دو سیاسەتمەرداری ئەڵمانیا داوا له تورکیا دەکەن بە زوترین کات سەڵاحەدین دەمیرتاش ئازاد بکرێت، چونکە دەستگیرکردنی ئەو کەسایەتییە بە شێوەیەکی نایاسایی بوە و ماف و ئازادییەکانی پێشێلکراوە.
تۆڕی میدیایی (DW)ی ئەڵمانی بڵاویکردەوە، بێریڤان ئایماز سەرۆکی کۆمەڵەی ویلایەتی باکوری راین و ستافالیا لەگەڵ ئەنتۆن هۆفەرێتر سەرۆکی لیژنەی دۆسیەکانی یەکێتی ئەوروپا لە کۆمەڵەی فیدڕاڵی، نامەیەکیان ئاڕاستەی ئەحمەد باشار شین باڵیۆزی تورکیا لە بەرلین کرد و تێیدا داوا دەکەن سەڵاحەدین دەمیرتاش کە لە ساڵی 2016ەوە زیندانیکراوە ئازاد بکرێت.
هەردو سیاسەتمادەرەکە سەر بە پارتی سەوزی ئەڵمانیان و لە نامەیەکەیاندا بۆ باڵیۆزی تورکیا ئاماژەیان بەوە کردوە، سەڵاحەدین دەمیرتاش بە شێوەیەکی نایاسایی دەستگیرکراوە و ماف و ئازادییەکانی پێشێلکراوە، هەروەها دەوڵەتی تورکیا رێگری لە چالاکییە سیاسییەکانی دەکات.
ئەوەشیان خستوەتەڕو، لە ساڵی 2018 دادگای ئەوروپا بۆ مافەکانی مرۆڤ داوای کرد بە زوترین کات سەڵاحەدین دەمیرتاش ئازادبکرێت و لەم چەند ساڵەدا بەردەوام ئەو داواکارییەی دوبارەکردوەتەوە، بە ڕاستی دڵتەنگبون کە دەمیرتاش بە 42 ساڵ زیندانی سزادراوە.
لە دوایین دانیشتنی دادگا سەڵاحەدین دەمیرتاش سیاسەتمەداری کوردی باکوری کوردستان لە دۆسیەی کۆبانێ و بەتۆمەتی تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی تورکیا و هاوکاریکردنی هێزە کوردییەکانی باکوری کوردستان بە 42 ساڵ زیندانی سزادرا.
سەرچاوە : ئاوێنە