ئەنجومەنی سەرتاسەری مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی یاداشتێكیان داوهته وهزیری پهروهردهی حكومهتی ههرێم و بهرپرسانی پهروهرده و تیادا پێداگریان كردوە لەسەر ئەوەی بەهیچ جۆرێك ئامادەی دەستپێكردنەوەی دەوام نین بۆ وەرزی دوەم تا داواكارییەكانیان جێبەجێنەكرێن.
ئاوێنە: ئەنجومەنی سەرتاسەری مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی له یاداشتهكهدا كه 22ی مانگی رابردو پێشكهشیان كردوه، دهڵێن، "ئێمە لە ئەنجومەنی سەرتاسەری مامۆستایانی ناڕازی ماوەی نۆ ساڵە لە خەباتێكی مەدەنی بەرفراوانداین بۆ گێڕانەوەی ماف و موچە و شایستە داراییەكانمان، بەڵام ئەوەی مایەی نیگەرانی ئێمەیە ئەوەیە كە ئێوە لە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم و وەزارەتی پەروردە زۆر بێباكانە مامەڵەتان لەگەڵ گرفت و مافەكانمان كردوە، لە كاتێكدا پرسی ماف و موچە وەكو كێشەیەكی درێژخایەن لە ساڵی 2014وە تاوەكو ئێستا بە چارەسەر نەكراوی ماوەتەوە".
ئاماژه بهوهشدهكهن، لە دوای راگرتنی فرۆشتنی نەوتی هەرێم له 25ی (ئازار/3)ی 2023 بێباكیتان زیاتر بوە و لە زۆر لێدوان و دیداری ڕۆژنامەوانی هەمو كێشەكانی پەیوەست بە موچە و بودجە دەگێڕنەوە بۆ حكومەتی عێراقی.
له یاداشتهكهدا هاتوه، "له روانگەی خەمخۆریمان بۆ پرۆسەی پەروەردە، جارێكی تر حكومەتی هەرێم دەخەینە بەردەم بەرپرسیاریەتی و بە نوسراوی فەرمی ئەو داواكارییانەی جێبەجێكردنیان لە ئەستۆی حكومەتی هەرێمە دەخەینەوە بەردەستتان، بەو ئومێدەی بە زوترین كات جێبەجێبكرێن و پرۆسەی خوێندنی ئەمساڵ لە فەوتان ڕزگار بكرێت و بكەوێتە سەر ڕێگا دروستەكەی خۆی، چونكه دڵنیاتان دەكەینەوە تارێگەی ڕێگەی كردنەوەی دەرگاكانی ناوەندەكانی خوێندن بریتیە لە بەدەمەوەهاتن و جێبەجێكردنی داواكارییەكانمان".
ههروهها دهڵێن، "خوازیاری چارەسەركردنی گرفتەكان و بەدەستهێنانی مافەكانمانین تاكو بتوانین پێكەوە پرۆسەیەكی پەروەردەی تەندروست بخەینەوە سەرپێ، بەپێچەوانەشەوە لەئەگەری وەڵام نەدانەوەمان هیچ ڕێگایەكیترمان لەبەردەمدا نییە جگە لە درێژەدان بە بایكۆت و ناڕەزایەتیەكانمان و هەمو ڕێكارێكی مەدەنی دەگرینەبەر بۆ داكۆكی لەمافەكانمان و بەرپرسیارێتی و لێكەوتەكانی بایكۆت و مانەوەی دەرگاكانی خوێندن بەداخراوی بۆ وەرزی دوەم لە ئەستۆی حكومەتی هەرێمی كوردستانە".
ئەنجومەنی سەرتاسەری مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی، ئەنجومەنێكی فراوانی نێوان شارو شارۆچكەكانە لە پێناو هەماهەنگی و بڕیاری پێكەوەیدا لە 2016 دامەزراوە و نوێنەرایەتی شاروشارۆچكەكانی (پارێزگای سلێمانی، پارێزگای هەڵەبجە، ئیدارەی ڕاپەڕین، ئیدارەی گەرمیان، قەزای كۆیە) دەكات.
یهكهم: دەستپێكردنەوەی پلەبەرزكردنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی مەدەنی.
دوهم: دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ
سێیهم: دیاریكردنی چارەنوسی موچە پاشەكەوتكراوەكان و ئەو بڕە پارانەی بەناوی پاشەكەوت و لێبڕین و خۆگونجاندن و شایستە داراییە خەرج نەكراوەكان لە موچەكانمان بڕاوە.
چوارهم: پێدانی موچە كە له 30 رۆژ جارێك تێنەپەڕێت.
پێنجهم: حكومەتی هەرێم رێگری نەكات لەوەی لە هەمواری پڕۆژە یاسای بودجەی عێراقیدا موچەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەرێم بەشێوەی ڕاستەوخۆ لەلایەن بانكە حكومیەكانی حكومەتی عێراقەوە دابەشبكرێت.
سەرچاوە ئاوێنە