وردبوونەوەیەك لە رۆمانی فاتە هەڵۆ

یوسف ئیسماعیل

 

لە ئەدەبیاتی كوردیدا بەتایبەت لە بواری رۆماندا، تاڕادەیەك كەمە ناونیشانی رۆمانەكە لەگەڵ پاڵەوان و كەسی یەكەمی رۆمانەكە یەك ناونیشان بن. ئەمەش گرنگی و تایبەتمەندی خۆی هەیە. رۆمانی فاتە هەڵۆ زرار سەرتاش نووسیوێتی، هەمیشە لە نووسینی رۆماندا خێرایە، ئەمە پڕتوانایی رۆماننووس و هەندێكجار دیقەت نەگرتنی دەقی لێدەكەوێتەوە. جا چ لە رووی هاتنە پێشی رووداوەكانی نێو رۆمان یان جووڵەی كارەكتەرەكانەوە بێت، یاخود ناوەڕۆك. بەڵام جواننووسی تا رادەیەكی زۆرباش لە رۆمانەكەدا دەبینیت. لێرەدا باس لە رۆڵ و خەبات و تێكۆشانی كارەكتەرێكی ژن دەكات ئەوەش فاتە ‌هەڵۆیە، كە پەیوەندێكی بەهێز و پۆڵاینی لە نێوان شاخ و شاردا هەبووە، لە دوو شۆڕش و سەردمی جیادا لە خەباتدا بووە. گەر لە روویەكی تری رۆمانەكەدا سەیری بكەین ئەم پرسیارە دروست دەبێت، ئەویش بۆچی لە قەبارەی 136 لاپەڕەدا نووسراوەتەوە كە ئازایەتی ئەم شێرە ژنە بەدایكی پێشمەرگە ناسراوە، دەبوو زۆر لەمە زیاتر و قووڵتر بنووسرابایەوە، بەڵام داخی گرانم كاتێ سەیری ئەم مێژووە بكەین بۆمان بەدیاركەوتووە ئەم ژنە قارەمانە چونكە نەخوێندەواربووە نەیتوانیوە بیرەوەرییەكانی خۆی بنووسێتەوە تا بتوانرێت بكرێت بە چیرۆك و رۆمان. نووسەر بەتێكەڵەیەكی واقیع و خەیاڵ ئەم رۆمانەی نووسیوە و پڕی كردووە لە ئازایەتی ئەم تێكۆشەرە مەزنە، كە زۆرجوان نووسەر رۆڵ و كاریگەری بەشێوازێكی ئەدەبی جوان نووسیوەتەوە و ئامانجی خۆی پێكاوە، بەجۆرێكی تر. بە تەكنیكێكی جوان بیرەوەری و چیرۆكەكانی رابردوو و واقیعی ئێستا بەیەكەوە دەبەستێتەوە. گەر بەوردی بڕوانیین لە رۆمانەكە، تەماشای چارەنووسی پێشمەرگە دەكەین و ئەو ژینگە و بارودۆخی تێیدا ژیاوە لەگەڵ دڵسۆزی خەڵكەكە.
دروستكردنی كەسایەتییەك لە رۆماندا ئاسان و سادە نییە، كە نووسەر توانیوێتی لە نۆزدە بەشدا رۆمانێك لەسەر قارەمانییەتی ئەم تێكۆشەر بنووسێت. كە مێژوویەك لە رۆماندا خۆی ببینێتەوە و لەبەردەستی خوێنەر بێت.
ساردبوونەوە لە رۆمان ئەوە بۆتە نەخۆشییەك لە نێو ئێمەی كوردا، كە گوناهەكە دەخەینە ئەستۆی خوێنەر. بەڵام لەڕاستیدا ئەمە دەبێت ئاراستەی نووسەر بكرێت رۆمانێكی چڕی نووسییەوە و هەر رستەیەك كۆمەڵێك مەبەست و نیشانەی جیاواز دوای خۆی بەجێدەهێڵێت، هەر لە چوونە ژوورەوە بۆ دنیای رۆمانەكە ترس لای خوێنەر دروست دەبێت، لە هەمانكاتدا خوێنەر كۆتایی بە رۆمانەكە دەهێنێت. بەڵام دەتوانم بڵێم ئەمانەی باسم كرد هیچیان لە رۆمانی فاتە هەڵۆدا نابینیت، دەتوانیت وشە بە وشە لە نێو خودی خۆیدا هەستی پێبكەیت.
گرنگییەكی تری رۆمان دەگەڕێتەوە بۆ سەر خاڵبەندی، كە ئەمە دەكرێتە پێوەرێك بۆ باشی رۆمانەكە. لێرەشدا هەر بەشێوەیەكی تەواو و چەسپاو هەڵەی خاڵبەندی لێدەركراوە. لێرەدا نامەوێت بچمە نێو بنجوبنەوانی رۆمانەكەوە، بەڵام گرنگترین شت كە پێمخۆشە و سەربەرزییە ئێمەی كورد بتوانین كەسە قارەمانەكانی خۆمان بكەین بەداستان و رۆمانێك، بە ئەدەبیات بیانناسێنین و لاوەكانمان خەریكی خوێندنەوە ئەم جۆرە رۆمانانە بن نەوەك هەر بیریشیان لای ئەو تێكۆشەرە مەزنانە نبێت و وەلابنرێن. با كەمێك لە رۆمانی دەرەوەی كەلتوری كوردی بێینە دەرەوە و ئاشنای رۆمانە رەسەنەكانی خۆمان ببین. هەموان بتوانین كەسێكی تری وەك فاتە هەڵۆ لە رێگەی رۆمانەوە بناسێنین. 

 

سەرچاوە: کوردستانی نوێ