ڕەنج سەنگاویی مافی هەیە چەندی بوێت دەبەنگ بێت

 

 

سیروان عەبدول

 

بیهێنە پێش چاوی خۆت کەناڵێکی تەلەفزیۆنیی ئەڵمانیی سەر بە موستەشاری ئەڵمانیی، دیبەیتێکی ڕاستەوخۆی سێ کاتژمێریی بە ڕیکلامبۆکردنێکی زۆرەوە ساز دەدات و، تاکە تەوەر و تاکە پرسیاری دیبەیتەکە ئەمەیە: «ئایا لە ڕوانگەی بەرژەوەندییە ستراتیجییەکانی نازییەت و، لە ڕوانگەی قازانجی خەڵکی سەر بە ڕەگەزی ئاریایی و میللەتی ئەڵمانییەوە، ئەنجامدانی هۆڵۆکۆست لەو فۆرم و تەوقیتەدا لە ساڵانی چلەکاندا کارێکی دروست بوو یان نا؟». خاوەن بەرنامەکە دوو کەسی لایەنگری نازییەتی هێناوە کە دوو تەقاروبی تاکتیکیی جیاوازیان هەیە بۆ قازانجی نازییەت و خزمەت بە ڕەگەزی ئاریایی. یەکێکیان پێیوایە ئەنجامدانی هۆلۆکۆست جێگەی دەستخۆشییە چونکە ئەوەی کە ئەڵمانیای هیتلەر ئەو کارەی بەو جۆرە و لەو کاتەدا ئەنجام دا لە قازانجی نازییەت و ئایدۆلۆجیای ڕەگەزی ئاریایی کەوتەوە؛ وە ئەویتریان پێیوایە کارەکە بەو جۆرە و لەو کاتەدا جێگەی ئیدانەیە چونکە بە زەرەری نازییەت و ئایدۆلۆجیای ڕەگەزی ئاریایی کەوتەوە. وە خاوەن پرۆگرامەکەش لەنێوانیاندا چالاکانە لە پێرسپێکتیڤی ئەمیان و ئەویانەوە پرسیار دروست دەکات بۆ ئەوەی بینەرەکانی زانیاریی تەواویان بێتە بەردەست و خۆیان بڕیار بدەن ئایا چی لە قازانجی نازییەتە و، چی کاتێک و بە چی شێوەیەک باشە هێرش بکرێتە سەر نەیارانی نازیزم.
 

یان بیهێنە پێش چاوی خۆت کەناڵێکی تەلەفزیۆنیی، کاتی هێرشەکانی یانزەی سێپتەمبەر، دیبەیتێک لەنێوان دوو کەسی ئیسلامییدا ساز دەکات بە دەوری پرسیارێکی لەم چەشنەدا: «ئایا لە ڕوانگەی دۆزی هاوبەشی موسڵمانان و قازانجی ئاینی ئیسلامەوە، کارێکی دروست بوو بە فڕۆکە هێرش بکرێتە سەر سەنتەری بازرگانیی جیهانیی لە نیویۆرک یان نا؟». بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارەکە ڕۆژنامەنووسەکە ئەندامێکی ڕێکخراوی ئەلقاعیدەی بانگ کردبێت کە پێیوایە هێرشەکانی یانزەی سێپتەمبەر نەبەردێکی ئیسلامیستانەی جێگەی دەستخۆشیی بوو، وە ئەندامێکی تاڵیبانی بانگ کردبێت کە پێیوایە هێرشەکانی یانزەی سێپتەمبەر پەرچەکرداری گەورەی نێودەوڵەتیی بەدوای خۆیدا هێنا، بۆیە لە قازانجی ئیسلام و موسڵمانان دەبوو ئەگەر ئەو کاتە و بەو شێوەیە نەکرایە.
 

ڕۆشنە کە ئەم جۆرە سیناریۆیانە زۆر عەبەسییانە و قێزەون و قبوڵنەکراو دێنە بەرچاو. بە پلەیەک زیادەڕۆیی گەورەن لەلایەن میدیاوە کە ئەگەر لە واقیعدا ڕووبدەن دەبێت بێگومان لەسەرکاردەرکردن و داوای لێبوردن و لێکۆڵینەوەی یاسایی بەدوادا بێت. نەک لەبەر ئەوەی ئێمە تەحەمولی ڕای جیاواز ناکەین، بەڵکو لەبەر ئەوەی هەندێک فۆرمی «دیبەیت» دیبەیت نین، بەڵکو نۆرماڵیزەکردنی شتی نانۆرماڵن، هەوڵی بەبەربەرییەتکردنی کۆمەڵگان، پێدانی زمانن بە توندوتیژیی ئایدۆلۆجیی و ناونانێتی بە ئازادیی ڕادەربڕین.

٭ ٭ ٭

ئەوەی کە کەناڵی ڕووداو بەناوی «دیبەیتی گەرمی ساڵ»ەوە کردی ڕێک کارێکی لەو چەشنە بوو. تاکە جیاوازییەک هەبێت ئەوەیە کە بەرنامەکەی کەناڵی ڕووداو سەبارەت بە هۆڵۆکۆست نەبوو، سەبارەت بە یانزەی سێپتەمبەر نەبوو، بەڵکو سەبارەت بە حەوتی ئۆکتۆبەر بوو - ئەو ڕۆژەی کە بە چەند کاتژمێرێک ١٢٠٠ ئینسان گیانیان لە دەست دا، لەوانە منداڵ و ژنان لە ماڵەکانی خۆیاندا ئەشکەنجە دران و، کچانێکی زۆر بەناوی ئاینی «پیرۆز و پاک»ی ئیسلامەوە ئیغتیساب کران. کەچی پرسیاری بەرنامەکە لە بەشداربووان ئەوە نەبوو کە:

- «ئایا چۆن دەکرێت کەسێک لە سیاسەتدا بەو ئەندازەیە بێئەخلاق بێت کە پاڵپشتی ئەو ئەفعالانە بێت»،

- «چۆن دەکرێت ئایدۆلۆجیایەک ناوی خۆی نابێت دین و، کاری جیدییانە بۆ ئەو بەربەرییەتە بکات بەناوی خوداوە؟»،

- «ئایا ئەو پاڵپشتییەی ئیسلامییە کوردەکان لەو کارە چی دەڵێت لەسەر ئەخلاق لەناو ئیسلامییەکان و لەناو کۆمەڵگای ئـێمەدا؟»،

- «ئایا چۆن دەکرێت بەبیانووی پێشێلکردنی مافی مرۆڤەوە، مافی مرۆڤ بەو جۆرە پێشێل بکرێت؟»،

- «وە ئایا کاتێک ئەو باوەڕەی ئێوە هەتانە و ناوتان ناوە ئاین، دۆکترینی «جیهادی چەکدارانە» و «وەلائ و بەڕائ» و «ئوممەتی خاوەن دوژمنی هاوبەش»ی تیایە، کەواتە پێم بڵێن چی جیای دەکاتەوە لە ئایدۆلۆجیای فاشیزم؟»،

کە بەپێی ئەخلاقی ڕۆژنامەگەریی، میدکار لەئاست کەیسی لەو جۆرەدا، فەرزە لەسەری تەنها ئەو جۆرە پرسیارانە بکات. بەڵکو تاکە پرسیار کە سێ سەعات لەو بەرنامەیەدا تاوتوێ کرا ئەوە بوو «ئایا ئەو هێرشە، بۆ بەرژەوەندیی ئیسلام و بۆ ستراتیجییەتی کۆلەکتیڤانەی موسڵمانانی دونیا، کارێکی عاقڵانە بوو، وە لەگەڵ ڕێنماییەکانی تاکتیکی شەڕ لە شەریعەتی ئیسلامدا دێتەوە؟»، وەک ئەوەی کە ئەگەر لەگەڵ چەند دەقێکی ناو ئەو زبڵخانەی ئەفکاری پچڕ پچڕ و فاشییانەدا هاتەوە کە لەلایەن ئیماندارانەوە بە «شەریعەتی ئیسلامیی» ناو دەبرێت، ئیتر هیچ گرفتی ئەخلاقیی تیا نامێنێتەوە. 
 

٭ ٭ ٭

ئەوەی کە لە کۆمەڵگای باشووردا ئەو جۆرە ڕۆژنامەنووسییە دەبەنگانە و ئەو جۆرە بەرنامە تەلەفزیۆنییە خەتەرناکانە ساڵان و ساڵانێکە بەبێ عاقیبەت و بەبێ دروستبوونی هەرا لەسەری تێدەپەڕێت، پیشانی دەدات ئیسلامیزەکردنی کۆمەڵگای کوردیی و هەوڵی غەزووی کولتوریی کۆمەڵگای کوردیی لەلایەن دوژمنانی وجودی ناسنامەی کوردیی سەربەخۆوە چەند قووڵ ڕۆچووە.

کاتێک قسەکردن لە «قازانجی ئیسلام و موسڵمانان» نەک وەک ڕاسیزمێکی قێزەون، بەڵکو وەک خەبات بۆ فەزیڵەتێک و، وەک دیبەیتێکی نۆرماڵ دێتە بەرگوێی میدیاکاران و زۆرینەی ڕۆشنبیران و ئینجا نزیک بە سەرجەم کۆمەڵگاکە، ئیتر دەبێت قسە لەسەر پیسبوونی ژینگەی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی ئەو کۆمەڵگایە بکەین بە ئایدۆلۆجیایەکی تۆتالیتاریی. ئەوە پیشانی دەدات کۆمەڵگای باشوور، بە میدیاکار و سەرۆک و سیاسەتمەدار و ئەکادیمیی و ڕۆشنبیر و خەڵکی سادەیەوە، ئیتر توانای ئەوەی نەماوە ئایدۆلۆجیای خەتەرناک و دژە-ئەجێندای کوردیی بناسێتەوە کاتێک لە بەرگی ئایندا دەرخواردی دەدرێت.
 

کاتێک نزیک بە سەرجەم ڕۆژنامەنووسانی باشوور لە ڕووی توانای عەقڵییەوە بەو ئەندازەیە فلات دەبنەوە و دیسکۆرسی زاڵی ئیسلامیزم دزە دەکاتە ناو هۆشیارییانەوە کە ئیتر ناتوانن جیاوازیی بکەن لەنێوان ڕۆشنکردنەوەی ئایدۆلۆجیا و پرۆپاگەندە بۆ ئایدۆلۆجیا، کەواتە ئیتر قسە لەسەر تەنها ڕۆژنامەنووسێک نییە کە کارێکی هەستیاری دراوەتە دەست کە هیچی لێ نازانێت، بەڵکو قسە لەسەر خەلەلێکی دەزگاییە کە بە قبوڵێکی زۆرەوە میدیاکار کورت دەکاتەوە بۆ مایکبەدەستێک کە فاناتیزم بەناوی شیکارییەوە، بە لەحزەیەک و لە باشترین کاتی بەخشی تەلەفزیۆنییدا دەگەیەنێتە ناو دەیان هەزار ماڵی کوردستان. کارێکی وا ئیتر ڕۆژنامەگەریی و گەڕان بە دوای ڕاستییدا نییە، بەڵکو کردنی میدیایە بە مەکینەی پێچانەوەی ڕقی ئایدۆلۆجیی لەناو زمانی ڕۆژانەدا و کردنی بە دیسکۆرسی کۆمەڵگایەکی زەدیدە و داگیرکراوی دەستی ئەو دیسکۆرسە.
 

٭ ٭ ٭

ڕاسیزمی ئیسلامیی، لە ئاکامی هەوڵی وڵاتانی ناوچەکە و ئیسلامییە سیاسییە کوردەکان و ڕۆشنبیرانێکی ناییڤی کوردەوە، بە ئەندازەیەک نۆڕماڵیزە بووە لە باشووردا کە ڕۆژنامەنووسان و میدیاکاران ئێستا ئیتر نازانن و هەستی پێ ناکەن کە هەندێک پرسیار پرسیاری نیوتڕاڵ و بێتەرەف نین. نازانن هەندێك پرسیار قبوڵکردن و دانپیانانی چوارچێوەیەکیان لە ناو خۆیاندا هەڵگرتووە.

ئەوەی کە لە چوارچێوەی ئایدۆلۆجیای نازیزم و فاشیزم و ئیسلامیزمدا عەقڵییەتی «ئێمەی بەرەی خێر و، ئەوانی بەرەی شەڕ» هەیە، ڕۆژنامەنووس مەگەر سەر بە یەکێک لەو ئایدۆلۆجیا ڕاسیستیی و تۆتالیتارییانە بێت، ئەگینا ناتوانێت و مافی نییە قسەکەرانیان بە جووت بانگ بکات بیاندوێنێت و، خۆی تەبەنیی ئەو چوارچێوە ئایدۆلۆجییەی ئەوان بکات و، پرسیار لەناو ئەو چوارچیوەیەدا بکات وەک ئەوەی بەدیهییاتی ناو گفتوگۆکە بێت. 
 

٭ ٭ ٭

لە دەیە و نیوی ڕابردوودا، بەتایبەت لە دوای هاتنی پۆپۆلیزمی دینیی بزوتنەوەی گۆڕان و هەوڵی ئەکادیمیستەکانی حیزب بۆ ڕاشیونالیزەکردنی ئە وپەنابردنە بۆ ئیسلام لە سیاسەتی کوردییدا، ژمارەیەکی گەورەی ڕۆژنامەنووسان و میدیاکارانی گەمژەی باشوور، ئیسلامی سیاسیی و ڕاسیزمی ئیسلامیی لە زیهنیاندا نۆرماڵ بۆتەوە. تا ئێستا دەیان بەرنامەی تەلەفزیۆنیی لەسەر دەستی میدیاکارانی هەرێمەکە دروست کراوە سەبارەت بەوەی کە ئایا ئەگەر کەسێک باوەڕی بە ئیسلام نەما و لێی دەرچوو، بەپێی فیقهی ئیسلامیی فەرزە بکوژرێت یان نا، وەک ئەوەی کە ئەگەر تەرەفێکی دیبەیتەکە سەلماندی کە لەناو مێژووی پڕ توندوتیژیی ئەو ئایدۆلۆجیایەدا پیاوانێک هەبوون وتویانە فەرزە، کەواتە کوشتنی ئینسان لەسەر باوەڕ گرفتێکی تیا نامێنێت. 
 

میدیاکار لە باشوور هەن ڕێگە بە خۆیان دەدەن بەرنامە بکەن بە دەوری ئەو پرسیارێکی وادا کە ئایا بەشوودانی منداڵی کچی نۆ ساڵە، «شەرعییە»، وە ئەوەی کە کارێکی وا داماڵراو لە ئەخلاق مومکینە موناقەشە بکرێت و یەکلا بکرێتەوە ئایا باشە یان خراپ.

پرسیاری ئەو بەرنامەیەی کەناڵی ناوزڕاوی ڕووداویش سەبارەت بەوەی ئایا قەسابخانە-دروستکردن بۆ خەڵکی ئیسرائیل «لە ڕووی ستراتیجییەوە کارێکی دروستە» بۆ قازانجەکانی گروپێکی ئایدۆلۆجیی، ڕێک کردنی توندوتیژییە بە کەرەستەیەک کە دەکرێت موناقەشەی لەسەر بکرێت و هەڵبسەنگێندرێت بزانرێت چەند باشە. ئەوە موناقەشەکردنی باش و خراپیی توندوتیژیی و تیرۆرە، لەکاتێکدا کوشتن و تیرۆر دەبێت سنووری ڕەها و نەبەزێنراوی ڕۆژنامەگەریی بێت. ئەو جۆرە لە پرسیارکردن جێگەی قبوڵکردن نییە چونکە لە داڕشتنیدا ڕوانگەیەکی لایەندارانە و ڕاسیستانە و تۆتالیتارییانە هەیە، ئاڵۆزیی ئینسان سادە دەکاتەوە بۆ لۆجیکی جەنگ، وە بانگەشە بۆ جیهانبینیی نەخۆشانەی نازیی و ئیسلامیی دەکات. 
 

٭ ٭ ٭

لەم ڕووەوە گرنگە شتێک سەبارەت بە خاوەنی ئەو بەرنامەیەی کەناڵی ڕووداو و بەشێک لە ڕۆژنامەنووس و میدیاکارانی باشوور بڵێین: مەرج نییە لە حاڵەتی هەموویاندا هەبوونی ئایدۆلۆجیای ئیسلامیی یان تەنسیقی کار و دۆستایەتیی و کارکردی دیراسەکراوی دەزگاکانی میت و ئیتیلاعات و هەواڵگریی وڵاتانی تر لەسەر میدیاکارانی کورد و میدیا کوردییەکان هۆکار بێت. بە ئیحتیمالی زۆر و لە حاڵەتی بەشێک لە ڕۆژنامەنووسانی باشووردا هۆکارەکە شتێکی زۆر باوتر و بەربڵاوتر - بەڵام زۆر خەتەرناکتر-ە لەناو ئەو ڕۆژنامەنووسانەدا: دەبەنگیی.

دەبەنگیی وەک جنێو نا، بەڵکو وەک وەسفێکی ڕەوای توانای زیهنیی زۆرینەی ڕۆژنامەنووسان و میدیاکارانی کوردستان.

لەو ناوەندەدا کە بە میدیا و ڕۆژنامەنووسیی ناو دەبرێت لە باشووردا، کوێرییەکی ڕۆشنبیریی و کەمزانییەکی ڕۆژنامەنووسیی سەرتاپاگیر زاڵە کە تیایدا هەستی ڕەخنەیی، هۆشیاریی مێژوویی، وە بەرپرسیارێتیی ئەتیکیی تەواو پێچراوەتەوە و، گۆڕدراوەتەوە بە وەلائی دەستەیی، بە ملکەچیی بۆ نوخبە، وە بە سۆزێکی ئایدۆلۆجیی نائاگایانە و غەریزیی بۆ ئایدۆلۆجیای زاڵی ئیسلامیی.
 

٭ ٭ ٭

دیارە ڕەنج سەنگاویی مافی هەیە چەندی بوێت دەبەنگ بێت.

ڕاستییەکەی ئەوە ئازادییەکە ئەو هەیەتی و کەس مافی نییە لیێ زەوت بکات. هیچ یاسایەک نییە ڕێگر بێت لە بەردەم ئەوەی ئینسان چەندی بوێت کەم بزانێت و لە هەمان کاتدا پێیوابێت داهێنەرترین کەسی ناو بوارێکە. ئەو مافی تەواوی هەیە ئەوەندە بێئاگا بێت لە دونیا و لە مێژوو کە پێیوابێت هەموو موسڵمانان یەک ئامانجی هاوبەشیان هەیە، وە گەیشتن بەو ئامانجە هاوبەشە ڕەوایی دەدات بە بەکارهێنانی توندوتیژیی دژ بە خەڵکی مەدەنیی. ئەو مافی هەیە پێیوابێت تاکە ڕەخنە کە بکرێت ڕووبەڕووی ئەو هێرشەی بزووتنەوەی حەماس بکرێتەوە ئەوەیە کە ئایا لە تەوقیتی گونجاودا ئەنجامی دا، وە ئایا لەگەڵ ئەو تاکتیکە تیرۆریستییانەدا وێک دێتەوە کە فوقەهائی ئیسلام لە مێژوودا باسیان کردووە. ئەو ئازادە و مافی هەیە پێیوابێت ئەگەر کۆمەڵگای کوردیی تاکە کێشەیەکی هەبێت کە شایان بەوە بێت میدیای کوردیی دیبەیتی ساڵی بەدەوردا دروست بکات و بۆ خەڵکی کورد یەکلا بکرێتەوە، ئەوە ئەو کێشەیەیە کە ئایا جاشە کوردە سەلەفییەکانی سەعودییە تاکتیکێکی باشتریان هەیە لە تیرۆریزمی ئیسلامییدا، یان جاشە کوردە ئیخوانییەکانی قەتەر و تورکیا، ئایا تیرۆریستێکی ئیسلامیی بەحەزەر و بەحیساب بیت باشە وەک لەتیف سەلەفیی، یان تیرۆریستێکی ئیسلامیی موتەهەور و بێحیساب بیت وەک موسەنا ئەمین، بۆ ئەوەی خەڵکی کورد ئیتر بزانن لەنێوان سەلەفییەت و ئیخوانییەتدا کامیانیان بەلاوە دۆست و دڵسۆزی کورد بێت.

گرفتەکە ئەوە نییە کە ئەو پیاوە ئەو هەموو ماف و ئازادییانەی هەیە. گرفتەکە ئەوەیە کە ئەو پیاوە بەو کەمە هۆشیارییەوە مایکرۆفۆنی پێ بدرێت و ڕێگە بدرێت لە تەلەفزیۆنەوە دەربکەوێت. ئاخر ئەو پیاوە مایکرۆفۆنی خۆی و منارەی مزگەوتی بەهەشت لە یەک جیا ناکاتەوە، تێناگەم چۆنە و بۆچی دەبێت وەک میدیاکار سەیر بکرێت و ڕێگەی پێ بدرێت بێتە سەر شاشە و ئیدارەی دیبەیت بدات. 
 

٭ ٭ ٭

هەر ئەم ڕۆژانە بە هۆی ئەو کارە بێعەقڵانەی کەناڵی ڕووداوەوە کە ڕێگەی پێدابوو مایکرۆفۆن بخاتە بەردەم دوو ئیسلامیی بەکارکرد دژە دۆزی ناسنامەی کورد و لایەنگری تیرۆریزم، ڤیدیۆیەکی تری ئەو میدیاکارەم لە فەیسبووک بەرچاو کەوت کە یانزە ساڵ پێش ئێستا هەر ئەو دوو کەسەی هێناوە و، هەموو بەهرەیەکی ڕۆژنامەنووسیی خۆی دەخاتە گەڕ، پرسیارێکی وای بە مێشکدا دێت کە «ئایا چۆن دەبێت موسڵمانان زەلیلیی قبوڵ بکەن و خەریکی خەباتی ئیسلامیی نەبن، لەکاتێکدا لەژێر جەوری ئەحزابێکی نادینییدان و دەچەوسێنرێنەوە». 

ئەوە ڕۆشنە کە ئەو پرسیارە نیوتراڵ و بێتەرەف نییە، بەڵکو دووبارەکردنەوەی درۆیەکی ئایدۆلۆجیی ئیسلامی سیاسییە، وە بەشێکە لە حەکایەتی وەهمیی پشت ئەو دۆکترینە سیاسییەی کە ناوی لێنراوە ئاینی ئیسلام. لە هیچ شوێنێکی دونیادا شتی وا نییە کە موسڵمانانێک بە هۆی باوەڕیانەوە بە ئیسلام سیستەماتیک لەلایەن ڕژێمێکی سێکیولارەوە بچەوسێنرێنەوە. تەنانەت لە چین و میانماریش ڕژێمەکان لە ترسی جوداخوازیی ئەتنیی و، ئۆپۆزیسیۆنی سیاسیی و هەڕەشەی هەرێمایەتیی موسڵمانەکان دەچەوسێننەوە، نەک بە هۆی باوەڕهەبوونیان بە تیۆلۆجیای ئیسلامەوە.
 

ئەو ئیدیعایە درۆیەکی پایەیی ناو نارەیتیڤی ئایدۆلۆجیی ئیسلامیزمە کە ئامانجی دروستکردنی چیرۆکێکی گلۆباڵە کە گوایە ئیسلام لەژێر هێرش و پەلاماردایە، بۆیە موسڵمانان ئەرکیانە بە هۆی باوەڕیانەوە، بەرامبەر ئەو هێرشانە بوەستنەوە، ئەمە بەبێ ئەوەی دیار بێت ئایا ئیسلام چییە لەم سیاقەدا، وە بۆچی دەبێت موسڵمانان جەنگ بۆ موناسەرەی باوەڕەکەیان بکەن. 
 

ئەو حەکایەتە ئێستا ئامرازێکی سیاسییە کە تورکیا و ئێران و قەتەر و سعودییە بەناوی «دۆزی ئوممەت»ەوە و، لەڕێگەی ئیسلامی سیاسیی کوردییەوە، دزەیان پێ کردۆتە ناو کۆمەڵگای کوردییشەوە. ئیسلامییەکان ئایدۆلۆجیای «پەلاماردراویی ئیسلام و گرنگیی داکۆکیی لێی» بڵاو دەکەنەوە و، ڕۆشنبیرانێکی زۆری کوردیش هەرکات قسە لەسەر ئەو ئایدۆلۆجیایە دەکەن، وەک «گەمژەی بەسوود»ی ئیسلامییەکان ڕا دەدەن و ئەو حەکایەتی دژایەتیی و کەوتنەبەر هێرشی ئاینی ئیسلامیان بۆ پشتڕاست دەکەنەوە.
 

میدیاکاران و ڕۆشنبیران و ئیسلامییەکان ئێستا بە ناوی ناپەسەندیی «بریندارکردنی هەستی موسڵمانان»ەوە هیچ مینبەرێکیان بۆ قسەکردنی ڕەخنەگرانی ڕۆڵی نێگەتیڤی ئیسلام لەناو کۆمەڵگای باشووردا نەهێشتۆتەوە. ئیسلامییەکان ئەوەندە سیستەماتیک کاریان لەسەر گەمژەکردنی میدیاکاران و، زۆرجاریش کڕینی میدیاکاراندا کردووە کە هیچ پلاتفۆرمێکی قسەکردن لە کۆمەڵگاکەدا بۆ ئەوانە نەماوەتەوە کە دەزانن گەشەپێدانی ئیسلام و ئیسلامی سیاسیی لە باشووردا چی پلانێکی جەهەنەمیی و شارەزایانەی ئەو وڵاتانەیە بۆ تەشویشخستنە سەر خەباتی کورد بۆ ناسنامەی سەربەخۆی خۆی.
 

ئەو کارە سیستەماتیکەیە هۆکاری ئەوەی کە میدیاکان کەوتوونەتە دەست (یان ڕاستتر: دراونەتە دەست) کەسانێک کە دەرگاداخستن بە ڕووی ڕەخنەگرانی ئایدۆلۆجیای ئیسلامیی و بانگکردنی هەموو شەوەی مەلا و ئیسلامییەکان بۆ بەردەم کامیرای تەلەفزیۆنەکانیان بەبێ دەنگی دژەبەر، بە نۆرماڵترین کار دەزانن. هەر ئەمەشە هۆکاری ئەوەی کە لەو بەرنامەیەدا بە لای کەناڵی ڕووداو و میدیاکارەکەیەوە نۆرماڵترین کار بێت کەسانێک بێن سێ کاتژمێر باسی زەرورەتی لایەنگریی کورد لە تیرۆریزمی ئیسلامیی بکەن، بەڵام پێێان نانۆرماڵ بێت کەسێک بێنن لەو بەرنامەیەدا ڕووبەڕووی ئەو تێزە بێتەوە و بپرسێت ئەم ئایدۆلۆجیا ئیستیعمارییەی دوژمنانی کورد چی دەکات لەسەر خاکی کوردان.
 

٭ ٭ ٭

هەرچییەک بێت، من پێموایە ئەگەر ئیسرائیل لەسەر ئەو بەرنامەیە، گوێی سەرۆکی هەرێم نەگرێت و، بە ڕاتەکاندن خەبەری نەکاتەوە لەو ئیسلامچێتییە خەتەرەی کە ڕۆژنامەنووسانی ئیخوانیی و ڕۆژنامەنووسانی گەمژەی ناو کەناڵە تەلەفزیۆنییەکەی ساڵانێکە دەستیان داوەتێ، کەواتە مۆساد دەزگایەکی زۆر لەوە بێئاگاترە کە ئیدیعای دەکات.
 

وە ئەگەر خاوەن و بەڕێوەبەرانی کەناڵی ڕووداو لەمەودوا ڕێگە بدەن ئەو ڕۆژنامەنووسە و ئەوانی تر کە ڕۆشن و بێ شاردنەوە مایکرۆفۆنەکانی بەردەمیان کارایانە بۆ چالاکیی ئیسلامیزمی ئیخوانیی دەقۆزنەوە، بەردەوام بن لەسەر ئەو کارەیان، کەواتە ئەو کەناڵە، جگە لە ئەرکی سپییکردنەوەی سیاسەتی دژە کوردانەی تورکیا لەناو خەڵکی کوردستاندا، زۆر سیستەماتیکانەتر و دیراسەکراوتر لەوەی کە دێتە بەرچاو، ئەرکی ئیسلامیزەکردنی فەزای گشتیی باشووری لەلایەن تورکیاوە پێ سپێردراوە.

سەرچاوە : سپی میدیا