گەمەیەکی گوماناوی؟

 

د.هەژار عوسمان مەعروف

من زۆر زۆر لە گەڵ ئاشتی دام، بەڵام خۆهەڵوەشاندنەوەی  پەکەکە و چەکدانانی بە بێ چاودێریی لایەنێکی ڕەسمیی وەک نەتەوەیەکگرتوەکان یا ئەمریکا یا یەکێتیی ئەوروپا، ئاشتیەکی بێ مەرج و بێ بەرامبەر و بێ دەسکەوتی کۆنکرێتیی دەسبەجێ و بێ مسۆگەرکردنی گۆڕینی بنەڕەتی لە دەستوری تورکیا بە داننانی سیاسی و قانونیی فەرمی بە مافی کورد وەک گەلێکی جیا لە تورک  لە تورکیا، ئاشتیەکی ئاوا زۆر زۆر  جێی گومان و نیگەرانیمە و هیچ دڵم خۆش نیە پێی. بنواڕە! تا ئێستا دەوڵەتی تورکیا نەک هەر یەک هەنگاوی پراکتیکیی باش و نیازپاکی بەرامبەر کوردی باکور و ڕۆژاوا و باشور نەناوە بەڵکو ڕێک بە پێچەوانەوە هێرشە دوژمنکاریە بێبەزەییەکانی لەسەر سێ پارچەی کوردستان توندتر و ملهوڕانەتر کردۆتەوە. 

ئۆجەلانێکی داماو و دابڕاو لە ژیان و زەلیلی نێوان کەڵبە بێبەزەییەکانی تیمساحی دەوڵەتی تورک کەوتۆتە ناو گەمەیەکی ترسناکی موخابەراتی و سەربازی و دیبلۆماسی و دەرونیی هەزار سەرەوە، زۆر ئەستەمە ئەو و هەر کەسێکی تر لەدۆخێکی ئاوادا  لەسەر  کێشەی ڕەوای گەلێکی چل ملیۆنیی نکولی لێکراو بتوانێ بڕیاری ڕاست و هاوسەنگ بدات! دەبوایە ئۆجەلان هەرچی زوتربو لەم  قوڕاو و پیساوەی تورکیا و دۆستەکانی خستویانەتە ناوی بە هەنگاوێکی جوامێرانە و خۆنەویستانە بهاتایەتەدەرەوە   و پرۆسەکەی جێبهێڵایە بۆ  حیزبەکەی و لە تۆڵەی تورکیا نەترسایە و ئەوپەڕەکەی ئەوە بو بیکوژن ئێ خۆ ژیانی ئەو هیچی لە ژیانی هەزاران گەریلای پەکەکە زیاتر نیە کە لە ژێر ئاڵا و فەرمانی ئەودا شەهیدکران و لە زیندانەکانی تورکیادا دڕندانە ئەشکەنجە دران و بە دەیان ساڵ زیندانی حوکمدران، مەخابن ئۆجەلان ئەمەی نەکرد.
 

سەدان کەسایەتیی کوردی ناوداری باکور و ڕۆژاوا وەکو (لەیلا زانا) و (گوڵتان کشاناک)  و (عوسمان ئۆزدەمیر) و (ئەحمەد تورک) و (ئیلهام ئەحمەد) و (ساڵح موسلیح )و (مورشید خەزنەوی) و (فەرهاد ئینجەسو) و (زوبێر ئایدار) و سەرکردەکانی پەیەدە و هەسەدە و سەدان  ئەندامانی کوردی ئێستا و پێشوی پەرلەمانی تورکیا و زۆری تر هێشتا پشتگیریی خۆیان لە بڕیاری کۆنگرەی ۱۲ ی پەکەکە ڕانەگەیاندوە.  بەهەر حاڵ لە ڕۆژی ۱۲ ی٥ی  ٢٠٢۵ وە کە پەکەکە خۆهەڵوەشاندەوە و چەکدانانی بە دنیا ڕاگەیاند  واقیعێکی نوێی سەرنجڕاکێش دروستبوە و دەبێت کورد هەوڵ بدات زۆرترین سودی لێوەربگرێ. 
 

ئێستا پێویستە دەم پارتی کە بەشێکی گرنگە لەم پرۆسەیە بە فەرمی داوای کۆنکرێتی لە ئۆردوگان بکات، بۆ پیشاندانی نیازپاکی و بۆ بەرەو پێش بردنی پرۆسەی چارەسەری دیموکراتی و ئاشتیخوازیی کێشەی کورد ، هەمو  گیراوانی سیاسیی کورد لە زیندانەکان ئازادبکات و بڕیاری لێبوردنی گشتیی بێ مەرج بۆ هەمو گەریلاکانی پەکەکە دەربکات و پەرلەمان کە هەر سێ حیزبەکەی ئەم پرۆسەیە زۆرایەتیی موتڵەقیان هەیە تێیدا دەستوری تورکیا بگۆڕێ بە جۆرێک کە دان بە بونی کورد دا بنێت وەک گەلێکی جیاواز لە تورک و مافی خۆبەڕێوەبردن بۆ کورد پەسەند بکات.

سەرچاوە : سپی میدیا