چۆن بڕوانینە وتارەكەی ئەردۆغان

 

فه‌رحان جه‌وهه‌ر

 

 

وتارەكەی ئەمڕۆی 12 تەممووزی سەرۆك كۆماری توركیا ئەردۆغان، لە وەڵامی دەستپێشخەرییەكەی دوێنێیی چەك دانانی رەمزی 30 لە چەكدارانی پارتی كرێكارانی كوردستان بوو، تا رادەیەك وتارێكی زۆر باش بوو، لانیكەم سووربونێكی زۆری تێدابوو بۆ تەواو كردنی ئەو پڕۆسەیە، هەروەها بەڕاشكاوی رەخنەی لە حكومەتەكانی پێشووی توركیا گرت، كە زمانی كوردیان قەدەغەكردووە و دایك و منداڵیان لێكجیاكردوونەتەوەو تەنانەت لە زیندانیش نەیانهێشتووە بە كوردی قسە بكەن، هەروەها خاڵێكی تری زۆر باشی تێدابوو گووتی: ئەمە لە ئەنجامی دان وستانێكی زۆرەوە هاتووە، ئەم خاڵە لە رووی مێژووییەوە بۆ كورد گرنگە، چونكە داندەنێت بەلایەنی بەرامبەر كە ئەم رێككەوتنە بەرەنجامی گفتووگۆی دوولایەنی حكومەت و كوردە لە توركیا.

ئەردۆغان هەڕەشەی لە رەگەز پەرستانی توركی كرد، كە بەهیچ شێوەیەك هەڕەشەكانیان لە دەوڵەت باخچەلی جێگای نابێتەوە، دیارە باخچەلی هەڕەشەی لێكراوە، هەرەوەها چەندین جار هاوشێوەی تورك ناوی كوردی هێناو باسی لەوەكرد كە پێكەوە لەگەڵ دەم پارتی پڕۆسەكە سەردەخەن، لە وتارەكەیدا دەیخواست پاڵپشتی جەماوەرەی بۆ ئەو رێكەوتنە پەیدا بكات، چونكە باسی لە زیانەكانی بەردەوامی ئەو جەنگە چەند ساڵەیە كردوو گووتی: زیانی ئابووریمان دوو ترلێۆن بووە، وێڕای زیانی گیانی كە شەست هەزار كەس كوژراوە لە ماوەی 47 ساڵی جەنگی حكومەت و پەكەكە، گووتیشی هیچ كەسێك قازانجی نەكردووەو هیچ لایەك سەركەوتوو نەبووە، كە ئەم قسەیە ئێجگار گرنگە بۆ سەركەوتنی هەر گفتووگۆیەك، مەرجی سەرەكییە بۆ بەردەوامی و سەركەوتنی.

هۆكارەكانی ئەنجامدانی گفتۆگۆو لە نێوان هەردوولادا هەرچییەك بێت، دواجار هەڵبژاردنێكی عەقڵانییە، هیچ بژاردەیەك لە بژاردەی ئاشتی باشتر نییە، بە چاوپۆشین لەوەی كام لایەن زیاتر دەسكەوت دەچنێتەوە، خرابترین بژاردەش جەنگە، ئەگەرنا بێگومان بارودۆخە نێوخۆیی و هەرێمایەتییەكەی توركیاو ناوچەكەش خۆی سەپاندووە لە بەرهەمهێنانی ئەو پڕۆسەدا، بەڵام ئیدی ئەمە سروشتی سیاسەتكردنە، پێویست دەكات پێدراوە سیاسی و ئابووری پێشهاتەكانی ئاسایش بخوێنیتەوە و بەرمەبنای ئەو گۆڕانكاریانە مامڵەی لەگەڵ بكەی، چونكە هیچ شتێك بەناوی حەق لە سیاسەتدا نییە، ئەوەی هەیە وەدەستهێنانی ئەوەی مومكینە، نەك گەڕانەوەی حەق، بۆیە ئەگەر لەم سۆنگەیەوە سەیری هاوكێشەی ئەو دانووستانەی نێوان حكومەتی توركیا و پەكەكە نەكەین، ناتوانیین لەگەڵی بین. ئەوەی لەسەر زەمین و نێولاپەڕەكانی گفتووگۆی سیاسەتی جیهانی دەگوزەرێت زۆر جیاوازە لەوەی مافی تۆ چەندە، بۆیە ئەگەر هەڵسەنگاندنی وتارەكەی ئەردۆغانیش لەم چوارچێوەیەدا نەبێت ناتوانین بەگەشبینیەوە تێیبڕوانین. 

ئاشتی نێوان پەكەكەو توركیا بۆ هەرێمی كوردستانیش دەسكەوتێكی گەورەبوو، چونكە ئێمەی خستبووە سەر لێواری شەڕێكی نەخوازراو، چەندین ساڵە پەكەكە بۆ ئەم هەرێمە ببووە سەر ئێشەیەكی مەزن، كە بەهیچ جۆریك وازی لە دەست خستنە نێو كاروباری سیاسی و جەماوەری نەدەهێنا، بەشێكی زۆری خاكی سنووری و گوندەكانی وێران كردبوو، بیانووی دابووە دەست توركیا كە بە ئارەزووی خۆی تەڕاتین لە ناوچە سنووریەكاندا بكات و بنكەو بارەگا دابنێت، ئەگەر ئەم هەرێمە نەبایە لەمێژبوو پەكەكە بواری ئەو جموجۆلە سەربازیانەی نەدەما، بۆیە بەم ئاشتییە هەرێمی كوردستان بەتایبەتی ناوچە سنوورییەكان تا رادەیەكی باش ئارام دەبنەوە.

سەرچاوە : سپی میدیا