.

2- رۆڵی نێوەندگیری کوردستانی عێراق: مەسعود بارزانی، جەلال تاڵەبانی و نێچیرڤان بارزانی، وایانکرد کوردستانی عێراق هەمیشە رۆڵی گرنگی لە پێشهاتە سیاسییەکانی کورد لە ناوچەکەدا هەبووە. لە کاتە جیاوازەکاندا، سەرکردەکانی کورد لە هەرێمی کوردستانی عێراق هەوڵیانداوە رۆڵی ناوبژیوانی کوردانی تورکیا و حکومەتی ئەنقەرە بگێڕن.

سەرۆک مەسعود بارزانی، رابەری هەرێمی کوردستانی عێراق کە لە سەرجەم پارچەکانی کوردستان دا رێزلێگیراوە و یەکێکبووە لە کەسایەتییە کاریگەر و ئیلهامبەخشەکانی دانوستاندنەکانی ئاشتی نێوان حکومەتی تورکیا و کورد، لە ماوەی خولی سەرۆک وەزیرانیی ئەردۆغان، رۆڵی نێوەندگیری هەبوو بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان و دەستپێکردنی دانوستاندن لە رێگەی هەوڵە دیپلۆماسییەکانییەوە. بارزانی هەمیشە پێیوابووە کە چارەسەرکردنی کێشەی کورد بە لێکتێگەیشتن و چاکسازی سیاسی مومکینە و هەر ململانێیەکی چەکداری تەنیا قەیرانەکە گەورەتر دەکات.

جەلال تاڵەبانی، سەرۆک کۆماری کۆچکردووی عێراق، رۆڵێکی دیپلۆماسی کاریگەری لە کاتە گرنگەکاندا بینی. تاڵەبانی، بە ئەزموونە بەرفراوانەکەی لە دانوستاندنە سیاسییەکاندا، چەندین جار کەنالی جۆراوجۆری بەکارهێنا بۆ دروستکردنی کەشێکی لێکتێگەیشتن لە نێوان کوردانی تورکیا و حکومەتی ئەو وڵاتە. ناوبراو بە تایبەت لە ساڵانی ٢٠٠٠دا کاری کرد بۆ بەهێزکردنی دۆخی متمانەی نێوان ئەنقەرە و سەرکردەکانی کورد.

نێچیرڤان بارزانی، وەک سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێراق، رۆڵێکی پراگماتیک و دیپلۆماسی لەم پرۆسەیەدا بینیوە. لە ساڵانی رابردوودا هەوڵیداوە لە رێگەی پەیوەندییە نزیکەکانی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی تورکیا، زەوینەسازییەک بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان و هەنگاونان بەرەو چارەسەری سیاسی دروست بکات. نێچیرڤان بارزانی بە جەختکردنەوە لەسەر یەکگرتنی ئابووری و پەیوەندییە ناوچەییەکان، پشتیوانی سیاسەتێک بووە کە تێیدا تورکیا و کورد لەجیاتی رووبەڕووبوونەوە، لە رێگەی هاوکاریی ئابووری و سیاسییەوە لە یەکتر نزیک ببنەوە.

ئەم سەرکردانە هەریەکەیان بە شێوازی خۆیان کاریگەربوون لە داڕشتنی رێبازی دیالۆگ و هەوڵدان بۆ کەمکردنەوەی ململانێ.

3- گۆڕانی رای گشتی، میدیاکان و پەرەسەندنی داخوازییە ئاشتیخوازەکان: گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی تورکیا دەریدەخەن کە کۆمەڵگە لە هەموو کاتێک زیاتر هەستیار بووە بەرامبەر پرسی کورد و داواکارییەکان بۆ ئاشتی و دیموکراسی زیادبوونە. لە دەیەکانی رابردوودا هەڵوێستی گشتی بەرامبەر کورد تاوەکو رادەیەکی زۆر لە ژێر کاریگەری پڕوپاگەندەی دەوڵەت و سەرگوزەشتەی ئەمنی دا بوو، بەڵام ئەمڕۆ، لەگەڵ فراوانبوونی میدیای سەربەخۆ، هۆشیاری کۆمەڵایەتی زیادی کردووە و پشتیوانی لە چارەسەرە سیاسییەکان جێی هەڵوێستە تووندڕۆکانی گرتووەتەوە.

4- رۆڵی دارون عەجەم ئۆغڵو و ئەحمەد داوودئۆغلو لە داڕشتنی گوتاری نوێ دا: دارون عەجەم ئۆغڵو ، ئابووریناسێکی دیاری بەڕەچەڵەک تورک و براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئابووری لە ساڵی 2024، هەمیشە جەختی لەسەر پەیوەندی نێوان گەشەسەندنی ئابووری و چاکسازی دیموکراسی کردووەتەوە. لە تیۆرییەکانیدا باس لەوە دەکات کە گەشەسەندنی بەردەوام تەنیا لەو کۆمەڵگەیانەدا دەکرێت کە دیموکراسی، شەفافیەت و بەشداری سیاسی بەهێزتر دەکەن.

لە لایەکی دیکەوە ئەحمەد داوودئۆغڵو، سەرۆکوەزیرانی پێشووی تورکیا و مامۆستای زانستە سیاسییەکان، لە کتێبی قووڵایی ستراتیجی دا (Strategic Depth). ئاماژە بەوە دەکات کە تورکیا دەبێت گرژییە ناوخۆیی و ناوچەییەکانی کەم بکاتەوە بۆ ئەوەی وەک دەسەڵاتێکی سەقامگیر لە ناوچەکەدا رۆڵ بگێرێت.

5- جۆن ستوارت میل و گرنگی ئازادی سیاسی: جۆن ستوارت میل، فەیلەسوفی سیاسی لیبراڵ، پێیوابوو هیچ کۆمەڵگەیەک ناتوانێت دیموکراسی راستەقینە بەدەستبێنێت بەبێ ئەوەی رێز لە مافی کەمینەکان بگرێت و گەرەنتی ئازادییە بنەڕەتییەکان بکات.

6-  ئەزموونی هاوشێوە لە ئێرلەندای باکوور، باسک و باشووری ئەفریقا.

• ئێرلەندای باکوور: ئەزموونی ئاشتی لە ئێرلەندای باکوور دەریخست کە دانوستاندن، دانپێدانان بە مافەکانی کەمینەکان وچاکسازییە پێکهاتەییەکان دەتوانێت چارەسەرێکی بەردەوام بێت بۆکۆتاییهێنان بە ململانێ نەتەوەییەکان.

• باسک(ئیسپانیا):حکومەتی ئیسپانیا توانی بە گرتنەبەری رێبازێکی دیموکراسی، لە رێگەی گفتوگۆ لەگەڵ پارتی باسک و پێدانی سەربەخۆیی کولتووری و ئابووری، توانی کێشەکە چارەسەر بکات.

• ئەفریقای باشوور: گواستنەوە لە ئاپارتایدەوە بۆ دیموکراسینموونەیەکی سەرکەوتووی ئاشتەوایی نیشتمانی و دادپەروەریگوازراوە، و سەرکردایەتی سیاسی بوێرانەیە کە دەتوانێتئیلهامبەخش بێت بۆ چارەسەری پرسی کورد.

6- گرنگی چارەسەرکردنی کێشەی کورد بۆ بەشەکانی دیکەی کوردستان: 

چارەسەرکردنی کێشەی کورد لە تورکیا تەنیا پڕۆژەیەکی نێوخۆیی نییە بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و کورد، بەڵکو ئەم بابەتە بەشێوەی راستەوخۆ کاریگەری لەسەر پرسی کورد لە وڵاتانی دیکەش دەبێت. بەشداریی کارا و بەربڵاوی دەیان ملیۆن دانیشتوانی کورد لە دیموکراسییەکی کارا و گەشەسەندن لە تورکیادا وەک فاکتەرێکی سەرەکی بۆ پشتیوانیکردن لە مافەکانی کورد لە پارچەکانی دیکەی کوردستان کاریگەری دەبێت. لە راستیدا، کاتێک کورد لە تورکیا مافە سیاسی و کولتوورییەکانی خۆی بەدەست بهێنێت و بەشێوەیەکی کاریگەر بەشداری پرۆسەی گەورەی بڕیاردانی وڵاتەکە بکات، ئەمە نەک هەر هیوای کورد لە وڵاتانی دیکە بۆ بەدەستهێنانی مافە هاوشێوەکان بەهێزتر دەکات، بەڵکو دەتوانێ وەک مۆدێلێک بێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی کورد لە وڵاتانی دیکەدا.

ئاسۆی ئایندە: بەرفراوانبوونی ئاشتی و ئاسایش لە ناوچەکەدا

ئەگەر تورکیا بتوانێت بە گرتنەبەری سیاسەتێکی واقع بینی، پرسی کورد لە رێگەی چاکسازیی سیاسی و دیموکراسییەوە چارەسەر بکات، ئەوە نەک هەر دەبێتە مۆدێلێکی سەرکەوتوو بۆ وڵاتانی دیکەی ناوچەکە، بەڵکو زەمینە بۆ فراوانکردنی ئاشتی و ئاسایش لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستیشدا دەڕەخسێنێت. ئەم پرۆسەیە دەتوانێت ببێتە هۆی کەمبوونەوەی ململانێ نەتەوەییەکان، گەشەسەندنی ئابووری، و زیادبوونی هاوکارییە ناوچەییەکان. دواجار، ئایندەی ئەم رێگایە پەیوەستە بە ئیرادەی سەرکردەکانی تورکیا، ئامادەیی هێزە کوردییەکان بۆ گفتوگۆ، و پشتیوانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ چارەسەرێکی بەردەوام و دیموکراسی.

سەرچاوە : ڕووداو