كتێبێك لەسەر هزری سمكۆ محەمەد بڵاو كرایەوە

نووسەر عەباس جەمیل جێماو، كۆمەڵێك چاوپێكەوتنی هزری لەگەل سمكۆ محەمەد، نووسەری دیاری كورد كردووە بە كتێبێك و پێشكەشی كتێبخانەی كوردی كردووە، كتێبەكە بە ناونیشانی "ئیستێك لەبەردەم مەعریفە"یە و كۆمەڵێك گفتوگۆی لەبارەی چەمكە هزرییەكان لەخۆ گرتووە.
سمكۆ محەمەد سەبارەت بەو بەرهەمە بە "وشە"ی راگەیاند، ‎"ئیستێك لەبەردەم مەعریفە"، واتە راوەستانێك لەپێناو پێناسەكردنەوە و ئاسان خوێندنەوەی مەعریفەدا، كە بریتییە لەو چەمكانەی لە نیوەی دووەمی سەتەی رابردوو هاتنە ناو ئەدەبیات و رۆشنبیری كوردییەوە، كتێبێكە دەوڵەمەند لە موناقەشەی ئەو چەمكە هزریانەی تا ئێستە بە هەڵە یان بە ستایلی كلاسیكی كۆن و هەندێكجاریش بە هەڵە پێناسەیان بۆ كراوە، لێرە لەم كتێبەدا زیاتر لە تێگەیشتنێك و مانایەكی نوێ بەو چەمكانە دراوە، كە بریتین لە مۆدێرنە و ئایدیۆلۆجیا و جیاوازی و داهێنان و ئیستاتیكا و كۆچ و سیاسەت و هتد.

‎محەمەد لەم كتێبەدا بارەی ‎مۆدێرنەوە دەڵێت، مۆدێرنە ئازادی و عەقڵانیەتی بۆ بەرهەمهێنانی توندڕەوی ئایدیۆلۆجی بەكار هێنا، لەبارەی ئایدیۆلۆجیاوە دەڵێت، ئایدۆلۆجیا ماسكێكە لەشێوەی هۆشیارییەكی موزەیەف و تەمومژاویی كە سەرەتای هەیە و كۆتایی دیار نییە، ‎لەبارەی كۆچەوە دەڵێت، هەژاریی هزری رۆژهەڵاتی بوو بە سەرەكیترین هۆكاری كۆچ، هەروەها بازاڕی ئازاد كۆچبەر و پەناهەندەی وەك كاڵایەكی زیندوو تەماشا كردووە.

‎بەگشتیی كتێبەكە كۆمەڵێك چاوپێكەوتنی هزرییە لەگەل سمكۆ محەمەد، لەلایەن عەباس جەمیل جێماو ساز كراوە و ئامادە كراوە، لەلایەن لقی كەركووكی كۆمەڵەی هونەر و وێژە و خانەی موكریانی چاپ كراوە و ئێستە لە لای كتێبفرۆشەكان دەست دەكەوێت.

 

سەرچاوە: wishe