ئاکاری بێ خودا

ئایا ئایین بۆ ئاکار پێویستە؟ هەندێک نکۆڵیکردن لە ڕیشە یەزدانییەکانی ئاکار بە سووکایەتی و تەنانەت بە کوفریش دەزانن. هەستی ئاکاریمان خودایەک ڕسکاندویەتی یاخود لە فێرکارییەکانی ئایینێکی ڕێکخراوەوە وەرمانگرتووە. لە هەردووکیاندا ئێمە پەنەواز [موحتاج]ـی ئایینین بۆ سنووردارکردنی خراپییەکانی سروشت. بە داڕشتنەوەی پەیڤینێکی كاسرین هیبۆرن له‌ فیلمی شاژنی ئه‌فریکیدا، ئایین وادەکات ئێمە بەسەر دایکە پیر و بەدەکەی سروشتدا زاڵبین؛ پوسڵەیەکی [compass] ئاکاریمان پێدەدات.
سەرەڕای ئەمە، ئەو دیدەی کە خودا بە سەرچاوەی ئاکار دادەنێت لە گرفت بەدەر نییە. یەکێک لە گرفتەکان ئەوەیە ئێمە ناتوانین بە بێ هەڵخزانە نێو هەمانگۆیی [tautology]یەوە لە هەمان کاتدا بڵێین خودا باشە، هەروەتر هەستی باشە و خراپەشمان پێدەدات. لەبەر ئەوەی لەو کاتەدا زۆر بەسادەیی وتوومانە خودا پێوەرەکانی خودای تێدایە.

گرفتی دووەم نەبوونی هیچ بنەواشەیەکی [principles] ئاکارییە کە تەنیا ئاییندارەکان بە چاوپۆشین لەوەی چ بیروباوەڕێکی تایبەتی هەیە، لەسەری کۆک بن. ڕاستییەکەی ڕەوتاری نازانمگەرا [agnostics] و خوداناباوەڕەکان [atheist]  لە هی ئاییندارەکان کەمتر ئاکارییانە نییە، با چاکەکارییەکانیان بە بنەماگەلێکی جیاوازیش پشت ئەستوور بن. زۆرجار بێباوەڕان وەک هەر کەسێکی دیکە هەستێکی بەهێز و دروستییان بە چاکە و خراپە هەیە. هەروەها لە پێناو هەڵوەشاندنەوەی کۆیلایەتیدا جەنگاون و بەشداری چەندان هەوڵی دیکەبوون بۆ دامرکاندنەوەی ئازارەکانی مرۆڤ.

بە پێچەوانەشەوە ڕاستە، ئایین دەستگیرۆیی مرۆڤی بۆ زنجیرە تاوانێکی ترسناک کردووە، یەکێک لە فەرمانەکانی خودا بۆ موسا سەربڕینی میدیانییەکان بوو بە ژنان و پیاوانەوە، بە کوڕان و کچانی ناپاکیزەوە. بەتێپەڕبوون بە نێو شاڵاوەکانی خاچهەڵگرەکان و دادگاکانی پشکنین و ململانێی نەبڕاوەی نێوان شیعە و سوننە، تاوەکو دەگاتە ئەو خۆکوژانەی لەو باوەڕەدان شەهیدبوون بە بەهەشتییان دەگەیەنێت. 

گرفتی سێیەمی ئەو دیدەی ڕیشەکانی ئاکار دەباتەوە نێو ئایین ئەوەیە کە هەندێک ڕەگەزی ئاکاری پێدەچێت گەردوونی بن، ئەمە سەرەڕای بوونی کۆمەڵێک جیاوازی باوەڕییانەی قوڵ لەنێو ئایینە مەزنەکانی دوونیادا. ڕاستییەکەی ئەم ڕەگەزانە درێژدەبنەوە بۆ نێو کولتوورگەلێکی وەک کولتووری چین کە تێیدا ئایین بەراورد بە بۆچوونە فەلسەفییەکانی وەک کۆفۆشیانیزم [[Confucianism لە پەراوێزدایە. 

ڕەنگە خودایەک ئەم ڕەگەزە گەردوونیانەی لە ئافراندندا پێدابین. وەلێ ئەو ڕاڤەیەی زیاتر لە تەک ڕاستییە بایۆلۆگی و جیۆلۆگییەکاندا گونجاوە ئەوەیە بە ملیۆنان ساڵ ئێمە فاکۆڵتییەکی ئاکاریمان پەرەپێداوە کە حەدسگەلێکمان [بە ئینگلیزی Intuition هەندێک سۆسەکردن بەکاردەهێنن] لەبارەی چاکە و خراپەوە دەداتێ. 

توێژینەوەکانی بواری زانستە ئیدراکییەکان پاڵپشت بەو ئارگیومێنتە تیۆرییانەی لە نێو کایەی فەلسەفەی ئاکارەوە سەریانهەڵداوە، بۆ یەکەم جار توانستی چارەسەرکردنی ئەو ناکۆکییە دێرینەی پێداوین کە لە بارەی ڕیشەی ئاکار و سروشتەکەیەوەی هەیە.

لەم سێ سینارۆیە ڕابمێنن، لەپاك هەر یەکێکیاندا بۆ شاییەک هەیە، بە یەکێک لەم وشانە پڕیان بکەرەوە، (پێویستە)، (ڕێگەپێدراوە)، (قەدەغەیە).

1- واگۆنێکی بارهەڵگر[Boxcar] دەرچووە و خەریکە پێنج کەس کە لەسەر هێڵە ئاسنینەکە ڕێدەکەن، بشێلێت. کرێکارێکی هێڵی ئاسن لە تەنیشت گۆڕەری ئاراستەکەوە وەستاوە، دەتوانێت واگۆنەکە بخاتە سەر ڕێڕەوێکی لاوەکی، ئەمەش دەبێتە هۆی کوشتنی کەسێک و قوتارکردنی پێنج کەس لە مەرگ. گۆڕینی ئاراستەکە کارێکی ________ .

2- بە تەنیشت تەنکە گۆماوێکدا دەڕۆیت، دەبینیت زارۆکێک وا نوقمدەبێت، تۆش تاکە کەسیت لەو دەوروبەرەدا، ئەگەر منداڵەکە دەربهێنیت، ژیانی دەپارێزیت، بەڵام پانتۆڵەکەت لە کەڵک دەکەوێت. هەڵگرتنەوەی منداڵەکە کارێکی __________ .

3- پێنج کەس لە دۆخێکی خراپدا گەیەنراونەتە نەخۆشخانە، هەریەکەیان بۆ ئەوەی بژی، پێویستی بە وەرگرتنی ئەندامێکە، فریای ئەوە ناکەون لە دەرەوەی نەخۆشخانەکە ئەندامەکان داوابکەن، بەڵام کەسێکی ساغڵەم لە ژووری چاوەڕوانی نەخۆشخانەکەیە. ئەگەر پزیشکی نەشتەرگەر ئەندامەکانی ئەم کەسە دەربهێنێت ئەوا دەمرێت، وەلێ پێنج کەس کە لە دۆخێکی خراپدان  لە مەرگ ڕزگاریان دەبێت. دەرهێنانی ئەندامەکانی ئەم کەسە ساغڵەمە کارێکی _________.

ئەگەر بۆ یەکەم  ڕێگەپێدراو، بۆ دووەم پێویست، بۆ سێیەمیش قەدەغەت داناوە، ئەوا تۆ وەک ئەو (1500) کەسەیت کە لە سەرانسەری جیهانەوە وەڵامی ئەم تەڵەزگانەیان لە تاقیکردنەوەکەماندا لەبارەی هەستی ئاکارییەوە لە ماڵپەڕی [http://moral.wjh.harvard.edu]دا، داوەتەوە. ئەگەر ئاکار وتەی خودا بێت، ئەوا دەبێت وەڵامی خوداناباوەڕەکان لەم حاڵەتانەدا لە هی ئایندارەکان جیاواز بێت، هەروەتر پێویستە وەڵامەکانیان پشت بە پاساوگەلی جیاواز ببەستن.
بۆ نموونە، ئەگەر خوداناباوەڕەکان کە وەک دەوترێت هیچ پوسڵەیەکی ئاکارییان نییە، ئەوا دەبوو تەنیا بەرژەوەندییە کەسییەکانی خۆیان ئاراستەیان بکات و بە تەنیشت منداڵەکەوە تێپەڕینایە. بەڵام جیاوازییەکی ئەوتۆ لە نێوان وەڵامی ئەوانەدا نییە کە خودان پاشخانی ئایینین لەتەک ئەوانەی ئەم پاشخانەیان نییە. 90٪ـی وەڵامدەرەکان وتوویانە دەکرێت ئاراستەی واگۆنە بارهەڵگرەکە بگۆڕین، 97٪ ڕزگارکردنی منداڵەکەیان بە پێویست لەقەلەم داوە،‌ 97٪یش دەرهێنانی ئه‌ندامه‌كانی كه‌سە تەندروستەکەیان قەدەغەکردووە.‌ 

کاتێک لە بەشداربووان پرسرا بۆچی هەندێک حاڵەت ڕێگەپێدراون و هەندێکی دیکە قەدەغەن، نەیانزانی یاخود ڕاڤەی وایان دەخستەڕوو کە نەدەبوونە پاساوی جیاوازییەکان. لەوە گرنگتر ئەوەبوو ئەوانەی پاشخانی ئایینییان هەبوو وەک خوداناباوەڕەکان نەیاندەزانی یانژی وەڵامەکانیان پڕژوبڵاو بوون. ئەم توێژینەوانە پاڵپشتییەکی ئەزموونییانەن بۆ بیرۆکەی ئەوەی وەک فاکۆڵتییە سایکۆلۆگییەکانی دیکەی نێو عەقڵ، لەوانە زوان و ماتماتیک، ئێمە فاکۆڵتی ئاکارمان هەیە کە ڕێنوێنی حوکمە حەدسییەکانمان لەبارەی چاکە و خراپەوە دەکات. ئەم حەدسانە ڕەنگدانەوەی دەرەنجامی ئەو ملیۆنان ساڵەیە کە پێشینەکانمان تێیاندا وەک شیردەی کۆمەڵایەتی ژیاون و بەشێکە لە میراتی هاوبەشمان.

مەرج نییە حەدسە پەرەسەندووەکانمان وه‌ڵامی ڕاست یاخود گونجاوی تەڵەزگە ئاکارییەکانمان بدەنەوە، ئەوەی بۆ پێشینانمان باش بووە، ڕەنگە ئەمڕۆ باش نەبێت. ئەگەر لە دیمەنە گۆڕاوەکەی ئاکار وردبینەوە، کە تێیدا کۆمەڵێ پرسی وەک مافەکانی ئاژەڵ و لەباربردن و مەرگی ئارەزوومەندانە و دەستگیرۆییە نێودەوڵەتیەکان هاتوونەتە پیش، بۆماندەردەکەوێت لە ئایینەوە نەهاتووە. بەڵکو لە تێڕامانێکی وردی مرۆڤایەتی و ئەوەوە هاتووە کە ئێمە بە ژیانێکی باشی دادەنێین. 

بۆیە لەم بارەیەوە، گرنگە بۆ ئێمە ئاگامان لە گرووپە گەردوونییەکەی حەدسە ئاکارییەکان بێت تاوەکو بیریان لێبکەینەوە و ئەگەریش ویستمان لێیان لابدەین، ئەمەش کوفر نییە، چوونکە سەرچاوەی ئاکار سروشتی خۆمانە نەک خودا. 

* خوێنەرانی هێژا دەتوانن بە زوانەکانی  ئینگلیزی و عەرەبی خوێنەری ئەم وتارە بن:-

1- PETER SINGER, Godless Morality:  https://www.project-syndicate.org/columnist/peter-singer

2- بيتر سينغر, اخلاقيات عالمنا الواقعي [ 86 مقالا موجزا عن اشياء تهمنا], اخلاق بلا اله, ترجمة احمد رضا, ط1, دار الرافدين, 2020,  ص 37.

نووسینی: پیتەر سینگەر
وەرگێڕانی: دڵشاد حامید دەروێش

 

سەرچاوە: galawej