ئارام ڕەفعەت
سەلەفی و ئیخوانی وەک دوو جۆری جیاوازی ژەهر وان، بەڵام هەمان دەرەنجامیان هەیە: ئەلزەهایمەری کوردبوون. ئەمیان سەعودیە لەرێی مەئمورە کرێگرتەکانییەوە دەیخاتە جەستەی کورد و ئەویش قەتەر و تورکەکان.
هەر کوردێک ئەم ژەهرەی چووە جەستەوە توشی نەخۆشی بیرچوونەوەی کوردبوون دەبێت.
لەخۆڕا واناڵێم، و هەموو شتێک بە هەق و حیسابە. دوێشەو سێ سەعات زیاتر مەئمورێکی سەعودی و یەکێکی قەتەڕی/تورکی بەهەموو حەماسەت و زمانزبرییەکەوە موجادەلەی یەکتریان کرد.
لە ئێوە دەپرسم و هەقبێژانە وەڵامم بدەنەوە:
یەکەم:
لەماوەی ئەو سێ سەعاتەدا چەند جار کورد و کێشە رەواکەی، ئازاری ژێردەستەییەکەی، ئەنفال و کیمیابارانەکەی، کەرکوک و عەفرینەکەی بە سەرزاری ئەو دوو مەئمورەی پڕۆژەی سەعودی و قەتەر/تورکیدا هاتن؟
من دەڵێم سفر، ئێوەش ڤیدیۆی بەناو دیبەیتەکەتان لەبەردست دایە و پێچەوانەکەی بسەسلمێنن.
دووەم:
چەند دەقە لەو سێ سەعاتەی پێکهەڵشاخانی پیاوەکەی سەعودیە و هینەکەی قەتەر/تورکان بۆ رەوایەتی دۆزی کورد و مافە نەتەوییەکانی تەرخان کرابوو، جگە لەو پرسیارە ریاکار و ماستاوچییەی پێشکەشکارەکە کردی؟ من دەڵێم سفر، ئێوە پێچەوانەکەی بسەلمێنن.
سێیەم:
چەند شرۆڤەی ئەو دوو مەئمورەی خەلیج و تورکەکان لەسەر غەززە و حەماس لەسەر بنەما و لە روانگەی بەرژەوەندی و ئاساییشی نەتەوەیی کوردستان بوو؟ من دەڵێم سفر… ئەوە ڤیدۆکە و ئەوە عەرز و ئەوەش گەز، ئێوە پێچەوانەکەی بسەلمێنن.
ئەمە لەکاتێکدایە کە: دیبەیتەکە روو لە خەڵکی کوردستان بوو نەک غەززە.. دیبەیتەکە بە کوردی بوو نەک بە عاڕەبی… دیبەیتەکە لە کەناڵێکی تەلەفزیۆنی بە حیساب کوردیدا ئەنجام درا نەک لە ئەلجەزیرە و ئەلعەڕەبیە. پێشکەشکارەکە و ئامادەبوانیش بە حیساب کورد و کوردزمان بوون نەک عاڕەب.
کەچی وانێکی سەلەفی و بابای ئیخوانی لەبەدر و ئوحودەوە هەتا سینوار و مەشعەل باسی سەری مار و مێروویان کرد… کورد نەبێت، بەسەر زاریاندا نەهات.
ئەمە رێککەوت نییە و کاریگەری ژەهرەکەیە و لە کۆئەندامی بیرکردنەوەی ئەوانەدا کورد بوون سڕاوەتەوە و هەندێک جاریش کوردبوون بیدعە و کوفر و ئیلحاد و عەمالەتی ئەمریکا و ئیسرائیلە.
سەرچاوە : هاوڵاتی