ئا/ هەوار ئیسماعیل
جەنگیز چاندار پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی ئامەد رەخنە لە سیاسەتی دەرەوەی تورکیا دەگرێت و پێیوایە، بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە رۆژئاوای کوردستان، هاوشیوەی هەرێمی کوردستان بەربژێرە بۆ ئەوەی نزیکترین هاوبەشی تورکیا بێت.
جەنگیز چاندار، ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە 21ـی تشرینی دووەمی 2024 لە کۆبوونەوەی کۆمسیۆنی بودجە و پلانی پەرلەمانی تورکیا کە بە ئامادەبوونی هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا بۆ تاوتوێکردنی بودجەی وەزارەتی دەرەوە بۆ ساڵی 2025 بەڕێوەچوو، رەخنەی لە سیاسەتی دەرەوەی تورکیا گرت و چەند پرسیارێکی ئاراستەی وەزیر کرد.
جەنگیز چاندار گوتی، "ئەم ساڵ لە 1ی ئۆکتۆبەرەوە هاوسەنگی هێزەکانی ئێستا لە تورکیا، هەلومەرجی زۆر لەبار بۆ گۆڕانکارییەکی تەواو لە سیاسەتی سووریادا دەخوڵقێنێت. هەوڵێکی بێهودە و بێ ئەنجام خەرج کرا بۆ دووبارە دامەزراندنەوەی پەیوەندی لەگەڵ بەشار ئەسەد و هەمووان دەرک بەوە دەکەن، کە ئەمە بە ئامانجی یەکبوون لەگەڵ ئەسەد بۆ لەنێوبردنی هەرێمی ئۆتۆنۆم لە سووریا کرا".
جەنگیز چاندار بە هاکان فیدانی گوت، "ئەگەر نیوەی ئەو کاتەی کە بە لێدانی دەرگای ئیدارەی دیمەشق بە هیوای وەرگرتنی یارمەتی بە نێوەندگیری رووسیا بەفیڕۆدرا، بۆ دامەزراندنی پەیوەندی لەگەڵ ئیدارەیەک خەرج بکرایە کە نزیکەی یەک لەسەر سێی خاکی سووریای بەدەستەوەیە و لە دامێنی سنوورەکانماندایە، ئەوا لە هەموو روویەکەوە کارێکی زۆر وردتر دەکرا".
پەرلەمانتارەکەی دەم پارتی هەروەها گوتی، "لە سووریا هیچ رێڕەوێکی تیرۆر نییە و وەک کڵێشەیەک دووبارە دەگوترێتەوە. ئیدارەیەک هەیە کە 12 ساڵە لەوێ حوکم دەکات و ئەم پێکهاتەیە ئامانجی جیابوونەوەی لە سووریا و دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی نییە. لەوانەیە سبەی یان رۆژی دواتر لەگەڵ ئیدارەی دیمەشق بگاتە رێککەوتن".
بە ئاماژەدان بە خەڵکی ئەو ناوچەیە چاندار گوتی، "سەدان هەزار کەسی دانیشتووی ئەو ناوچەیەی کە باسی لێوە دەکرێت بە کورد، عەرەب، ئاشووری، چەرکەز و تورکمان، خزم و کەسوکاری هاووڵاتیانی تورکیان. ئەو ناوچەیە درێژکراوەیەکی سرووشتی تورکیایە، چ لە رووی مرۆیی و چ لە رووی جوگرافییەوە. تورکیا دەبێت پەیوەندییەکی چڕ و سرووشتی لەگەڵ ئەو ناوچەیەدا دروست بکات".
جەنگیز چاندار نموونەی بە هەرێمی کوردستان هێنایەوە و گوتی، "لە بیرتان بێت؛ 20 ساڵ لەمەوبەر چ جۆرە زمانێک سەبارەت بە حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق لێرە بەکار دەهات، بەڵام ئەمڕۆ ئەو شوێنەیە کە تورکیا لە تەواوی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا نزیکترین پەیوەندی لەگەڵدا هەیە و له رووی سیاسی و ئابووری و بازرگانییه وه نزیکترین هاوبەشی تورکیایه".
جەنگیز چاندار پرسیاری لە وەزیری دەرەوە کرد و گوتی، "بۆچی دەبێت ئەو ناوچەیەی کە لە سووریادا باسی لێوە دەکرێت جیاواز بێت؟ بە پێچەوانەوە بەربژێرە بۆ ئەوەی لە هەموو روویەکەوە نزیکترین هاوبەشی تورکیا بێت. هاوکات ئیدارەی دیمەشقی بەشار ئەسەد، پەیەدە و یەپەگە وەک رێکخراوی تیرۆریستی نابینێت. تەنانەت لە هەندێک خاڵدا هاوکاری دەکەن. تورکیا هیچ پەیوەندییەکی لەگەڵ هیچ کام لەم لایەنانە نییە. لێرەدا شتێکی نامۆ نابینیت؟".
سەرچاوە : ڕووداو