د.رێبین رەمەزان سێلێڤانی
زۆرێك لە وڵاتانی جیهان ڕووبەڕووی تەحەدای گەورە دەبنەوە لە هەوڵەكانیاندا بۆ خێراكردنی هەنگاوەكانی بنیاتنانەوە و گەشەسەندنی وڵات لە ڕەهەنده جیاوەزەكانی كۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووری دا.
كارسازی (Entrepreneurship)یاخود پرۆسەی دەست پێكردنی كاری تایبەت بە مەرامی قازانجكردن كاریگەری ئەرێنی هەیە لە سەر گەشەسەندنی ئابووری و وەك فاكتەرێكی گرنگی داهێنان و دەركەوتنی زانین و بوژاندنەوەی ئابووری داهێنەرانە دەبینرێت. كارسازی كاریگەری دەكاتە سەر ئابووری لەڕێگەی زیادكردنی داهێنان، بەرزكردنەوەی ئاستی تەكنەلۆجیا، دروستكردنی هەلی كار و دابەشكردنی داهات بە شێوەیەكی دادپەروەرانەتر لە سەر ئاستی كۆمەڵگادا كە دەتوانێت ببێتە هۆی زیادبوونی سامانی نیشتمانی و گەشەی ئابووری.
لە ئێستادا نەك تەنها لە هەرێمی كوردستان، بەڵكو لە سەرتاسەری دونیا بەهۆی داهێنانی زانستی و تەكنەلۆجی و پیشەسازی، ئابووری وڵاتان گۆڕانكاری خێرا بەخۆیەوە دەبینێت. كەمی بێكاری وەك كلیلی سەقامگیری ئابووری هەر وڵاتێك دەبینرێت بەتایبەتی كەمی بێكاری لە ناو دەرچوانی زانكۆ و پەیمانگاكان. لە هەرێمی كوردستان زیاتر لە ٣٥ زانكۆ و پەیمانگا (حكومی و تایبەت) هەن كە ساڵانە بە هەزاران گەنج دەردەچن و خوێندن تەواو دەكەن، بەڵام دەرچوانی زانكۆكان ڕوبەڕوی تەحەدیاتی گەورە دەبنەوە لە روی كەمی هەلی كار لە سێكتەری حكومی و تایبەتتدا. هەر بۆیە ڕەخساندنی هەلی كار بۆ گەنجان و دەرچوانی زانكۆ و پەیمانگاكان وەك یەكێك لە كارە هەرە لە پێشینەكانی حكومەتی هەرێمه.
لەم ناوەندەدا زانكۆكان دەتوانن ڕۆلێكی باشتر ببینن لە بەرەو پێشبردن و ئامادەكردنی قوتابیان بۆ بازاڕی كار. هەر بۆ ئەم مەبەستەش زۆربەی زانكۆكانی هەرێم لە چەند ساڵی ڕابردودا سەنتەری گەشەپێدانی كاریان (Career Development Centre - CDC) دامەزراند بۆ ئامادەكردنی قوتابیان بۆ بازاری كار و زیادكردنی بەهرە تەكنیكی و كەسییەكانی قوتابیان.
بەڵام لێرە پێویستە ئاماژە بەوە بكەین كە دەرچوانی زانكۆكان نەك تەنها دەبێت ئامادە بكرێن تا دوای دەرچونیان كاریان دەستكەوێت لە كەرتی گشتی یان تایبەت، بەڵكو دەبێت توانایان تێدابێت كە ببنە خاوەن كاری خۆیان و هەوڵ بدەن خۆیان هەلی كار بخولقێنن. هەر بۆیە دەبێت زانكۆكانی هەرێم رۆڵێكی گرنتر ببینن لە ئاشناكردنی قوتابیان بە چۆنێتی دەستپێكردن و هەنگاوەكانی دروست كردنی بزنسی تایبەتی خۆیان.
سیستەمی ئێستای خوێندن لە هەرێمی كوردستان دانراوە چون فەرمانبەری باش لێ دروست بكرێت نەك گەنجی كارساز و سەربەخۆ.
لەم سەردەمەدا، زانكۆكانی جیهان پێشبڕكێ دەكەن لە سەر بەرزكردنەوە و بڵاوكردنەوەی كلتوری كارسازی و داهێنان لەناو قوتابیاندا، چونكە كارسازی وەك فاكتەرێكی گرنگی گەشەسەندنی ئابووری دادەنرێت.
دەكرێت زانكۆكانی كۆردستان هەوڵ بدەن كارسازی بخەنە ناو پرۆگرامی خوێندنەوە بە تایبەتی بۆ كۆلێژەكانی كارگێڕی و ئابووری بە هەموو بەشە جیاوازەكانییەوە. بەشێوەیەكی گشتی دەتوانین بڵین كە زانكۆ تایبەتەكان كاریگەریان زیاترە لە پشتگیری كردنی قوتابیان لە دەستپێشخەریەكانی كار و كارسازیدا بەراورد بە هاوشانەكانیان لە زانكۆ حكومیەكان.
هەر بۆیە پێوستە زانكۆ حكومیەكان هەوڵی جدی تر بدەن بۆ ڕەخساندنی ژینگەیەكی لەبار بۆ بیركردنەوە و داهێنان و كارسازی، تا قوتابیان بە شێوەی تیۆری و پڕاكتیكی سەرجەم هەنگاوەكانی كارسازی لە نزیكەوە فێرببن و دواتر توانای دەستپێكردنی كاری تایبەتی خۆیان هەبێت.
لەكاتێكدا زۆرێك لە زانكۆكانی هەرێم گرنگی خۆئامادەكردنی قوتابیان بۆ بازاڕی كاریان داوە بەدامەزراندنی سەنتەرەكانی گەشەپێدان بۆ كار، بەڵام زۆر گرنگە هەنگاوێك بەرەو پێش بچێت و سەنتەری كارسازی (Entrepreneurship Centre) دابمەزرێنێت لە ناو زانكۆكاندا، لە كاتێكدا سەنتەرەكانی گەشەپێدان بۆ كار ڕۆڵێكی گرنگ دەگێڕن لە ڕێنمایكردنی قوتابیان بەرەو هەلی دامەزراندن، سەنتەرەكانی كارسازی جەخت لە دروستكردنی دەكەن كە داهێنان و گەشەپێدانی بازرگانی پەروەردە دەكات
بەكورتی دەتوانین چەند جیاوازی لە نێوان سەنتەری گەشەپێدان بۆ كار و سەنتەری كارسازی دیاری بكەین:
1- لە ڕوی ئامانجەكان: سەنتەرەكانی گەشەپێدان بۆ كار ئامانجیان ئەوەیە كە قوتابیان ئامادە بكەن بۆ بازاڕی كار بە پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری وەك ڕاوێژكاری پیشەیی، كردنەوەی خوولی راهێنان بۆ قوتابیان و ناساندنی دەرفەتەكانی كار بە قوتابیان لەرێگەی پێشانگای كار و چالاكی زانستییەوە، هەوەها ڕەخساندنی دەرفەتی ئەزمونێكی كردەكی بۆ قوتابییان كە تیایدا بەشێوەی ئینتیرن (Internship) لە ناوەندێكی كەرتی تایبەتی نزیك لە پسپۆرییان كاربكەن. لەلایەكی ترەوە سەنتەرەكانی كارسازی ئامانجی ئیلهامبەخشی و بەهێزكردنی قوتابیانە بۆ دروستكردنی بازرگانی خۆیان و دیاریكردنی هەلی كار و پەرەپێدانی چارەسەری نوێ بۆ كێشەكانی كۆمەڵگا، ئەم سەنتەرانە تیشك دەخەنە سەر ئەوەی كە خوێندكاران بە توانا و سەرچاوە پێویستەكان بۆ دەستپێكردن و بەڕێوەبردنی بزنسی خۆیان ئامادە بكرێن.
2- بەرنامەكان و خزمەتگوزاریەكان: سەنتەرەكانی گەشەپێدان بۆ كار بەگشتی خزمەتگوزاریەكان دابین دەكەن وەك وۆركشۆپی چۆنێتی نووسین و ئامادەكردنی CVی كەسێتی، چاوپێكەوتنی كار و ستراتیژی گەڕانی كار. ئەم خزمەتگوزاریانە دیزاین كراون بۆ یارمەتیدانی قوتابیان بە شێوەیەكی كاریگەرانە بەرەو بازاری كار بچن. سەنتەرەكانی كارسازی كۆمەڵێك پرۆگرام و خزمەتگوزاری جیاواز پێشكەش دەكەن كە گونجاون بۆ خاوەنكارەكان، وەك گەشەپێدانی پلانی بازرگانی، توێژینەوەی بازاڕ، پلاندانانی دارایی، ڕێنمایی یاسایی، و ئامۆژگاری. ئەوان زۆرجار لەگەڵ شارەزایانی پیشەسازی و بازرگانە سەركەوتووەكان و وەبەرهێنەكان هاوكاری دەكەن بۆ ئەوەی قوتابیان زانیاری و پەیوەندیان بۆ دابین بكەن كە دەتوانن یارمەتیان بدەن بۆ گەشەكردنی بازرگانیەكانیان.
3- گەشەپێدانی كارامەیی: لە كاتێكدا هەردوو سەنتەرەكە بەشداری دەكەن لە گەشەسەندنی كارامەیی، بەڵام سەرنجەكانیان جیاوازن. سەنتەرەكانی گەشەپێدان بۆ كار جەخت لەسەر بەرزكردنەوەی كارامەیی نەرم (Soft skills ) دەكەن ، وەك پەیوەندی كردن، كاری تیم، و بەڕێوەبردنی كات، كە زۆر گرنگە بۆ سەركەوتن لە هەر كارێكدا. لەگەڵ ئەوەشدا سەنتەرەكانی كارسازی جەخت لەسەر پەرەسەندنی كارامەیی پیشەگەرانە دەكەنەوە، وەك بیركردنەوەی داهێنەرانە، چارەسەركردنی كێشەكان، مەترسی وەرگرتن، و شارەزایانی بازرگانی ئەم كارامەییانە زۆر گرنگە بۆ ئەو قوتابیانەی كە دەیانەوێت سەرەڕۆیی خۆیان دەست پێ بكەن و بەرەو ئاڵۆزییەكانی جیهانی بازرگانی بچن.
4- لە ڕوی گۆڕانكاری لە هزر و ئەقڵییەتی قوتابیان: سەنتەرەكانی گەشەپێدان بۆ كار بە شێوەیەكی سەرەكی جەخت لەسەر یارمەتیدانی قوتابیان دەكەن بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ بازاڕی كاری بەردەستدا، بەرزكردنەوەی عەقڵیەتێك كە بەدوای ئاسایش و سەقامگیری كاردا دەگەڕێت لەناو ڕێكخراوە دامەزراوەكاندا. بەلام سەنتەرەكانی كارسازی ، بە پێچەوانەوە، هانی قوتابیان دەدەن كە لە دەرەوەی سندوقەكە بیر بكەنەوە و مەترسی بكەن (Being encouraged to take a risk) .
هەر بۆیە هەرێمی كوردستان دەتوانێت لەڕێگەی دامەزراندنی سەنتەری كارسازی لەدامودەزگاكانی خوێندنی باڵادا ببێتە سەرچاویەك بو پشتیوانیكردن و دابینكردنی یارمەتی پێویست بۆ قوتابیان كە بتوانن بیرۆكە داهێنەرەكانیان بگۆڕن بۆ بازرگانی سەركەوتوو كە بەمەش لە داهاتودا هەرێمی كوردستان دەتوانێت كەلتوورێكی نوێخوازی و پیشەگەری پەروەردە بكات كە گەشەی ئابووری و هەلی كار دروست دەكات و چارەسەری گرفتە كۆمەڵایەتیەكان بكات.
وەك پێشنیارێك بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، دەكرێت لە ئێستادا بەرنامەی مەشقی هاوینی قوتابیان بگۆرێت بۆ ڕاهێنانێكی یەك مانگە لە بواری كارسازی دا وەك سەرەتایەك بەرنامەكە لە یەكێك لە زانكۆ حكومیەكانی كوردستان جێ بە جێ بكرێت و دواتر مامۆستای پسپۆر لە بواری كارسازیدا ئامادەبكرێن و بەرنامەیەكی راهێنانی تایبەت ئامادەبكرێت بو هەمو زانكۆكانی كورستان.
سەرچاوە : سایتی نەوا