هیوا ناسیح *
وابزانم که‌س نییه ناوی نادیه مورادی نه‌بیستبێت، ئه‌و یه‌کێک بوو له‌و کچه ئێزیدییانه‌ی که که‌وته ده‌ست داعش و پاش سێ مانگ له ده‌ستیان رزگاری بوو. ئه‌و چیرۆکی کوشتوبڕی گونده‌که‌یان (کۆجۆ) و ڕفاندنیان و به‌که‌نیزه‌ککردن و دواتر هه‌ڵاتی خۆی له دووتۆی کتێبێک‌دا ساڵی ٢٠١٧ به هاوکاریی جێنه که‌ره‌جسکی (Jenna Krajeski) به زمانی ئینگلیزی چاپ و بڵاوکردۆته‌وه، که به ده‌یه‌ها میلیۆن کۆپی لێ فرۆشراوه و ده‌نگێکی زۆری دایه‌وه، دواتر ئه‌م بیره‌وه‌رییانه بۆ چه‌ندان زمانی تر وه‌رگێڕراوه، به‌ڵام هێشتا نه‌کراوه به کوردی. هه‌مان ساڵ له لایه‌ن سێ نوسه‌ره‌وه کراوه به ئه‌ڵمانی، که بریتین له (Ulrike Becker, Jochen Schwarzer،Thomas Wollermann)، له لایه‌ن ده‌زگای وه‌شاندنی کنوره‌وه بڵاوکراوه‌ته‌وه، کتێبه‌که له ٣٣ به‌ش پێک دێت، به قه‌باره‌ی ٣٦٣ لاپه‌ڕه‌یه. گێڕانه‌وه‌ی ڕووداوه‌کانی ئابی ٢٠١٤ یه کاتێک داعش پەلاماری شارۆچكەی شەنگال و گوندەوارەكانی دەوروبەری دا و داگیریكرد، له‌رۆژێکدا نادیه دایکی و شه‌ش برای ده‌کوژرێت، دواتر ڕفاندنی و به که‌نیزه‌ککردنی و مانه‌وه‌ی بۆ ماوه‌ی سێ مانگ له نێو داعش، ئینجا هه‌ڵهاتنی و ڕزگاربوونی. زۆر كاریگەر، هەستهەژێن و تاسێنەرە،. دەكرێت له ڕووداوه‌کانی نێو ئه‌م کتێبه چەندان بابەتی رۆمان و فیلمی به‌ڵگه‌نامه‌یی لێ هەڵبهێنجێنرێت. چونکه به هه‌موو پێودانگه‌کان تاوانێکی زۆر گه‌وره‌بوو، بۆیه له زۆر وڵاتانی جیهان ئه‌و ڕووداوه به ژینۆساید ناسێنراوه. پاش خوێندنه‌وه‌ی کتێبه‌که، حه‌زم کرد ئه‌م خوێندنه‌وه‌یه‌ی له‌سه‌ر بنوسم.
ناوی کتێبه‌که به زمانی ئینگلیزی (دوا کچ: چیرۆکی دیلیم و جه‌نگی من دژ به داعش)ه، به‌ڵام له وه‌رگێڕانه ئه‌ڵمانییه‌که‌دا ناوی کتێبه‌که کراوه به (من ده‌نگی ئێوه‌م)، پێشه‌کییه‌که‌ی له لایه‌ن (ئه‌مه‌ل کلۆنی) که پارێزه‌ریشی بووه، نوسراوه، ناوبراو هاوسه‌ری ئه‌کته‌ری ناوداری ئه‌مریکی جۆرج کلۆنییه. ئه‌و ده‌ڵێت: نادیه ته‌نها بریگرته (موکل)ی من نییه، به‌ڵکو هاوڕێشمه، له‌و کاته‌وه‌ی ده‌یناسم ته‌نها ده‌نگی خۆی نییه، به‌ڵکو ده‌نگی سه‌رجه‌م ئێزیدییه‌کانه، به‌هۆی ئه‌م کتێبه‌وه سه‌رجه‌م جیهان چیرۆکی کوشتوبڕیانی بیست. ئه‌م یه‌کێک بوو له‌و کچ و ژنانه‌ی که له‌لایه‌ن داعشه‌وه ڕفێنران و له بازاڕ و ته‌نانه‌ت ئینته‌رنێت و فه‌یسبوکیشدا بۆ بڕه‌پاره‌یه‌ک، هه‌ندێک جار که‌متر بوو له بیست دۆلار ده‌فرۆشران!).
نادیه موراد کێیه؟
نادیه موراد باسی ته‌ها ساڵی ١٩٩٣ له شاره‌دێی کۆچۆ، که سه‌ر به قه‌زای شه‌نگاله و که‌وتۆته باشوری رۆژئاوای ئه‌و شاره‌که‌وه و نزیکه‌ی ٢٠ کم دووره لێوه‌ی. ئه‌م له خێزانێکی گه‌وره و هه‌ژاره‌وه هاتوه و خاوه‌نی هه‌شت برا بووه. دانیشتوانی کۆجۆ نزیکه‌ی ١٧٠٠ که‌سێک ده‌بوون و به کشتوکاڵ و مه‌ڕوماڵات به‌خێوکردن پژێوی ژیانیان دابین ده‌کرد. سه‌رجه‌م گونده‌که له‌سه‌ر ئاینی ئێزدین. سێ لای گونده‌که به دێهاتی عه‌ره‌بی سوننه ده‌وره دراوه. نزیکی شاره‌دێی حاته‌مییه بوو که ئه‌وان ئێزدی بوون و نزیکه‌ی دوو هه‌زار دانیشتوانی هه‌بوو. ساڵی ٢٠١٤ کاتێک داعش هێرشی هێناو ناوچه‌ی به‌رفراوانی له سوریا و عێراق داگیرکرد، گوند و ناوچه‌که‌ی ئه‌مانیش که‌وته به‌ر ئه‌و شاڵاوه و به هه‌زاران که‌سیان لێ کۆمه‌ڵکوژی کردن، وه‌ک ده‌گوترێت نزیکه‌ی ٦ تا ٧ هه‌زار که‌سیشیان له کچان، ژنان، مێردمناڵانیان و مناڵانیان ڕفاندن. کچه‌کانیان لێ کردنه که‌نیزه‌ک و مێردمناڵه‌کانیان ده‌برد بۆ سه‌ربازگه‌ی تایبه‌ت تا مێشکیان بشۆنه‌وه و دواتر وه‌ک خۆکوژ به‌کاریان ده‌هێنان. هه‌رچه‌نده وا بۆ نزیکه‌ی ده‌ساڵ ده‌چێت ئه‌و کاره‌سات و گه‌وره تاوانه ڕوویداوه، به‌سه‌دان له کچانیشیان هه‌ڵاتون یان ڕزگارکراون، به‌ڵام هێشتا برینه‌کانیان سارێژ نه‌بووه و به سه‌دان که‌سیان بێسه‌روشوێنن، ناوچه‌که‌شیان له نێو ململانێی سیاسی و هێرشی جارناجاری درۆنی تورکیدایه.
لە ساڵی ٢٠١٥ نادیە لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی وتاریدا و قسەی لەسەر پرسی بازرگانیکردن بە مرۆڤ لە ململانێکان و شەڕەکاندا کرد. لە مانگی ئەیلولی ٢٠١٦ نەتەوە یەکگرتووەکان ناوبراوی بە فەرمی وەک باڵیۆزی نیازپاکی بۆ کەرامەتی ڕزگاربووانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ دەستنیشان کرد. لە ٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٨ بە هاوبەشی لەگەڵ دێنیس موکوێگی پزیشکی کۆنگۆیی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بەدەستهێناوە. جێگه‌ی ئاماژه‌یه ئه‌و یه‌که‌م کورده که خه‌ڵاتی نۆبڵی پێ درابێت! ئێستا ئه‌م خاوه‌نی خه‌ڵاتی نۆبڵی ئاشتییه و له جیهاندا ناسراوه، سه‌رۆک و پاشاکانی جیهان پێشوازی لێ ده‌که‌ن، چیرۆکه‌که‌شی به چه‌ندان زمانی جیهانی وه‌رگێڕراوه، ناسراوترین که‌سایه‌تی ئێزدییشه له ئاستی جیهاندا.
ڕۆژی حه‌شر!
نادییه ده‌ڵێت: مێژووی ئێمەی ئێزدی مێژووی ئازار و چەوساندنەوە و ڕەشەكوژییە بەسەرماندا، هەموو سەركوتیان كردوین، كوردە مسوڵمانەكان، شاكانی ئێران و سوڵتانەكانی عوسمانیش، بە جۆرێك تا ئێستا ٧٢ جار كۆمەڵكوژ كراوین، جارەهای لەژمارە نەهاتوو كچ و ژنەكانیان ڕفاندوین و بە كەنیزەك كراون، لەسەر ماڵوحاڵی خۆمان دەریانكردوین و تاڵان كراوین، یان بە هێز ناچاركراوین، ئاینی خۆمان بگۆڕین.عه‌ره‌به سوننه‌کان له‌لایه‌ک و کورده‌کان له‌لایه‌ک هه‌ریه‌ک بۆ لای خۆیان ڕایان ده‌کێشاین، ده‌یانویست واز له که‌لتور و نه‌ریتی خۆمان بهێنین و ببین به‌وان، ئێمه به کوردی ده‌دوێین و له کورده‌کانه‌وه نزیکترین، که‌چی ئه‌وانیش وه‌ک عه‌ره‌به‌کان ئێمه‌یان پێ بێباوه‌ڕ بوو وه هه‌ندێک جار بێ‌زیان لێمان ده‌بووه‌وه و به (شه‌یتانپه‌رست) ناوزه‌دیان ده‌کردین!
ئه‌و دێته سه‌ر سه‌ره‌تای مانگی هه‌شتی ساڵی ١٠١٤ و نزیکبوونه‌وه‌ی هێرشی داعش، که ئه‌وکات خوێندکاری ئاماده‌یی و ته‌مه‌نی ٢١ ساڵ بووه، باس له‌وه ده‌کات که به هه‌زاران پێشمه‌رگه به به‌رگی سه‌ربازییه‌و‌ه له ناوچه‌که‌یان بووه و هه‌میشه به‌ڵێنیان دووباره‌کردۆته‌وه که هیچ ترس و خه‌میان نه‌بێت و ده‌یانپارێزن له هێرشی داعش. به‌ڵام به‌ڵینه‌کانیان درۆ ده‌رچوو، چونکه پێش ئه‌وه‌ی هێزی ڕه‌شی داعش بگاته ناوچه‌که‌یان پێشمه‌رگه له پڕێکدا و بێ ئه‌وه‌ی هه‌واڵیان بده‌نێ، ده‌کشێنه‌وه! ئه‌مه برینێکی قوڵ ده‌کاته هه‌ست و نه‌ستی ئێزدییه‌کان. ئه‌م پێی وایه، گه‌ر هێزی پ.م به‌رگرییان بکردایه، یان لای که‌می ئه‌مانیان پێش پاشه‌کشه‌که‌یان ئاگادار بکردایه‌ته‌وه، ئه‌یانتوانی خۆیان به‌رگری له خۆیان بکه‌ن، یان لای که‌می زوو هه‌ڵبێن و خۆیان قوتار بکه‌ن و کۆمه‌ڵکوژ نه‌کرێن، که‌چی له پڕێکدا بۆ به‌رده‌م دڕنده‌کانی داعشیان جێهێشتن! بۆیه به وشه ده‌ڵێت (ناپاکی) بوو لێیان کرا!
ده‌یان هه‌زارکه‌س به‌ره‌و شاخی شه‌نگال هه‌ڵاتبوون و له‌وێ گیریان خواردبوو، سەرگەردان و لامسەلایی ملدەنێن، زۆربەش بڕیار دەد‌ەن بمێننەوە، یان ڕاستر بڵێین، هیچ چارەیەكی باشتر شك نابەن، چونكە شاخی شەنگال بە‌و چلەی هاوینە كە زۆر بێ پەنا و بێ درەخت و گەرم و ڕووتەنە، ژماره‌یه‌کی زۆریان لە برسێتی و تێنوێتیدا گیان له‌ده‌ست ده‌ده‌ن. داعش‌یش په‌لاماری ده‌دان، دۆخێكی وەك ئەنفالەكان دێتە ئاراوە. پاشان ده‌ڵێت: هێزه‌کانی یه‌په‌گه و پارتی کرێکاران به یارمه‌تی هێزی ئاسمانی ئه‌مریکی ڕاڕه‌وێکیان به‌ره‌و دیوی سوریا کرده‌وه، چونکه نزیکی سنوره، ئه‌مه بووه هۆی ئه‌وه‌ی که گیانی ده‌یان هه‌زار که‌سمان رزگاری بێت.
دوای گه‌مارۆدانی گونده‌که‌یان و پاشان کۆکردنه‌وه‌ی چه‌که‌کان لێیان به فێڵ، گوایا ئاوا وازیان لێ دێنن، دێن سه‌رجه‌م خه‌ڵکی گونده‌که له باڵه‌خانه‌ی خوێندنگه‌ی گونده‌که‌دا کۆده‌که‌نه‌وه، پیاوان له خواره‌وه و ژنان و مناڵان له قاتی سه‌ره‌وه له وێش وه‌ک پێشتر پێیان گوترابوو، هه‌موو زێڕ و سامان و پاره‌کانیان لێ کۆده‌که‌نه‌وه و به تاڵان ده‌یبه‌ن، ئینجا ئەوەندەی پێ ناچێت چەند لۆرییەكی زلیان بۆ دێنن، پڕیان ده‌که‌ن له پیاو و گەنجەكان و ده‌یانبه‌ن، بە دووری كیلۆمەترێك، ئه‌مان گوێیان لە دەنگی تەقە و ده‌ستڕێژ ده‌بێت، هه‌ست ده‌که‌ن که‌سوکاریان کوشتن، به‌ڵام ئه‌وان گوایا به لۆری ده‌یانبه‌ن به‌ره‌و شه‌نگال و له‌وێ ئازادیان ده‌که‌ن! به گوێره‌ی سه‌رژمێرییه‌ک له ماوه‌ی سه‌عاتێکدا له‌و رۆژه‌دا نزیکه‌ی ٧٠٠ پیاویان لێ گوله‌باران کردون!
که‌نیزه یان کۆیله‌ی سێکس
پاشان ژنان و کچانی گه‌نج کۆده‌که‌نه‌وه و سواری پاسیان ده‌که‌ن و ده‌یانبه‌ن به‌ره‌و لای موسڵ، له‌وێ له باڵه‌خانه‌یه‌کی گه‌وره‌دا کۆیان ده‌که‌نه‌وه، ده‌ڵێت: کچانی ده دوانزه ساڵانیشمان تێدا بوو، له‌وێ له دایکیان و ژنه به‌ته‌مه‌نه‌کان جیایان ده‌که‌نه‌وه و ئه‌مان ده‌به‌ن به‌ره‌و شاری موسڵ و باره‌گایه‌کی گه‌وره‌ی داعش. له‌وێ ژنێک ده‌بینێت لێی ده‌پرسێت، لێره چی ده‌گوزه‌رێت، ده‌ڵێت: پێشتر ٤٠٠ ژن و مناڵیان هێنا و لێره فرۆشتیانن، هه‌ندێک له کچه‌کان خۆکوژیان ده‌کرد، بۆ فرۆشتن و کڕین، کچیان بردۆته لای پزیشک بزانن په‌رده‌ی کچێنی ماوه یان نا، دایکێکی گه‌نج مناڵێکی ساوای ١٦ رۆژه‌یان لێ سه‌ند!
له‌وێ ئه‌م له لایه‌ن ئه‌میرێکی داعشه‌وه که داده‌وریان بووه به ناوی حاجی سه‌لمان ده‌کڕدرێت، له خانویه‌کی گه‌وره‌دا، که پێشتر هی دادو‌ه‌رێکی شیعه بووه و هه‌ڵاتوه، له‌گه‌ڵ پاسه‌وانه‌کانیدا ده‌ژی. مامه‌ڵه‌یه‌کی زۆر خراپی له‌گه‌ڵدا ده‌کات، ده‌ستدرێژی سێکسیی رۆژانه، سوکایه‌تی و لێدان و ...هتد. ئینجا ده‌یباته دادگای گشتی موسڵ و وێنه‌ی ده‌گرن وه‌ک که‌نیزه‌ک له‌وێ تۆماری ده‌که‌ن، تا گه‌ر هه‌ڵات بیدۆزنه‌وه.
رۆژێکیان پێی ده‌ڵێت: ئێوه بێباوه‌ڕ و پیسن، کافرن، ویستی خوایه که بکه‌ونه ده‌ستمان، ئێمه هاتین پیاوه‌کانتان بکوژین و ژنه‌کانتان بۆ خۆمان ببه‌ین، ئه‌مه‌ش فه‌رمانی خوایه و جێبه‌جێمان کردوه! به کورتی ناچاری ده‌کات، واز له ئاینی خۆی بهێنێت، ئه‌م ده‌ڵێت به ناچاری و زۆر گوایا بوومه‌ته موسوڵمان. جار هه‌بوو خۆزگه‌م به مردن ده‌خواست، به‌ڵام هیوای ده‌ربازبوون و هه‌ڵاتن لێ ناگه‌ڕا خۆم بکوژم. ده‌ڵێت ڕه‌وشی کچه ئێزدییه‌کانی تریش وه‌ک من بوو، به‌زۆر سێکسیان له‌گه‌ڵ ده‌کردین، بێ هیج ماره‌یی و نیکاحێک، ده‌یانفرۆشتین و ده‌یانکڕیتین و ده‌یانبه‌خشین وه‌ک دیاری به یه‌کتری.
حاجی سه‌لمان هه‌موو رۆژێک له‌گه‌ڵم جوت ده‌بوو، گوێی نه‌ده‌دا به نه‌خۆشی و ئازارم، ناچاری ده‌کردم به‌رگی وروژێنه‌ر له‌به‌ر بکه‌م، مکیاژ بکه‌م، ده‌یگوت: تازه تۆ بوویته به ژن، گه‌ر بچیته‌وه لای که‌سوکاری خۆشت ده‌تکوژن، بۆیه هه‌وڵی هه‌ڵاتن مه‌ده، جاری وابوو بیانوی پێ ده‌گرتم، رووتی ده‌کردمه‌وه و به قامچی ده‌که‌وته گیانم، وه‌ک ئاژه‌ڵ لێی ده‌دام.
شه‌وێک نادیه هه‌وڵی هه‌ڵاتن ده‌دات، له حه‌وشه‌که‌دا پاسه‌وانه‌کان ده‌یگرن، حاجی سه‌لمان وه‌ک سزا به‌ڕووتی ده‌یکاته ژوورێکه‌وه، هه‌ر شه‌ش پاسه‌وانه‌که‌ی بانگ ده‌کات، یه‌ک به‌دوای یه‌کدا تا به‌یانی له‌گه‌ڵی جووت ده‌بن، تا بێهۆش ده‌بێت! مان له خواردن و خواردنه‌وه ده‌گرێت ،سودی نابێت، ده‌ڵێت: بۆیه‌که‌م جار هه‌ستم کرد، ئه‌وانه‌ی کۆمه‌ڵکوژ کران له من به‌خته‌وه‌رتر بوون!
سه‌لمان ده‌یدات یان ده‌یفرۆشێت به که‌سێکی تر. ده‌ڵێت هه‌میشه ده‌پاڕامه‌وه، نزام ده‌کرد و ده‌گریام، که‌س به فریادم نه‌ده‌هات! جارێکی تر سزای ده‌ده‌ن و ده‌یبه‌ن بۆ خاڵێکی پشکنینی نزیکی موسڵ، له‌وێ تا به‌یانی به نۆره موجاهیده‌کان سێکسی له‌گه‌ڵ ده‌که‌ن، تا له په‌لوپۆی ده‌خه‌ن! ده‌ڵێت: کاتێک ده‌مگوت ئه‌ی هاوار نه‌خۆشم، ئازارم هه‌یه، خراپتریان ده‌کرد. ده‌ڵێت له‌وێ تێگه‌یشتم: گه‌وره‌ترین مۆتیڤ بۆ جیهاد لای ئه‌وان سێکس بوو.
هه‌ڵاتن له دۆزه‌خ
پاشتر له ماڵێکدا ده‌بێت و ده‌یانه‌وێت بینێرن بۆ سوریا بۆ ئه‌و شارانه‌ی ژێر قه‌ڵه‌مڕ‌ه‌وی داعش، ئه‌میش پلان داده‌نێت ڕابکات، شه‌وێکیان له موسڵ به‌ڕێکه‌وت پیاوه‌که‌ی خاوه‌نی بیریده‌چێت، که ده‌رگاکه‌ی ناوه‌وه کلیل بدات، ئه‌میش وه‌ک ژنانی داعش عه‌با به‌خۆیدا ده‌دات و په‌چه ده‌کات، ده‌چێته حه‌وشه‌که و له‌وێوه به‌سه‌ر دیواره بلۆکه‌که‌دا باز ده‌دات، تا هێزی تێدایه د‌ه‌ڕوات، کۆڵان به کۆڵان، تا دوور ده‌که‌وێته‌وه، ئیتر ته‌واو ماندو ده‌بێت، زۆر دوودڵ ده‌بێت، ئایا له ده‌رگای ماڵێک بدات یان نا، وه گه‌ر ئه‌مجار ته‌سلیمی بکه‌نه‌وه، چی به‌سه‌ر ده‌هێنن؟ به هه‌ر حاڵ له ده‌رگای ماڵێک ده‌دات، که ماڵێکی عه‌ره‌بی سوننه مه‌زه‌بن، خێزانێکی گه‌وره‌ن و سه‌ره‌ڕای په‌یوه‌ستییان به ئاینه‌وه، به‌ڵام داعشی نین و خۆشیان پێیان نایه‌ت. ده‌رگای لێ ده‌که‌نه‌وه و ئه‌میش باسی چیرۆکی خۆییان بۆ ده‌کات، پێی کاریگه‌ر ده‌بن و ئارامی ده‌که‌نه‌وه، که نه‌ترسێت و سه‌ره‌ڕای مه‌ترسییه‌کان ده‌یشارنه‌وه. ده‌سته‌ڵاتی حکومه‌تی داعش بڕی ٥ هه‌زار دۆلار خه‌ڵاتی داناوه بۆ هه‌ر که‌سێک، که که‌سێکی دیلی ده‌ستی داعش بگرێته‌وه و ڕاده‌ستیان بکاته‌وه، بۆیه نادییه ترسی زۆری ده‌بێت.
پاش ئه‌وه‌ی ماوه‌یه‌ک له ماڵه‌که ده‌مێنێته‌وه دڵنه‌وایی ده‌که‌ن، به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ی ئاشکرا نه‌بێت د‌ه‌یگوێزنه‌وه بۆ ماڵی کوڕێکی تریان له شارۆچکه‌یه‌کی ده‌ره‌وه‌ی موسڵ، په‌یوه‌ندی به یه‌ک له براکانی نادیه‌وه ده‌که‌ن، که له هه‌ولێر کار ده‌کات و ده‌ژی. کوڕی خاوه‌ن ماڵ که ناوی ناسر ده‌بێت، بڕیار ده‌دات هاوکاری ته‌واوی بکات و ڕزگاری بکات به‌ره‌و هه‌ولێر، پێناسی بۆ دروست ده‌کات، که نادیه هاوسه‌رییه‌تی، ئیتر له که‌شێکی پڕ له ترس و دڵه‌ڕاوکه‌دا پلان داده‌نێن، ته‌کسی ده‌گرن به‌ره‌و که‌رکوک، له یه‌که‌م خاڵی پشکنینی ده‌رچوون له موسڵه‌وه پاسه‌وانه‌که دایان ده‌به‌زێنن و پرسیاری زۆریان لێ ده‌که‌ن، له‌پڕ ئه‌م له‌ژێر په‌چه‌که‌یه‌وه سه‌رنج ده‌دات، له خانۆچکه‌ی پاسه‌وانی خاڵه‌که، سێ وێنه هه‌ڵواسراوه به قه‌د دیواره‌که‌وه، که هه‌ڵاتون و بۆیان ده‌گه‌ڕێن، که یه‌کێکیان وێنه‌ی ئه‌مه. ئیترئه‌وه‌نده‌ی تر ترس دایده‌گرێت، به‌ڵام خۆشبه‌ختانه چونکه ڕووی به ڕووپۆش داپۆشراوه نایناسنه‌وه.
ئیتر هه‌نگاو به هه‌نگاو دێن تا ده‌گه‌نه که‌رکوک، که ئه‌وکات له ژێر ده‌ستی هێزی پێشمه‌رگه‌دا بوو. له‌یه‌که‌م خاڵی پشکنین نادیه ڕووبه‌نده‌که‌ی لاده‌دات، ده‌ڵێت: هه‌ستم به ئاسوده‌ییه‌کی زۆر کرد، هه‌ناسه‌یه‌کی قوڵم هه‌ڵکێشا، شنه‌بایه‌کی ئێواره دای له‌ڕووم، زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌کم کرد. پێشمه‌رگه‌کان پرسیاریان لێ ده‌که‌ن، ناسر ده‌ڵێن سه‌ردانی ماڵی باوکی ژنه‌که‌م، واته نادیه، ده‌که‌ن له که‌رکوک، نادییه که زۆر په‌ست و توڕه‌یه له پێشمه‌رگه، خۆشیانی ناوێت و به‌کوردیش قسه‌یان له‌گه‌ڵدا ناکات. له‌وێوه ده‌چن به‌ره‌و سلێمانی، ئینجا به‌ره‌و هه‌ولێر، خاڵی پشکنینی ئاسایشی سلێمانی به‌ره‌و هه‌ولێر، گومانیان لێ ده‌که‌ن، که دوو که‌س له موسڵه‌وه هاتون، بۆیه لێکۆڵینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌که‌ن، ناچار ئه‌مان چیرۆکه‌که ده‌گێرنه‌وه و ڕاستییه‌که ده‌درکێنن. ئه‌وان زۆر ڕێزیان ده‌گرن، به‌تایبه‌ت له کوڕه گه‌نجه عه‌ره‌به‌که، که هاوکاری نادییه‌ی کردوه، مۆڵه‌تێکیان بۆ ده‌که‌ن که بێ کێشه هاتوچۆ بکه‌ن، وێنه‌ی ڤیدیۆییان ده‌گرن، ئه‌مان زۆرده‌ترسن، به‌ڵام ده‌ڵێن بۆ بڵاوکردنه‌وه نییه و ته‌نها بۆ به‌ڵگه و ناوخۆی خۆمانه، ده‌ڵێت: پێشمه‌رگه‌کانی یه‌کێتی زۆر خۆشحاڵ بوون، کاتێک باسم کرد، که به هه‌زاران له هێزی پارتی ئێمه‌یان به گورگان خواردوو دا و جێیان هێشتوین. ئه‌وان گوتیان: ئه‌وه پاتی بوون، ئێمه بێ تاوانین. دواتر ده‌گه‌نه هه‌ولێر و ئه‌و ئوتێله‌ی حوسنی برای نادییه لێی کار ده‌کات، له‌وێ چه‌ند رۆژێک ده‌مێننه‌وه و ده‌حه‌سێنه‌وه.
له‌وێ نادیه له ژوورێکدا له‌گه‌ڵ ژنێکی تری ئێزدی ده‌بێت له ته‌مه‌نی دایکیدا، بۆی ده‌یگێڕێته‌وه که ساڵی ٢٠٠٧ له ته‌قینه‌وه گه‌وره‌که‌ی ته‌لزه‌عته‌ردا سێ کوڕی به‌جارێک بوونه‌ته قوربانی و تا ئێستاش گۆڕیان نییه، چونکه لاشه‌کانیان پارچه پارچه بووه، ئه‌ویش بڕیاری داوه، تا له ژیاندایه خۆی نه‌شوات، ده‌ڵێت: چونکه گۆڕیان نییه هه‌ر وا ده‌زانم زیندون و رۆژێک دێت ده‌گه‌ڕێنه‌وه و ده‌ڵێم ئه‌وکات خۆم ده‌شۆم، به‌ڵام ئێستا ده‌ڵێم: باشتر نه‌مان و ئه‌م رۆژه‌یان نه‌بینی، که چیمان به‌سه‌ردا هاتوه! هه‌ردووکیان هاوده‌رد و خه‌مزه‌ده بۆ حاڵی یه‌کتر ده‌گرێن.
پاشتر حوسنی بڕیار ده‌دات له‌گه‌ڵ نادیه بچن به‌ره‌و ئۆردوگای ئێزیدییه‌کان نزیکی دهۆک، که هه‌ندێک له که‌سوکاریانی لێیه. کوڕه عه‌ره‌به‌که (ناسر) دێت و خواحافیزی له نادیه ده‌کات، نادییه زۆر زۆر سوپاسی ده‌کات، به‌ڵام ئه‌و له لوتکه‌ی هه‌ستی مرۆڤایه‌تی خۆیدا، ده‌ڵێت: من هیچم نه‌کردوه، ته‌نها ئه‌رکی خۆم به جێ هێناوه! به هه‌ق مرۆڤ کاتێک هه‌لوێست و کرداری ناسر و باوکی و خێزانه‌که‌یان ده‌بینێت، هه‌ست ده‌کات، ئه‌وان چه‌ند مرۆڤدۆست و خاوه‌ن هه‌ڵوێست و بوێر بوونه. ئاخر کچێکی نامۆ و هه‌ڵاتوی ده‌ستی دڕنده‌کانی داعش، له ژێر ده‌سته‌لاتی داعشدا داڵده بده‌یت، که نه ئاینه‌که‌ی، نه نه‌ته‌وه‌که‌ی خاڵی هاوبه‌شتان بێت. دواتریش به‌وپه‌ڕی ئازایی و دڵسۆزییه‌وه هاوکاری بکه‌یت بۆ ده‌رچوون و گه‌یاندنی به براکه‌ی. ده‌بێت چ مرۆڤێکی جوان و به‌ڕه‌وشت و خانه‌دان بێت. له هه‌مووی سه‌یرتر، پێی ده‌ڵێت: نادیه تکایه گه‌ر ده‌زانی له‌سه‌ر ئه‌و ده‌ستدرێژییانه‌ی کراوه‌ته سه‌رت، براکه‌ت یان که‌سوکارت شتێکت به‌سه‌ر دێنن، ئه‌وا لێره ده‌مێنمه‌وه و جێت ناهێڵم! هه‌ردوکیان ده‌گریه‌ن، نادیه ده‌ڵێت، نا خه‌مت نه‌بێت. دوای خواحافیزی ناسر ده‌ڵێت: ده‌گه‌ڕێمه‌وه بۆ لای خێزانه‌که‌م، گه‌ر کچانی تر بوون وه‌ک تۆ هاوکارییان ده‌که‌م ڕزگاریان بێت و ده‌یانهێمه‌و‌ه! کێ ده‌ڵێت، له‌وانه‌یه ئێمه رۆژێک یه‌کتر ببینینه‌وه! نادیه ده‌ڵێت، دواتر بیستمان داعش به کاره‌که‌یان زانیوه و دووبرای ناسریان گرتوه، به‌ڵام ئه‌وان حاشایان کردوه که ئاگایان له‌و کاره بێت.
ئۆردوگا یان زیندانێکی تر!
ده‌گه‌نه دهۆک په‌نابه‌رانی ئێزدی له چه‌ند ئۆردوگایه‌کدا له ڕه‌وشێکی زۆر خه‌مگینانه و ناخۆش و ناچاریدا له کۆنتێنه‌ردا ده‌ژین. که‌سوکار کوژراو و بێسه‌روشوێنکراو، بێ پاره و کار، بێ خان‌و ماڵ، کوله‌مه‌رگی ده‌گوزه‌رێنن. له‌وێ براکه‌ی تری نادیه (سه‌عید) ده‌بیننه‌وه، که له کاتی کۆمه‌ڵکوژییه‌که به ئاسته‌م و په‌رجو رزگاری بووه و هێشتا له نه‌خۆشخانه‌یه، چونکه چه‌ند گوله‌ی پێوه‌یه. ئه‌و له نێو ته‌رمه‌کان و ده‌سڕێژی گوله و نێو چاڵی مه‌رگه‌که‌دا پاش ئه‌وه‌ی وا ده‌زانن مردوه، به برینی سێ گوله‌وه هه‌ڵدێت و خۆی ده‌گه‌یه‌نێته گوندێکی نزیک، دواتر ڕزگاری ده‌بێت. ده‌ڵێت: سه‌عید هێشتا ئازاری زۆر بوو، به‌ڵام ده‌یگوت، ئازاری له‌شم ناگاته ئه‌و ئازاره‌ی ویژدانم، که ئه‌وان هه‌موو کوژران و من ماومه‌ته‌وه!
نادیه ده‌ڵێت له ئۆردوگا هیچمان نه‌بوو بیخۆین، به‌رگمان نه‌بوو، له ڕ‌ه‌وشێک زۆر خراپ‌دا بووین، ته‌نانه‌ت به‌رگی ژێره‌وه‌شم نه‌بوو. له هه‌مووی ناخۆشتر ئه‌و به‌سه‌رهاته ناخۆشانه و به‌تایبه‌ت ده‌سدرێژیکردنه‌کانم باس ناکرد، دڵم پڕ بوو، له کاردانه‌وه ده‌ترسام. بۆ یه‌که‌مجار که سه‌رجه‌م چیرۆک و ڕووداوه دڵته‌زێنه‌کانم بۆ پورم گێڕایه‌وه، به‌مه دڵم زۆر ئاسوده بوو، وه‌ک ئه‌وه‌ی بارێکی گران له‌سه‌ر دڵم لاچوو بێت. پیاوێکی دهۆکی ئه‌م و چه‌ندان کچ و ژنی تری ئۆردوگاکه ده‌بات و به نانه‌سکی، رۆژی ژه‌مێک خواردنی گه‌رم، تا ئێواره له نێو مه‌زرادا کاریان پێ ده‌کات، له هه‌مووی سه‌یرتر منه‌تێکی زۆریان به‌سه‌ردا ده‌کات، که هێزی پێشمه‌رگه‌ی ئه‌وان رۆژانه دژی داعش ده‌جه‌نگن و شه‌هید ده‌بن، ناوچه‌کانی ئه‌وانیش رزگار ده‌که‌ن و ...هتد. ئه‌میش له‌وه زیاتر خۆی بۆ ناگیرێت رۆژێکیان ئه‌م دێته وڵام و ده‌ڵێت: ئاخر هه‌زاران پێشمه‌رگه‌ی ئێوه، ئێمه‌یان ده‌ستخه‌ڕۆ کرد، جێیان هێشتین، نه به‌رگریان لێ‌کردین، نه هاوکاریشیان کردین خۆمان به‌رگری بکه‌ین. بۆیه بێده‌نگ بی باشتره. ئیتر (کار!)ه‌که‌ی له‌ده‌ست ده‌دات.
ئه‌وه‌ی زۆر ئازاری نادیه ده‌دات سه‌ره‌ڕای شه‌ش براکه‌ی، له‌وێ ده‌زانێت که دایکیشی کوژراوه، که ئه‌م زۆر خۆشی ویستوه و هۆگری بووه. دوای چەند مانگێك و له مانگی دووی ٢٠١٥ ڕێكخراوێكی خێرخوازیی ئەڵمانی، که پرۆژه‌یه‌کیان هه‌یه بۆ هاوکاری ژنانی هه‌ڵاتووی ده‌ست داعش، دێن و ناونوسی ده‌که‌ن بۆ وەرگرتنیان وەك پەنابەر لەو وڵاتە و ناردنیان بۆ ئەوێ. ئیتر قبوڵ ده‌کرێن و ده‌گوازرێنه‌وه بۆ ئه‌وێ.
هه‌ڵسه‌نگاندن
ماوه‌ته‌وه بڵێین، کاتێک ئه‌م کتێبه ده‌خوێنینه‌وه، نادیه وه‌ک که‌سایه‌تییه‌کی به‌هیز، بوێر به بڕوا به‌خۆبوونێکی زۆره‌وه، له شکست نه‌هاتوو ده‌ناسین. به‌تایبه‌ت له گێڕانه‌وه‌ی بابه‌ت و ڕووداوه کاریگه‌ر و هه‌ستیاره‌کان، که بۆ کچێکی رۆژهه‌ڵاتی ناوازه‌یه، ئینجا هه‌ستانه‌وه پاش ئه‌و مه‌رگه‌سات و تیاچوونی زۆربه‌ی خێزانه‌که‌یان به دایکیشییه‌وه، دواتر چالاکی و کاری زۆری دیپلۆماسی بۆ ناساندنی کۆمه‌لکوژکردنی ئێزیدییه‌کان و دڕنده‌یی داعش، چاره‌سه‌رکردن و هاوکاریکردنی کچان و ژنانی ڕزگاربووی ده‌ستی داعش. به‌ڵام له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌مانه‌دا، ده‌کرێت هه‌ندێک ره‌خنه‌شی لێ بگرین، بۆ نمونه، ڕاسته هه‌ستو په‌یوه‌ستی ئاینی له نێو کورددا وایکردوه، هه‌ندێک جار به‌شداری له کۆمه‌ڵکوژی ئێزیدییه‌کاندا کردوه، به‌ڵام ئه‌مه زۆر که‌مینه بوونه له چاو گه‌لی کورد به گشتی، که هاوسۆزی ئه‌وان بوونه. بۆیه ته‌م و گومان خستنه سه‌ر کوردبوونی ئێزیدییه‌کان کارێکی خراپه. جگه له هه‌ندێک هه‌ڵه‌ی تری مێژوویی و زانیاری، که نه‌ده‌بوو بیکات، بۆ نمونه له شوێنێکدا ده‌ڵێت: ناوچه‌ی دژه فڕین له باکوری عێراق به هۆی پرۆسه‌کانی ئه‌نفاله‌وه دانرا، له کاتێکدا کۆڕه‌وه‌که هۆکاری ئه‌وه بووه نه‌ک ئه‌نفال.
تێبینی و سه‌رچاوه:
• نزیکه‌ی مانگێکه ده‌ستم کردوه به وه‌رگێڕانی سه‌رجه‌م کتێبه‌که بۆ زمانی کوردی. به‌و هیوایه‌ی ته‌واوی بکه‌م و له‌مساڵدا چاپ و بڵاو بکرێته‌وه.
• NADIA MURAD, Ich bin eure Stimme, Das Mädchen, das dem Islamischen Staat entkam und gegen Gewalt und Versklavung kämpft, ISBN 978-3-426-21249-9, KNAUR; 2017
سەرچاوە : سپیمیدیا