د. بەدرخان سندی، نووسەر و رووناکبیری کورد
بەدرخان سندی، نووسەر و رووناکبیری شاری دهۆک لە رێوڕەسمی رێزلێنانیدا رایگەیاند، "دەوڵەتبوون و ئامانجی گەلی کورد، شتێکی ستراتیژییە و کراسێک نییە دایکەنین، ئەوە کفنیشە." دەشڵێت، "دەوڵەتبوون لە خوێنمدایە."
رۆژی چوارشەممە، 06-12-2023، د. بەدرخان سندی، نووسەر و رووناکبیری کورد لە رێوڕەسمی رێزلێنانیدا بە رووداوی گوت، ''رێزلێنان بۆ ئەدیب، شاعیر و روناکبیر، رێزلێنانێکە بۆ میلـلەتەکەی، چونکە ئەوە زمانی نەتەوەی کوردە و ئەم رێزلێنانەش نەک تەنیا بۆ من بەڵکو بۆ هەر کەسێکە کە دەستی نووسینی هەبێت.''
بەدرخان سندی، نووسەر و رووناکبیر بۆ ئەیوب نەسری، پەیامنێری رووداو لە دهۆک قسەی کرد و باسی لە دەوڵەتبوون و چەند پرسێکی دیکەیش کرد، ئەو پێیوایە کە هەڵەیە دەوڵەتبوون و گەندەڵی بەیەکەوە ببەسترێنەوە و گوتی، "ئەگەر هەندێک بەرپرس گەندەڵ بن، مانای ئەوە نییە من وڵاتم نەوێت، چونکە ئەوە پەیوەندییان بەیەکەوە نییە."
ئەو رووناکبیرە زیاتر لەسەر ئەو بابەتە قسەی کرد، گوتی "پێم ناخۆشە گەندەڵی هەبێت و ئیشاڵڵا نەمێنێت، بەڵام دەوڵەتبوون و ئامانجی گەلی کورد، شتێکی ستراتیژییە و کراسێک نییە دایکەنین، ئەوە کفنیشە. دەوڵەتبوون لە خوێنمدایە."
بەدرخان سندی لە ساڵی 1946 لە زاخۆ لەدایکبووە، لە زانکۆی وێڵز لە بەریتانیا بڕوانامەی دکتۆرای بەدەستهێناوە و مامۆستای زانکۆ بووە.
بەدرخان لە نێوان ساڵانی 1979 و 1996 بە سەرۆکی یەکێتیی نووسەرانی کورد هەڵبژێردرا. ساڵی 1970 وەکو سەرنووسەر و دەستەی نووسەرانی چەند گۆڤارێک کاری کردووە، وەکو چیا و شەمس کوردستان.
هاوکات ساڵانی 1990-1996 سەرنووسەری هاوکاری، بەیان، رەنگین، هەروەها بەڕێوەبەری گشتیی رۆشنبیری کوردی بووە. چەندین توێژینەوە و لێکۆڵینەوەشی هەیە.
بەدرخان سندی ئاماژەی بەوە کرد، زۆربەی هەڵبەستەکانی لە ئێش و ئازاری کوردەوە سەرچاوە دەگرن و ''لەگەڵ کێشەی کورددا دەژیم، ئەگەر کێشەی کورد نەبووایە رەنگە خۆشتر ژیابام، بەڵام نەبوونی دەوڵەتی کوردی ئازارێکە لە نێو مندا دەژیت.''
ئەو رووناکبیرە کوردە گوتیشی، ''من گەندەڵی و ئامانجی گەلی کورد بۆ بوون بە دەوڵەت پێکەوە گرێ نادەمەوە و دوو بابەتی جیان، واتا ئەگەر هەندێک بەرپرس گەندەڵ بن، بە مانای ئەوە نییە کە دەوڵەتی کوردیمان ناوێت، حەز ناکەم گەندەڵی هەبێت، بەڵام بە دەوڵەتبوون و ئامانجی گەلی کورد، شتێکی جیایە و لێی بەردەوام دەبین''.
ساڵی رابردووش لیژنەی خەڵاتی جگەرخوێن بۆ داهێنان، خەڵاتەکەی لە بواری شیعر و خزمەتکردنی ئەدەب و رۆشنبیری کوردی بەخشییە بەدرخان سندی، بەو پێیەی "یەکێکە لەو شاعیرانەی بە بەرهەمی ئەدەبی و فەرهەنگی خۆی کتێبخانەی کوردی دەوڵەمەند کردووە."
سەرچاوە : ڕووداو